![گه‌ڕان به دوای سه‌ربه‌ستیدا له ڕۆمانی ژنه‌كان وڵاتییان نییه … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی گه‌ڕان به دوای سه‌ربه‌ستیدا له ڕۆمانی ژنه‌كان وڵاتییان نییه … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی](https://dengekan.info/wp-content/uploads/2020/08/Barg_AzhenAbdulxaliq-780x300.jpg)
گه‌ڕان به دوای سه‌ربه‌ستیدا له ڕۆمانی ژنه‌كان وڵاتییان نییه … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
له كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی،هه‌میشه ژن بوونه‌وه‌رێكه كه ته‌نها له خزمه‌ت تێركردكردنی زایه‌نده‌كانی پیاودایه.له دیدگای به‌شێكی زۆری پیاوی ڕۆژهه‌ڵاتیدا،ژن ته‌نها له پێناو پیاودا بوونی هه‌یه. ئه‌م ڕوانینه، به‌رهه‌می بیركردنه‌وه و ڕوانینێكی تایبه‌ته،كه بۆته به‌شێك له پاشخانی هزری زۆرێك له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه له زۆركاتدا په‌یوه‌ندی به نه‌ته‌وه و جواگرافیاو كولتووری دیاریكراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كیشه‌وه نییه. به‌ڵكو له زۆرجێگه‌دا بوونی هه‌یه. ده‌ستكاریكردنی ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته و گۆڕینی ئه‌و ڕوانینه كه‌بڕوای به سه‌ربه‌ستی و ئازادییه بێ سنووره‌كانی مێ هه‌بێت، گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی و هزری گه‌وره‌ی ده‌وێت. چونكه له دیدی ئه‌واندا،سه‌ربه‌ستی و ئازادی ژن، ده‌به‌سترێته‌وه به ده‌رچوون له نه‌ریت و سنووره‌كانی كۆمه‌ڵگه. به‌ڵام ئاخۆ سه‌ربه‌ستی ژن له ڕۆژهه‌ڵاتدا، هه‌روا به ئاسانی، بێ گرفت و شكانه‌وه وده‌ستدرێژی ده‌چێته سه‌ر؟.
ڕۆمانی(ژنه‌كان وڵاتیان نییه)چیڕۆكی ژنێك به ناوی(خه‌جێ خه‌یاڵاوی)ده‌گێڕێته‌وه.كه كوردستان جێدێڵێت و ده‌چێته نه‌رویج. ده‌سپێكی ڕۆمانه‌كه، به گه‌یشتنی خه‌جێ بۆ ئه‌وروپا ده‌ست پێ ده‌كات.به‌ڵام ئه‌مه ده‌سپێكی ڕووداوه‌كه نییه.لێره‌دا ڕۆماننووس له ڕێگه‌ی مۆنتاژی سینه‌مایی و ته‌كنیكی فلاشباكه‌وه،ڕووداوه‌كان به‌یه‌كتری ده‌به‌ستێته‌وه، ئه‌و نه‌یویستووه كۆی ڕووداوه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك هێڵی گێڕانه‌وه بگێڕێته‌وه،له سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی. چونكه ئه‌وكات نه خوێنه‌ر چێژی له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه وه‌رده‌گرت،نه‌ده‌بووه‌جێگه‌ی پرسیار‌و ڕامانیش لای. به‌ڵكو دوای ئه‌وه‌ی ده‌گاته خۆرئاوا،ئه‌و كات له ڕێگه‌ی دیمه‌نی جیاوازه‌وه، ده‌گه‌ڕێته ژیانی منداڵیی خۆی و جه‌نگ و نه‌هامه‌تییه‌كانی برسییه‌تی و ژیانی سه‌ختی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، تا به ئه‌زموونه كه‌سی و خێزانییه‌كانی خۆی ده‌گات، پاشانیش جێهێشتنی نیشتمان.
