Skip to Content

کاتێک گۆرانى بە ناخى رۆحتدا رۆدەچێتە خوارێ.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

کاتێک گۆرانى بە ناخى رۆحتدا رۆدەچێتە خوارێ.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 25, 2021 General, Literature

مرۆڤ لە بوونى خۆیدا چەندین زمانى جۆراوجۆرى بۆ گوزاشت لە خۆکردن و دەربڕینى هەستە شاراوەکانى خوڵقاندووە، لە چرکەساتێکدا مرۆڤ لە بەردەم ژانێکدا بە چۆکدا دێت یان لە بەرامبەر خۆشەویستەکەیدا بۆتە پارچەیەک لە کریستاڵ تەنیا دەتوانێت بە شێوە و ریتمێکى مۆسیقیانە بئاخڤێت، زۆر جار مرۆڤ هەست و وشە پەنگخواردووەکانى بە سینتاکسى پڕ چێژ و بە فۆرمێکى شیعرییانە دەردەبڕێت، رەنگبێ هەر ئەوەش بووبێتە هۆى سەرهەڵدانى گۆرانى وەک رەگەزێکى گرنگى هونەر. گۆرانى کوردیى کە بەشێکە لە کولتوور و رۆشنبیریى ئەم نەتەوەیە ئەگەر نەڵێین لە شێوە فۆلکلۆرەکەیدا لەگەڵ لە دایکبوونیدا هەبووە ئەوا سەرهەڵدانى گۆرانى کوردیى نەکەوتۆتە کاتێکى درەنگى دواى وجودى کورد وەک نەتەوەیەک لە دیرۆکدا. زۆربەى جاران هێندەى گۆرانییەک یان پارچە موزیکایەک کاریگەریی هەیە لەسەر مرۆڤ رەنگبێ شۆڕشێک ئەوەندە کاریگەر نەبێ، یان کاریگەریى شۆڕشێک بە هۆى چەند گۆرانییەکەوە بێت.
لە یادمە لە راپەڕینى ئازارى ساڵى 1991 سروودەکانى هونەرمەند (ناسرى رەزازى) وەک شەیپورى ئازادیى لە ئێستگەى دەنگى گەلی کوردستانەوە تەنانەت دەروونى منداڵانیشى دەهەژاند، منێک کە نەمدەتوانى چەکدار بم و وەک پێشمەرگەیەک رۆڵ ببینم، ئەو سروودانە نیگەرانیان لەلا دروست کردبووم، چوونکە کەفوکوڵى دەروونم تەنیا بە هەڵمەت بردن و رووبەڕووبوونەوەى داگیرکەران دادەمرکایەوە. بەش بە حاڵى خۆم لە بوارى هونەردا ئەوەندەى بە گۆرانى کاریگەرم و ئاوێزانم لەگەڵیدا هیچ کات (شانۆ- شێوەکاریى) هێندە پەلکێشیان نەکردووم بە لاى خۆیاندا (بەبێ ئەوەى لە بایەخى ئەو دوو لایەنە گرنگەى هونەر کەم بکەمەوە) هەر بۆیە ئەم چەند دێڕە لە بەرامبەر گۆرانى کوردیی و هونەرمەنداندا رەنگدانەوەى ئەو کاریگەرییە زۆرەیە.
حەسەن زیرەک
کاتێک گوآ لە گۆرانییەکانى (حەسەن زیرەک) دەگرم دڵم پڕ دەبێت لە ئیرۆسییەت و غەریزەى ژیاندۆستى هوژمم بۆ دێنێت و کۆتم دەکات لەناو خۆیدا، گۆرانییەکانى حەسەن ئەوەندە کاریگەرن مەحاڵە گوێم لە یەکێکیان بێت تەنانەت لەناو ئاپۆراى دەیان هەزار کەسیشدا بێت ئیستێکم پێ نەگرێت و نەمخاتە دنیاى جوانیپەرسى و ئەوینداریى (بە ماناى رووتى وشەکە)، بە راستى (حەسەن زیرەک) موعجیزەى هونەرى کوردییە و گەورەترین سیناتۆرى ئیمپراتۆریای هونەرى گۆرانى کوردییە.
عەلی مەردان
کاتێک گوێ رادەدێرم بۆ (عەلی مەردان) دەچمە نێو دنیاى خەیاڵ و لە فەنتازیاکانى خۆمدا نووقم دەبم و بە فلاشباگ گەشتێک بە رابردوودى خۆمدا دەکەم، وای لێکردووم تا سەر مۆخ نوستالیژی بم و پابەندبم بە رابردووەوە. عەلی مەردان بە چریکەى بولبول ئاساى کێشێکى قورس دەخاتە سەر مێشکت و کۆنترۆڵى دەکات!، لە ئاوها حاڵەتێکیشدا ناتوانى چ کاردانەوەیەکت هەبێت جگە لە رامان لە پیاوێکى ناسکى، دڵ بریندارى وەک خۆى.
