گه‌ردوونی یه‌كه‌م مانیفێستی شیعری.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
ڕوانینوان له هونه‌ری شێوازدا فۆرمێكی زمانییه. له وردبوونه‌وه له ناخی خۆمدا، دوو پانتایی بێ‌سنوور: به‌هه‌شت و دۆزه‌خم وێناكرد. هه‌وڵدان بۆ ناسینی ئه‌م دوو پانتایییه حوكمڕانی له بیركردنه‌وه‌ی مندا به‌ڕێوه‌ده‌با. دۆخی گشتی و به‌ها و ناوەرۆكی مرۆڤ و جیاوازییه‌كانم تێدا ناسی. جیاوازی به مانای بیناكردنی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا، بێ بوونی كلتووری كوردی ناتوانم خۆم و جیاوازییه‌كانم بێته به‌رچاو.
جیاوازییه‌كان به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی گوزارشت له هه‌قیقه‌تی جیهان و ڕێكخستنی ئه‌زموونه‌كان ده‌كه‌ن، جیهان شایه‌نی په‌یپێبردن و ناسینه. له داهێناندا پێویسته شكۆی جیهانێك بناسین و خۆشمان بووێ، جیهانی جیاوازییه‌كان. ئه‌ستێره‌ی چلپه‌ڕی خۆداڕشتنن. خوڵقاندنی جیهانی جیاوازییه‌كان، جیهانێكی ته‌واو ڕه‌سه‌ن و هونه‌ری ژیانێكی بێگه‌رده، واته: گه‌ردوونی یه‌كه‌م. ته‌نیا شتێك هه‌ڕه‌شه له داهێنان ده‌كات، نه‌بینینی جیاوازییه‌كانه، نه‌بینینی هونه‌ری ژیانێكی بێگه‌رد و په‌یپێنه‌بردنه.
هیچ شتێك له مرۆڤ و مردن به‌هێزتر نییه. ته‌نیا داهێنان نه‌بێت. مرۆڤ كاتێك ئه‌ركی مرۆڤبوون و مرۆڤایه‌تی ته‌واوده‌بێت، كه جیاوازبێت. جیاوازبوون چنینێكی ئێستێتیكییه، مرۆڤ فۆرمه‌له ده‌كات، به درێژایی ژیان یاوه‌ری ده‌كا و ده‌یخه‌مڵێنێ. جۆرناسی و بینین و دانپێدانانی جیاوازییه‌كان، له هێزی ڕوونی داهێنان و پێكهاته‌ی ڕووداوه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و په‌ره‌ده‌ستێنێ، ده‌بێته بابه‌تی ده‌ربڕاو و بابه‌تی ده‌ربڕ، به ئاستی داهێنه‌رانه‌ی خۆیدا ده‌ڕوات و ڕێڕه‌و ده‌كاته‌وه. گۆڕان و وه‌رچه‌رخان و و‌اقیع و خه‌یاڵ و ده‌نگ و زرینگانه‌وه و سه‌رمه‌شقییه‌كان، له‌دایكبووی جیاوازییه‌كان و ته‌واوكه‌ری ژیانێكی بێگه‌ردن، واتاكانی نوێبه‌خشی دیاری ده‌كه‌ن و په‌یپێده‌به‌ن، به‌ڵام زمانی هاوبه‌ش و هێزی كاركردنی هه‌موومان نییه. جیاوازی نیازێكی مرۆیییه و تێكڕای هه‌بوون له‌خۆده‌گرێت، له‌ناو قه‌واره و ئاست و ویستی خۆمان دامانده‌هێنێته‌وه.
نالی و گۆران، هۆگرییه‌كی تایبه‌تیم بۆیان هه‌یه، جادووگه‌ر و خۆداڕێژن له زمان و وێناكردندا. دوو هێمای گه‌وره و جیاوازی زمانی كوردین. ئه‌و زمانه‌ی داهێنه‌ری زۆری په‌روه‌رده كردوون و خستوونیه‌ته سه‌ر سه‌كۆ و پێشانی داون، شه‌رمێكی ترسناكم به‌رانبه‌ریان هه‌یه، نموونه‌ی داهێنانیان دامه‌زراندووه، له‌ناو خوێنده‌وارانی كۆمه‌ڵگای كوردیدا له شوێنی شیاوی خۆیان داندراون، خاوه‌ن تاج و ته‌ختن، له هه‌لومه‌رجی گونجاو و كراوه‌دا هه‌ناسه‌ده‌ده‌ن، هه‌موو ئه‌زموونێكیش ناته‌واوی و كه‌موكوڕی تێدایه.
