Skip to Content

لەپەنا دیواری ئەکادیمییەوە؛ سێرەگرتن لەتێکۆشانی ئازادیی-٢-.. دیار سیروان بیلال

لەپەنا دیواری ئەکادیمییەوە؛ سێرەگرتن لەتێکۆشانی ئازادیی-٢-.. دیار سیروان بیلال

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 3, 2022 General, Opinion

بەشی دووەم…

(گرفتە زیهنی- دەروونییەکانی د.بورهان یاسین)
وەڵامنامە

نووسینی:
دیار سیروان بیلال

1. دوو وتە
2. سەبارەت بە پێشەکییەکەی د.بورهان
3. لەپەنا دیواری ئەکادیمیبوونەوە سێرەگرتن لە تێکۆشانی ئازادییدا
4. سەبارەت بە تێکۆشانی گەلی فەلەستین و ئەزموونە شکستخواردووەکەی فەتح
5. سەبارەت بە ئەزموونی تێکۆشانی گەریلایی پەکەکە
6. سەبارەت بە چەمکی لوبنانیکردن
7. دەرئەنجامەکەی د.بورهان
8. دەرئەنجام

3. لەپەنا دیواری ئەکادیمیبوون و سێرەگرتن لە تێکۆشانی ئازادییدا

د.بورهان دەیەوێت لەم (توێژینەوە)ی خۆیدا گومان بخاتە سەر هەبوونی پەکەکە لە سوریا و لوبنان و بیخاتە ژێر پرسیارەوە. لەمەش زیاتر دەیەوێت بڵێت؛ (لەگەڵ چوونی رێبەر ئۆجەلان لە تەمموزی ١٩٧٩ بۆ کۆبانێ و لەوێشەوە بۆ لوبنان و پەیوەندیی لەگەڵ رێکخراوە شۆڕشگێڕ و چەپەکانی فەلەستین و بەدوایشیدا پەیوەندی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی سوریا بە زیان بۆ پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان گەڕایەوە و سوریا لەمیانەی رێککەوتنی ئەدەنە لەگەڵ تورکیا رێبەر ئۆجەلانی کردە قوربانی بەرژەوەندییەکانی و لە سوریا و لوبنانی دەرکرد و دواجاریش ئۆجەلان بەهۆی ئەم رێککەوتنەوە دەسگیرکرا و زۆری نەمابوو ئاشبەتاڵ بە پەکەکەش بکات، ئەگەر کەناڵی ئاسمانی مێدتیڤی و خەباتی ئەوروپای پەکەکە و سامانە ئابوورییەکەی نەبووایە ئەوا مسۆگەر پەکەکە وەکو بزووتنەوەی ئەیلولی ساڵی ١٩٧٥ئاشبەتاڵی دەکرد). دەیەوێت وابڵێت و لەنێو رستەکانی نێو کۆی (توێژینەوە)کەیشیدا، ئەگەر هەمووی بێنینە لای یەک گوزارشت لەم بۆچوونەی خۆی دەکات. بێگومان ئەم بۆچوونەی د.بورهان سەرلەبەری پێچەوانەی راستییەکانە و لەگەڵ مێژووی ساڵانی نێوان ١٩٧٩ تا ١٩٩٨ و لەم مێژووەش زیاتر تا قۆناخی بەناو بەهاری عەرەبی و بەرپابوونی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ لەو کاتیشەوە تا ئێستا، ناکۆکە و یەکانگیر نابێتەوە و تەواو شێواندنی راستییەکانە و گومانەکانیشی جگە پێشداوەرییەکی دۆگماییانە و بیرکردنەوە بە لۆژیکی باو و وێكچوواندنێکی سەرپێیانەی پەکەکە بە حیزبەکانی باشوور و رۆژهەڵات هیچی تر نییە.
بابێین کورتە باسێک لەسەر قۆناخی چوونی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە بۆ لوبنان و سوریا و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گەلی عەرەب(فەلەستینی، سوریایی و لوبنانی) بکەین و ئینجا هەر بە میتۆدەکەی د.بورهان بەراوردکارییەک بکەین و هەندێک دەرئەنجام هەڵهێنجین و ئەو دەرئەنجامانەش لەگەڵ ئەو دەرئەنجامانەی کەوا د.بورهان بۆخۆی هەڵیهێنجاوە بەراورد بکەین، تا بزانین کامەیان راستی و حەقیقەت یان لە راستییەوە نزیکن و کامەشیان وەهمێکەوە بەناوی راستی و حەقیقەتی زانستی نیشان دەدرێت.
سەرەتا با سەبارەت بە چوونی رێبەر ئۆجەلان-پەکەکە بۆ رۆژئاوای کوردستان لە تەممووزی ساڵی ١٩٧٩ و دواتریش بۆ لوبنان و سوریا و کەمپەکانی فەلەستینییەکان، هەندێک خاڵی گرنگ باس بکەین کە بەم کۆچەیان بۆ رۆژئاوای کوردستان و سوریا و لوبنانە چیان بەدەستهێنا؟ توانرا چیبکرێت؟
1. توانرا پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە شۆڕشگێڕەکانی فەلەستینییەکان ببەستێت و لەرووی ماددی و مەعنەویشەوە لێیان سوودمەند ببێت. سوودەکەش ئەوەبوو؛ توانی لە لوبنان لەکەمپێکی مەشقکردنی فیداییە فەلەستینییەکاندا سەرەتا تەنیا شوێنی هۆڵێکی بە جەمەلۆن درووستکراو لەو رێکخراوە فەلەستینییانە وەربگرێت و توانستی ئەوە درووست بکات کەوا کادیرانی پەکەکە مەشق و پەروەردە بکات و سوودێکی زۆر لە ئەزموونە شۆڕشگێڕییەکانی فیدائییەکانی فەلەستینییەکان وەربگرێت. کە توانی لەماوەی نێوان ١٩٧٩تا ١٩٩٨دا زیاتر لە 18000 کادیر پەروەردە بکات.
2. پەکەکە توانی بەهۆی هەبوونی لە لوبنان و لەپاڵ ئەو رێکخراوە فەلەستینییەکانەوە پەیوەندی بە دونیای دەرەوە بکات و پەیوەندییە دیبلۆماسیی و سیاسییەکانی لەگەڵ هێز و رێکخراوە سۆسیالیست و چەپ و کۆمۆنیست و رزگاریخوازەکانی دونیا پێشبخات.
3. هەر لە لوبنان و سوریاوە، پەکەکە توانی پەیوەندی لەگەڵ حیزب و رێکخراوەکانی باشووری کوردستان ببەستێت و بەسوود و قازانجی هەردوولا پەیوەندییەکانی نێوانیان پەرەبسەنێت و فراوان ببێت.
4. هەروەها خۆی بگەیەنێتە کورد لە ئەوروپا و کورد لە لوبنان و ئوردن و لیبیا و میسر و سعودیا و بەڕێکخستنیان بکات و ببنە هێزێکی زۆر مەزنی ماددی و مەعنەوی بۆ شۆڕشی ئازادیی کوردستان.
5. لەهەمووشی گرنگتر؛ پەیوەندی لەگەڵ گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا ببەستێت و خەڵکی کورد لە رۆژئاوا و سوریا هۆشیار ببنەوە و خۆیان رێکبخەن و لەڕووی ماددی و مەعنەویشەوە ببنە هێز و وزە و توانستێکی زۆر مەزن بۆ کۆی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراتی خودی کورد لەو بەشە و بۆ کۆی بەشەکانی تری کوردستان بەڕێی شۆڕشی پەکەکەوە. کە ئەگەر پەکەکە ئەمەی نەکردایە و گەلیش لەو بەشەدا بەوشێوەیە بەشداری شۆڕش و خەبات نەبوونایە ئەوا مسۆگەر ئەوەی ئەمڕۆ ناوی شۆڕشی رۆژئاوا و خۆبەڕێوەبەرێتی دیموکراتییە نەدەبوو.
6. هەر لە لوبنان و سوریا و رۆژئاوای کوردستانەوە، پەکەکە دوای کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەلولی ١٩٨٠ی تورکیا، کە هەزاران کادیر و لایەنگری زیندانیی کرابوون، توانی خۆی کۆبکاتەوە و لەمەش گرنگتر بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵات و دەستکردن بە تێکۆشانی گەریلایی بدات و سەرلەنوێ قەڵەمبازێکی مەزن لە وڵات بهاوێژێت و پەکەکە لە باکوور ببێتە هێزی شۆڕشگێڕیی یەکەم و بنچینەیی. ئەمە نەک هەر لە باکوور، بەڵکو لەکۆی کوردستان و ناوچەکەشدا ئەمڕۆ هێزی هەرە مەزن و کاریگەریی بەشەکانی کوردستان و ناوچەکەیە. ئەمە لەکاتێکدا زۆربەی رێکخراوە چەپ و شۆڕشگێڕەکانی تورکیا و حیزب و رێکخراوە کوردییەکانی باکوور بەهۆی کودەتا سەربازییەکەوە؛ یان بەتەواوی تەسفیە بوون و لەناوچوون، یان تەواو لاواز و پەرێشان و مارژیناڵ کەوت و زۆربەی هەرە زۆریشیان پەڕاگەندەی ئەوروپا بوون و پەرشوبڵاو بوون و توانەوە. بەڵام پەکەکە بە چوونی بۆ لوبنان و سوریا و ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ رێکخراوە فەلەستینییەکان و بە نافەرمی و ناڕاستەوخۆش لەگەڵ دەوڵەتانی سوریا و لوبنان ئەم دەستکەوتانە بەدەستبهێنێت و شۆڕش و خەباتی خۆی مەزن و بەرفراوان بکات.
7. هەر لە وڵاتی لوبنان و سوریاوە پەکەکە لەوکاتەدا توانی خەباتێکی مەزنی فیکری، سیاسی، راگەیاندنی، کۆمەڵایەتی، کولتووری پێشبخات کە کۆی شۆڕشی پەکەکە لەهەر چوار لای کوردستان و کورد لەدەرەوەی وڵات لێی سوودمەند ببێت. کە مسۆگەر ئەگەر ئەم خەباتە هەمەلایەنە نەبووایە هەرگیز پەکەکە نەیدەتوانی ببێتە ئەو پەکەکەیەی کەوا ئێستا ملیۆنان ئەندام و لایەنگر و هەواداریی هەیە. کە دوای کودەتا سەربازییەکە ئەگەر پەکەکە هەر لە باکوور مابایەوە و خۆی لەوێ قەتیس بکردبایە، یان ئەوکاتە پەڕاگەندەی ئەوروپا ببایە ئەوا مسۆگەر پەکەکەی ئێستا ئەو پەکەکەیە نەبوو. لەوانەبوو پەکەکەیەکی لانەواز و مارژیناڵ و پەرشوبڵاو بمابایەوە.
8. هەموو ئەو پێشکەوتن و پەرەسەندنانە و گەلێک پێشکەوتن و پەرەسەندنی تریش هەن، کەوا رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە توانیان لەو بیست ساڵەی نێوان ١٩٧٩ -١٩٩٨ بەدەستبهێنن.
9. پێشخستنی هێڵی ئازادیی ژنیش له‌م گۆڕه‌پانەدا‌ په‌ره‌ی پێدرا و ژنان بوونه‌ خاوه‌ن رێکخستن و هێز و ئیراده‌ی راسته‌قینه‌ی خۆیان.
با لێرەدا ئەم قۆناخە زیاتر هەڵسەنگاندن بکەین و وەک د.بورهان بیخەینە ژێر گومان و پرسیارەوە و بپرسین: لەم بیست ساڵەی نێوان ١٩٧٩-١٩٩٨ پەکەکە، گەلی کورد بەگشتی لەناوەوە و دەرەوەی وڵات، گەلی کورد بەتایبەت لە رۆژئاوا و سوریا و لوبنان، حیزب و رێکخراوە کوردییەکانی باشوور و باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کە زۆربەیان لەوێ نووسینگەیان لە سوریا و لوبنان هەبوو، هەروەها لەلایەکی تریشەوە دەوڵەتی سوریا، دەوڵەتی لوبنان، رێکخراوە فەلەستینییەکان هەر هەموویان چ سوود و زیانێکیان لەو هەبوونەی پەکەکە لە لوبنان و سوریا و رۆژئاوا کردووە؟ بەدیوێکی تریش با بپرسین هەر لەو قۆناخەدا؛ هەبوونی پەکەکە لەدەرەوەی تورکیا و باکووری کوردستاندا و ئەو پێشکەوتن و پەرەسەندنانەی لەوێوە بەدەستیهێناون و ئەو هەنگاوانەی هەڵیهێناوە و ئەو سیاسەتەی لەوێ بەڕێوەی بردووە، ئایا چ سوود و زیانێکی بە تورکیا و ناتۆ و سیستەمی سەرمایەداریی جیهان و دەوڵەتانی تری داگیرکاری کوردستان گەیاندووە؟
1. وەک لە خاڵەکانی پێشووشدا ئاماژەم پێیدا؛ پەکەکە و گەلی کورد بەگشتی لەناوەوە و دەرەوەی وڵات، زۆر بەتایبەتیش گەلی کورد لە رۆژئاوا و سوریا سوودێکی زۆر مەزن و مێژووییان لەهەبوونی پەکەکە لە وڵاتانی سوریا و لوبنان وەرگرتووە و مرۆڤ دەتوانێت زۆر بە فراوانی لەئاستی پێشخستنی فیکر و رۆحی نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراتییەوە، هەروەها لە رەهەندە فیکری و سیاسی و دیبلۆماسی و گەریلایی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابووری و هەموو بوارەکانی تردا بەدەیان و سەدان سوودی هەبوونی پەکەکە لەماوەی نێوان ساڵانی ١٩٧٩-١٩٩٨دا بۆ خودی پەکەکە و تەواوی گەلی کورد و ئازادیخوازانی گەلانی تریش بخاتەڕوو. ئەگەر مرۆڤ بێ ویژدان نەبێت و خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت ئەوا با خودی د.بورهان و ئەوانەی گومان دەخەنە سەر هەبوونی پەیوەندییەکانی پەکەکە لەو قۆناخەدا، با توێژینەوە بکەن کە پەکەکە لەو ماوەیەدا چ زیانێکی بە گەلی کورد بە گشتی و لە رۆژئاوای کوردستان بەتایبەت بخەنەڕوو.
2. رێبەر ئۆجەلان لە گووتەیەکیدا سەبارەت بەو قۆناخە دەڵێت:” 19 ساڵ من لەسەر پشتی شێرێکدا تێکۆشان و سیاسەتم بەڕێوەبرد، پێویستە توێژینەوە لەسەر ئەم قۆناخی تێکۆشان و سیاسەتە بکرێت” بێگومان باوەڕم وایە کە مەبەستی لەو “شێر”ە، هەم سیستەمی دەوڵەتگەرای خۆرهەڵاتی ناوین و بەدەستنیشانکراویش دەوڵەتی سوریا و باڵادەستییەکەی بەسەر لوبنان و رێکخراوە فەلەستینییەکانە لەوکاتەدا، هەمیش مەبەستی خودی حافز ئەسەدە کە نازناوەکەی بەواتای شێر دێت!!. لەهەردوو حاڵەتەکەدا چوونە سەر پشتی شێر لەهەر ئان و ساتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە بیخوات و لەناوی ببات. بەڵام ئەو شێرە بۆ نەیتوانی ئەوی چۆتە سەرپشتییەوە بیخوات؟ ئایا نەیتوانی یان نەیکرد؟ یان لە راستیدا ئەوەی چۆتە سەر پشتی شێرەکە کە خودی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و گەلی کوردە، نەیانهێشت شێرەکە بیانخوات؟ ئەمە زۆر گرنگە بزانرێت کە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و گەلی کورد بەتایبەتیش خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لەو 19 ساڵەدا چۆن تێکۆشانیان کردوووە و چۆن توانیویانە بێ ئەوەی ببنە قوربانی و بەکاربهێنرین و دواجار شێرەکە بیانخوات، دەستکەوتی زۆر مەزن و مێژوویی بۆ خۆیان بەدەستبهێنن؟!
3. د.بورهان دەبێت بزانێت کەوا لە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنمان بۆ خەبات و تێکۆشانی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و گەلی کورددا، ئەوە روونە کە هەروا بەئاسانی و بێ کۆسپ و تەگەرە و ململانێ و ناکۆکی و فشار و گوشار لەو قۆناخەدا و لەو سوریا و لوبنانە بەڕێوە نەچووە و ئێستاش و داهاتووش هەروا بەئاسانی و بێ کۆسپ و تەحەددیاتەکان بەڕێوە ناچێت. ناکرێ هەروا بەئاسانی گومان بخەیتە سەر تێکۆشانێک کە لە سەختترین دۆخی خۆیدا، نەک هەر لەسەر پشتی شێر، بەڵکو لەقورگی شێردا بەڕێوەچووە و بەچەند پێشداوەرییەکی بێبنەما و بە لۆژیکی باو و وێكچواندن و بەراوردکارییەکی رووکەشانەوە بڵێی بەهۆی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا خەباتی پەکەکە خەریکبوو بگاتە ئاشبەتاڵ، بەڵام مێدتیڤی و نازانم چی و چی نەیهێشت ئاشبەتاڵەکە رووبدا. لەمەش سەیرتر ئێستاش د.بورهان پێی وایە وا خەریکە پەکەکە دیسان بەهۆی پێداگرییەکانی لەسەر خەباتی چەکداریی و بەلوبنانیکردنی هەرێمی کوردستانەوە لە ئاشبەتاڵ نزیک دەبێتەوە و ئیدی تورکیا بەڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتە بەهێزەکەی ئێراق کە هێشتا درووست نەبووە، چۆک بە پەکەکە دادەدات و بۆیە هەتا زووە با پەکەکە واز لە خەباتی چەکداریی و چەک بێنێت و چیدی زیان بە هەرێمی کوردستان و کۆی دۆزی کورد و تەنانەت خۆیشی نەگەیەنێت!!!