ناسرى رەزازى
ئەو دەقیقەیەى رەزازى بە دەنگى زوڵاڵ و شۆڕشگێڕانەى لە بەردەم گۆرانى یان سروودێکى خۆیدا رامدەگرێت، ئیدى ستەملێکراویى نەتەوەیەک و ئێش و ئازار و ناسۆرەکانى جارێکى تر دەخاتەوە ناو زاکیرەم و بەردەوامى پێدەبەخشێت لە چینى یادەوەرییەکانمدا، ئەو کاتەى سروودەکانى لە دڵت دەدەن دەبیتە منداڵێکى ئەنفالکراو کە لەگەڵ حەشامات و کاروانى ئەنفال بە زیلێکى سەربازیى بەعس بەرەو نوگرە سەلمانت دەبەن و لەوێوە عەرعەر چاوەڕێیە بۆ خەوێکى هەتا هەتایى لە ژێر لمى بیاباندا.
نەجمەدین غوڵامى
سۆزى دەنگ و دەربڕینى نەجمەى غوڵامى تنۆک تنۆک فرمێسک بە چاوانماندا دێنێتە خوارێ، گۆرانى (پایز پایز) بیرى هەڵوەرینى گوڵەکان و فڕینى جاویدانى پەروانەکان و کۆچى ناوادەى ئازیزانم دەخاتەوە، دەمباتەوە بۆ گازینۆى شەعب تا لەگەڵ شاعیرى پایز و گەڵاڕێزان (محەمەد عومەر عوسمان) پیاڵەیەکى دى چا بخۆینەوە و دواتر لە پەنا بە بادانى سیگارەکەماندا بەرەو ماڵ ملى رێگە بگرینە بەر. غوڵامى سوکنایى بە دڵدا دەهێنێت و زۆر جاریش لە خۆکوشتن ژیوانم دەکاتەوە و بە بزەى گۆرانى (خانومان) دەمباتەوە نێو دنیاى بەرائەت و عیشق و پێم دەڵێت هێشتا ژیان بایى ئەوەندەى پێوە ماوە ئافرەت یان هەر شتێَکى دیکەت تێیدا خوشبووێت.
عەدنان کەریم
بەیانیان کاتێک لە خەو را دەبم و بەر لەوەى دەموچاوم بشۆم گوێم لێیە باوکم بە دیار گۆرانییەکى (عەدنان کەریم)ەوە سیگار دەکێشێت و دەست دەهێنێت بە قژە ماش و برنجییەکەى خۆیدا و نوقمى دەریاى خەیاڵ بووە، ئیدى (عەدنان) بەم جۆرە دێتە بەردەم دەرگاى دڵ و ناچارت دەکات دەروازەى کڵۆمدراوى لێبکەیتەوە، بەم جۆرە عەدنان وەک شنەبایەکى فێنک خۆى دەکات بە دەروونتدا و دەیکاتە هێلانەى خۆى و ئەوسا لە سەردەمى ونبوونى گۆرانى کوردیدا بەوپەڕى رەسەنایەتییەوە لەگەڵ رۆحت دەدوێت و پێت دەڵێت یەکەم و دواکارى ئەمڕۆت تەنیا خۆشەویستى و پیاسەیەکى لاى ئێوارانە لەگەڵ دلبەرێکدا، ئەو بە رۆحى نالی و وەفایى و مەحوییەوە لەگەڵتدایە و هیچ کامیشیان نییە.! ئەو نالی نییە بەڵام (عەدنان کەریم)ە.
مەزهەرى خالیقى
تا ئێستا نازانم بۆچى هێندە خووم بە گۆرانییەکانى (خالیقى)یەوە گرتووە. بێ ئەوەى بتوانم بەسەریدا زاڵ بم هۆگرى ئەو سۆز و دەنگە پڕ لە هەستەم. هەر کە گۆرانییەکى (خالیقى) هات، تەرکیزى هەموو بیرکردنەوە و تەنانەت هەموو نیگاکانیش لە خۆیدا کۆدەکاتەوە، سیحرى ئەو دەنگە ئەوەیە هەرچەند گوێى بۆ رادێرى و لەگەڵى بژیت جار لە دواى جار نوێترە!! بە راددەیەک بە موبالەغەى نازانم بڵێم یەک جار ژیان کەمە بۆ ئەوەى بتوانى تینوێتیت لە کانیاوى چریکەی خالیقى بشکێنیت. تەنیا یەک ژیان کەمە لەگەڵ ئەو هەستە ناسکە ئاه هەڵبکێشى، تەنیا یەک جار ژیان کەمە بۆ ئەوەى بتوانى بە تەواوەتى تەرکیز و بیرکردنەوەت رۆبچیتە نێو دنیاى ئەفسانەیى خالیقى.
