Skip to Content

سێ بۆچوون لەمەڕ شۆڕشە عەرەبییەکان.. ستیڤان شەمزینی

سێ بۆچوون لەمەڕ شۆڕشە عەرەبییەکان.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 8, 2023 General, Opinion

یەک
دونیای عەرەبیی بۆ ماوەی چەندین “دەیە” بێدەنگ بوو، راستتر وایە بڵێین بێدەنگ کرابوو، میکانیزمەکانی بێدەنگی و خەساندنی کۆمەڵگە عەرەبییەکان لە کەسمان شاراوە نەبووە، میکانیزمی دڵڕەقانە و زەبر و زەنگئامێز بووە. ئەگەرچی بە رووکەش کۆمەڵگەی عەرەبیی بە هێمن و بێدەنگ دەبینرا، بەڵام ئەوە تەنیا دیوی دەرەوەی تابلۆکە بوو، بەپێچەوانەوە لە ژێرەوەڕا کۆمەڵگەی عەرەب کۆمەڵگەیەکی تووڕە و پڕ لە قسە بووە، تەنیا چاوەڕوانی دەرفەتێک بووە بۆ ئەوەی تووڕەیی خۆی نیشان بدات، وەک ئەوەی لە دەرفەتی خۆ سووتاندنی “محەمەد بوعەزیزی”دا بەرجەستە دەبێت. بوعەزیزی تەنیا پاساوێک بوو یان راستتر وایە بڵێین دەرفەتێک بوو بۆ کۆمەڵگە عەرەبییەکان تا تووڕەیی خۆیان بڕێژن، چوونکە مرۆڤی عەرەب بە درێژایی دەیەکان سووکایەتی زۆر لەوە گەورەتری لەلایەن دەسەڵاتدارانی عەرەبەوە پێکراوە، بەڵام ئەمجارە هاوکێشەکە تەواو هەڵدەگەڕێتەوە و خۆ سووتاندنی عەرەبانچییەکی گەدا بڵێسەی راپەڕینێکی گەورەی عەرەبی دادەگیرسێنێت. هەروەک “ئەدۆنیس” بۆی چووە ئیتر تاکی عەرەب گەیشتە ئەو هۆشیارییەی بە رووخانی کۆی رژێمە عەرەبییەکان شتێک نەماوە لە دەستی بدات، بۆیە ئیدی تاکی عەرەب دەگاتە ئەوەی دەست ببات بۆ گۆڕینی رژێم و ئەو سیستمە سیاسیی و ئابوورییەشی ئەو رژێمانەی پایەدار کردووە.
سەبارەت بەوەی ئەم راپەڕینانە دەبنە فاکتۆری دروستبوونی سەقامگیریی و دیموکراسییەت؟. وەڵامدانەوە بەم پرسیارە بڕێک سەخت و ئاڵۆزە. چوونکە هێشتا پرۆسەی گۆڕینی رژێم و راپەڕین بۆ نموونە لە هەردوو وڵاتی میسر و تونس بەردەوامە. بۆیەکا ناکرێت ئێمە پێش بارودۆخەکە بکەوین و بڕیاری حاسمی لەسەر بدەین، ئەوەی هەیە راپەڕینی کۆمەڵگە عەرەبییەکان لایەنی گەش و لایەنی تاریکیشی هەیە. لایەنە گەشەکان بریتین لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و بە خاکسپاردنی رژێمەکانی پاشماوەی قۆناغی رزگاریی نیشتمانی و کۆلۆنیالیزم و دەستبردن بۆ ئەو کاریزمایانەی کە بڕیاریاندابوو کۆماری باوک و کوڕەکان بۆ چەندین دەیەی تر درێژە پێبدەن، لایەنی خراپی ئەو راپەڕینانەش لەوەدایە لە هەندێک جێگە و لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبیی، خەریکە ئاگری شەڕی ئەهلی دەکاتە دیفاکتۆ، لەولاشەوە هێزە ئیسلامییە فێندەمینتالەکان دەیانەوێت گوڵەوەچنی دەستکەوتەکانی راپەڕین بکەن.
کێشەی سەرەکیی ئەوەیە، ئەو راپەڕین و خۆپیشاندانانەی وڵاتانی عەرەبییان گرتۆتەوە، هێشتا نەیانتوانیوە ببنە شۆڕش. چوونکە شۆڕش پرۆسەیەکی گۆڕانکاریی هەمەلایەنە و ریشەییخوازانەیە، بۆیە پێشبینی ئەوە دەکرێت گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە عەرەبییەکان کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لاوەکی و پەڕاوێزی بن کە دەکرا لە هەناوی رژێمەکانی پێشووشدا بهێنرێنە دی، لێ ئەمە پاساو هێنانەوە نییە بۆ رژێمە سەرکوتگەرەکانی عەرەب، بەڵام راپەڕینەکان تا نهۆ شتێکیان پێشکەش نەکردووە بۆنی ئەوەی لێبێت کۆمەڵگەی عەرەبی دەباتە پێشەوە و لە وێستگەیەکی تر دایدەنێت کە دیموکراسیی و کۆمەڵگەی کراوەیە. من وەک خۆم دوودڵم و ناتوانم بەوە دڵخۆش بم ئەم راپەڕینانە مزگێنی دیموکراسین. بە قەد پیرۆزیی راپەڕینەکان گوومانم هەیە و پێموایە دەشێ ئەم راپەڕینانەش دەستبەتاڵ دەربچن. چوونکە کۆمەڵگەی عەرەب پێش گۆڕینی رژێمەکان پێویستی بە گۆڕینی خەیاڵدان و بیرکردنەوە هەبوو. رێنیسانسی فکریی و عەقڵانی پێش شۆڕشەکان گرەنتی دیموکراتی و ئازادیی دەکات. ئەمەش رێسایەکی سادە و ئاشکرایە، تاکێک خاوەنی فەرهەنگی دیموکراتی نەبێت، بە دژایەتیکردنی رژێمێکی سەرکوتکەر نابێتە دیموکراتی. تۆ سەیری “شۆڕشگێڕان”ی لیبیا بکە، ئەو کاتە بیر لەوە بکەرەوە ئایا بەم هێزە توندوتیژە دیموکراسی چێ دەبێت؟.