هه‌قیقه‌ت، یان نوێبه‌خشی ته‌نیا لای شاعیرێك نییه. نوێبه‌خشی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه. نوێبه‌خش هه‌سته‌كانی كۆمه‌ڵگا و ڕۆژ و ڕۆژگاری خۆی تێدا كۆده‌كاته‌وه. به ئاماده‌یییه‌كی ته‌واوه‌وه ده‌چێته گفتوگۆی ئه‌به‌دی و جه‌نگێكی ڕاسته‌قینه‌وه. نموونه‌یه‌كیش نوێنه‌ری گشت نییه. له هه‌مان كاتیش‌دا سنووردار ناكرێت. نالی شیعری: (مه‌ستووره، دیوانی نالی. ل: 603)ی له ئه‌نجامی ناكۆكی نێوان میرنشینی بابان و میرنشینی ئه‌رده‌ڵان، له‌ژێر كارتێكه‌ر و ڕاسپارده‌ی سه‌رله‌شكر و فه‌رمانڕه‌واكانی بابان وه‌ك ده‌ربارێك فریوی خواردووه، بۆ شكۆشكاندن و له‌كه‌داركردنی سه‌رله‌شكر و فه‌رمانڕه‌واكانی ئه‌رده‌ڵان نووسیوه. ده‌رباربوون ڕێگایه‌كی تایبه‌تی ده‌ربڕینه، تیرت له كه‌وان پێ ده‌ترازێنێت و به شێوه‌ی جۆراوجۆر فریوت ده‌دا، وه‌ك ده‌ق، ده‌قێكی تابڵێی ئێستێتیكی و پڕ هونه‌ری جۆراوجۆره و خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێته ئاستی باڵا، هه‌موو وزه‌ی زمانی كوردی به‌كارهێناوه. فۆرمی گۆشه‌نیگای هه‌یه. مه‌ستووره‌ی له خه‌ونێك وه‌رگرتووه، ده‌یه‌وێ قه‌ده‌غه‌كراوه‌ی لێ له‌دایكببێت. خه‌ونی هونه‌ری شیعرییه‌ت، كاری له‌سه‌ر پێكهاته زمانه‌وانییه‌كان و دیوی نهێنی زمان و وردبێژی كردووه، به ئه‌ندازیارییه‌كی ورد وریایی بیناكردنی نیشانداوه. هیچ بوارێكیش بۆ ئه‌گه‌ر و گومان نه‌ماوه‌ته‌وه، وه‌ك مه‌به‌ست و مه‌رام ئاراسته‌كراوه، خۆڕسكی چێژ و چه‌شه‌ی كه‌سایه‌تی خۆی تێدا نییه، ده‌سه‌ڵاتی ئاراسته‌كه‌ریش پشتیوانی و هه‌لی بۆ ڕه‌خساندووه.
ئه‌م پرسیاره‌ی له‌م پرس و هۆكار و به‌رهۆكار و بزواندنی كرده‌ی داهێنانه‌وه ده‌بێت بكرێ. خۆ حه‌بیبه تاكه دڵبه‌ری ڕه‌سه‌ن و نموونه‌یی، بێگه‌رد و پاراو و هه‌ستی خۆڕسكی شاعیر بووه، ئه‌گه‌ر مه‌رام و مه‌به‌ست و تاكتیكێكی سیاسی نه‌بووبێت، بۆ ئه‌م ئه‌زموونه بێگه‌رد و پاراوه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مدا تاقی نه‌كردووه‌ته‌وه، ئه‌مه پرسیارێكی ناڕوون و لێڵ نییه. هۆكارێكی دره‌وشاوه‌ی ناسینی ده‌قه‌كه‌یه.
