Skip to Content

کاڵای سیاسی حیجاب.. ئاسۆ کەمال

کاڵای سیاسی حیجاب.. ئاسۆ کەمال

Closed
by شوبات 14, 2021 General


نمایشی یەکگرتووی ئیسلامی لە حیجاب پێکردنی کچان مناڵ و گەنجانی هەڵەبجە بۆ نیشاندانی مانەوەی ئەم ئیسلامە ڕادیکاڵە ئیسلامیەیە لە کوردستان کە لە دوای شكستی داعشەوە لە سوڕی مت بوندا بوو. بەم کارە ئەم حزبە ئیسلامیە دەیەوێ بنکەی جەماوەری و هەژمونی فکری و کەلتوری خۆی نیشانی کۆمەڵگەی کوردستان بدات. هەر بۆیە حیجاب پێکردنی مناڵانی قوتابخانەکان لەم کاتەدا نمایشی کاڵایەکی سیاسی ئەم حزبەیە لە شانۆی سیاسی کوردستاندا.
ڕیشەی ئەم حیجابە فراوانەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبۆتەوە، لەسەر هەڵدانی باڵە ڕاستڕەوەکانی ئیسلامی سیاسیەوە هاتوە، کە نمونەکانی سەلەفیەتی ئیخوان و جمهوری ئیسلامی ئێران بوون. بێگومان ئەم هێزانە سوودیان لە سەپاندنی ئەو بیروباوەڕ و شەریعەتە ئیسلامیەوە وەرگرتوە کە چەق بەستویەکی کەلتوری لە مێژوویەکی دورەوە دروست کردوە و هەموو دەوڵەت و دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکەش و، لەوانەش حزبە ناسیونالیستە چەکدارەکانی کورد، هەمیشە پاراستویانە. هەربۆیە ژنان لەبەر دوو هۆ ئەم دیاردەی حیجابەیان تیادا زاڵ بوە. یەکەمیان دروستکردنی ئەم نۆرم و نەریتە دروستکراوە کە ژنان دەبێ حیجاب بپۆشن توانیویەتی خەباتی ژنان بۆ ڕزگاری ڕەگەزی خاوبکاتەوە لەم ناوچەیەدا. ئەمەش هەژمونی فکری و کەلتوری ئیسلامی لە کۆمەڵگەدا بە هێزکردوە بۆ دروستکردنی ناسنامەی ئیسلامی دژی “لیبرالی” و “گەندەڵی ڕۆژئاوا”، کە ئەم بزوتنەوە ئیسلامیانە دەسەڵات و دەوڵەتەکانی ناوچەکەیان پێ بە “عیلمانی سەر بە ڕۆژئاوا” ناوبردوە. ئیسلامی سیاسی کوردیش بە هەموو باڵەکانیەوە بەشێک لەم بزوتنەوە بورژوازیانەی ناوچەکەن کە بەم دروشم و سیاسەتانەوە دەیانەوێ بەشی خۆیان لە دەسەڵات بپچڕن و لەم دیموکراسی پەرلەمانی بۆی هێناون حیجاب و دین وەک ئامڕازی ئەم شەڕەیان لەسەر دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن.
دووەم؛ پەیوەندی بە جێگا و ڕێگای ژنانە لە ئابوری و کۆمەڵگەدا . ژنان بەشی شێریان لە بێکاری و ماڵداری و دوور بوون لە مەیدانی سیاسەت بەرکەوتوە. هەربۆیە بەناوی پاراستنی ” ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی” لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا کەلتوری ئیسلامی ژێر دەستەیی ژن توانیویەتی ئاسانتر پاساوی مل پێدان بەم کەلتورە بدۆزێتەوە.
لە بەرامبەر ئەم واقعیەتەدا کە دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆ ڕوبەڕووی ژنان و خەڵکی هەژار و ستەملێکراوی کردۆتەوە، ئەو داد و هاوارەی کە حیجاب و کەلتوری ئیسلامی “کەلتوری کوردی” تێکداوە و ئەمە سیاسەتی هاوردەی تورکیا و ئەردۆغانە،ناتوانێ وەڵام بێ بە کەلتوری حیجابی ئیسلامی.
لە کاتێکدا کە دنیای گلۆباڵی ئێستا کێشەی ناسنامەی ئینسانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە و نیولیبرالیزم بە هەژاری و بێ کاری یە فراوانەکەیەوە هەموو ڕۆژێک ئەو قسەیەی تاتچەر بە گوێماندا دەداتەوە کە “شتێک نیە بەناوی کۆمەڵگەوە” ، لێرەدا دین لەو شوێنانەی وەک کوردستان بوەتە “دڵی ئەم دنیا بێ دڵە”ی کەڵەکەی سەرمایەدارانی کورد. کەلتوری کوردی بەرامبەر بە دنیا بێڕەحمەی سەرمایەدارانی کورد ئەمڕۆ هیچ ناسنامەیەک بە خەڵکی هەژاری کوردستان نابەخشێ، جگە لە پێشبڕکێی لەگەڵ ئەو کەلتور و ناسنامە دروستکراوانەی تری ئیسلامی وەک خۆیدا. کەلتورێکی کوردی کە ئێستا دەیبینین بریتیە لە فریودان بە نیشتمانێکی ئارام و خۆشگوزەرانی وەک ئێستای کوردستان، کە بە هەمان چەشنی بەهەشتە ئیسلامیەکەی ئێستا لە ئێران و تورکیادا، خەڵک تیایدا ئیرەیی بە جەهەنەم دەبەن. کەلتوری بەرەنگاری خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی کوردستان بەرامبەر بەم دواکەوتوییە فەرهەنگیەی ئیسلامیەکان و “ئۆردۆگان” یەکانی یەکگرتوو و “برا دینەکانی داعش” ی کۆمەڵی ئیسلامیە کوردەکان دروستیان کردوە لە خەبات دژی هەژاری و لە پێناو یەکسانیدا دروست دەبێ.
شەڕی کەلتوری دژی دواکەوتویی ئاینی و سود وەرگرتنی خراپی هێزە ئیسلامیەکان لەم ئیمانداریە کۆمەڵایەتیە پێویستی بە وشیارکردنەوەی ژنان و کچانە بە مافەکانیان و گەشەپێدانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی تاکو حیجاب وەک کاڵایەکی سیاسی بازاڕی نەبێت.

Previous
Next
Kurdish