  1. ئایا لەماوەی نێوان ١٩٧٩-١٩٩٨دا بەدەسیسەی دەوڵەتی سوریا هیچ شەڕ و پێکدادانێکی چەکداریی لەنێوان پەکەکە و دژی حیزب و لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان کە ژمارەیان دە تا پازدە حیزب و لایەن بوو، روویدا؟ ئایا پەکەکە جاسوسی بۆ دەوڵەتی سوریا یان لوبنان دژ بە گەلی کورد لە رۆژئاوا و سوریا و لوبنان یان حیزبەکانی ئەوێ یان گەلانی تر کرد؟ ئایا گەلی کوردی لەو دوو وڵاتە هۆشیارکردەوە و بەڕێکخستنی کردن و بوون بە خاوەنی ئیرادە و ئەمڕۆش بوون بە خاوەنی قەوارە و ستاتۆیەکی خۆیان؟. بێگومان هەم پەکەکە و هەمیش حیزبە کوردییەکانی ئەوێ ناکۆکی و ململانێ، تێکۆشانی ئایدیۆلۆژیی و سیاسییان لەگەڵ یەکتر و بەرامبەر یەکتر هەبووە و ئەمەش دیاردەیەکی ئاسایی و سرووشتییە کە حیزبەکان خاوەن ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی جیاواز بن لەگەڵ یەکتردا لەنێو ناکۆکی و ململانێدا بن و هەریەکەو تێکۆشانی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی خۆی بەڕێوە ببات و لەناو گەلدا خەباتی رێکخستنی خۆیان بکەن. ئەوەی ناسرووشتی و نائاساییە ئەوەیە ئەمە بە دەسیسە و پیلانی دەوڵەتی سوریا و خزمەت بە رژێمی سوریا بکەن.. کە پەکەکە بەهیچ شێوەیەک و تەنانەت بچووکترین هەڵوێست و رەفتاری وای نەکردووە و لەهیچ بەشێکی کوردستانیشدا بەهەمانشێوە نەیکردووە و نایکات.
  2. ئایا دەوڵەتانی سوریا و لوبنان و رێکخراوە فەلەستینییەکان و گەلانی تری نێو ئەم دوو وڵاتە هیچ زیانێکیان بەهەبوونی پەکەکە و پەیوەندییەکانی لەگەڵیاندا لەو دوو وڵاتە بینیوە؟ بەدیوێکی تردا ئایا هیچ سوودێکیان لەهەبوونی پەکەکە لەو دوو وڵاتە و پەیوەندییەکانی پەکەکە لەگەڵیاندا وەرگرتووە؟ هەرسێ لایەنیان(دەوڵەتانی سوریا و لوبنان و رێکخراوە فەلەستینییەکان) هەم سوودیان لە هەبوونی پەکەکە و پەیوەندییان لەگەڵیدا وەرگرتووە و هەمیش زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام مسۆگەر گەلانی ئەو دوو وڵاتە ئەگەر پەکەکە سوودی پێنەگەیاندبن، کە سوودی زۆری پێگەیاندوون، ئەوا هیچ زیانێکی لەم رووەوە پێنەگەیشتووە. با ئەمە زیاتر روونبکەینەوە؛ دەوڵەتی سوریا سوودی لەهەبوونی پەکەکە و پەیوەندیی لەگەڵیدا، کە زیاتر پەیوەندییەکی نافەرمی و تاکتیکی بوو، وەرگرتووە. سوودەکان چی بوون؟ وەک دەزانرێت سوریا ئەوکاتە لەنێو جەمسەر(بلۆک)ی سۆسیالیستیدا بوو و لایەنگری سۆڤییەت بوو. بەمەش هەم لەگەڵ جەمسەر(بلۆک)ی سەرمایەداریی و ناتۆ و خودی تورکیا لەنێو ناکۆکی و ململانێی سەختدا بوو. هاوکات چەندین کێشەی مێژوویشی لەگەڵ خودی دەوڵەتی تورکیادا هەبوو. بەتایبەتی کێشەی ئەسکەندەروونە کە تورکیا لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوودا بەزۆر داگیری کرد و لەمیانەی ریفراندۆمێکی ساختەوە ئەسکەندەروونەی خستە سەر دەوڵەتەکەی خۆیەوە، هەروەها کێشەی پەیوەندیی ستراتیژی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل و کۆی جەمسەری ناتۆ، کە ئەوکاتە دەوڵەتی سوریا خۆی بە خاوەنی دۆزی فەلەستین و لوبنان دەزانی و داکۆکی لێدەکرد. لەلایەکی دیکەوە کێشەی ئاو لەنێوان هەردووکیاندا. ئەمەو چەندین کێشەی تری نێوانیان. هەموو ئەمانە وایدەکرد کەوا دەوڵەتی سوریا هەر جۆرە دژایەتیکردنێکی تورکیا بەتایبەت و کۆی جەمسەری سەرمایەداریی و ناتۆی بە قازانج و سوودی خۆی دەبینی. بۆیە کاتێک کەوا پەکەکە لەسەرەتای حەفتاکان دەستی بە تێکۆشان کرد و لە کۆتایی حەفتاکانیشدا چووە لوبنان و پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە شۆڕشگێڕ و چەپەکانی فەلەستینییەکان کرد ئەوا بەشێوەیەکی ئۆبژێکتیف ئەو خەباتەی پەکەکە دژ بە تورکیا و وەک بزووتنەوەیەکی چەپ و سۆسیالیستیش دژ بە جەمسەری سەرمایەداریی، لە سوود و قازانجی خۆیدا دەبینی. دەوڵەتی سوریا لەڕێی پەیوەندی و کاریگەرییەکانی بە سەر رێکخراوە فەلەستینییەکانەوە سوودی لە پەیوەندی نێوان پەکەکە و رێکخراوە فەلەستنییەکان وەردەگرت. بەواتایەکی تر هەر پێشکەوتن و پەرەسەندنێکی خەباتی پەکەکە بەشێوەیەکی ئۆبژێکتیڤ بە سوود و قازانجی دەوڵەتی سوریاش بوو. بۆیە پەیوەندی راستەوخۆی نێوان پەکەکە و ئەو رێکخراوە فەلەستینییانە، ناڕاستەوخۆ بەسوود و قازانجی دەوڵەتی سوریا بوو و هەربۆیەش لەسەرەتادا دەوڵەتی سوریا هیچ رێگریی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پەیوەندی و هاوکارییەکانی ئەو رێکخراوانە بۆ پەکەکە نەکرد و دەرنەبڕی. بەڵام هەمیشەش هەوڵیدەدا ئەو پەیوەندیی و هاوکارییانە نەگاتە ئاستێک زیانی ستراتیژیی یان دوور مەودا بە خودی دەوڵەتی سوریا بگەیەنێت. ئەمە هەوڵدانەکانی دەوڵەتی سوریا بوو. بۆیە لەو 19 ساڵەدا دۆخەکە بەبەردەوامی لەنێوان پەیوەندیی-ناکۆکی بەردەوام، هەڵکشان و داکشانی بەردەوام، دەرفەتدان-رێگریکردنی بەردەوام لەنێوان پەیوەندییە راستەوخۆکانی نێوان پەکەکە و رێکخراوە فەلەستینییەکان و ناراستەوخۆش لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی سوریاشدا هەبوو. خەڵکی رۆژئاوای کوردستان شاهێدی ئەو دۆخە پڕ لە ناکۆکی-پەیوەندی، دەرفەت-رێگریی و هەڵکشان و داکشانەکانی ئەو 19 ساڵەن و باش دەزانن چی روویداوە و هەم پەکەکە چۆن تێکۆشان و سیاسەتی بەڕێوەبردووە و هەمیش دەوڵەتی سوریا چی بەرامبەر بە پەکەکە و خەڵکی رۆژئاوا کردووە. کە لێرەدا بە پێویستی نابینم بکەومە نێو وردەکارییەکانی دۆخی ئەو 19 ساڵەوە کە پەکەکە و خەڵکی رۆژئاوا چ زۆری و زەحمەتییەکان لە سوریا و لوبنان بینیوە. بەکورتی؛ مرۆڤ دەتوانێ لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دەوڵەتی سوریا چ سوود یان زیانێکیان بەهەبوونی پەکەکە لەوێ بینیوە. دەتوانم بڵێم؛ هەبوونی پەکەکە و پەیوەندییەکانی پەکەکە لەگەڵ رێکخراوە فەلەستینییەکان و پەیوەندییە نافەرمی و تاکتیکییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا، لەکورت مەودای ئەو 19 ساڵەدا، سوودی بە سیاسەتی دژە تورکیایی و دژە ئیسرائیلی و دژە جەمسەری سەرمایەداریی دەوڵەتی سوریا گەیاندووە. بەڵام لە دوور مەودادا زیانی گەورەی بە دەوڵەتی سوریا وەک دەوڵەتێکی ناوەندگەرا گەیاندووە. چونکە پەکەکە لەو 19 ساڵەدا هەموو ئەو پێشکەوتن و پەرەسەندنانەی بەخۆیەوە بینی کە باسمان کرد، لەلایەکی دیکەشەوە گەلی کوردی لە رۆژئاوا و سوریا گەیاندە ئاستێکی هەرە بەرزی هۆشیاریی و رێکخستنبوون و بەئیرادەبوون و بەمەش ئەمڕۆ بوونەتە خاوەن ستاتۆیەکی بەهێزی خۆیان و کارەکتەرێکی سەرەکی سیاسەت لە سوریا و ناوچەکەدا. هەروەها هەموو پڕۆژە و پیلان و سیاسەتەکانی دەوڵەتی سوریای لە رۆژئاوای کوردستان هەڵوەشاندەوە کە خۆی لە درووستکردنی پشتێنەی عەرەبی(حزام العربي) و بێ ناسنامەکردنی ژمارەیەکی زۆری کورد لە رۆژئاوا و قەدەخەکردنی زمان و کولتووری کوردی و بی قەوارەیی و بێ ستاتۆیی کورد لە سوریا. بێگومان هەموو ئەمانە لەماوەی ئەو 19 ساڵەدا بناخەکەی داڕێژرا کە پەکەکە لە سوریا و لوبنان بوو.
  3. بەڵام لەو 19 ساڵە دەوڵەتی لوبنان نە سوودێکی ئەوتۆ و نە زیانێکی ئەوتۆی لە هەبوونی پەکەکە بەرنەکەوت، چونکە دەوڵەتی لوبنان بۆخۆی لەوکاتەدا زیاتر لەژێر هەژموونی دەوڵەتی سوریا و رێکخراوە فەلەستینییەکاندا بوو و خاوەن ئیرادەی سەربەخۆی خۆی نەبوو.