مرۆڤێكی داهێنه‌ر و پڕ زانیاری، به زانیاری هاوچه‌رخی وه‌ك گۆران، ئاشتی شیعر له ئاشتی ڕۆحیی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، تا ئاستی گه‌وهه‌ری بابه‌ت ناسین، گه‌شه به‌و ئاشتی ڕۆحییه ده‌دات و به‌دیده‌هێنێ و جۆری جووڵه‌یان ده‌ستنیشانده‌كات. پاشتر شیعر ده‌خاته ژێر كاریگه‌ری په‌یامی فریادڕه‌سه‌وه. په‌یامی ئایدیۆلۆژیا، كه ڕوویه‌كی بێ قووڵایییه، مه‌ستبوون به شه‌رابی ئایدیۆلۆژیا وات لێده‌كات هه‌موو شتێك به ئاره‌زوو ببینی. پێوه‌ری گه‌ردوونبوونی شیعری بێگه‌رد و پاراوی تا ئاستێك له چه‌ند شیعرێكیدا، به تایبه‌تی له شیعری: (ڕێگای له‌نین، دیوانی گۆران. ل: 306)، یان شیعری: (مۆسكۆی ئه‌یار، دیوانی گۆران. ل: 324) … تاد، له ده‌ست ده‌ترازێ، یان لێی ده‌گۆڕێ، به‌ها و پێوه‌ری هونه‌ریی و هه‌سته‌كانی خۆی سه‌ركوتده‌كات، شیعر ئه‌گه‌ر ئایدیۆلۆژیای قبووڵ نه‌كرد، هه‌میشه مرۆڤانه ده‌مێنێته‌وه. خوێنه‌ری بێده‌نگ و جووڵه و نه‌ناسراو، واته: خوێنه‌ر وه‌ك تاك. نه‌ك وه‌ك جه‌ماوه‌ر، ده‌بێته فۆرم و بنه‌مای. خاوه‌ن فۆرم و بنه‌ما پێویسته له هه‌موو كاتێكدا پابه‌ندی بنه‌ماكانی خۆی بێت و لێی فێربێته‌وه، زاڵبوونی تێڕوانینی ئایدیۆلۆژیا بۆ شیعری بێگه‌رد، دۆزه‌خێكی زیندووه، له قووڵایی بڕیار و هه‌ڵبژاردندا ده‌یهاڕێ، ئێستا بۆ شیعری ئایدیۆلۆژیایه. ئاینده، ته‌واوی ئاینده بۆ شیعری هه‌ستیی.
به ئاره‌زوویه‌كی سۆفییانه له چركه‌ساتی به‌هره‌وه ده‌چمه ناو كرده‌ی نووسینه‌وه: ئه‌زموونخواز، كه هه‌موو هه‌سته‌كان و هێزی به‌هره‌ی له ده‌قێكدا كۆده‌كاته‌وه و دایده‌هێنێت و لێیده‌بێته‌وه، ده‌بێته نموونه‌ی ده‌ربڕینێكی ناوازه، ده‌چێته ناو پانتایییه‌كی هه‌ستییه‌وه و تووشی خۆشییه‌كی منداڵانه ده‌بێت، خۆشترین ساتی ته‌مه‌ن. هیچ شتێك ناتوانێت ئازادی ئازار بدات، چونكه هه‌ستی به ئه‌زموونخوازی خۆی كردووه و خۆی له ده‌ره‌وه‌ی دیمه‌نه گشتییه‌كاندا بینیوه، خوێنه‌ریش بانگده‌كات هه‌ست به ئه‌زموونخوازی خۆی بكات و نموونه‌ی ده‌ربڕینێكی ناوازه ببینێت، كه وه‌ك ته‌واوكه‌ری بوون مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه، له‌و مامه‌ڵه‌كردنه‌دا، ئازادی ده‌چێته ناو خه‌یاڵه‌وه. دیوی ڕاسته‌قینه‌ی ڕووداوه‌كان سروشتێكی ئه‌فسانه‌یی و حاڵه‌تێكی شیعری‌یان هه‌یه. ده‌گونجێت له‌گه‌ڵ باری ئاڵۆزی جیهان له‌به‌ر یه‌كدا ڕابگیرێن و پێوانه‌یان بۆ بكرێ، به په‌له‌په‌ل و گیانێكی تووڕه‌یییه‌وه نه‌نووسرێن، به سروشتی خۆی شێوه وه‌رده‌گرێ و له‌كۆی پێكهاته‌كانییه‌وه كامڵده‌بێت و ده‌بێته ئه‌زموونی كه‌سیی. لە پرسیار و ڕوانینی مندا: گوتن بە فۆرمی (من) تا ئاستی نەبوون كەمە، ئەگەر هەشبێت، بۆ ئەوەی بە فراوانی و وردی تەماشای خۆی بكات. لە بەكارهێنان و دەربڕیندا بەهایەكی هەستیی: لێكچوون و خەیاڵكردن و خوازە و هێمای هەمەچەشنم داوەتێ. ئەمانەش و‌اقیع و بوون و قووڵایی مرۆڤ لە هەقیقەتێكی ئێستێتیكیدا بەرز دەكەنەوە و پیشانی دەدەن.