كاره‌كته‌ری ڕۆمانه‌كه، له پێناو گه‌یشتن به سه‌ربه‌ستیدا، له پێناو شه‌ڕی خود و داكۆكیكردن له به‌های بوونی خۆی وه‌ك مرۆڤێك نه‌ك ژنێك،له ململانێیه‌كی گه‌وره‌ی ژیاندایه.خه‌جێ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێك هه‌ڵبژێرێت كه خۆی ده‌یه‌وێت، نه‌ك بۆی هه‌ڵبژێرن،سه‌ره‌تا ده‌بێ هه‌موو ئه‌و ته‌وق و سندمانه بپچڕێنێت، كه ژیانی ئه‌ویان له هه‌زار لاوه به‌ستۆته‌وه. به تایبه‌تیش كه هه‌موومان ده‌زانین ژیانی ژن له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، هه‌رگیز وه‌كو ژیانی ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی تر نییه. ژن‌بوون له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، هه‌ر ته‌نها هێما نییه بۆ بوونی مرۆڤێك، به‌ڵكو شوناسێكی گه‌وره‌تری هه‌یه،كه ئه‌ویش خۆی له شوناسی خێزان و بنه‌ماڵه به‌رجه‌سته ده‌كات. به‌و مانایه‌ی، مۆڕالی ژن،هه‌ر ته‌نها مۆڕالی خۆی نییه،به‌ڵكو مۆڕالی هه‌موو ئه‌وانه‌یه،كه له‌ڕووی خوێن و نه‌ژاده‌وه ده‌چنه‌وه سه‌ری.بۆیه پارێزگاریكردن له‌و مۆڕاڵه، پارێزگاریكردنه له‌و شوناسه. ئه‌م شوناسه چۆن ده‌پارێزرێت؟بێگومان به سنوورداركردن و دیاریكردنی مه‌وداكانی ئازادی ژن له‌و چوارچێوه ئه‌قڵی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه بۆی ده‌كێشرێت.بۆئه‌وه‌ی ژنیش بتوانێت سنووری ئه‌و سه‌ربه‌ستییه ده‌ستكرد و نه‌خشێنراو و كۆنكریتییه ببڕێت، ده‌بێ یاخی بێت و به گژ هه‌موو شتێك دابێته‌وه،كه بوونه‌ته نۆڕمی كۆمه‌ڵگه. لێره‌وه‌ش خه‌جێی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه، یاخی ده‌بێت و پشت له هه‌موو شتێك ده‌كات.
سه‌ره‌تای ئه‌و یاخیبوونه، به جێهێشتنی ماڵ ده‌ست پێ ده‌كات. بێگومان له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، ماڵ به مانای شوناسی ژن و ژیانی بچووك كراوه‌ی ژن.ته‌نانه‌ت زۆرجار ده‌گوترێت:(ژنێك بینه باببیته ماڵ). ئه‌م ده‌ربڕینه، خۆی له خۆیدا، به‌رجه‌سته كردنی شوناسی ژنه له ئاستی بووندا. ماڵ بۆ ژن، هه‌ر ته‌نها ڕووبه‌رێكی بچووك كراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و فیزیكی نییه، به‌ڵكو هێمایه‌كیشه، بۆ سنوورداركردنی سه‌ربه‌ستی ئافرت.بۆیه‌شه ده‌بینین، ژن و ماڵ ته‌واو كه‌ری یه‌كترین و به داخه‌وه به‌شێكی زۆری ژنانیش، وه‌ها بیرده‌كه‌نه‌وه.ماڵ پیرۆزییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی هه‌یه بۆڕه‌گه‌زی مێ، جێهێشتنی ماڵ، گه‌وره‌ترین لادان وناپاكی و هه‌ڵه‌یه، كه ژنێك پێی هه‌ڵبستێت. ده‌رچوون له ماڵ،واتا ده‌رچوون له هه‌موو ئه‌و به‌ها خێزانی و مۆڕالی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی، كه دواجار مانایه‌ك و به‌هایه‌ك به بوونی ئه‌و خێزانه ده‌ده‌ن له ئاست ئه‌وانیتر. لێره‌وه‌ش كاتێ ده‌بینین ژنێك به ئاره‌زووی خۆی له‌گه‌ڵ پیاوێك ده‌ڕوات و ماڵ جێدێڵێت، ئیدی ته‌نها سڕینه‌وه و كوشتنی ژنه‌كه، ئه‌و مانا و به‌هایه بۆ خێزان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
