عەریزە.. پشکۆ ناکام
…..ئەی خودای گەورەتر لە گەورە ، خالقی هەرچییەک کە هەناسە ئەیا لە ڤایرۆسەوە تا حوت و فیل ، بەرپرسی هەرچییەک هەبوە و هەیە و ئەبێ..سڵاوێک لە ئەرزەوە بۆ خۆت و هەموو هاوکارانی عەرشە مەزنەکەت کە تا ئێستا نازانرێ لەکام تەبەقەی حەوت تەبەقەکەی ئاسمانە..
بەبۆنەی تێپەربوونی هەزار و چوارسەد بەسەر دەرکەوتنی دواپەیامبەر و دوا ئاینت هەقی خۆیەتی وەک عەبدێکی خۆت ڕاز و گلەییەکی خۆم بکەم ،بۆ دەستوەرانن نا لە کاروبارەکانت ، چونکە ئەوەی تۆ ئەتەوێ هەر ئەوەیە و گەڕانەوەی بۆ نیە ، تەنیا وەک سكاڵایەک و هیوام وایە غەزەب نەبارێنی بەسەرما…
هەزار و چوارسەد تێپەڕیوە و تۆ هەر بێدەنگیت ، نە نوتقێ نە سەنگێ نە دەرکەوتنێک ! لەو کاتەوە جگە لە شەڕەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دوو جەنگی گەورەی جیهانی ڕوویاوە و مەترسی سێهەمیش هەیە ، بە دەیان ملیۆن کەس تیا چون ، ووڵاتان وێران بوون ، کەچی تۆ لەو بەرزاییەوە بۆخۆت سەیر ئەکەیت وەک چۆن کاتی خۆی قورئانت بۆ عەرەب نارد تا ئاقڵ بن ئەم هەموو شەڕ و شۆڕە کەسێکی وەکو “محمد”ت نەنارد یان کتێبێکی وەک قورئانت نەنارد تا ئەو خەڵکە واز لە یەکتر بێنن و وەک عەرەب ئاقڵ بن ،هەرهیچ نەبێ بۆچونی خۆتت بەیان نەکردوە کەم لایەن لەسەر هەقە و کام لاش تاوانبارە ؟ هەرچەنە بۆمان هەیە پرسیار بکەین کە خۆت خالقی هەموومانی بۆ هەموومانت ئاقڵ دروست نەکردوە تا شەڕ و شۆڕ نەبێ ، خۆ ئەدەواتی دروست کردنمان هەر لای تۆ هەیە، تۆ بڵێ ی شەیتان فورسەتی هێنا بێ و چەن ئەدەواتێکی دروست کردنی ئینسانی دزی بێ؟ بەڕاستی خۆشی چیە سەیری دونیایەک بکەیت کە پڕ بێ لە کوشتن و بڕین و کاول کردن؟ تۆیەک کە (ارحم الراحمین)یت ، ڕەحمێ بەو عالەمە بکە..
كاتێ هەزار و چوارسەد ساڵ لەمەوپێش ئاینێک و پەیامبەرێکی ترت نارد بۆ ئەوەی دونیا چاک بێ و گوایا لە کافر و مولحید و غەیرە دینیەکان پاک بێتەوە ، لە باتی ئەوە ئەوانەی بڕوایان بە ئاین و پەیامبەرەکەی هەیە هەر لە کەم بوونەوەن و کافرەکانیش سێ یەکی دونیان..! دیارە ئەشکالاتێک لە ئاین و پەیامبەرەکەت هەیە ، ئەگینا نە کارەکانی تۆ و نە خەڵکی سەرئەرز بەم ڕۆژە ئەگەیشتن…بۆیە ئێمە وای ئەبینین کە پێویستمان بە پەیامبەررێکی تازە بە ئەفکاری تازەوە هەیە ، ئێستا دونیا گۆڕاوە، تەنانەت ئەبێ کتێبێکی ئاینە تازەکەش بنێری ، کۆنەکە بۆ هەزار و چوارسەد ساڵ لەمەوپێش نووسراوە ، لەو ماوە زۆرەیا هەزاران گۆڕانکاری ڕووی یاوە کە ئەبێ حسابی بۆ بکرێت ، دەربارەی پەیامبەر وکتێبە تازەکەت چەن سەربجێکی برایانەم هەیە لوتف بفەرموو بە نەزەری ئیعتیبار وەری بگرن :