  4. ئایا رێکخراوە فەلەستینییەکان چ سوود یان زیانێکیان لەهەبوونی پەکەکە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵیدا بەرکەوت؟ دەتوانین بەڕوونی بڵێین؛ بەر لەهەموو شتێک تا پێش چوونی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە بۆ لوبنان و درووستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئەو رێکخراوانەدا، هەم ئەو رێکخراوانە و هەمیش بەگشتی گەلی عەرەب و بەتایبەتیش گەلی فەلەستین، بە گومان و ترس و رقێکی زۆرەوە لە بزووتنەوە کوردییەکانیان دەڕوانی. هۆکاری ئەم هەڵوێستەشیان ئەوەبوو کەوا بزووتنەوەی ئەیلول بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا، پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیا و ئێرانی شاهەنشایی و تورکیادا هەبوو، کە هەر هەموویان بە دووژمنی خۆیان دەزانی. ئەمەش وایکردبوو گەلی عەرەب بەتایبەتیش فەلەستنییەکان و رێکخراوە شۆڕشگێڕەکانیان بەچاوێکی زۆر خراپ لە کورد و بزووتنەوەکانیان بڕوانن و وەک دۆست و هاوپەیمانی ئیسرائیل و ئەمریکا و هێزەکانی تری سەرمایەداریی بڕوانن. واتا پەیوەندی بزووتنەوەی ئەیلول و مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا زیانی گەورەی بە پەیوەندی کورد-عەرەب گەیاندبوو. بۆیە کاتێک کە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە چوونە لوبنان و لە هەوڵی پەیوەندی درووستکردن بوون لەگەڵ رێکخراوە فەلەستینییەکاندا، سەرەتا زۆر بە گومان لەو دەستپێشخەرییەی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکەیان دەڕوانی و جۆرێک کەوا تۆمەتبارکردنی گەلی کورد و کۆی بزووتنەوە و رێکخراوەکانی کوردیان بە دۆست و هاوپەیمانی ئیسرائیلی دووژمنە سەرەکی و سەرسەختەکەیان دەزانی. بێگومان هەوڵدانی زۆری ویست تا رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە توانیان ئەو پێشداوەریی و تۆمەتبارکردنەی گەلی کورد و کۆی بزووتنەوە و رێکخراوەکانی کوردان بە دۆست و نۆکەر و هاوپەیمانی ئیسرائیل و بە دووژمنی عەرەب و بەتایبەت فەلەستینییەکان بڕەوێنێتەوە. ئەم پێشداوەریی و تۆمەتبارکردنە تا ساڵی ١٩٨٢ش بەردەوام بوو، بەڵام کاتێک کەوا ئیسرائیل باشووری لوبنانی داگیرکرد و دژی رێکخراوە فەلەستینییەکان لە لوبنان شەڕی کرد، لەوکاتەدا پەکەکە، وەک تاکە هێزی ناعەرەب و نافەلەستینیی، کە لێبڕاوانە و بەخوێنی خۆی بەرگریی لە گەلی فەلەستین و لوبنان و رێکخراوە فەلەستینییەکان کرد، ئینجا تێگەیشتن کە هەموو کورد و هەموو بزووتنەوە و رێکخراوە کوردییەکان دۆست و نۆکەر و هاوپەیمانی دەوڵەتی ئیسرائیل نیین و پشتیوانی لە ستەم و زوڵمەکانی سەر فەلەستینییەکان ناکەن، بەڵکو ئەوە تەنیا بزووتنەوەی ئەیلول و سەرکردایەتییەکەین کەوا پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە. بۆیە ئەمە وایکرد بۆ جاری یەکەم وێنای کورد و رێکخراو و بزووتنەوە کوردییەکان لە دۆست و نۆکەر و هاوپەیمانی ئیسرائیل و دووژمنی عەرەب و فەلەستینییەکان بگۆڕێ بۆ وێنایەکی راستەقینە کەوا گەلی کورد و گەلی عەرەب و بەتایبەتیش فەلەستینییەکان نەک هەر دووژمنی یەکتر نین، بەڵکو دۆست و هاوپەیمانی یەکترن و ئەگەر بیانەوێت ئەوا دەتوانن ببنە هاوچارەنووسی یەکتریش و پشتیوانی لەیەکتریش بکەن. ئەمە وەرچەرخانێکی زۆر گرنگ و مێژوویی بوو کەوا پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان هەر لەو قۆناخی 19 ساڵەدا لەپەیوەندی نێوان گەلانی کورد-عەرەبدا بەدیانهێنا، کە بزووتنەوەی ئەیلول بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا تێکیدابوو و وێنایەکی زۆر ناشیرینی بۆ گەلی کورد و بزووتنەوە و رێکخراوە کوردییەکان درووستکردبوو. باسکردنی ئەم بابەتەم بەگرنگ بینی تا لەوە تێبگەین کە لەلایەک ئەو قۆناخی 19 ساڵەیەی ١٩٧٩-١٩٩٨ چۆن تێپەڕیی و چی بۆ کورد و پەکەکە و تەنانەت گەلی فەلەستین و عەرەب بەگشتی بەدیهێنا و چیشی بەلاوەنا. لەلایەکی تریشەوە هەبوونی پەکەکە لە وڵاتی سوریا و لوبنان و پەیوەندییەکانی چی بوون و چۆن بوو. هەروا سادە و ساکار و بێگوێدانە ئەو راستیانە و بە پێشداوەرییەکی ئامادە و وێکچواندنی پەیوەندی پەکەکە بە پەیوەندی حیزبەکانی تری کوردستان ناتوانین بە راستییەکانی ئەو قۆناخە بگەین.
  5. بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم مۆدێلەی تێکۆشان و سیاسەت و پەیوەندییانەی پەکەکە با چەند نموونەی تری حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان لەبەشەکانی تری کوردستان هی هەمان قۆناخی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، کە قۆناخی ١٩٧٩-١٩٩٨یش لەخۆوە دەگرێت، بە نموونە بهێنینەوە، ئینجا دەتوانین باشتر لە دۆخەکە تێبگەین، باشتریش لەو پێشداوەریی و وێکچواندن و بەراوردکارییەی د.بورهان تێبگەین بزانین لەکوێدا بەهەڵەداچووە و چۆن راستییەکانی شێواندووە؟
    نموونەی یەکەم؛ پەیوەندییەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، هەم لە قۆناخی شاهەنشاهیدا و هەمیش لە قۆناخی کۆماری ئیسلامی ئێراندا چۆن بوو؟ ئایا لەو پەیوەندییە پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران لەو دوو قۆناخەدا چۆن بوو؟ ئایا پەدەکە، گەلی کورد بەگشتی، گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەوڵەتی ئێران چ سوود یان زیانێکیان لەو پەیوەندییە بینی؟
    لە سەردەمی شاهەنشاهیدا؛ پەیوەندییەکی زۆر توندوتۆڵ و راستەوخۆی نێوان پەدەکە و دەوڵەتی ئێراندا هەبوو. لە ئاکامی ئەو پەیوەندییەدا، راستە بزووتنەوەی ئەیلول یارمەتی و هاوکارییەکی زۆری ماددی(هەم پارە و هەمیش چەک و داودەرمان)ی لە دەوڵەتی ئێران وەرگرت، پەدەکە توانی لە رێگەی ئەم پەیوەندییەوە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیا و دەوڵەتانی تری ناتۆ بەتورکیاشەوە درووست بکات و بەهێز بکات. بەڵام لەبەرامبەر بەمەدا دەوڵەتی ئێرانی شاهەنشایی دۆزی کورد لە باشووری وەک کارتێکی دەستی خۆی و بزووتنەوەی ئەیلولیش بە بارمتە بگرێت و کەی و چۆنی بوێت وەها سەودا و مامەڵە بە دۆزی کورد و بزووتنەوەی ئەیلولەوە بکات، کە دەرئەنجام لەمیانەی رێكکەوتنی جەزائیری ١٩٧٥دا شکست بە بزووتنەوە گەورەکەی ئەیلول بهێنێت و وەک خەڵک ئەوکاتە بە ئاشبەتاڵ ناوزەدیان کرد، ئاشبەتاڵێکی زۆر گەورە بە گەورەترین بزووتنەوەی سیاسی و چەکداریی بکات و کورد بەگشتی و گەلی کورد لە باشوور لەوکاتەدا زیانێکی زۆر و زەبرێکی کوشندەی بەرکەوت، کە تا ئێستاش کورد لە باشووردا لەژێر باری ئەو شکست و ئاشبەتاڵەدا دەرنەکەوتووە و بەشێکی زۆری بێئومێدی و بێباوەڕیی و ترسی کورد لە تێکۆشان و شۆڕش بۆ ئەوکاتە دەگەڕێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە؛ بەهۆی ئەو پەیوەندییەی نێوان پەدەکە و دەوڵەتی شاهەنشاهی ئێرانەوە، لەسەر داوای ئەو دەوڵەتە چەندین سەرکردەی رۆژهەڵات وەک سلێمانی موعینی و مەلا ئاوارە و خەلیل شەوباش لەلایەن سەرکردایەتی پەدەکەوە بکوژرێن. هەروەها ئەو پەیوەندییەی نێوان پەدەکە و تورکیاش چەندین سەرکردەی وەک سەعید ئەڵچی و سەعید قرمزی تۆپراغ بە پیلان بکوژرێن . لەدیوێکی دیکەدا بەهۆی ئەو پەیوەندییەی نێوان پەدەکە و دەوڵەتی ئێراندا، چەندین دەرفەتی زێڕین و رەخساو لە ئێراقدا بۆ کورد و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باشوور و ئێراقدا لەدەستدران. بەتایبەتی لە قۆناخی دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم و رێککەوتننانەمەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، کە دوو دەرفەتی زۆر مێژوویی و گرنگ بوون کە دەتوانرا کێشەی کورد لە باشوور و ئێراقدا چارەسەر بکرێن. هەڵبەتە لێرەدا بۆئەوەی ئەم باسە بەهەڵەدا نەبردرێت و چەواشە نەکرێت، دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە حکومەتی قاسم و بەعسیش بەهۆی هەڵە کوشندەکانیان و نەبوونی ئەقڵییەتێکی دیموکراتی و زاڵبوونی ناوەندگەرایی، بەتایبەتی ئەقڵییەتی شۆڤێنیستی بەعسەوە، رۆڵیان لە لەدەستدانی ئەو دوو دەرفەتەدا هەبوو، ناکرێ ئۆباڵی لەدەستدانی ئەم دوو دەرفەتە هەمووی بخەینە ئەستۆی بزووتنەوەی ئەیلول و سەرکردایەتییەکەوە. بەڵام بەکارتکردنی دۆزی کورد لەباشوور و بە بارمتەگرتنی بزووتنەوەی ئەیلول لەلایەن ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکاوە، رۆڵێکی سەرەکیان بینی لە لەدەستدانی ئەو دوو دەرفەتە و چەندین دەرفەتی تر. تەنانەت بەشێکی ئینشیقاقەکەی ساڵانی شەستەکانی نێو بزووتنەوەی ئەیلولیش هەر بۆ ئەو پەیوەندییە و ئەو سیاسەتە وابەستییەی کەوا لەوکاتەدا بزووتنەوەی ئەیلول لە پەیوەندییەکانیدا و لە چۆنییەتی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ دۆزی کورد و حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی ئێراقدا بەڕێوەی دەبرد، دەگەڕێتەوە. لێرەدا با بپرسین؛ ئایا لەو پەیوەندییەی نێوان پەدەکە، کە داینەمۆی بزووتنەوەی ئەیلول بوو، لەگەڵ دەوڵەتی شاهەنشای ئێراندا هەیبوو، خودی پەدەکە و سەرکردایەتییەکەی، گەلی کورد بەگشتی، گەلی کورد و بزووتنەوەکەی لە رۆژهەڵاتی بندەستی دەوڵەتی ئێران، کێ سوودی لێبینی و کێ زیانی بەرکەوت؟ ئایا هەر دەوڵەتی ئەوکاتی ئێران نا، بەڵکو ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیا و تورکیا، چەندە سوودمەند یان زیانمەند بوون لە پەیوەندییان لەگەڵ خودی پەدەکە و کۆی بزووتنەوەی ئەیلول؟ لەمەش گرنگتر لێرەدا ئەوەیە با د.بورهان و کۆی خوێنەرانی ئەم بابەتە و بابەتەکەی د.بورهان بەراوردێک لەنێوان مۆدێلی پەکەکە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆدێلی پەدەکە و پەیوەندییەکان بکەن و خۆیان دەرئەنجامی پێویستی لێوە هەڵبهێنجن.
    بابچینە قۆناخێکی تری پەیوەندییەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، لە قۆناخی کۆماری ئیسلامیدا. لەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێراندا، رەوتی شیعەگەرێتی بە رابەریی خومێنی ئەو شۆڕشەی گەلانی ئێرانیان قۆستەوە و کۆمارێکی ئیسلامیی شیعەگەراییان دامەزراند. گەلی کوردیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەشێک لە گەلانی سنووری دەوڵەتی ئێراندا راپەڕین و ناوچەیەکی بەرفراوانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەڕێوەبرد. لەوکاتەدا کە گەلی کورد و حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان-بەتایبەتی کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات- لەمیانەی شەڕ و دانوستاندنەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی تازەپێگەیشتووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەیانخواست زۆرترین مافەکانیان بەدەستبێنن و بیخەنە ژێر گەرەنتییەوە. رێک لەوکاتەدا پەدەکە- کە ئەوکاتە سەرکردایەتی کاتیی(قیادەی موەقەتە) بەڕێوەی دەبرد، پەیوەندی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی کۆماری ئیسلامیدا بەست و چووە سەنگەریی کۆماری ئیسلامییەوە دژ بە کورد و کۆمەڵە و دیموکرات لە رۆهەڵاتی کوردستاندا. تەنانەت بەگوێرەی هەندێک لێکۆڵینەوە و بیرەوەریی نووسراو و چاپکراوی ئەوکاتەدا، قیادەی موەقەتە رۆڵێکی گرنگی لە سەرکوتکردنی خەڵکی راپەڕیوی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بینی و لە شارەکانی بۆکان و شنۆشدا کوشتاری خەڵکی کردووە. هەر لەو قۆناخەدا، پەدەکە بەهۆی ئەو پەیوەندییەیەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا، لایەنگریی ئێرانی کردووە لە کاتی شەڕی ئێران-ئێراقدا و بەشدارییشی کردووە. تەنانەت بۆچوون و رایەکیش هەیە دەڵێن هەر بەهۆی ئەم لایەنگریی و بەشدارییەی پەدەکە لە ئێران و شەڕەکەدا، رژێمی بەعسی فاشیستی ئێراق کۆمەڵکوژییەکی مەزنی بارزانییەکان لە 31.7.1983 خورشیدی، مزوری، ئەرگوشی، بەڕۆژی، دۆڵەمەڕیی کرد. هەڵبەتە نابێت ئەم لایەنگریی و بەشدارییەی پەدەکە بکرێتە پاساو یان بیانووێک بۆ رەوایەتیدان بەو تاوانە گەورە و کۆمەڵکوژییەی بارزانییەکان. بەڵام دیسانیش ئەگەر هۆکاری سەرەکیش نەبێت ئەوا تارادەیەک رۆڵی خۆی بینیوە.
    ئێستا با دیسان بپرسینەوە؛ ئایا لەو پەیوەندییەی نێوان پەدەکە، کە دوای شکستی بزووتنەوەی ئەیلول، بەناوی قیادەی موەقەت بەڕێوەدەچوو، لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی ئێراندا هەیبوو، خودی پەدەکە و سەرکردایەتییەکەی، گەلی کورد بەگشتی، گەلی کورد و بزووتنەوەکەی لە رۆژهەڵاتی بندەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، کێ سوودی لێبینی و کێ زیانی بەرکەوت؟ با دیسانەوە د.بورهان و کۆی خوێنەرانی ئەم بابەتە و بابەتەکەی د.بورهان بەراوردێک لەنێوان مۆدێلی پەیوەندییەکانی پەکەکە، لەگەڵ مۆدێلی پەیوەندییەکانی پەدەکە بکەن و خۆیان دەرئەنجامی پێویستی لێوە هەڵبهێنجن.
    هەروەها دەکرێ نموونەی دووەمی ئەو پەیوەندییانەش لە ئەزموونی یەنەکەدا، لە سەردەمی شا، سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران، سەردەمی باڵادەستبوونی کۆماری ئیسلامی باس بکرێت و پەیوەندیی-ناکۆکییەکانی یەنەکە لەگەڵ دەوڵەتی ئێران لەهەر سێ سەردەمەکەدا چۆن بووە و چی بووە و کێ لێی سوودمەند یان زیانمەند بووە. کە بە بۆچوونی من لەهەردوو سەردەمی شا و سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا هەم بە سوودی یەنەکە و هەمیش بە سوودی هێز و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکەکەی بووە، بەڵام لەسەردەمی باڵادەستیی رژێمی کۆماری ئیسلامیدا بە زیانی یەنەکە خۆی و هەردوو خەڵکی باشوور و رۆژهەڵاتیش بووە. دەکرێ نموونەی سێیەمیش باس بکرێ و باس لە ئەزموونەکانی پەیوەندییەکانی هەردوو لایەنی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆمەڵە و دیموکرات)یش لەگەڵ رژێمی ئێراق بکرێ کە بە بۆچوونی من ئەزموونێک بووە کە خەڵکی باشوور بەهۆی ئەم پەیوەندییەوە هیچ زیانێکی بەرچاوی بەرنەکەوتووە، ئەگەر نەڵێم سوودی بۆ حیزب و لایەنەکانی باشووریش هەبوو و گەلێک هاوکارییان کردوون. هەر بۆ نموونە؛‌ ئاگربه‌ست و دانوستانی ١٩٨٣ی یه‌نه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێراق به‌یارمه‌تی راسته‌وخۆی د.قاسملو بووه‌.
    هەروەها دەکرێ باس لە ئەزموونی پەیوەندییەکانی یەنەکە لەگەڵ رژێمی سوریا لە حەفتاکان و هەشتاکاندا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ و هەمەلایەنە دەرئەنجامی لێهەڵبهێنجرێت.
    ئەگەر هەر لەسەر ئەم مەسەلەی پەیوەندیی حیزب و لایەنە کوردییەکان- بە باشوور و رۆژهەڵاتییەوە، لەگەڵ رژێمەکانی تری کوردستان بڕۆین و باسی پەیوەندییەکانیان لە ساڵانی نەوەدەکان بکەین، هەم لە باشوور و هەمیش لە رۆژهەڵات ئەوا دەکرێ زۆر بە ڕوونی باسی ئەزموونە نێگەتیڤ و زیانبارەکەی پەیوەندییەکانی حیزبەکانی باشوور لەگەڵ تورکیا و ئێران بکەین، کە چ زیانێک و ماڵوێرانییەکی بە خەڵک و حیزب و لایەنەکانی باشوور و باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە. بەڵام حیزب و لایەنەکانی رۆژهەڵات پەیوەندییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ تورکیا نەبوو و لەگەڵ ئێراقیش بەرادەیەک نەبوو کە زیان بە خۆیان و خەڵک و حیزب و لایەنەکانی تر بگەیەنن .
    بەڵام ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە بۆ قۆناخی سێیەمی پەیوەندییەکانی حیزب و لایەنە کوردییەکان (لەساڵانی نێوان ٢٠٠٣ تا ئێستا) لەگەڵ رژێمەکانی سەر کوردستان بکەین، ئەوا دەکرێ زۆر دەرئەنجامی گرنگ و مەترسیدار بخەینەڕوو. بەتایبەتی پەیوەندییەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێراندا. کە دەکرێ لە توێژینەوەی تردا بە فراوانی باسی لێوەبکرێت.