بۆیه گه‌ڕان به دوای سه‌ربه‌ستی له كۆمه‌ڵگه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا بۆ ژن، هه‌ر ته‌نها داماڵینی فۆڕمێكی دیاریكراو و یاخیبوون نییه له ئاست شتێك، به‌ڵكو هاتنه‌وه‌یه به‌گژ هاوسه‌ر، ماڵ، خێزان و كۆمه‌ڵگه، كه ڕه‌نگه دواجار باجه‌كه‌ی خوێنیش بێت. خه‌جێ ده‌زانێت سه‌ره‌تای ئه‌و هه‌نگاوه، به جێهێشتنی ماڵ ده‌بێت، بۆیه كاتێ له نێوان ڕق و تووڕه‌یی دایك و خوشكه‌كانی و غه‌زه‌ب و شه‌هامه‌تی پیاوانه‌ی براكانی ماڵ جێدێڵێت، ده‌زانێت ئه‌مه كۆتایی هه‌موو شتێك نییه،به‌ڵكو ده‌سپێكی گه‌ڕانه به دوای سه‌ربه‌ستییه‌ك كه پێویست ده‌كات له‌گه‌ڵیدا كۆمه‌ڵگه و نیشتمانیش جێبێڵێت.بۆیه له‌دوای جێهێشتنی چوار دیواری ماڵ، سنوورێكی گه‌وره‌تر ده‌بڕێت، كه ئه‌ویش سنووری كۆمه‌ڵگه و جوگرافیایه.له‌وێوه‌ش ده‌ڕواته ئه‌وروپاو له نه‌رویج ده‌گیرسێته‌وه. به‌ڵام ئایا خه‌جێ خه‌یاڵاوی به گه‌یشتنی بۆ نه‌رویج،ئیدی هه‌موو خه‌ونه‌كانی هاتنه دی و گه‌یشته ئه‌و خۆشبه‌ختییه‌ی خۆی ده‌یویست؟یه‌كێك له‌و وێنانه‌ی له‌و ڕۆمانه‌دا، ئه‌ژین به‌زمانێكی ساده، به‌ڵام به قووڵایه‌كی فیكرییه‌وه كاری له‌سه‌ر ده‌كات،هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ئه‌و وێنه ئه‌بستراكت و به‌هه‌شتیه‌یه بۆ خۆرئاوا كه له هزری زۆرێك له مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی و كوردیش وه‌ك به‌شێك له‌و جوگرافیایه بوونی هه‌یه.وێنه‌یه‌ك كه خۆرئاوا یه‌كسان ده‌كات به به‌هه‌شت و نرخ و به‌هایه‌كی هێنده گه‌وره و ئایدیالی پێ ده‌دات، كه هیچ ناشرینی و خه‌وشێك له‌خۆناگرێت.خۆر ئاوا به گشتی له دنیابینی به‌شێكی زۆری مرۆڤی كورددا،به‌هه‌شتێكی بونیادنراوه له سه‌ر زه‌وی كه بوون و ژیان تیایدا بێ گرفت و كێشه‌ن.ئه‌م وێنه جوان و خه‌یاڵییه تا ئه‌و شوێنه بردهكهن، كه‌نابنه به‌شێك له واقیع و ژیانی كردارییانه له خۆرئاوادا.هه‌ر كاتێك ئه‌و وێنه روئیا كراوه،له‌خه‌یاڵه‌وه بووه واقیع، ئیدی مرۆڤ هه‌ست ده‌كات، شتێكی جیاوازتر هه‌یه له‌وه‌ی كه پێشبینی ده‌كرد. خه‌جێ خه‌یاڵاوی، ئه‌گه‌رچی تووڕه‌یه له ماڵ، له نیشتمان، له هه‌موو بوونێكی نێو ئه‌و جوگرافیایه‌ی ناسنامه‌ی ئه‌و پێكدێنن، به‌ڵام له یه‌كه‌مین چركه‌ی گه‌یشتنی به نه‌رویج، هه‌ست ده‌كات كه ئه‌ویش به‌ر وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی جیاواز و پارادۆكس ده‌كه‌وێت له وه‌ی كه خه‌ونی پێوه ده‌دیت.له خۆرئاواشدا،له نه‌رویجی سه‌هۆڵبه‌ندانیشدا، خه‌جێ هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌یه كه له‌نیشتمان بوونی هه‌بوو،به‌ڵام به به‌ریه‌ككه‌وتنی جیاواز.له میانه‌ی ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌دا،ڕۆماننووس گومان ده‌خاته سه‌ربه‌شێكی ئه‌وچه‌مكانه‌ی، كه‌هه‌میشه وه‌ك سیمایه‌كی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و سه‌ربه‌ستی،ده‌درێنه پاڵ خۆرئاوا. خه‌جێ به‌شێك له‌و به‌هه‌شته خه‌یاڵییه، پووچهَل ده‌كاته‌وه كه هه‌مووان خه‌ونی پێوه ده‌بینن. ئه‌ویش كاتێ خۆی وه‌ك تارمایه‌ك له نێوان ئه‌و هه‌موو مرۆڤانه دێته به‌رچاو.