خۆم هه‌بوویه‌كی هێزپێدراوم: دڵنیام ئه‌زموونه‌كانی خۆم بنه‌ڕه‌تمن، پێش هه‌موو شتێك به هانای شیعر‌مه‌وه دێن، له تیۆره‌كان باشتر پێكهاته‌ی هونه‌ریی شیعرم تێده‌گه‌یه‌نن، هه‌ر هه‌موو زه‌وی جوگرافیای شیعرمه و جیهان یه‌ك جیهانه. مرۆڤ به‌ها و پێوه‌ر و سنووره‌كانیه‌تی.
جیاوازی لای داهێنه‌ر زیره‌كییه‌كه ته‌واو نابێت. به‌رده‌وام زاوزێ ده‌كات و هاوچه‌رخده‌بێته‌وه. وێنه‌یه‌كی تۆقێنه‌ر نییه. ناسنامه‌ی له هاوچه‌رخبوونی ده‌خوڵقێنێت.
هه‌میشه لێكۆڵه‌ران هێما و ناسنامه و مۆرك و ئه‌زموونی تاكه‌كه‌سی داهێنه‌ر له‌ناو گوتاری ده‌ربڕاودا ده‌دۆزنه‌وه و پشكنینی شاره‌زایی و دانایی له مانای كراوه‌دا بۆ ده‌كه‌ن، ده‌یخه‌نه به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی زمانی كلتوور و ساتی داهێنان. داهێنه‌ر به‌های خۆی ده‌ناسێت و به تێگه‌یشتنه‌وه له ئاڵوگۆڕه جیاوازه‌كان و خانه چندراوه‌كانی نوێبه‌خشی قووڵده‌بێته‌وه، ڕایه‌ڵ و تانوپۆی تاوتووێیه‌كان ورد ده‌چنێت، خۆدروستكردنێكی ڕاسته‌قینه ده‌كاته بنه‌مای وردبوونه‌وه. له یه‌كێتی بۆچوون و یه‌ك بنه‌ڕه‌تی و ئومێدی فریوده‌ر و وێرانكردنی ژیان و به‌لاڕێداچوونیش دوورده‌كه‌وێته‌وه، له كارتێكردن له خوێنه‌ر و هۆكاری كارتێكردن له خوێنه‌ریش نزیكده‌بێته‌وه.
شیعر هه‌رچه‌نده خودیی و فه‌نتازیش بێت، به‌ڵام ده‌بێ له گه‌وهه‌ر و ناوكی‌دا په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر دروستبكات. خوێنه‌ریش قه‌ت ناتوانێ به ته‌واوی داروپه‌ردووی داهێنانه‌كه‌ی به‌رجه‌سته‌بكات. وێنه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر خه‌یاڵییش بێت، كه بووه نووسین و نووسرا، ده‌بێته هه‌قیقه‌ت. و‌اقیع تێیدا ده‌گۆڕێ، خوێنه‌ر ده‌خاته باوه‌شی ئێستێتیكایه‌كی نه‌بینراو و په‌روه‌رده‌كردنی زه‌ینییه‌وه. تۆڕێكی به‌رفراوانی په‌یوه‌ندییه زه‌ینییه‌كان دێته ئاراوه و نیشانه زه‌ینییه‌كان ده‌ناسێنێت.
له‌م باروبواره‌دا شیعر و‌اقیع به قه‌واره‌ی خۆی دروستده‌كات. كاته‌كان تێیدا تێكه‌ڵده‌بن و ڕیتمی كات وه‌ك ئاماده‌یییه‌كی ئێستێتیكی ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێته ڕیتمێكی كراوه‌ی په‌یوه‌ندیی دامه‌زراندن، و‌زەی په‌یوه‌ندی و كرداریش له خۆی وه‌رده‌گرێت. خه‌یاڵ بانگی شاعیر ده‌كات بینووسێت و ڕووبه‌ڕووی هه‌قیقه‌تی بكاته‌وه، پێ بنێته دنیای بوونه‌وه و به‌ر شته‌كان بكه‌وێت و شته‌كان ناوبنێت، كه شته‌كان ناونران، هێزی شاراوه ده‌جووڵێ و زمان به ڕاپه‌ڕیوی ده‌مێنێته‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز و كاریگه‌ر له نێوان وشه و شته‌كاندا دروستده‌كات و ده‌یكاته كلتوور و خوێندنه‌وه و گوتن.