  1. سەبارەت بە تێکۆشانی گەلی فەلەستین و ئەزموونە شکستخواردووەکەی فەتح

لەبەشی یەکەمی وتارەکەیدا؛ د.بورهان کڕۆنۆلۆژیایەک سەبارەت بە قۆناخەکانی شوێنگۆڕکێی خەباتی چەکداریی فەلەستینییەکان دەکات، لە غەززەوە بۆ ئوردن و لە ئوردنیشەوە بۆ لوبنان. لەمیانەی ئەو بەشەی وتارەکەیدا دەیەوێت بڵێت فەلەستینییەکان نەچوون لەناو دەوڵەتی ئیسرائیلدا خەباتی چەکداریی بکەن، بەڵکو سەرەتا لە غەززە دەستیان بە خەباتی چەکداریی کردووە، کە بەگوێرەی بۆچوونەکانی د.بورهان ئەمە رۆخی ناوەندە، دەبووایە فەلەستینییەکان لەناوەندەوە واتا لە ئیسرائیلەوە دەستیان بە خەباتی چەکداریی بکردبا نەک لە وڵاتی خۆیان کە غەززە بەشێکی وڵاتەکەیانە. هەر لەو کڕۆنۆلۆژیای جێگۆڕکێیەکەی خەباتی چەکداریی فەلەستینییەکاندا د.بورهان دەڵێت ئەمجارەیان جێگۆڕکێیان بە خەباتەکەیان کردووە و لە غەززەوە بەرەو ئوردن رۆیشتوون، لەوێش ناچار دەبن بیگوازنەوە بۆ لوبنان… د.بورهان هەموو ئەو حیکایەتە بۆ ئەوە باس دەکات کەوا فەلەستینییەکان لەبەرئەوەی لە ناوەندەوە (لەناو ئیسرائیلەوە) خەباتی چەکدارییان نەکردووە و چوونە لە غەززە(لە وڵاتی خۆیانەوە) ئەو خەباتەیان دەستپێکردووە بۆیە کاریگەری لەسەر ناوەندی بڕیاری ئیسرائیل نەکردووە و، کە تەنگیان پێهەڵچنراوە ناچار خەباتەکەیان لە رۆخەوە(واتا لە غەززەوە) گواستۆتەوە بۆ رۆخی رۆخ (واتا بۆ ئوردن و لوبنان)، هەر لەدرێژەی کڕۆلۆنۆژیاکەیدا هاتووە کەوا کە لە رۆخی رۆخیشەوە (واتا لە ئوردن و لوبنانەوە) تەنگیانپێهەڵچنراوە ئیدی دەستبەرداریی خەباتی چەکداریی دەبن. بێگومان د.بورهان زۆر ستایشی ئەو دەستبەردانە لە چەک و خەباتی چەکدارییەی فەلەستینییەکان دەکات و پێی وایە رێگە راستەکەیان دۆزیوەتەوە. لەمەشدا دەگاتە ئەو قەناعەتەی کەوا دەبێت پەکەکەش وەک فەلەستینییەکان ئەوها دەستبەرداریی لە چەک و خەباتی چەکداریی بکات و ئاو بێنەو دەستتان بشۆ!! ئەمە هەموو تیۆریی و تێز و پێشنیازەکەی د.بورهانە. هێنانەوەی ئەم هەموو شێر و رێویە بۆ ئەزموونی فەلەستینییەکان و گێڕانەوە و کۆڕنۆلۆژیایەکی هاوشێوەش بۆ خەباتی گەریلایی پەکەکە دەکات لەئاکامدا دەگاتە ئەو باوەڕییەی کە پەکەکەش نەچووە لە ناوەندەوە (واتا ناو خاکی تورکیا بێجگە لە باکووری کوردستان) دەست بە خەباتی چەکداریی بکات، بەڵکو هەڵەی کردووە و چووە لە رۆخەوە (واتا لە باکووری کوردستان)دا دەستی بە خەباتی چەکداریی کردووە و پاشان لە باکووریش تەنگی پێهەڵچنراوە و ئیدی پەکەکە ناچاربووە ئەو خەباتە چەکدارییەی خۆی لە رۆخەوە( لە باکووری کوردستان) بگوازێتەوە بۆ رۆخی رۆخ (واتا هەرێمی کوردستان) بەمەش خەباتە چەکدارییەکەی پەکەکە هاوشێوەی خەباتە چەکدارییەکەی فەلەستینییەکان تەنیا زیانی بە باکوور و هەرێمی کوردستان گەیاندووە و هیچ کاریگەری لەسەر رژێمی تورکیا نەکردووە. بۆیە دەبێت پەکەکەش چاو لە فەلەستینییەکان بکات و چەک دابنێت و ئیعلانی دەستبەردان لە چەک و خەباتی چەکداریی خۆی بکات و دەست بە خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی بکات و چیدی هەرێمی کوردستان نەکاتە لوبنان و بەلوبنانیکردن…!! ئەمە هەموو حیکایەتەکەی نێو توێژینەوە و وتارەکەی د.بورهانە..
لێرەوە دەکرێ بەچەند خاڵێک ئەو بۆچوون و خەیاڵەی د.بورهان بەر رەخنە بدەین:
1. سەرەتا، دەبێت ئەو خاڵە بخەینەڕوو کە د.بورهان بۆ ئەم وتارەی پشتی بە تیۆری “ناوەند- رۆخ، ناوەند- رۆخی رۆخ” و میتۆدی بەراوردکاریی بەستووە. واتا هەم تیۆرییەکە و هەمیش میتۆدەکە هی خۆی نین و وەریگرتووە، ئەمەش ئاساییە، بەڵام ئەو هاتووە بەزۆری زۆردارەکی بەسەر پرۆسەی خەباتی چەکداریی فەلەستینییەکان و گەلی کورد(پەکەکە)ی داسەپاندووە. بەمەش هەم تیۆرییەکە و هەمیش میتۆدەکەی تەنگەتاو کردووە و شێواندووە و لەشوێنی خۆی و بۆ گرفتێکی شیاوی توێژینەوە کە ناوەند- رۆخ(کەنار) پەیوەستدار دەکات و رێگە بە بەراوردکردن دەدات، بەکارنەهێناوە، بەڵکو وەک قاڵبێکی ئامادە وەریگرتوون و دەیەوێت لەڕێی ئەم تیۆریی و میتۆدەوە، ئەوەی لە مێشک و خەیاڵی خۆیدایە بیسەپێنێت و راستی بۆچوون و خەیاڵەکانی خۆی وەک حەقیقەتێک دەرخواردی پەکەکە و خوێنەرانی بدات. بەم تیۆرییە بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت بەشێک لە تێکۆشانی گەلێک- کە تێکۆشانی چەکداریی یان گەریلاییە لە بەشەکانی تری تێکۆشان کە “تێکۆشانی ئایدیۆلۆژیی، سیاسی، دیبلۆماسی، رێکخستنی و کولتووری” دایببڕیت. هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە خەباتی هەردوو گەل بەو رادەیەی وێکچوونیان هەیە، دوو ئەوەندە جیاوازیی جەوهەرییان لەگەڵ یەکتردا هەیە و ناکرێ تەنیا خاڵە وێکچووەکان کە زیاتر رووکەشی و کرۆنۆلۆژیکن، باس بکەیت و خاڵە جیاوازە زۆر جەوهەرییەکانیش پشتگوێ بخەیت، هەر تەنیا بۆئەوەی بۆچوون و وەهمەکانت بە حەقیقەت نیشان بدەیت. مەگەر میتۆدی بەراوردکاریی بۆ خستنەڕووی هەردوولای وێکچوون و جیاوازییەکانی نێوان دوو رووداو، یان دوو دیاردە، یاخود دوو بزاوت نییە؟ ئەی بۆچی د.بورهان خۆی لە بەراوردکارییەکەیدا خۆی لە خستنەڕووی خاڵە جیاوازەکانی نێوان خەباتی چەکداریی هەردوو گەل دەدزێتەوە و خۆی لێ نەبان دەکات. مەگەر ئەمە جۆرێک نییە لە چوونە “بەرەی دژ” و راکردن لە حەقیقەتی جیاوازیی خەباتی چەکداریی هەردوو گەل؟! لەکامە رێباز و کامە قوتابخانەی میتۆدی بەراوردکارییدا رێگەت پێدەدات کەوا تەنیا بە خستنەڕووی رووکاری وێکچووی هەندێک رووداوی کرۆنۆلۆژیکی نێوان خەباتی چەکداریی هەردوو گەل بڵێی وەڵڵا من میتۆدی بەراوردکارییم کردووە و بەو ئەنجامەش گەیشتووم کە دەبێت پەکەکە و گەلی کوردیش وەک فەلەستینییەکان و فەتح بکەن و مەحکومن بەوەی یان دەبێت چەک دابنێن و تەسلیم ببن، یانیش لەناودەچن و تا هەن هەر بە تیرۆریست ناوزەد دەکرێن… ئەگەر توێژەرێک دەست بۆ تیۆرییەک و میتۆدێک ببات، جا هەر تیۆر و میتۆدێک بێت، دەبێت بەر لەهەموو شتێک هەموو بنچینە و پرەنسیپەکانی ئەو تیۆری و میتۆدە بەکاربێنێت و بەگوێرەی خۆی کەلەپاچەی نەکات. لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئایا ئەم تیۆری و میتۆدە چەندە لەگەڵ بابەتی توێژینەوەلیکراودا دەگونجێت و چەندە دەتوانێت بمانگەیەنێتە کۆمەڵێک دەرئەنجامی راست یان نزیک لە راستی؟! بەڵام د.بورهان گوێی بەم راستیانە نەداوە و هاتووە پێشێلی بنچینە و بنەماکانی ئەو تیۆری و میتۆدەی کردووە و لەگەڵ ئەقڵ و خەیاڵی خۆیدا گونجادوویەتی و پەڕوباڵی کردوون. چونکە لەئاکامی خوێندنەوەی (توێژینەوە)کەیدا مرۆڤ دەپرسێت کوا ناوەند؟ کوا رۆخ و رۆخی رۆخ؟ لەکوێ باکوور و باشووری کوردستان بۆ خەباتی گەلی کورد دەبێتە رۆخ و رۆخی رۆخی خەبات؟ ئیسرائیل و تورکیا وەک دوو ناوەندی داگیرکاریی چەندە لەیەک دەچن و چەندەش لەیەک جیاوازن؟ دۆزەکانی هەردوو گەلی کورد و گەلی عەرەبی فەلەستینی چەندە لەیەک دەچن و چەندەش لەیەک جیاوازن؟ پەکەکە و رێکخراوی فەتح چەندە لەیەک دەچن و چەندەش لەیەک جیاوازن؟ د.