ئه‌و له شه‌قامدا هه‌زاره‌ها ئاژه‌ڵدۆست وژینگه دۆست مرۆڤی جیاواز ده‌بینێت، به‌ڵام هه‌مووان دواجار خه‌جێ وه‌ك تارمایه‌ك ده‌بینن و به‌لایدا ڕه‌ت ده‌بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر مرۆڤیش نه‌بێت. ئه‌وه‌ی لێره‌دا به‌هایه‌ك به‌بوونی ئه‌و ده‌دات ئیقامه‌یه.واتا نااسنامه‌یه‌كی بچووك، كه به هۆیه و پێگه‌یه‌ك ده‌داته هه‌بوونی ئه‌و له‌وێدا.خه‌جێ بڕوای وابوو به جێهێشتنی نیشتمان، له سه‌ربه‌ستییه‌كی سنوورداره‌وه ده‌په‌ڕێته‌وه سه‌ربه‌ستییه‌كی بێ سنوور،به‌ڵام ئه‌م سه‌ربه‌ستییه ته‌نها بۆ ئه‌وانه مانای هه‌یه، كه به‌شێكن له بوونی ئه‌و نیشتمانه و ئه‌و ناسنامه‌یه.كه خه‌جێ نیشتمانی خۆی جێدێڵێت،له پێناوی ئه‌وه نییه كه نه‌رویج ده‌كاته نیشتمانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی، یاخود ئه‌و جێهێشتنه، گۆڕینی سنوورێك نییه به سنوورێكی دیكه، به‌ڵكو هه‌وڵدانه بۆ تێكشكاندنی هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی ئازادی ئه‌و وه‌ك مرۆڤێك ودواتریش وه‌ك ژنێك سنووردار ده‌كه‌ن.ئه‌و دژی ئه‌و سنوورداركردنه ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زیی و نیشتمانیه‌یه،كه هه‌یه.
به‌بڕوای خه‌جێ، نابێ هیچ سنوورێك بۆ مرۆڤ له هه‌ركوێیه‌كی ئه‌م دنیایه بێت، بوونی هه‌بێت. نه‌بوونی سنوور بۆ سه‌ربه‌ستی مرۆڤ، به‌و مانایه نییه كه چیت ده‌وێ بیكه‌یت، وه‌ك ئه‌وه‌ی بوونی ژنێكی سه‌ربه‌ست له ئه‌وروپا به به‌ڕه‌لایی ده‌زانین و دایكی خه‌جێش به تووڕه‌ییه‌وه له ته‌له‌فۆن به‌و ده‌ڵێت:(تۆبه ته‌نیا له ئه‌وروپا چ ده‌كه‌یت).بهڵكوخهجێ نایه‌وێت دواجاربوونی ئه‌و وه‌ك مرۆڤێك بچووك بكرێته‌وه له ناسنامه.لێره‌وه‌ش ئه‌و بۆچوونه‌ی ڕۆسۆمان بیر دێته‌وه كه جه‌خت له‌سه‌ر له دایكبوونی مرۆڤ به سه‌ربه‌ستی ده‌كاته‌وه، به‌ڵام دواتر ژیان ئه‌وسه‌ربه‌ستییه‌ی له قاڵب ده‌دات. خه‌جێ كه ده‌گاته نه‌رویج، وا هه‌ستده‌كات ئیدی ئه‌و وه‌ك مرۆڤێك سه‌ربه‌سته،چونكه هه‌میشه ئه‌وروپا وه‌ك هێمای سه‌ربه‌ستی و ئازادی ده‌بینین،به‌ڵام له‌وێش ناچاره به ڕه‌شی بژیت و به ڕه‌شی كار بكات و به ڕه‌شیش بخه‌وێت.بوونی خه‌جێ له‌وێ به‌ستراوه‌ته‌وه به بوونی پارچه كاغه‌زێكی مردوو، كه ته‌نها ڕێگه‌ی پێ بدات وه‌ك مرۆڤ بژیت.
ئه‌م پارچه كاغه‌زه ده‌بێته مایه‌ی پرسیارێكی قوۆل بۆخه‌جێ،كه چۆن ده‌بێت له‌و ئه‌وروپایه‌ی به‌لانكه‌ی هاووڵاتیبوون و ئازادی ده‌ناسرێت، مرۆڤێك له چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنی ئه‌م پارچه كاغه‌زه، كه مافی نیشته‌جێبوونی پێ ده‌دات، له چاوه‌ڕوانیدا ڕۆژه‌كان به یه‌كتری بسپێرێت.مه‌گه‌ر لێره‌ش سنوورێك بۆسهربهستییهكانی مرۆڤ هه‌یه؟ئه‌گه‌رهه‌یه دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌جێ له وڵات چ مانایه‌كی ده‌بێت؟له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ونی خه‌جێ گۆڕینه‌وه‌ی شوێنه‌كان و سنووره‌كان نییه به یه‌كتری، به‌ڵكو گه‌ڕانه به دوای سه‌ربه‌ستیدا. سه‌ربه‌ستییه‌ك كه مرۆڤ له ژێر هیچ پاساوێكه‌وه دیل نه‌كات.