له ته‌مه‌نی نۆزده تا چل ساڵی، وه‌ك كرده‌یه‌كی مرۆڤایه‌تی له نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر بیست و یه‌ك شووشه خوێنی خۆم به‌خشیوه به مرۆڤی خاوه‌ن پێداویستی. واهه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م به‌خشینه بووه‌ته ڕامان و مه‌یلی سۆفیزم، هاتووه‌ته‌وه ناو بیركردنه‌وه‌م. پڕ وزه‌ی كردوومه‌ته‌وه بۆ سه‌ره‌تا، چونكه شیعری بێگه‌رد و پاراو، له‌دوا ئاراسته‌یدا هه‌میشه سه‌ره‌تایه. سه‌ره‌تا شوێنێكه. ماڵ، یان نیشتیمان، یان به‌هه‌شت. هه‌وڵده‌ده‌ین پێی بگه‌ین. یه‌كه‌م كرده‌ی زمانی تێدا هه‌ستیار بكه‌ین و بیكه‌ین به پێویستییه‌كی ڕه‌هایی نوێبه‌خشی و تاهه‌تا نه‌ناسراو.
داهێنه‌ران هه‌میشه پشتگوێخراو و سه‌ركۆنه‌كراو و لۆمه‌كراو و گیرۆده و تێكشكێندراو و نائومێدن له وڵاته‌كه‌یاندا: من هاووڵاتیم، شاعیریشم. وشیاری ئێستێتیكی دروستده‌كه‌م و جۆری جووڵه‌یان ده‌ستنیشانده‌كه‌م. بڕوای ته‌واوم به سه‌ر‌وه‌ر‌ی و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها و ڕه‌وای میلله‌ت هه‌یه، له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌مم و دژی دوژمنه‌كانی ده‌وه‌ستمه‌وه و ده‌جه‌نگم. ڕووگه‌نمای ئێستێتیكی ده‌دره‌وشێنمه‌وه، به‌ڵام له ناخێكی باوه‌ڕبه‌خۆبوو و كاریگه‌رییه‌كی ڕاسته‌قینه‌دا به بچووكترین هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات ناڵێم به‌ڵێ، به ڕوونی له بنه‌ڕه‌تی هه‌ڵه ده‌ده‌م. له بنیادنانی نوێبه‌خشیدا، پێشڕه‌وی به‌ڕێوه‌بردن و دامه‌زراندن ده‌كه‌م و مێژوو ده‌خه‌مه‌گه‌ڕ، مێژووی چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نا، مێژووی په‌یوه‌ندیی ئه‌ندازه‌یی ئێستێتیكا و داهێنان. به ته‌واوی كارامه‌یییه‌وه، باوه‌ڕم به هێزی دیدی تایبه‌تی شاعیر هه‌یه، كه تاقیكردنه‌وه‌كانمان پاگژده‌كاته‌وه و ده‌یخه‌مڵێنێ. به‌و باوه‌ڕه‌ی خودا به نێردراو و په‌یامبه‌رانی ته‌ورات و ئینجیل و قورئانی به‌خشیوه، ڕێنوێنی كردوون بۆ به‌ڕێوه‌بردن و دامه‌زراندن. له‌وانه‌ش دووركه‌وتوومه‌ته‌وه، گیرفانی داوایان له بانكی پایته‌خت قووڵ و پانوپۆڕتره، ڕاوچی فیستیڤاڵ و خه‌ڵاته‌كانن.
