Skip to Content

ستایشی سێبەرە بەرزەکە… شیعر: محمود درویش- وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

ستایشی سێبەرە بەرزەکە… شیعر: محمود درویش- وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

Closed
by حوزه‌یران 25, 2022 General, Poems



تا ئەم خەڵکە
جارێکی تر تۆبە ئەکا
و
خۆکوشتنەکەم ڕوون ئەبێتەوە
تا (ڕۆم)ەکان ئەگەڕێنەوە
تا پاسەوانی تەلبەنگەکانی قەڵاکەمان وەدەرئەنێین
و
كۆڵەکەی پاپۆڕەکە ئەشکێ
تا لە شەقامی بازرگانی شەرەف
چەپڵە بۆ ” ئەتک کردن”ی ئافرەتەکانمان لێ بەین
ساتێک بنوو ، خۆشەویستم ..بنوو
تا بمرین
ئەوە ساتی : هەرەسە
ئەوە ساتی : ڕوون بوونەوەمانە
ساتی مەتەڵ ئاسای لەدایک بوونی ڕۆژە
كوڕی دایکم ، چەن تەنیا بوویت
کوڕی زیاتر لە باوکێک
………..چەن تەنیا بوویت

گەنم تاڵە لە بێستانەکانی ئەوانی ترا
و
ئاو سوێرە و هەور پۆڵا
و
ئەم ئەستێرەیە زام هێنەرە
و
ئەبێ بژیت..و هەر بژیت
و
لە بەرامبەر دەنکێ زەیتون
پێستی خۆت بەیت
…چەن تەنیا بوویت…
هیچ شتێ نامان شکێنێ ،
بەتەواوەتی غەرق نابیت
لەو خوێنەی تیامانا ماوە
با بچینە ناو ڕۆحی ئابڵۆقەدراوی
شوبهان و هەتیوەکان
تۆ: كوڕی هەوای نەلەقیو “ڕەق”
كوڕی: یەکەم زمان پژانی دوورگە کۆنەکان
كوڕی خانمی دەریاچە دوورەکان
كوڕی پارێزەر لە هەڵەی پێشینان
و
لە ڕووخسارە ڕەقەکەیا
بروسکە یان کۆترێک وێنا ئەکا

گۆشتم لەسەر دیوارەکان
گۆشتی تۆیە ، کوڕی مام
لەشێک بۆ تاریکایی
و
ئەبێ ” بێ رێگا” هەنگاو بنێیت
لە پشتەوە ، یان لەبەر دەم
لە باکوور..لە باشوور
بە تەرازوویەکەوە هەنگاوەکان بنێیت
تا ئەوانەی باڵ بەستویان کردوویت
بتکێشن و بتبەن بۆ کۆگاکان
تا میوانەکان ” شاناز”یت ببینن
چەن تەنیا بوویت..!!
چەن تەنیا بوویت. !!

كۆچێکی ترە
سڵاو و دوا وەسیەت مەنووسە
تۆ بەرز بوویتەوە
و
ڕووخانیش ، ڕووخا
جگە لە نا روونیەکی ڕەش لە تۆیا
هیچ دەریایەک نیە…
بچۆ ناو شتەکانەوە
تا شتەکان بچنە هەنگاوە حەرامەکانتەوە
سێبەرت لە دەرباری فەرمانڕەوا بکشێنەوە
تا وەک ” خەڵات” هەڵنەواسرێ
و
سێبەرت تێک بشکێنە
تا نەیکەن بە فەرش ، یان بە تاریکایی

شکانیانیت…
چەن جار شکانیانیت
تا لەسەر قاچەکانت” عەرش” دروستکەن
لەگەڵتا بوون و ئینکارییان کردی و شاردیتیانەوە
سوپایەکیان بۆ دەستت دروستکرد
زیندانیان کردیت ووتیان : خۆت مەیە بەدەستەوە
فرێیان یایتە بیرەوە
ووتیان : خۆت مەیە بەدەستەوە
و
هەزاران هەزاران هەزاران ساڵە
بە ڕووناکی ڕۆژ
کاتێ “قەمە” کەت راکێشا
ئینکاریان کردیت
چونکە ئەوان جگە لە ” خوتبە و ڕاکردن “
……………چیتر نازانن
ئێستا : پێستت ئەدزن
ووریای سەر و چاویان و ڕەختەکەت بە
كوڕی دایکم ، چەن تەنیا بوویت
كوڕی زیاتر لە باوکێک
……چەن تەنیا بوویت

“””””””””””””
MARS/2019

Previous
Next
Kurdish