ئه‌گه‌ر خه‌جێ له كوردستاندا له به‌ر سته‌می پیاوسالاریی ونه‌بوونی ئازادی بۆ ژیانی خۆی و توانجه‌كانی كۆمه‌ڵگه، هه‌ستی به سه‌ربه‌ستی نه‌كردبێت، ئه‌وا له نه‌رویجیش له به‌ر نه‌بوونی مافی مانه‌وه، ئه‌و سه‌ربه‌ستییه‌ی نییه كه خۆی به دوایدا وێڵه.به‌ڵكو له‌وێش جۆرێكی دیكه‌ی سنوور هه‌یه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی دیكه و به‌پاساوێكی دیكه.كه ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و جێی پرسیار‌و ڕامانه.ئه‌و دواجار دڵی به وه‌رگرتنی ئیقامه خۆش ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ست ده‌كات هه‌مان خه‌جێی جارانه و هیچ شتێك نه‌گۆڕاوه.بگره بۆته ڕۆبۆتێكیش.لێره‌دا ده‌مه‌وێت وه‌ك خوێنه‌رێك له سه‌ر به‌ریه‌ككه‌وتنی خه‌جێ، وه‌ك كاره‌كته‌رێكی كورد و ڕۆژهه‌ڵاتی، هاوكات ژنێكی بوێر‌و سه‌ربه‌ست و ئازادیش،به نه‌رویج و خۆرئاوا به‌گشتی بوه‌ستم.بێگومان به‌ریه‌ككه‌وتنی خه‌جێ به خۆرئاوا،به‌ریه‌ككه‌وتنێكی جوگرافی و كولتووریی و ژینگه‌یی نییه، كه سه‌ره‌نجام به غه‌ریبییه‌كی گه‌وره و كوشنده كۆتایی دێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌شێكی زۆری ڕۆمانی كوردی و مرۆڤی كوردی ئاواره‌بوو به‌گشتی ده‌یبینین.ئه‌م به‌ركه‌وتنه، به‌ركه‌وتنێكی ڕوحی و مرۆڤانه‌یه.
ئه‌ژینی نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه،هێنده‌ی مه‌به‌ستیه‌تی وه‌ك سۆسیۆلۆژستێك،له سه‌ر ڕه‌هه‌ندی ڕوحی مرۆڤی خۆرئاوایی بوه‌ستێت،هێنده جوانی و داهێنان و ژیارییه‌كانی نه‌رویجی به‌لاوه گرنگ نییه. گه‌رچی له هه‌ندێ شوێنی ڕۆمانه‌كه‌شیدا، وه‌سفی ئه‌و جوانیانه ده‌كات.ڕۆماننووس مه‌به‌ستیه‌تی، له سهرهزرو قووڵایی ده‌روونی مرۆڤه‌كان بوه‌ستێت،جا چ مرۆڤی كورد بێت، یان خۆر ئاوایی.بۆنموونه:كاتێ وه‌سفی ماڵی خاڵ و خاڵۆژنی ده‌كات،ده‌ڵێت:(له شوێنێكی به‌رزو جوانی سه‌رشاخێك بوو). ئه‌م جوانییه دیكۆریی و ڕاگوزه‌رییه،بۆ خه‌جێ نه ده‌بێته جێگه‌ی پرسیار،نه سه‌رنجیشی ڕائه‌كێشیت،به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و ده‌بێته جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته كردن، په‌یوه‌ندی خاڵ و خاڵۆژنی وه‌ك دوو مرۆڤی كورد و كه‌شی ڕۆژهه‌ڵاتییانه‌ی نێو ماڵه‌كه‌یه، دوای ژیانكردنیان بۆ ماوه‌ی بیست ساڵ له‌و وڵاته. كه پڕه له ده‌مه‌قاڵێ و نه‌بوونی سه‌ربه‌ستی و شكانه‌وه‌ی یه‌كتری.