و‌اقیع و سروشت هیچ به‌ها و پێوه‌رێكیان نابێت، ئه‌گه‌ر تێكه‌ڵی هه‌ستی مرۆڤ نه‌كرێن. واقیعم وه‌ك ئه‌وه ده‌وێ، كه له‌ناو تابلۆكانی: (محه‌مه‌د عارف)دا هه‌یه و ده‌یه‌وێ ڕێگایه‌كی چالاك بۆ وشیاربوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا بژاربكات، نه‌ك واقیعێكی بێبه‌زه‌یی و دڵڕه‌ق و پڕ به‌رنامه‌ی هه‌ڵه. سروشتیشم وه‌ك ئه‌وه ده‌وێ، كه له‌ناو تابلۆكانی: (ئازاد شه‌وقی)دا هه‌یه و سووره له‌سه‌ر سه‌ركێشیی و به‌رده‌وام دامه‌زراندنه‌وه، دامه‌زراندنه‌وه‌یه‌كی پڕ ته‌زووی شیعریی و وه‌فادار بۆ ژیانێكی بێگه‌رد و ڕه‌ها. هه‌م ئه‌فسانه‌ن و هه‌م هێما. توندوتیژيیان به‌رانبه‌ر وێناكردن تێدا نییه، وزه‌ی ده‌سه‌ڵات له خۆیان وه‌رده‌گرن و به‌رده‌وام خۆیان داده‌مه‌زرێننه‌وه. و‌اقیع و سروشت بنه‌چه‌ی ئه‌فسانه و هێماكانن. ناتوانین ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ریان ده‌رببڕین بێئه‌وه‌ی بچینه ناوچه قووڵه‌كان و له ڕووداوی مه‌رگیش نه‌ترسێین، یان بوونی شاعیر به‌رانبه‌ر بوونی و‌اقیع و سروشت ڕانه‌گرین. شیعری بێگه‌رد، و‌اقیع و گشت شته‌كان تاقیده‌كاته‌وه، نه‌ك و‌اقیع و شت ئه‌و تاقیبكه‌نه‌وه، چركه‌ساتی نووسین چركه‌ساتێكی ئه‌فسووناوییه، هه‌موو ده‌وروبه‌ر له خۆیدا نقووم ده‌كات.
ئه‌گه‌ر من هه‌ر له‌دایك نه‌بوومایه، یان بمردبوومایه، یه‌كێكی دی و‌اقیع و سروشتی به دیدی شیعریی من ده‌بینی و ده‌ربڕینی لێ ده‌كردن. گرینگ ئه‌وه‌یه بیركه‌ره‌وه‌یه‌ك به فیكر ده‌ژیا و ده‌ربڕینی له و‌اقیع و سروشت ده‌كرد و توانایی و ئاماده‌یی منی ده‌ڕسكاند، به‌رانبه‌ر بوونی و‌اقیع و سروشتی ڕاده‌گرت، كه به‌رپرسه له ئێستێتیكا و به نه‌رمییه‌كی زۆره‌وه كاری بۆ كردووه. ئه‌مه ناوكی جیاوازییه‌كانه، له یه‌ك شوێن ناوه‌ستێت، به‌شدارده‌بێت له بیركردنه‌وه و ده‌ركه‌وته‌كان، هێز بۆ و‌اقیع و سروشت و خۆی دروستده‌كات و بۆچوونه‌كان له‌دایكده‌بن، ئه‌و بۆچوونانه‌ی مرۆڤ یه‌كه‌م جار هه‌ستی كرد مردن به‌رهه‌می ژیانه.
من له قوڕێكی خوساو و شێلدراودا دروستبووم. قوڕی زمان و كه‌له‌پووری ئه‌ده‌بی كوردی. هیچ شتێك نه‌گۆڕ نییه. زێڕیش نه‌جووڵێ ژه‌نگ لێیده‌دا. دوازده كتێبی شیعرییم نووسیوه. وه‌ك ئه‌وه‌ی له نووسینی هه‌ر كتێبێكمدا به جلوبه‌رگه‌وه له ئاوێك بده‌م و بپه‌ڕمه‌وه. بۆ نووسینی كتێبێكی دی ته‌واو وشكبووبێتمه‌وه. ئه‌وجا دووباره له ئاوێكی دی بده‌مه‌وه. به مافی سه‌د له سه‌دی شیعریشم زانیوه به ئازادی ته‌واوه‌وه پرسیار له بوون بكه‌م، پێمان ناڵێیت تۆ چیت. ڕاسپارده‌م ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر مردم له‌سه‌ر كێله‌كه‌م ئه‌و ڕسته‌یه هه‌ڵكۆڵن. (به‌دوای وشه‌دا گه‌ڕا). له ژیاندا نه‌یدۆزییه‌وه، دوای مردنی مرۆڤی ناو شیعره‌كانی ده‌یدۆزنه‌وه و به دڵێكی ته‌واو كوردییه‌وه ده‌یبه‌خشن.