@ ڕەچاوی ئەوە بکەیت کە پەیامبەرە تازەکەت هیچ نەبێ شەهادەی ئامادیی هەبێ چونکە ئێستا زۆربەی زۆری خەڵک خوێنەوارن و لە دونیا تێئەگەن و باک گراوندی گۆڕانکارییەکانی ژیان و دونیا ئەزانن و بۆ ئەوەی ئەو بتوانێ بەرگری لە پەیامەکەی تۆ بکا و توانای گفت و گۆی هەبێ و هەر تێکەوت پەنا بۆ شمشێرەکەی”کە رەنگە ئێستا دەمانچە بێ” نەبا ، دوا پەیامبەرت نەخوێنەوار بوو بە زۆری تۆ فێری خوێنەوە و نووسین بوو( هەرچەنە کەس دێڕێکی نەبینیوە)، پەیامبەری نەخوێنەوار بەرامبەر ئەو هەموو کافرە خوێنەوارانە هیچی پێ ناکرێ ،
@ با پەیامبەرە تازەکەت سێ چوار زمان بزانێ تا لەسەفەر و کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی پەکی نەکەوێ و هەر بۆ ناو و شکۆی تۆ جوان نیە پەیامبەرێکت موتەرجیمی هەبێ،،
@ زۆر قسەکردن لەسەر سێکس و ناوگەڵ و بە سوک سەیرکردنی ئافرەت لە لایەن پەیامبەرەکەتەوە بە زەرەری پەیامەکەی تۆ ئەگەڕێتەوە چونکە کەسی لەوجۆرە بە پێ ی عیلمی سایکۆلۆجی”کە هەزار و چوارسەد ساڵ لەمەوپێش نەبوە” بە حەشەری و نەخۆش و زیانبەخشی خێزان و کۆمەڵگا دائەنرێ
@ ئاشنایەتی لەگەڵ عیلم بە هەموو بەشەکانییەوە یارمەتی پەیامبەرەکەت ئەیا لە نزیک بونەوە لە خەڵک بە تایبەتی پەیام و هەڵگرەکەی دواجارت لەگەڵ عیلما وەک دۆ و دۆشاو وابوون…
@نوێنەرایەتی کردنی ئینسانیەت مەرجێکی سەرەکی سەرکەوتن و زوو بڵاوبوونەوەی هەموو پەیامێک ، نابێ پەیامبەرە تازەکەت ڕەگەزپەرست بێ بە ناو و بۆ یەک نەتەوە قسە بکا ، خەڵک “هیتلەر” ی لەبیر نەچۆتەوە..
دەربارەی کتێبە تازەکەشت:
@ هەوڵ بە بە چەن زمانێک و لە یەک کاتا چاپ و بڵاوبکرێتەوە ، تا هەرکەس و لایەک بەئارەزووی خۆی و چۆن بۆ پەرژەوەندی سیاسی خۆی گونجاو بوو وا شی نەکاتەوە وەک ئێستا چەن گروپێک خۆیان بە میراتگری نەزانن کە لە ناوەڕکا هەموویان یەک سەرچاوەیان هەیە..
@ کەمتر ئیشارەت بە کوشتن و و بڕین و توند و تیژی و تۆڵە و ڕق و بوغز بات ، باس لە خۆشەویستی و یەکتر قبوڵ کردن و ئیحساسە ئینسانیەکان بکات، ئەکرێ ئایەتێکی بە ناوی”ڤەڵانتاین” تیابێ بۆ سەلماننی پەیامی خۆشەویستی تۆ بۆ بەشەرییەت……..
@ ترسانن و تۆقاننی خەڵک هەر لە مناڵیەوە بە ئاگر و جەهەنەم و دەیان میتودی تری دژە ئینسانی و ئیرهابی و جەللادیی کۆمەڵگایەک ئەهێنێتەکایەوە کە خەڵک لە ترسا دوات بکەوێ و عیبادەتت بکا کە دواجار لە ووشیاربوونەوەیا باجەکەی زۆر گەورە ئەبێ ، بڕواش ناکەم تۆ کە عەرشێکی ئەبەدیت هەیە حەز بەو باجە بکەیت..
@ئەمڕۆ لە سەرتاسەری دونیا ئەزمەی مەسکەن و نیشتەجێبوون هەیە ، بەڵکو وەک کتێب و دوا شەریعەتەکەت ڕێگە نەیا بە حەڵاڵ کردنی نۆ جار ژن هێنان چونکە ئەو هەموو ژن و مناڵە ئەزمەی مەسکەن قوڵ و سەختر ئەکا ، ئەوەنەی من بزانم تۆش هیچ کۆمپانیایەکی مەسکەن دروست کردنت نیە تا بیبەخشیتەوە بەسەر لایەنگران و پەيڕەوانی ئایینە تازەکەت..