بورهان ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری تری هاوشێوەی تووڕهەڵداوە و خۆی لێدزیوەتەوە و تەنیا ئەوەی بەلاوە مەبەستە بیسلەمێنێت کە پەکەکە هەرێمی کوردستانی بەلوبنانیکردووە و زیانی لەباکووریش و باشووریش و کۆی دۆزی گەلەکەیشی داوە و بۆیە دەبێت ئیللا و بیللا خۆی لەچەکداماڵێت و واز لە خەباتی چەکداریی بێنێت و بچێت بەدەوری تەنیا خەباتی سیاسی و دیبلۆماسیدا بیخولێنێتەوە. ئەمە هەموو گریمانە و بۆچوون و خەیاڵەکەی د.بورهانە. باشە هەر بەڕاست د.بورهان تیۆرییەکان و میتۆدەکان بە چی تێگەیشتووە و چۆن لە تیۆرییەکان دەڕوانێت؟ ئایا بە “کلیلی جۆکەر” تێگەیشتووە تا چۆنی بوێت و کەی بیەوێت چ دەرگایەک هەبێت بیەوێت دەتوانێت بیکاتەوە؟. هەر تیۆرییەک وەک کلیلێک وایە هەموو دەرگایەکی پێناکرێتەوە و توێژینەوەی بۆ هەموو بابەتێک پێناکرێت، هەر دەرگایەک بە کلیلێک دەکرێتەوە و هەر کلیلێکیش بۆ دەرگایەک درووست کراوە. مەگەر ئەو کلیلە “جۆکەرکلیل” بێت کە ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوە لەدەستی دەزگا هەواڵگریی و پۆلیسەکان و تەنانەت دزەکانیش دایە و چ دەرگایەک بیانەوێت و کەی بیانەوێت دەتوانن بچن بیکەنەوە و کامیرای شاراوە یان ئامێری تۆمار لە ماڵەکە بەشاراوەیی دابنێن یان دزەکان کە جۆکەرکلیلیان هەیە و دەچن دەرگای ماڵەکە دەکەنەوە و چییان بوێت دەیدزن. ئێ خۆ تیۆریی و میتۆدەکان جۆکەرکلیل نین تا بەهەوەسی خۆت چۆنت بوێت و کەی بتەوێت لەدەرگای هەر بابەتێک بدەیت و بەگوێرەی خۆت تیۆرییە دڵخوازەکەی خۆتی لەسەر جێبەجێ بکەیت. مرۆڤی پسپۆڕ و ئەهلی زانست بە ئەقڵییەتی “جۆکەرکلیل” کار ناکات، بەڵکو بە کلیلی گونجاو دەرگای گونجاو لەسەر بابەتێک یان گرفتێک دەکاتەوە و توێژینەوەی خۆی پێدەکات و بە دەرئەنجامی گرنگیش دەگات. ئەگەر وانەکات ئەوا ئەو توێژەرە مسۆگەر گرفتی میتۆدی و تیۆریی هەیە، کە لەهەمانکاتدا دەبێت بە گرفتی زیهنییش…
2. هەر بۆ نموونە هێناوەی ئەم گرفتە میتۆدی و تیۆریی و زیهنییە، با بپرسین؛ ئایا د.بورهان دەتوانێت لەمێژوو و ئێستای تەواوی خەباتی رزگاریخوازی هەموو گەلانی جیهاندا؛ هەر لە چین و ڤێتنام و ئەنگۆلا و نیکاراگوا و ئەریتریا و جەزائیر و کوبا و تەیموری خۆرهەڵات و تامیلەوە بیگرە تا دەگاتە وڵاتانی تری ئاسیا و بەڵکان و ئەوروپا و ئەمریکای لاتین و ئەفریقیادا، تەنیا یەک نموونە، دووبارەی دەکەمەوە تەنیا یەک نموونە، بێنێتەوە کە بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی یەکێک لەو گەلانە نەک لە وڵاتی خۆیان-کە د.بورهان بەهەڵە بە رۆخ و رۆخی رۆخ ناوزەدی دەکات- بەڵکو لەناوەندی دەوڵەتی داگیرکەردا دەستیان بە خەباتی چەکداریی کردبێت و بەئامانجەکانیشی گەیشتبێت. کوا با یەک نموونە بێنێتەوە ئەوکاتە دەتوانین بە د.بورهان بڵێین ئافەرین بۆ کەشفە نوێیەکەت و ئیدی قەیچیەکات با گەلی کوردیش ئەزموون بکات و ببێتە گەلی دووەم لە جیهاندا کە نەک لە وڵاتی خۆی بەڵکو سەرەتا دەچێت لە وڵاتی داگیرکاردا دەست بەخەباتی چەکداریی بکات و لەوێوە وڵات و گەلەکەی رزگار دەکات.. بەڵام مسۆگەر ناتوانێت یەک نموونە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلێک لەم جیهانەدا بێنێتەوە کەوا سەرەتا خەباتە چەکدارییەکەی نەک لەنێو وڵات و گەلەکەی خۆیدا، بەڵکو چووە لەنێو وڵاتی داگیرکار و گەلە سەردەستەکەدا دەستی بەخەباتی چەکداریی کردبێت. هەڵبەتە لێرەدا مەبەستی د.بورهان خەباتی چەکدارییە نەک شێوازەکانی تری خەبات، ئەگەرنا پەکەکە سەرەتای خەباتی شۆڕشگێرانەی خۆی لە ناوەندی داگیرکارییدا و لە زانکۆکانی ئەنقەرەدا دەستپێکردووە و تا ئێستاش لەئەنقەرە و شارە گەورە و بچووکەکانی تورکیادا شێوازە جیاوازەکانی تری خەباتی بەردەوامی پێداوە و کاریگەریی گرنگیشی نەک هەر لە باکوور و بەشەکانی تری کوردستان، بەڵکو کاریگەرییەکەی لەسەر کۆی تورکیا و تارادەیەکی بەرچاویش لەسەر دەوڵەتانی تری داگیرکەریشدا هەیە و زیاتریش دەبێت. ئیدی کە دەڵێین د.بورهان بە زۆری زۆردارەکی دۆزی هەردوو گەلی فەلەستین و گەلی کورد و خەباتە چەکداریی و گەریلاییەکانیانی پەستاوەتە نێو تیۆرییەک و میتۆدێکەوە کە لە نە لەدوور و نە لە نزیکەوە ناتوانرێت لەڕێگەیەوە خەباتی چەکداریی گەلان و دۆزە رەواکەیان پێ هەڵسەنگێنێت و شیبکاتەوە و بەراوردی پێبکات، ئەمە نموونە بەرچاوەکەیەتی. ئەگەر بەکارهێنانی تیۆریی و میتۆدێک-جا هەر تیۆریی و میتۆدێک بێت- بۆ هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە و رەخنە و بەراوردکاریی و دواجار لێوەهەڵهێنجانی دەرئەنجامێکی راست یان نزیک لە راستی بێت و کەچی پێچەوانەکەی دەربچێت، ئەوا یان تیۆرییەکە و میتۆدەکە هەر لەبنچینەوە هەڵەن، یان ئەوەی بەکاریانیهێناوە بەهەڵە و شێوێنراوی و بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی بەکاریانیهێناوە. لەوەی د.بورهاندا ئەگەری دووەم راستە. چونکە بۆ نموونە ئەم تیۆریی(ناوەند-رۆخ، ناوەند- رۆخی رۆخ)ە سەرەڕای لایەنی کەموکوڕیشی، بەڵام دیسان دەکرێ توێژەرێک لێی سوودمەند ببێت و وەک ئامرازێک بۆ توێژینەوەی زانستی بەهەندێک دەرئەنجامی گرنگ بگات، بەتایبەتی توێژینەوە لە ناوەندەکانی شارستانییەت و کەنار و رۆخەکانی شارستانییەتدا، یان سیستەم و رۆخ و کەنارەکانی دەکرێ زۆر سوودمەند بێت. ئەی کەواتە د.بورهان خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت یان دەیەوێت پەکەکە و خوێنەران هەڵبخەڵەتێنێت و دێت تیۆرییەک و میتۆدێک کە بەهیچ شێوەیەک نابێت و ناگونجێن بۆ هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە و دەرئەنجام وەرگرتن لە خەباتی چەکداریی گەلان لەبەرامبەر بە داگیرکارییدا، کەچی بێ گوێدانە ئەم پرەنسیپە هەر بەکاریاندێنێت.
مسۆگەر هەر گەلێک کە چەوسابێتەوە و وڵاتەکەی داگیرکرابێت، ئەوا سەرەتا هەر لە وڵاتەکەی خۆیدا دەستی بە خەباتی چەکداریی کردووە نەک لە وڵاتی داگیرکاردا، ئەگەر دواتر بۆی رەخاسبیت ئەوا خەباتە چەکدارییەکەی بەشێوازی جیاواز گەیاندۆتە ناو خودی وڵاتی داگیرکاریش، بەڵام مسۆگەر ناوەندی خەباتە چەکدارییەکەی وڵات و گەلەکەی خۆیەتی. ئەگەر وابێت دەبووایە ڤێتنامییەکان بەگوێی د.بورهانیان بکردایە و بچووبانەیە سەرەتا لە فەڕەنسا و دواتریش لە ئەمریکا دەست بە خەباتی چەکداریی بکەن، نەک لە وڵاتەکەی خۆیان، بۆئەوەی وڵاتەکەیان زیانی پێنەگات و گوندەکانی وێران نەبن. گەلی جەزائیریش دەبووایە بچن لە فەڕەنسا دەست بەخەباتی چەکداریی بکەن نە لە وڵاتەکەی خۆیان. ئیدی گەلانی تریش دەبووایە بەگوێی د.بورهانیان بکردایە و زیانیان بە وڵاتەکەی خۆیان نەگەیاندبایە و چووبان لە وڵاتی داگیرکاردا دەستیان بە خەباتی چەکداریی بکردبا. حەیف، هەرچەندە ئەو گەلانە لەدەست داگیرکارییش رزگاریان بوو، بەڵام دیسان حەیف و سەد حەیف و مخابن کە بەگوێی دەرئەنجامە گرنگەکانی د.بورهانیان نەکردووە، د.بورهانیش درەنگکەوتووە دەبووایە هەر لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا ئەم توێژینەوەیەی بکردبا تا گەلی کورد و گەلانی تر کە زۆربەیان ئێستا رزگاریان بووە لە داگیرکاریی سەربازیی، سوودیان لەم کەشفەی وەربگرتبا. ئەگەر ئەمە بۆ بەشێکی تێۆرییەکە کە ناوەند- رۆخە راست دەرنەچێت چۆن بەشەکەی تری کە رۆخی رۆخە راست دەردەچێت؟! ئاخر چۆن دەکرێ وڵاتی خۆت بۆ خەباتی خۆت بە رۆخ و رۆخی رۆخ دابنێیت؟! ئەمە چ لۆژیک و ئەقڵێک دەتوانێت باوەڕیی بەم بۆچوونەی د.بورهان بکات؟ هەڵبەتە تیۆرییەکە و بۆچوونەکەی د.بورهان سەبارەت بە بابەتی خەباتی چەکداریی لەهیچ کات و شوێنێکدا یەکانگیر نابنەوە و هەر یەکەو لە دۆڵێکدان. چونکە تۆرییەکە و پڕەنسیپ و بنەماکانی، هەروەها میتۆدە بەراوردکارییەکەیشی، لەم بابەتە توێژینەوەلێکراوەدا تەواو لەگەڵ شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن و دەرئەنجام و بەراوردکارییەکانی د.بورهاندا ناکۆکن. ئەمەش جۆرێکە لە دەستدرێژیکردنە سەر تیۆریی و میتۆدێک و دەچێتە خانەی شێواندنی تیۆریی و خراپ بەکارهێنانی تیۆریی و میتۆدییەوە. ئەمەش بۆخۆی گرفتێکی زیهنییە.