ئه‌ده‌ب به‌خشنده و میهره‌بانه، له‌گه‌ڵیدا مامه‌ڵه‌م خۆشه و هه‌ر زوو چێژ و چه‌شه‌ی وشه و بوون و مانه‌وه‌م تێدا دۆزییه‌وه و شاگه‌شكه بووم، خوێن له بڕبڕه‌ی پشتمه‌وه بۆ مێشك و دڵم جما و هه‌ڵكشا، خانه‌كانی سووڕی پێگه‌یشتنی چالاك كرد. هه‌میشه له ئاسۆیه‌كی دوور به وێناكردنێكی زه‌ینییه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌م، خوێنه‌ریش ئاشنای ئه‌و هه‌سته‌م ده‌بێت و توانایی و ئاماده‌یی من ده‌ناسێت. له چه‌ند شیعرێكمدا درێژدادڕیم كردووه و چه‌ندان لێكچوون، كه پێویستییان به بژاركردن بووه، بژارم نه‌كردوون و هێشتوومنه‌ته‌وه، یه‌ك له كه‌مته‌رخه‌می و نه‌زانینی من بووه. گرفتی چێژ و چه‌شه ده‌هێننه پێشه‌وه و مه‌یل و ئاره‌زووی خوێنه‌ر ده‌كوژن، وه‌نه‌وزده‌دا و په‌رۆشی بۆ خوێندنه‌وه كه‌مده‌بێت. ئه‌وكات ئه‌م ڕووداوه له شیعری من ڕوویدا، كه بیری سوریالیزم به‌سه‌رمدا زاڵبوو، وێنه‌م به‌سه‌ریه‌كدا كه‌ڵه‌كه ده‌كرد، جۆرێك تێئاخنینیش ده‌هاته ئاراوه. له‌م جه‌نگه‌دا تا كۆتایی نه‌مامه‌وه، ته‌لیسمم شكاند و چوومه ده‌ره‌وه.
كه جیاوازبم به ئازادیی ته‌واوه‌وه، له بنه‌ڕه‌ت و چۆنیه‌تییه‌وه جیاوازده‌بم، پێویستیم به پاڵپشتێكی گرینگ، نووسین و پێكهاته و توانایی و ئاماده‌یی خۆم له بیركردنه‌وه و ڕووداودا هه‌یه و به‌س، كه‌س ناتوانێت شیعره سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كان سنوورداربكات. شیعری سه‌رسوڕهێنه‌ریش به وێنه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كان، هه‌ڵكۆڵین له یاده‌وه‌ری خوێنه‌ر ده‌كا و ده‌بێته‌وه جووڵه‌ی ئاگایی، نائاگاییش سه‌رزه‌مینێكی نه‌ناسراوه، ئه‌وه‌ی ئاگایییه گونجاوه. ئه‌وه‌ی نائاگایییه بابه‌تێكه بیری لێده‌كرێته‌وه ئاخۆ بۆ نییه، ئه‌گه‌ر هه‌بوو ئایا ده‌بێته گونجاو، یان نا.
له فه‌رهه‌نگی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كدا ڕووینه‌داوه شاعیرێك هێزی ئه‌وه‌ی تێدابێت، شاعیرانی دی بداته دواوه و بیانخاته بازنه‌ی مه‌ترسییه‌وه، خۆی به ته‌نیا ببێته مێژووی داهێنانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه. به پله‌ی یه‌كه‌م نه‌مویستووه له شاعیرانی هاوچه‌رخ و ده‌وروبه‌رم جیاوازبم. جیاوازیم له دیوی ئه‌و دیودا نییه. له دیوی هه‌سته‌كانی خۆمدایه. ئاستدارییه‌كانیش له ماك و شێواز و ماناكاندایه. بێ په‌روا هه‌وڵم داوه له ئه‌زموونی خۆم جیاوازبم، له شوێنه‌واری ئه‌زموونی پێشتریشم به‌تاڵ ببمه‌وه. گوێڕایه‌ڵی ئه‌و ڕۆحه جیاوازانه ده‌بم، كه ڕێنوێنیم ده‌كه‌ن بۆ جیاوازبوون و حه‌ز و توانام به‌كاربهێنم، به ساده‌یی و ڕاستگۆیی دۆخ بگۆڕم و پێوه‌رێكم هه‌بێت بۆ به‌كاربردنی كار و تواناكانم له به‌ڕێوه‌بردن و دامه‌زراندندا، مۆسیقاش پێش زمان ده‌ربڕینی له هه‌سته‌كان و پێداویستییه جیاوازه‌كانی ڕۆحی مرۆڤ كردووه.
مرۆڤ، كه له ئازاره باوخوازه‌كان ڕاده‌كات، بۆ كه‌ناڵێكی چێژبه‌خش ده‌گه‌ڕێت تا هۆكاری چاره‌سه‌ری ئازاره باوخوازه‌كان بدۆزێته‌وه. ده‌چێته ناو ڕه‌هه‌ندی چێژبه‌خشی شیعری بێگه‌رد و پاراو و جیاوازه‌وه. له جیاوازبووندا شیعری بێگه‌رد و پاراو خۆی كه‌شفده‌كات و خۆیمان پێشكێش ده‌كات.
جیاوازییبوون به‌خشینێكی هه‌ستییه. به مانای بیناكردنی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا، ته‌مه‌نم له پێناوی دانا. جه‌سته و ڕۆحم بۆی ته‌رخانكردووه، به قووڵایی نادیارییه‌كان و ئاوێنه‌ی هه‌سته‌وه‌ردا ڕۆچووم، ئاگایی داهێنان و ئاگایی داهێنه‌رم بۆ دروستبووه، كه هه‌موو وزه‌ی خۆمی تێدا به‌كاربهێنم و به كۆششێكی سیزيفیانه ژیان له‌ناو شیعردا بگه‌یه‌نم به واتا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی. ستایشی جیاوازی و داهێنان ده‌كه‌م. هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی داهێنانی جیاوازییه‌كان، ئاواز و زه‌نگ و زرینگانه‌وه‌یه‌كه، یان سه‌رسوڕمان و ئه‌فسوونێكی كتوپڕه، له ژیاندا ونه.
له شاعیره جیاوازه‌كان زۆر فێربووم. هاوپه‌یمانی بنه‌ڕه‌تین، تا خه‌ون و به‌رزه‌ئاواته‌كانم به‌رجه‌سته بكه‌م و دۆخی په‌روه‌رده‌كردن وه‌ربگرن. په‌یوه‌ندیی جیاوازییه‌كان به‌هێزن و منیان وه‌ك شاعیرێك په‌روه‌رده‌كرد و پانتایییه‌كی لێحاڵیبوونیان به كاركردن و نیشانه‌كردن بۆ كردوومه‌ته‌وه، له ناویدا ئه‌ركی بوون و به‌خشین و توانایی و ئاماده‌یی خۆم بڕسكێنم، به كۆششێكی سیزيفیانه ژیان له‌ناو شیعردا بگه‌یه‌نم به واتا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی، كه دوائاراسته و باڵاترین پله‌ی خۆبوونییه. پرسیاری كاركردن و نیشانه‌كردنی لێ دروستده‌كه‌م و وه‌ك به‌ها و پێوه‌ر ده‌یخه‌مه‌ڕوو. باش و خراپی له‌باره‌وه ده‌ڵێم، هه‌ندێك نیشانه و پرسیاریش به هه‌ڵواسراوی ده‌هێڵمه‌وه، له ڕوونترین فۆرمیشدا، چێژ له په‌ڕانپه‌ڕی كلاسیك و په‌ڕانپه‌ڕی نوێبه‌خشی وه‌رده‌گرم، له چییه‌تی زیندووبوونه‌وه‌ی ده‌پرسم، ئه‌م پرسین و پرسینه‌وه‌یه له نێوان من و شیعردا، وه‌ك جه‌نگێكی گه‌وره‌ی بێ كۆتایی ده‌مێنێته‌وه. جه‌نگی ناوه‌وه، پێداگری له پێناوی مانه‌وه ده‌كه‌م، تا شه‌هیدم ده‌كات. ده‌چمه ڕوونترین فه‌زای بوونه‌وه، كه هه‌موو فه‌زاكانی دیكه تێیدا كۆتایی‌یان پێدێت، جگه له فه‌زای جیاوازییه‌كان.
نیسانی 2020 هه‌ولێر