Skip to Content

رێزو بێڕیزیی و هۆشیاری هاتنەدەنگ  … نەوزاد جەمال

رێزو بێڕیزیی و هۆشیاری هاتنەدەنگ … نەوزاد جەمال

Closed
by شوبات 27, 2017 General, Opinion, Slider

کەم کەس هەیە، پرسی رێزی لاگرنگ نەبێت لەژیانیداو وەک پێوەرێکی پێویست تەماشای نەکات. بەڵام، کەباس دێتەسەر ژیانێکی شیاوو گونجاو رێزدارانە، هەموو شتەکان ئاوەژوودەبنەوە. ئاخر، باس لەچ رێزێک بکرێت، کاتێک مافەکانی مرۆڤبوون لەژێر پرسیاردایە؟ کە رۆژانە بێڕێزی بەشێوەی جیاواز لەرەفتاری دامەزراوەو بەرپرسەکانەوە تا راگەیاندنەکان ئەزموندەکەین، ئیتر کام رێز؟
لەم وڵاتەدا مرۆڤ واهەستدەکات تەنانەت جادەو رێگەو شوێستەکانیش بێڕیزمان پێدەکەن. کاتێک حزب و بەرپرسەکانی راستگۆنین، فەرمانبەرەکان کەمتەرخەمن، کارەباو ئاو، سوتەمەنی نییە، موچەقرتێنراوە. ئیتر، بێگومانین لەوەی بنەماکانی ژیانێکی رێزدار بزرە. کە نەسیستم و سیاسەتێکی تەندروستی شیاوت هەبێت، نەخوێندگەو زانکۆیەکت هەبێت پایەی مرۆڤ بەرزبکاتەوە، نەدامەزراوەکانت لەخزمەتی هاوڵاتیاندان، کامە رێز ماوەتەوە؟ هەستکردن بەبێڕێزی، لەدەستدانی ماناکانی ژیانە. تا مرۆڤیش هۆشیارتربێت، ئێش لەو بێڕیزیانەی بەرامبەری دەکرێن، چەندجارەدەبێنێت.

بەسادەیی، رێز بەهەندوەرگرتن و سەنگدانانە بۆ پێگەو کەسێتی و بینینی قورسای خۆتە. رێزیش راستەوخۆ بەندە بەمافەکانتەوە. بۆیە، رێز پێچەوانەی سوکایەتی، لێکەمکردنەوەو ئازاردان، روشان و لێدانە لەبەهای بوونت، ناشرینکردن و فەرامۆشکردنی خواستە بەهادارەکانتە. بەدەربڕینێکیتر، پێگەو جێگەی مرۆڤ بەرەچاوکردنی ئەرکومافەکانی لەهەمان کاتدا، نەشوێنرێت. ژیانێکی شیاو گونجاو کە لەئاستی مرۆڤبوونیدابێت، ماف و خواستێکی سروشتی و ئاسایی هەموو مرۆڤێکە.

یەکێک لەتێزە بنەڕەتیەکانی ‘کۆمەڵگەیەکی باش’ لەلایەن ‘ئەڤیشای مارگەلیت’ (فەیلەسوفێکی کۆمەڵایەتی ئیسرائیلییەو خاوەنی کتێبی ‘کۆمەڵگەی بەڕێز ٢٠٠١’) گەنگەشەکراوە بنەمای ‘رێز’ە. لەدیدی ئەودا رێز پێوەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. پرسیاری بنەڕەتی ئەو لەگرفتێکەوەیە: لەبەرچی مرۆڤەکان لەپێناو مافەکانیاندا نایەنەدەنگ؟ بۆچی رازین بەبارودۆخێک کە بوونییان لەکەداردەکات؟
لەشرۆڤەکردنی ئەم پرسیارانەوە ‘مارگالیت’ بەسەرهاتی کەسێکی رەشپێست بەناوی ‘مامۆ تۆم’ دەگێڕێتەوە کە لە’کتێبی پیرۆز’ەوە وەرگیراوە، پوختەی بەسەرهاتەکە: ‘مام تۆم’ نموونەی مرۆڤێکی باش و چاکە. بەڵام، کێشەی رێز لەخۆنەگرتنی هەیە. سەرەڕای کونکردنی گوێکانی لەلایەن ئاغاکەیەوە، هێشتا هەر گەورەکەی خۆشدەوێت! بەڕای ‘مارگالیت’ پابەندبوونی ‘تۆم’ بەگەورەکەیەوە، سەرەڕای ئەشکەنجەدانی، جۆرێکە لەبوێرییە. بەڵام، دەکرێت ئەمە تەنها وەک متمانەو پابەندی ‘سەگێک’ بەخاوەنەکەیەوە تەماشاکرێت.