@ لە دونیای ئەمڕۆیا ئارایشت کردن و خۆجوان کردن گرنگی یان بە جل و بەرگ وەک پیشەسازییەکی لێ هاتوە و بە ملیۆنەها خەڵکی لەسەر ئەژی ، جا جگە لە مەسەلە ئینسانیەکەی ، گەر ئابڵۆقە لەسەر ژنان لابەیت ومەسەلەی حیجاب و بەزۆر خۆ داپۆشین لە کتێب و ئاینە تازەکەت لابەیت ئەو هەموو خەڵکەی لەو بوارەیا کار ئەکەن بێ کار نابن و مەترسییەکانی بێ کاریش نایەتە کایەوە ڕەنگە بەهەزاران کەس کە لەسەر مەسەلەی ئازادی ژن لە بڕیار یان لەسەر بونیەت و شێوەی خۆی لە تۆوە دوورن نزیکایەتیەک لە نێوانتانا دروست ببێ و بیر لە لایەن گیریی کردنی ئاینە تازەکەت بکەن..
@ تەنیا تۆڵە سەنن زمان و دەقەکانی کتێبە تازەکەت نەبن ، لێبوردنێکی گشتی و دیالۆگ لەگەڵ ئەوانەی لە دوا کتێبا بە مولحید ناویان ئەبەیت ، سەرئەنجامێکی سوود بەخشی ئەبێ و بۆ یەکەم جار لەگەڵ نەیارەکانتا هەست ئەکەیت پێش بڕیار یان دیالۆگ مەترسی ناکۆکی و هێز دوور ئەخاتەوە و هاتنەکایەی دیکتاتۆریەت لاواز ئەکات…
@ لایەنگرانی هەزار و چوارسەدساڵی پیش ئێستای تۆ ، بە ناوی تۆ و بۆ مەرامی خۆیان قەتڵوعامی خەڵکیان ئەکرد ، ئەو کات تەنیا حوشتر و شمشێر و ئەنفال کردنیان هەبوو ، ئەمڕۆ چەک و سیستەمی شەڕ گۆڕاوە ، چەکی نەوەوی و زەڕە و بایۆلۆجی لە ئارایایە ، ئامۆژگاری کردنی لایەنگرانی ئاینە تازەکەت بکە کە پەنا بۆ چەک نەبەن ، ئێستا ئەوکاتەی جەزیرەی عەرەبی نیە ، شەڕی نەووەی دونیا خاپور ئەکا . عەرشەکەی تۆش لێ ی پارێزراو نابێ ، جا بۆ ئەوەی تۆش هەر لە گەورە گەورەتر بمێنیتەوە شەڕ بە ناوی تۆوە مەقەڵێکەیە و پریشکی حەوت تەبەقەکە ئەبڕێ…
…..هەر بۆ تاقی کردنەوەی ئەوانەی ئامادەن لە پێباوی تۆیا خۆیان بە کوشت ئەیەن و لەم هەزار و چوارسەد ساڵەیا هەرچی دژە ئینسانیەت هەیە قسوریان لێ نەکردوە ، وەک خۆشیان ئەڵێن بۆ گەیشتن بە بەهەشت سڵ لە هیچ ناکانەوە ، لە یادکردنەوەی ئەم هەزار و چوارسەد ساڵە لای خۆتەوە بڕیارێک دەر بکە و بڵێ :هەر شەوێک و بۆ هەر حۆریەک پەنجا لیرەی سعودی و بۆ هەر قاپێ شەرابی بەهەشت دە لیرە وەەئەگیرێت و ئەچێتە قاسەی عەرشەوە ، بزانە چەن کەس لە لایەن گیریی کردنی ئاینەکەت ئەمێنێتەوە…
زۆرم حەز ئەکرد بە جۆرێکی ڕاستە و خۆ ئەم سەرنجانەم بخستایەتە ڕوو ، بەڵام لەبەر دیار نەبوونی شوێنی تۆ ، پەنام بردە بەر عەریزە.،…
تێبینی : فیکرەی ئەم نووسینە ، نووسینێکی شاعیری ناوداری عەرەب”ئەدۆنیس”ە کە لە پەیجی خۆی “”””بڵاوی کردۆتەوە..