3. لەم دۆخەی ئێستادا؛ کە لەجیهاندا “لۆژیکی هێز” بەهەموو واتا و رەهەندەکانییەوە- بەتایبەتیش هێزی چەک و چەکداریی- باڵادەستە و رێک لەناو جەنگێکی جیهانیی باڵادەستبوون و پاوانخوازیی داین بەزەبری هێز، لەدۆخێکی وەهادا کامە دەوڵەت؟ کامە هێز؟ کامە گروپ و کامە کۆمەڵگە خۆیان لە چەک داماڵیوە و خۆیان بێ پاراستن و بێ بەرگری هێشتۆتەوە، تا پەکەکە و گەلی کورد خۆیان بێچەک بکەن و خۆ بێ پاراستن و بێ بەرگری بهێڵێنەوە؟ کامەیان ئەمەی کردووە و دەرفەت و شانسی مانەوەی هەبووە و هەیە؟ دەستەیەک لە کەس و لایەنەکان دەڵێن؛ باوی چەک و خەباتی چەکداریی نەماوە. بێگومان ئەوانەی وادەڵێن خۆیان لەهەموو کەس و لایەنێک زیاتر خۆیان پڕچەک کردووە. تەنانەت هەندێک هێز و لایەن لە باشووری کوردستان ئەمە دەڵێن لەکاتێکدا تەنیا ژمارەی پاسەوانە شەخسی و بنەماڵەییەکەیان ئەگەر زیاتر نەبێت لە ژمارەی هێزەکانی هەپەگە ئەوا مسۆگەر کەمتر نییە. کەچی رۆژانە و بەردەوام لە لێدوان و لە کەناڵە راستەوخۆ و ناراستەوخۆکانی راگەندنییەکانی خۆیاندا دەڵێن؛ باوی چەک نەماوە و دەبێت پەکەکە چەک لەخۆی داماڵێت و واز لەخەباتی چەکداریی بێنێت!! دەستەیەکی تریش زۆر لەوەش زیاتر دەڕۆن و دەڵێن نەک هەر باوی چەک و خەباتی چەکداریی نەماوە، بەڵکو باوی ئایدیۆلۆژیا و تێکۆشانی فیکرییش نەماوە. کەچی خۆیان بە ئایدیۆلۆژیای لیبرالیزم دەهزرن و دەنووسن و خیتاب دەدەن و بانگەشە و پڕوپاگەندە بۆ لیبرالیزم دەکەن. د.بورهانیش هەم داوای چەکداماڵین و وازهێنان لە خەباتی چەکداریی لەپەکەکە دەکات و هەمیش دەڵێت پێویست ناکات ئایدیۆلۆژیانە لە مەسەلەی خەباتی چەکداریی بڕوانین. بە واتایەکی دیکە نە پەکەکە نەکەسیش پێویستیی بە ئایدیۆلۆژیاش نییە تا لەمەسەلەیەکی چارەنووسسازی وەک خۆلەچەکداماڵین و وازهێنان لە خەباتی گەریلایی بێنێت. سیستەمی باڵادەستی جیهانی و تورکیا و داگیرکارانی کوردستان و هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشوور راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پێداگیریی لەسەر ئەمە دەکەن کە دەبێت پەکەکە خۆی لەچەکداماڵێت و واز لەخەباتی چەکداریی بهێنێت. د.بورهانیش لەکۆی توێژینەوەکەیدا زۆر بە ڕوونی و کۆنکریتی هەمان پێشنیاز و هەمان داوا دووبارە دەکاتەوە و تەنانەت دەڵێت ئەگەر پەکەکە ئەمە نەکات ئەوا نزیکە لە لەناوچوون و چۆکپێدادان و هەر بە سیفەتی تیرۆریزم ناوزەد دەکرێت. مرۆڤ دەتوانێت لەوە تێبگات کە ئەو سیستەمە باڵادەستەی جیهان و تورکیا و دەوڵەتانیتر و هێزەکانی تر کە بۆچی بەپێداگرییەوە ئەم داوایە لە پەکەکە دەکەن و لەچوارچێوەی شەڕێکی تایبەتیدا فشار و گوشار بۆ سەر پەکەکە و گەلی کورد دەهێنن. زۆر بەسادەیی دەتوانین بڵێین چونکە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان لەوە دایە کە پەکەکە و گەلی کورد بێهێز بن و نەتوانن خۆیان بپارێزن و بەرگری لەخۆیان بکەن و تاچۆنیان بوێت وەها نکۆڵی و کۆمەڵکوژ و بێ ناسنامە و بێ ئیرادەیان بکەن و بیکەنە قۆچی قوربانی خۆیان و بەرژەوەندەییەکانیان. مرۆڤ لەمە تێدەگات. بەڵام چ بەرژەوەندییەکی د.بورهان و ئەو ڕۆشنبیر و نووسەرانەی تری کورد کە بەهەمان ئەقڵییەت بیردەکەنەوە، لەپشت ئەم داوا و پێشنیازە بەردەوامەیان هەیە؟ ئایا لەبەر ئەوەی بەهەمان ئەقڵییەتی لیبرالیستی سیستەمی سەرمایەداریی بیردەکەنەوە بۆیە بەهەمان ئەقڵییەتەوە هەر دەبێت وابیربکەنەوە و پێشنیاز و داوای وەها بکەن؟ یان لەدۆخەکە تێناگەن و سەریان لەوە دەرناچێت کە دونیا بە چ لۆژیکێکی هێزگەرایی و هێزسەپێنەرییدا بەڕێوە دەچێت و چۆن لۆژیکی”مانەوە و سەرکەوتن بۆ بەهێزەکانە” بۆتە لۆژیکی هەرەباڵادەست لەم دونیایەدا. یاخود ئەمە رقوکینەیەکی تایبەتی خۆیانە بەرامبەر بە پەکەکە هەڵدەڕژن و دەیانەوێت لەڕێگەی داماڵینی چەکەوە پەکەکەش کەمپنشین بکەن، یان بیکەن بەهێزێکی پەنابەر و ئاوارە و بێکاریگەری و بێڕۆڵ و مارژیناڵ؟ یان لەدڵسۆزی و هاوسۆزیانە بۆ تێکۆشانی گەلەکەیان و هیچ رق و کینەیەکیشیان لە پەکەکە نییە و بەس لەبەرئەوەی خۆ بە ئاشتیخواز دەبینن و ئەزموونی چەکداریی شکستخواردووی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانیشیان بینیوە بۆیە حەزناکەن پەکەکەش بەم دەردە بچێت. بۆیە پێیان باشە کە پەکەکە خۆ لەچەک داماڵێت و چیدی خەباتی چەکداریی نەکات. لەم چوار ئەگەرانە د.بورهان و ئەوانەی وەک ئەو بیردەکەنەوە، لەکامە ئەگەردا پۆلینبەندیان بکەین؟ لێرەدا من د.بورهان پۆلیبەندی ناکەم و هیچ تۆمەت و پێشداوەرییەکیش لەم بارەیەوە ناکەم، با د.بورهان خۆی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە و خۆی خۆی پۆلینبەند بکات. ئەگەر پۆلێنیکیتر لەدەوەرەی ئەم ئەگەر و شیمانانەی تر هەیە دیسان د.بورهان دەتوانێت بڵێت لە چ روانگەیەکەوە ئەم داوایە و ئەم پێشنیازە نالۆژیکی و ناواقیعییە و پڕ مەترسیدارە لە گەلەکەی خۆی و لە پەکەکە دەکات.
4. ئەگەر هەر بە لۆژیکەکەی ناوەند-رۆخی د.بورهان ئەو پرسیارە بکەین: ئایا بۆ گەلی کورد لەهەر بەشێکی وڵاتەکەیدا قووڵایی ستراتیژیان کوێیە؟ ئەنقەرە و تاران و شام و بەغدادە یان قووڵایی ستراتیژی هەر بەشێکی کوردستان بەشەکانی تری کوردستانە؟ بێگومان تێکۆشانی هەر بەشێکی کوردستان قووڵاییە ستراتیژییەکەی بەشەکانی تری کوردستانە نەک ناوەندی وڵاتە داگیرکارەکان. واتە ئەگەر تێکۆشانی گەلی کورد لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەوا دەبێت قووڵایی ستراتیژی تێکۆشانەکەی خۆی لە بەشەکانی تری کوردستاندا بێت، کە د.بورهان بە رۆخی رۆخ لەقەڵەمیان دەدات!!. کە ئەمە تێنەگەیشتنە لە راستینەی دۆزی کورد لە کۆی کوردستاندا. بەواتایەکی دیکە دۆزی کورد یەک دۆزە، بەڵام بە ئەقڵییەتی لۆزانی کراوەتە چوار بەشە دۆز. بۆیە هەر بەشێکی کوردستان کاتێک کە تێکۆشان بەڕێوە دەبات، دەبێت چاوی لە قووڵایی ستراتیژیی خۆی لە بەشەکانی تری وڵاتەکەی بێت، نەک لە ناوەندەکانی دەوڵەتە داگیرکارەکان. بەڵام د.بورهان بەشەکانی کوردستان بە رۆخی رۆخ بۆیەکتری لەقەڵەم دەدات و ناوەندەکانی داگیرکارانیش بە ناوەندی تێکۆشانی گەلی کورد دەبینێت. ئەمە دەبێت چ ئەقڵییەتێکی لۆزانی لە پشت ئەم جۆرە تێگەیشتنەوە هەبێت؟!.