دوو
کارەساتەکە ئەمەیە. هێزەکانی ناتۆ دەیانەوێت بە موشەک دیموکراسی چێ بکەن. ئەمە لە بیرکردنی ئەزموونی عێراق و ئەفغانستانە. چوونکە یەکەمیان دوای هەشت ساڵ و نیو و دووەمیان دوای دە ساڵ، نەک نەبوونەتە نموونەی دیموکراسی، بەڵکو لە شوێنی خۆیان فەڕەتەناش لێدەدەن و هێشتا لە هەمان زەلکاوی پێشوودا مەلە دەکەن. لە راستیدا لە هیچ شوێنێکی دونیا دیموکراسی بە زەبر و هێرشی فڕۆکە نەهاتۆتە ئارا، مرۆڤ کوشتن مرۆڤ کوشتنی لێدەکەوێتەوە، نەک دیموکراسی. ئاخر ئەگەر گەوهەری دیموکراسی ئەوە بێت کە دەبێت بە پێشکەوتووترین چەکی دەستی ناتۆ خەڵکی بۆ بکوژرێت، ئیدی شتێک نییە مانایەکی باش و بوونێکی گرنگی هەبێت، بە پێچەوانەوە نەفرەت لەو دیموکراسییەی قەسابخانە بۆ مرۆڤ دەخاتە کار.
میدیاش لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت، پاشکۆی سیاسەتە و کار بۆ سیاسەتێکی دیاریکراو دەکات، ئێستا کۆدەنگییەکی گەورەی زلهێزەکانی دونیا هەیە، بۆ لەناوبردنی رژێمە عەرەبییەکان، بۆ ئەمەش رەچاوی رێسای پوولی دۆمینە دەکەن و پێیانوایە وردە وردە هەموویان بە دوای یەکدا دەکەون. تا ئێرە ئاساییە و تەنانەت جێی دەستخۆشییە وڵاتانی زلهێزی دونیا یارمەتی گەلانی وڵاتانی عەرەبی بدەن، لە پێناوی ئاڵوگۆڕ و لەناوبردنی رژێمە دیکتاتۆرییەکاندا. کاری میدیای جیهانیش لەو نێوەندەدا هیچ گلەییەکی لەسەر نییە، بەڵام چاو نووقاندن لە ئاست کوشتوبڕ و لە ناوبردنی هەزارەها مرۆڤ لەلایەن ناتۆوە، بە تایبەت لەلایەن کەناڵی راگەیاندنەوە تاوان و بێهەڵوێستییەکی زۆر گەورەیە کە هەرگیز مێژوو لە بیری ناکات.
من بڕوام وایە کە میدیای جیهانی بووە بە پاشکۆی سیاسەتەکانی ئەمەریکا، بۆیە هەموویان لەسەر یەک ئاواز و وەک قاز یەک شت دەڵێنەوە، لە کاتێکدا چۆن ئەو میدیایە تاوانەکانی موبارەک و قەزافی و بنعەلی دەبینێت، پێویستە بە هەمان شێوە تاوانەکانی ناتۆ و ئۆباما و ئەردۆگانیش ببینێت. ئەوەتا لەلایەک ئەو میدیایە چەکدار و بەرهەڵستکارانی قەزافی بە شۆڕشگێڕ ناوزەد دەکات و چەپڵە بۆ هێزەکانی ناتۆ لێدەدات، کەچی لەولاوە دەستخۆشی لە دەوڵەتی تورک دەکا و هێزێکی وەک پەکەکە و پژاکی پێ تیرۆریستە!. ئەمەیە ئەو ئیزدواجیەتەی لە کاری میدیای جیهانیدا خۆی بەرجەستە کردووە. ئیزدواجیەتێک مەگەر هەر “چۆمسکی” هەبێت پەردە لە رووی هەڵماڵێت و دەستەکەیان بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکات.

سێ
ئاشکرایە کۆمەڵگەی عەرەبی باجی شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ دەدات. موعەمەر قەزافی و حافز ئەسەد و موبارەک لە یەکێک لە ساتەوەختە مێژووییەکاندا وەک شۆڕشگێڕ و قارەمانی نەتەوەیی، تێکڕای گەلی عەرەب چەپڵەیان بۆ لێداون. کەچی ئەمڕۆ دەریایەک خوێن دەڕێژرێت لە پێناوی لە کارخستن و لابردنیان. من پێموایە نەوەی شۆڕش سەقەتترین نەوەن، بۆیە من ترسی زۆرم لەوانەش هەیە ئەمڕۆ بە شۆڕشگێڕ ناو دەبرێن، چوونکە ئەوەی رەوایی خۆی بە خوێن وەربگرێت، بێگوومان بە خوێن لێی دەسەنرێتەوە. لەم سۆنگەوە پێموایە شۆڕش جگە لە توندوتیژیی و لێکترازانی ریزەکانی کۆمەڵگە هیچی تر بەرهەم ناهێنێت. من وەک خۆم دژی شۆڕش نیم بەڵکو مارکس وتەنی هەموو گۆڕانکارییەکی جەزری لە رێگەی شۆڕشەوە دەبێت، بەڵام مەرج نییە هەمیشە شۆڕش خوێناویی بێت و بریتی بێت لە زنجیرەیەک رووبەڕووبوونەوەی فیزیکیی نێوان خەڵک، بە پێچەوانەوە یەکەم شۆڕش ئەو شۆڕشەیە کە خەیاڵدانی مرۆڤ و روانگەی مرۆڤ دەربارەی دونیا دەگۆڕێت، بە داخەوە کۆمەڵگەی عەرەب هێشتا خاڵییە لەم جۆرە شۆڕشانە، بۆیە ئومێدەکانیشمان بە دیموکراسیی لە دونیای عەرەبیدا هێشتا لاوازە و بە بەراوورد بە کاتی پێش راپەڕینەکان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەر نەهاتووە.
دووپاتی ئەو بۆچوونەی پێشووم دەکەمەوە و پێموایە دیموکراسی بە چەک و زەبروزەنگ نایەتەدی، بۆیە من رەشبینم بەرامبەر ئەوەی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارەی وڵاتانی عەرەبی بتوانێت دیموکراسی چێ بکات، خۆ ئەگەر سەیرێکی وردی ئەو پرۆسەی گۆڕانکارییانەش بدەین بۆ نموونە لە میسر و تونس روویانداوە کە دوو وڵاتن رژێم تیایاندا گۆڕاوە، هیچ ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر نابینین، بۆ نموونە پرۆسەی لێپرسینەوە و بنبڕکردنی گەندەڵی لەلایەن کەسانێکەوە بەڕێوە دەبڕێت، بەرهەمی هەمان عەقڵی سیاسیی رژێمی پێشوون!، چوونکە زۆرینەیان لە بەرپرسانی پێشووی رژێمن، لە میسر ئەوەتا هێشتا سەرباز دوا قسە دەکات، پاشان لە پرۆسەی دەنگدان لەسەر دەستووری ئەو وڵاتە بینیمان، ئیرادەی ئیخوان سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا. لەبەرئەمە من گوومانم هەیە ئەم راپەڕینانە ببنە هەوێن و مامانی دیموکراسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ئەم راپەڕینانە بە خاڵی دەستپێک دابنێین و ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێزی دیموکراتخوازانە جڵەوی سیاسەتی بکەوێتە دەست، ئەوا بێگوومان بە پێی پرۆسەیەکی مێژوویی کۆمەڵگەی عەرەبی دەبێتە کۆمەڵگەیەکی کراوە و دیموکرات.

تێبینی: ئەم وتارە بۆ یەکەم جار لە ژمارە “506”ی رۆژنامەی “میدیا” لە 1-11-2011 بڵاوکراوەتەوە. لە یادی دوانزەی ساڵەی بەهاری عەرەبیدا دووبارە بە پێویستم زانی بیخەمەوە بەر دیدی خوێنەر.

Previous
Next
Kurdish