ملکەچبوون بۆ هەموو ناهەقیەک، رازیبوون بەکەمترین ماف، وەکئەوەیە مرۆڤ بکرێتە ئاژەڵێکی رامکراو و راهێنراو لەسەر ناخۆشی. دەستەمۆکراو بەکۆتوبەندی تێربوونەوە. کەواتە، گوێنەدانە سوکایەتی و خۆگێلکردن لێی، دۆخێکی نامرۆڤانەیە(هەڵبەت ناڵێین ئاژەڵیانە، چونکە مافی رێزگرتن ئاژەڵیش دەگرێتەوە). ئەوە چۆن رێزلەخۆگرتنێکە کە ئازادی و مافەکانت پێشێلکراوە، سوکایەتی و ئەشکەنجە دەدرێیت، چەوسێنەرەکەشت خۆشدەوێت؟ باشە، لەبەرچی ‘مام تۆم’ رازییەو پاڵنەرەکەی چییە؟

هەڵبەت، ئەم بەسەرهاتە دەرخەری چەند راستییەکە: نەزانی لەبینی مافەکانی خۆتداو نەتوانینى هاتنەدەنگ لەپێناویانیشدا. لێکدانەوەیەک ئەوە هەڵدەگرێت؛ لەوانەیە ‘تۆم’ بەمافەبنەرەتییە زەوتکراوەکانی بزانێت. بەڵام، لەرەوشکێی وادانییە کەبێتەدەنگ و هیچی لەدەستینایەت. چونکە، بەوهۆیەوە پەیوەندی لەگەڵ خاوەنکارەکەی تێکدەچێت و دواجار دەریدەکات. بەمەش بژێویی خێزانەکەی دەکەوێتە بەرهەڕەشە. بۆیە، لەوپێناوەدا، لەسەر حسابی رێزو ئابڕوی خۆی ملکەچی هەڵدەبژێرێت!
ئەی کەی مرۆڤ لەسەر مافەکانی دێتەدەنگ؟ یەکەم مەرج، بەلانیکەمەوە درک بەبێڕێزی، هەست بەو سوکایەتیکردنەی کەسانێک یا دامەزراوەیەکەوە پێیدەکەن، بەڕای مارگالیت. ‘مام تۆم’ تەواو بێدارو هۆشیارنییە بەمافەکانی، بۆیە قایلە. رەنگە، لەو سۆنگەیەوە پێیوابێت کە: رەش، سپی، هەژار، دەوڵەمەند هەموو لەنەوەی ئادەمن و لەبنەڕەتدا مرۆڤەکان لەسەر وێنەی جوانی خودا ئەفرێنراون.
بۆیە، لەهبەر مامەڵە نەشیاوەکانی ئاغاکەیدا هەست بەکەمی ناکات. لەوانەشە والێکیدابێتەوە کە بارودۆخەکەی بەشێکە لەویستێکی خودایی کە ئەم کۆیلەو رەنجبەر، ئەوێکیش ئاغا بێت!
بەڕای مارگالیت، گرفتەکە لەوەدایە، ئەم تێگەیشتنە خۆی جۆرێکە لە ‘بێڕێزیکردنی خۆکرد’. واتە، بێڕێزیکردن لەلایەن مرۆڤەوە بەرامبەر بەخۆی. چونکە، رێزلەخۆگرتن لەماف جیاناکرێتەوە. بێگومان، بنەڕەتی کێشەکە لەنموونەکەی ‘مام تۆم’دا، نەبوونی هۆشیاری رێزلەخۆگرتنە وەک مافێکی ئاسایی. چونکە، رێز بەهەندوەرگرتنی خۆت و ناسینەوەی پێگەتە کە بەندە بەمافەکانتەوە.

خاڵێکیتری کە لەنموونەی ‘مام تۆم’دا لێکبدرێتەوە، بوونی پارادۆکسێکی روخسارەکی-رواڵەتییە: بەرژەوەندی دژبە بەرێز دەکەوێتەوە. وەکئەوەی ‘تۆم’ لەپێناو بەرژەوەندیدا، چاوپۆشی لەبێڕێزیکردن دەکات. لەکاتێکدا ئەمە راست نییە، ئەگەر بەرژەوەندییەکان بەئیختیارەکان/بژاردەکان تێکەڵنەکەین. ئیتر، لێرەوە پارادۆکسەکەش نامێنێت. ئەگەر لەژێر فشاری بەرژەوەندیەکدا، ‘تۆم’ لەگەڵ خۆیدا ناڕاست بێت، مەرج نییە هەمیشەو لەهەموو بارودۆخێکدا وابێت. لەبەرئەوەی، سروشتی بەرژەوەندیەکان لەگۆڕاندایە. بەپێی شوێن و بابەتەکانی دەگۆڕێن.
لەکاتێکدا، بەهای مرۆڤایەتی نەگۆڕو چەسپاوە. بۆ هەموو شوێن و سات و کەسێک بێجیاوازیکردن پێشمەرجی مافەکانە. کەواتە، پێویستە رێزگرتن لەمرۆڤ، نەلەترس و نەلەپێناو بەرژەوەندیدابێت.
لێرەوە، رێز بەهایەکی گشتگیرە کە بەمافەکانەوە گرێدراوەو سازشی لەسەر ناکرێت. ئەمەش بەبێ بوونی ئاگایی و هۆشیاریەکی خۆیی و هاوکات رێزلەخۆگرتن نایەتەدی. ئەوەشی کە بێدەنگە لە مافی رێزگرتن، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ رێزلەخۆنەگرتن کە ئەویش بەرئەنجامی نائاگایی و هۆشیارییە بە پێگەو هەلومەرجەکانی ژیانێکی شیاو و رێزدار.

Previous
Next
Kurdish