دیارى قەرەداغى
ئاى لەو نەگبەتییەى کەسێک (دیارى قەرەداغى) خۆى دەکات بە ژیانیدا، ئەو کاتێک گۆرانى دەچڕێت ئەز ئارەزووى کوشتن یان ئازاردانى دەکەم! ئاخر ئەو سەرتاپاى ژیانمى کردە ئازار، ئەو گۆرانییەک دەچڕێت رۆحت هەپرون هەپرون دەکات؟ وشەکانى حەلاج و مەعەڕیت وەک گوڵاو بەسەردا دەپرژێنێت، ئەو پێت دەڵێت ئەم نیشتمانە سوتماکە سەر لەبەرى برین و ژان و دەردەدارییە، ئەو شەو نایەڵێت بخەویت چوونکە پێت دەڵێت ئەى کوڕى ئەم نیشتمانە تۆ (پاڵەوانێکى بێ شمشێرى)ت، پێت دەڵێت تۆ شێرە بەفرینەیت، ئەو بانگەوازى رابوون دەکات کەچى هەر خۆى حەقیقەتە تاڵەکان وەک گوللە دەنێت بەسەر سینگتەوە، دیارى فێرى کردین خاک چ بۆنێکى هەیە، نیشتمان چ ئازارێکى هەیە، ژیان چ رەنگێکی هەیە، ئەو فێرمان دەکات غروب و ئاوابوونى خۆر و کۆچى باڵندەکان تەفسیر بکەین.
کەمال محەمەد
سۆزی دەنگی کەمال ئاوازێکی غەریبە لە ئاسمانەوە هاتووە تاکو خەمەکانی سەر زەوی رابژەنێت. ئەو لە یەک کاتدا گۆرانی بۆ عیشق و بۆ ئازادیی دەچڕێت. لەنێو ئەو هەموو دەنگە لێکچووەدا سەدایەکی جودایە و غوربەت و تێکشکان و هەرەسی خەونەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە. دەنگێکی مەحزون، بەڵام پڕ لە ژیان، دەنگێکی پڕ لە ژیان، بەڵام نائومێد. گۆرانییەکانی هەر یەکەیان خۆیان قەسیدەیەکی غەمگینن، هەنسکەکانمان دەچڕن، فرمێسکی وشک نەبووی چاوەکانمان دەسڕن. بە قەدەر بێهیواییەکان ئومێدمان پێدەدەن، بە قەدەر هەموو ئومێدەکانیش پڕمان دەکەن لە گوومانی بێ هیوایی. گۆرانییەکانی جیاوازترن لە گۆرانی هەموو کەسی تر، کەوێکە قاسپەی لە هیچ کەوێکی تری سەر ئەم زەمینە ناچێت، وەک وتم ئەو نوێنەری هەسارەیەکی ترە لەسەر زەوی.
خالید رەشید
خالید رەشید وەک دیاردەیەک لە بەردەمتدا دەتەقێتەوە، لە تاراوگەکەیدا لە سۆزى نیشتمانەکەیدا هێدى هێدى دەتوێتەوە، مانیفێستى غەریبان وەک سەمفۆنیایەک بە گوێماندا دەدا و غەمەکانى تاراوگە و ژیانى غەریبى بۆ حنجە کردین، کاتێک خۆى و عودەکەى گۆرانى (بوکى ئێوارە) بۆ دڵت ئاڕاستە دەکات، ئیدى هەروەک قەدەر پێتەوە دەلکێت و پێت دەڵێت ئەمە چارەنووستە و ناتوانیت لەم گۆرانییە قووتار بیت، ئەو گۆرانى کوردیى بە رەنگ و بۆن و تامى خۆیەوە دەبێژێت و قسە لەگەڵ رۆحى کوردیت دەکات، فێرى کردین بوکى ئێوارە و نیشتمان و رەسەنایەتى ئەم گەلەمان خۆشبوێت، گۆرانییەکانى مەحکومى کردین دۆزەخى وڵاتمان لە بەهەشتى مەنفا لا شیرینتر بێت و تاڵاوى نیشتمان لە دەمماندا وەک هەنگوین بێت.
بەهجەت یەحیا
هەر دەنگى (بەهجەت) دەگاتە گوێت، خۆت دەبینى لە کۆڕى دەروێشاندا چۆن زیکر و عەشقى یار دەبێتە هەموو ژیانت، فێرت دەکات چلۆن لە بەردەم مەعشوقدا وەک مۆم بسووتێیت (ئەو فێرى سووتانمان دەکات)، بە گۆرانییەکانى دەتباتەوە بۆ سەر کانیاوە روونەکان و پێت دەڵێت فەرموو پڕ بە کامى دڵت تێرى لێ بخۆرەوە، دەتگەڕێنێتـەوە بۆ ئەوپەڕى پاکیى و ئاوێنەیەک دەداتە دەستت بۆ ئەوەى پاکێتى خۆتى تیا وەدیبکەیت. (بەهجەت) ناڵینى عاشقان و رێگەى سەختى ئەڤینداریى و فڕینى دیدالێوسیانە و سەرکێشى پرۆمیسیۆست بیر دەخاتەوە، پێت دەڵێت بۆ ئەوەى بتوانى عاشق بیت پێویستە وەک پرۆمیسیۆس یاخى و سەرچڵ و لێوەشاوە بیت، بۆ ئەوەى بتوانیت لە مەعشوقەکەتدا فەنا بیت دەبێتە وەک (ستێڤانى دیدالیۆس) بتوانى بفڕیت!!. بەهجەت وانەکانى عیشق راڤە دەکات و بۆت شرۆڤە دەکات بۆچى شێخى سەنعان بۆ کچى دیان لە دینەکەى وەرگەڕا؟، پێت دەڵێت بۆچى نالی هێندە عاشقى حەبیبە ببوو؟ بۆچى مەولەوى خۆى لە عیشقى عەنبەر خاتووندا ون کردبوو؟ بەهجەت ناچار دەکات لە دواى گوێگرتن لێى بچى یەک دوو جام مەى بنۆشى تا بتوانیت ئامادەیى وەربگریت بۆ ئەو فڕین و عیشقە قورسەى وى باسى دەکات.
کەریم کابان
هەر (کابان) بە رۆحە گەنجەکەیەوە هاتە ماڵى رۆحتەوە، دەبێت دەست لە دنیا بشۆیت و بە دواى دنیایەکى یۆتۆپى بگەڕێى کە لێوانلێوە لە سۆز و میهرەبانى، رێگات نیشان دەدات مەملەکەتى عیشق و ئەڤین بدۆزیەوە، دەتباتەوە سەر سەرچاوەکانى دڵ و پێت دەڵێت فەرموو جێگاى مرۆڤ و ژیان و هەموو بوونەوەران لەم دڵە بچووکەتدا بکەوە، پێت دەڵێت وەک عیساى مەسیح ژیانت لە پێناوى ئەوانى تردا خۆشبووێت، دەتنێرێتەوە بۆ رابردوویەکى دوورى بێگەرد تاکو لە پەنا مەلاى جەزیرى یان وەلی دێوانە عاشقى کچە کوردى نازدار بیت، ئەو مەبەستیەتى پێت بڵێت هەر چەندە جەستە پیر و لاواز دەبێت، بەڵام دڵ شتێکە نە پیر دەبێت و نە لاوازیى دەناسێت، دڵ هەر بە گەنجى دەمێنێتەوە، عیشقیش هەر عیشقە چ لە لاوى یان پیریدا بێت. ئەوەش پارچە شیعرەکەى “فرانسواز ساگان”م وەبیر دەخاتەوە:
انت كنت في العشرين تستطيع ان تحب
وانت كنت في الثمانين تستطيع ان تحب
هناك دائما مناسبة لأشتعال البرق
کەریم کابان.. پێت دەڵێت دەروازەکانى ژیان جگە لە جوانى و ئافرەت و ئەوینداریى هەموو کڵۆم دراون، پێویستە بۆ پەڕینەوە لە ناهەموارییەکانى ژیان بە دەرگاى عیشق و سووتانى رۆحتدا تێپەڕیت.
دوا وشە
نەمتوانى ئەم چەند دێڕە کە کاریگەریى گۆرانى هونەرمەندانى ناوبراون لە دڵ و دەروونمدا بەرهەمى هێنا بوو لە دڵى بچووکمدا جێگەى بۆ بکەمەوە، ئەمەش ناچارى کردم دەست بدەمە خامە و ئیحساسى خۆم بخەمە بەردەمى خەڵکى تریش. بۆیە ئەم بابەتە لێکۆڵینەوە نییە بە قەدەر ئەوەى پەخشانێکى سادەیە.

هاوینی 2004
ستۆکهۆڵم – سۆلنا

Previous
Next
Kurdish