—————————————–

[12]  بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بە رووداوەکانی تیرۆرکردنی هەردوو سەرکردەی باکووری کوردستان(سەعید ئەڵچی و سەعید قرمزی تۆپراغ) بڕوانە ئەم دیکۆمێنتارییە گرنگ و چڕوپڕە:

13- حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوور لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، نەک هەر لەگەڵ رژێمەکانی ئێران و تورکیا، تەنانەت لەگەڵ خودی رژێمی بەعسی ئێراقیش پەیوەندییان هەبوو، کە بە حیساب دووژمنی سەرەکیانە، وەک لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا بینیمان کە پەدەکە چۆن سوپای ئێراقی هێنایەوە سەر هەرێمی کوردستان و یەنەکەی راونا و یەنەکەش رژێمی ئێرانی هێنا و پەدەکەی راونایەوە- ئەوا زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت کەوا پەیوەندییەکان بۆ چ مەبەستێک بووە و چ دەرئەنجامێکیان لێکەوتۆتەوە، کە تاکو ئێستاش ئاسەوارە خراپەکانی ئەو پەیوەندییە ناڕەوا و نانەتەوەییانەی ئەو حیزبانەی باشوور لەگەڵ تورکیا و ئێران و تەنانەت رژێمی بەعسی ئێراقیش ببینن. هەر بۆ نموونە؛ سەدان کادیر و سەرکردە و پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە باشوور تیرۆر کران، چەندین جار ئێران هێرشی کردە سەر کەمپەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات لەباشووردا. چەندین جەولەی شەڕفرۆشتن بە پەکەکەیان هەڵگیرساند. هەر ئێستا کە ئەم پەراوێزە دەنووسم؛ هەردوو رژێمی ئێران و تورکیا لە قووڵایی خاکی باشووری کوردستاندا تۆپباران و بۆردومانی کامپ و بارەگا و سەنگەرەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و گوندەکانی سەر سنوور دەکەن.!!

درێژەی هەیە….

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر..

بەشی یەکەم…

بەشی دووەم…

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish