
تفەنگەکەی شانی باوکم بوو کوشتمی!.. عەبدوڵا ساڵح
کوردستان، زۆر بەداخەوە بۆتە ووڵاتی تراژیدیا وکارەسات، هیچ بەیانیەک نیە وهیچ ڕۆژێک تێناپەڕی بێ ڕودانی کارەساتی جەرگبڕ، ئەوە قەدەری خەڵکی کوردستانە بەدەست دەسەڵاتێکی بێدەربەست و داسەپاو بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا.
کۆچی بەکۆمەڵ و مەرگی ئازیزان لەقوڵایی دەریاکاندا، لافاو، برسیەتی و هەژاری، ژنکوشتن، کارەسانی ئوتومبێل وڕێگاوبان، بێموچەیی، گرانی، نەخۆشی، ساختەکاری وگەندەڵی، نەبوونی هەلیکار ……. زۆری تریش وەک وەیشومە باڵی کێشاوە بەسەر ئاسمانی ئەم ناوچەیەدا و دانیشتوانەکەی بەدەستیەوە دەناڵێنن و باجەکەی دەدەن. خنکانی دایکێک وچوار منداڵیش لەبەر بێنەوتی، لەووڵاتێکدا کە لەسەر دەریایەک لەنەوت وەستاوە، نوێترین کارەساتە و دواکارەساتیش نابێ .
ئەم دەسەڵاتە و گشت دامودەزگاکانی، لەحکومەت وپەرلەمانەوە بیگرە تا خواری خوارەوە، هیچ جۆرە شەرعیەتێکیان نەماوە، ئەوەی ئەوانی ڕاگرتوە لەنێودەریایک لەڕق وبێزاری خەڵکدا، تەنیا وتەنیا ئەو تفەنگ لەشانانەن کە سنگی خۆیان کردۆتە قەڵغانی پارێزگاری لەم دەسەڵاتە و لەهەر شەپۆلێکی ناڕەزایەتیدا لولەی چەکەکانیان ڕوبەڕوی سنگی هاوچارەنوسەکانیان دەکەنەوە.
ئەگەر بۆ ساتەوەختێک بچینە ناو دەریای خەیاڵەوە و بیری لێبکەینەوە کە ڕۆژێک بێ وئەم چەکانە لولەکانیان سەرەوخوار بکرێن و هەڵگرانی ئامادە نەبن بەرگری لەم دەسەڵاتە بکەن، پێم وانیە هیچ شتێک فریایان بکەوێ ویەکللایی کردنەوەی چارەنوسیان لە چەند ڕۆژێک زیاترتێناپەڕێ، مێژوو پڕە لە نمونەی لەم جۆرە.
ئەگەر دووبارە بچینەوە نێو دەریای خەیاڵەوە ویەکێک لە منداڵە قوربانیەکانی خنکان بەخەڵوزەکە بێتە دەنگ، لەگەڵ هاودەردی زۆرم بۆ ئەو باوکە جەرگبڕاوە، گومانم نیە دەڵێ :
<< ئەوە چەکەکەی شانی تۆیە وایکردوە ئێمە پەنابەرینە بەر خەڵوزی خنکێنەر بابەگیان، ئەوە ئەو چەکەیە کە منداڵەکانی ئەوانی لەپێخەفی گەرم وگوڕدا داپشیوە و ئێمەشی خستۆتە بەر ( ڕەحمەتی) خەڵوزی خنکێنەر، ئەوە ئەو چەکەیە کە لەسایەیدا ( نیشتمان بۆ ئەوانە و نیشتمانپەروەریش بۆ ئێمە )، ژیان بۆ ئەوانە ومردنیش بۆ ئێمە، ئەوە هەمان ئەو چەکەیە لەسایەیدا ئێمەی برسیکراوین و ئەوانیش تێر ……..ئەگەر تۆ لەسەنگەری بەرگری لەم دەسەڵاتەدا نەبی ئەویش لەبەرامبەر دابینکردنی پێداویستیە سەرەتایەکانی ژیانی ئێمەدا ئاوا بێدەربەست نابێ وشانخاڵی ناکاتەوە، دەزانم تۆو هەزارانی وەک تۆ ناچارکراون بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ئێمە ئەو چەکە بکەنە شان، لەووڵاتێکدا کە جگە لەم هەلیکارە شتێکی کەی تێدا شک نابرێ، بەڵام بابە گیان دڵنیابە ئەم دەسەڵاتە بەبێ بوونی ئێوە قەواڵەی بەتاڵە.
عەبدوڵا ساڵح
٢٤ – ١٢ – ٢٠٢١