ئه‌ژین لێره‌دا، ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نێت،كه چۆن به‌شێك له مرۆڤه‌كان،وێرای ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵ به ژیان و كولتووری خۆرئاوایانه‌ش ده‌بن،به‌ڵام هێشتا ناتوانن، ببنه مرۆڤی ئه‌وكۆمه‌ڵگه‌یه. ئه‌و ناراسته‌وخۆ ڕه‌خنه له ئه‌قڵی پیاو سالاریی به‌شێك له پیاوی كورد ده‌گرێت،كه پێی گۆشكراوه و زه‌مه‌ن و شوێن و جوگرافیای جیاواز، ناتوانن بیگۆڕن و بیسڕنه‌وه, بۆیه كاتێ هه‌ست ده‌كات كه‌شی ئه‌و ماڵه هه‌مان ئه‌و فه‌زایه‌یه كه ئه‌و لێی هه‌ڵاتووه، ئیدی ئه‌وێ جێدێڵێت و له‌گه‌ڵ هه‌وری كوڕی ده‌چێته ئاپارتمانێك و به ته‌نها ده‌ژی. له‌لایه‌كی دیكه‌وه خه‌جێ له‌به‌ركه‌وتنی به‌و وڵاته، مرۆڤی خۆر ئاوایی ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، كه هه‌میشه ئه‌وێ وه‌ك هێمایه‌ك بۆ مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی ده‌بینرێت، كه‌چی كاتێ ئه‌و ژیانه له‌وێ ئه‌زموون ده‌كه‌ی، ئه‌م واقیعه پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه.واتا ئه‌وێش نابێته شوێنێك بۆ ژیانێك كه ئه‌ژین له ڕۆمانه‌كه‌یدا به دوایدا ده‌گه‌ڕێت.
بۆنموونه: ئه‌وانه‌ی بڕوانامه‌ی به‌رزی یاسایان هه‌یه، چونكه به ڕه‌گه‌ز هاووڵاتی ئه‌و وڵاته نین،ئیدی ده‌بێ توالێته‌كان پاك بكه‌نه‌وه.سه‌ربه‌ستی و بوونی مرۆڤیش ده‌به‌سرێته‌وه به‌وه‌ی كه تۆ زمانی دایكت نه‌رویجییه یان زمانی دووه‌مه.به‌مه‌ش ڕۆماننووس ئه‌و به‌رواردكارییه كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیارییه ده‌كات و دواتریش ده‌پرسێت، مرۆڤ له كوێوه‌ی ئهوجیهانهوهیه؟ ئه‌گه‌ر له كوردستان خه‌جێ ئازادی نه‌بێت، ئه‌وا له نه‌رویجیش بوونی له پارچه كاغه‌زێك ده‌بینرێت،واتا به جۆرێك له جۆره‌كان له‌وێش ئازاد نییه،ئه‌گه‌رخه‌جێ له كوردستاندا،له‌به‌ریه‌ككه‌وتن دابێت له‌گه‌ڵ نه‌بوونی سه‌ربه‌ستی و نۆڕمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وئه‌قڵیه‌تی په‌تریاكی، ئه‌وا له نه‌رویجیش له ڕووی ڕوحییه‌وه له به‌ریه‌ككه‌وتندایه له‌گه‌ڵ مرۆڤگه‌لێكی جیاواز. سه‌ره‌نجام خه‌جێ له نێوان كوردستان و نه‌رویج دۆش دا ئه‌مێنێت،به‌ڵام نه‌گه‌یشتۆته كۆتایی پرسیاره‌كانی.لێره‌وه‌ش ئه‌و خوێنه‌ره‌ی پێی وایه كۆتایی ڕۆمانه‌كه كۆتاییه‌كی لاوازه، یاخود بۆ خوێنه‌ر جێی سه‌رنج نییه، به بڕوای من له ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ڕۆمانه نه‌گه‌یشتووه.چونكه هه‌ر خوێنه‌رێك به وردی ڕۆمانه‌كه بخوێنێته‌وه، ده‌زانێت ئه‌وه‌ی كۆتایی دێت،ڕۆمانه‌كه‌یه نه‌ك ڕووداوه‌كان. ئه‌م ڕۆمانه كۆتاییه‌كی كراوه‌ی هه‌یه، كه ڕه‌نگه ڕۆماننووس مه‌به‌ستی بێت، درێژه به ڕووداوه‌كان بدات، چونكه خودی ڕووداوه‌كان به‌و پرسیاره كۆتایی پێ دێنێت كاتێ ده‌ڵێت:(ژنه‌كان وڵاتییان نییه، كێ وڵاتی هه‌یه).بۆیه ڕۆماننووس مه‌به‌ستیه‌تی به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا بچێت.
پرسێكی دیكه‌ی نێو ڕۆمانه‌كه كه ده‌مه‌وێت له سه‌ری بوه‌ستم، پرسی خێزان و هاوسه‌رگیرییه كه له ڕۆمانه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێ ده‌كرێت. بێگومان له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا،هاوسه‌رگیری ئه‌وپه‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانیی و په‌روه‌رده‌یه‌یه، كه تیایدا پیاو ده‌بێت به سه‌نته‌ر. ئه‌م په‌یوه‌ندییه هه‌میشه به جۆرێك دروست ده‌بێت، كه هه‌ر دووهاوژین،به تایبه‌تیش پیاوان ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستییانه‌ژن بوونێكی هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت، ئه‌وه‌نده یه‌كتریان ناوێت وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌نه. به ده‌ربڕینێكی تر، پیاو یاخود به‌شێكی زۆر له ژنان، وا بیرده‌كه‌نه‌وه هاوسه‌رگیری یانی موڵكداریه‌تیكردنی یه‌كێكییان، كه ژن ده‌بێته موڵكی پیاو، ئیدی ئه‌و بڕیار له سه‌ر چاره‌نووسی مرۆڤێكی دیكه ده‌دات كه هاوتای خۆیه‌تی و له په‌یوه‌ندییه‌كی خێزانیدایه له‌گه‌ڵی. ئه‌ژین له بنه‌ڕه‌تدا، دژی ئه‌وه‌یه هاوسه‌رگیریی ببێته مایه‌ی زه‌وتكردنی سه‌ربه‌ستی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر چی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، ڕوانینێكی نێگه‌تیف هه‌یه بۆ ئه‌و سه‌ربه‌ستییه.
له ڕوانگه‌ی خه‌جێی كاره‌كته‌ری ڕۆمانه‌كه، سێكس هه‌ر ته‌نها،به‌ریه‌ككه‌وتن و ئاوێته بوونی دوو جه‌سته نییه، جه‌سته‌ی ژن كاڵانێك نییه، ته‌نها بۆ شمشێری پیاو، به‌ڵكو له به‌رای هه‌موو ئه‌مانه‌دا، ئاوێته بوونی دوو ڕوحه. هه‌ر كاتێك ئه‌و دوو ڕوحه له یه‌كتری ترازان، شتێك نامێنێته‌وه به ناوی په‌یوه‌ندی هاوسه‌رگیریی و خێزانی.خه‌جێ چونكه به‌رله‌وه‌ی جه‌سته‌ی له هاوسه‌ری پێشووی جیابێته‌وه، ڕوحی لێ جیابۆته‌وه، ئیدی كاتێ كرداری سێكسی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له پڕمه‌ی گریان ده‌دات، چونكه خۆی وه‌ك داگیركراوێك و هاوسه‌ره‌كه‌شی وه‌ك داكیركه‌رێك ده‌بینێت. خه‌جێ ده‌یه‌وێت له به‌رای هه‌موو شتێك‌دا،سه‌ربه‌ستی هه‌بێت.هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ك به زه‌وتكردنی ئازادی و سه‌ربه‌ستی مرۆڤ كۆتایی بێت، دواجار زیندانیكردنێكی دیكه‌یه. بۆیه ئه‌و شه‌وه‌ی خه‌جێ په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی له ڕووی جه‌سته‌یی وغه‌ریزه‌ییه‌وه كۆتایی پێ دێنێت، خۆی ده‌ڵێت:_((كه ئه‌و شه‌وه زۆر ئاسووده بووه)). لێره‌وه‌ش ده‌بینین،كاتێ خه‌جێ په‌یوه‌ندی له گهلًَ سبه‌ستیانی هاوماڵی ده‌به‌ستێت و ئه‌ویش داوای لێ ده‌كات كهمنداڵییان هه‌بێت، خه‌جی به توندی ئه‌و داوایه‌ی ئه‌ویش ڕه‌ت ده‌كاته‌وه.
چونكه له ڕوانگه‌ی ئه‌و،ژن ئه‌و فابریكایه نییه كه ته‌نها ئه‌ركی منداڵ خستنه‌وه بێت، یاخود په‌یوه‌ندی هاوسه‌ریی و هاوژینی، ببێته ئه‌ڵقه‌یه‌ك بۆ به‌ستنه‌وه و زه‌وتكردنی سه‌ربه‌ستی مرۆڤ. بۆیه خواست و كێشه‌ی خه‌جێ ئه‌وه نییه، كه له ئه‌وروپا به دوای حه‌زه‌كانی كه‌وتبێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی دایكی وا تێگه‌یشتووه وپێی وایه كچه‌كه‌ی به ته‌نیا له نه‌رویج چ كارێكی هه‌یه،چونكه نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێت، ته‌نانه‌ت له ئه‌وروپاش جه‌سته‌ی ژن، په‌یوه‌ندی به سه‌ربه‌ستی خۆیه‌وه‌ی هه‌یه و هیچ پیاوێك ناتوانێت دوور له‌خواستی ئه‌و،له په‌یوه‌ندی سێكسی و هاوماڵی دابێت له‌گه‌ڵ ژن‌دا.مه‌به‌ستی خه‌حێ لێره‌دا،جه‌خت كردنه‌وه‌یه له‌وه‌ی نابێ جه‌سته‌ی ئافره‌ت وه‌ك قهدهخهكراوێك ببینین و هه‌میشه‌وه‌ك هێمای مۆڕالی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی ته‌ماشای بكه‌ین.كاتێ سبه‌ستیان، به جه‌سته‌یه‌كی ڕووت و قووته‌وه له گه‌ڵ خه‌جێ داده‌نیشێت و هیچ شه‌رمێكیش دایناگرێت، مانای وایه، جه‌سته لای ئه‌وان، هیچ به هایه‌كی نییه.بۆیه خه‌جێ به‌م دیمه‌نه شۆك ده‌بێت و جارێكی دیكه، پیاوبوونی وه‌ك چه‌مكێك دێته‌وه به‌رچاو، كه زۆر جار له ڕیش و سمیڵی زل ده‌بینرێت وكورت ده‌كرێته‌وه.دواجار ده‌ڵێم، له نێوان نه‌رویج و كوردستاندا، خه‌جێی خه‌یاڵاوی دێت و ده‌چێت،دۆش دائه‌مێنێت و ده‌كه‌وێته گومان و پرسیاری قووڵه‌وه،نه‌ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه كوردستان،نه له‌وێش هه‌ڵده‌كات، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه، ناتوانن كه‌سیه‌تی خه‌جێی بوێر‌و ئازا‌و سه‌ربه‌ست، وه‌ك ژنێكی ڕۆژهه‌ڵاتی و كورد بڕووخێنن. به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه مرۆڤ و ژیانی خۆرئاوایانه ده‌خاته ژێر پرسیار‌و گومانكردنه‌وه. گومانكردنێك كه دواجار ئه‌و پرسیاره دروست ده‌كات كه ئایا تاكی خۆر ئاوایی و ئه‌وروپاش به‌گشتی، برێفێكت و ئاسووده و بێ كێشه‌ن؟ ئایا ژیان له‌وێ، مانای وایه مرۆڤ له به‌هه‌شت ده‌ژی؟ یان ئه‌وێش به جۆرێك له جۆره‌كان،مرۆڤ گیرۆده‌ی چه‌ندین نۆڕم وكێشه‌ی دیكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی ده‌كات.به بڕوای خه‌جێ، ئه‌گه‌ر ڕۆهه‌ڵات له دیدی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانه‌وه، هێما بێت بۆ دۆزه‌خێك، ئه‌وا به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕۆژئاواش ئه‌و به‌هه‌شته نییه كه ئه‌وان بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه.سه‌ره‌نجام گه‌ڕانی خه‌جێ به‌رده‌وام ده‌بێت به دوای سه‌ربه‌ستیدا.سه‌ربه‌ستییه‌ك كه سنوور و جوگرافییا و ناسنامه و نیشتمانه‌كان ناناسێت، به‌ڵكو سه‌ربه‌ستییه‌كی گه‌ردوونییه.
گه‌ڕانی خه‌جێ، گه‌ڕانه به دوای ژیانێك كه خۆی ده‌یه‌وێت، نه‌ك ژیانێك كه ژیان به سه‌ریدا ئه‌سه‌پێنێت. بۆیه نه له كوردستان و نه له خۆر ئاواش هه‌ست به بوون و سه‌ربه‌ستی و ژیان ناكات. ڕۆمانی ژنه‌كان وڵاتییان نییه، چه‌ند جوان و به چێژ‌و پڕئازاره، ئه‌وه‌نده‌ش هێمایه بۆ لێهاتوویی و بوێری ژنی كورد له بواری نووسینی ڕۆماندا. ژنه‌كان وڵاتییان نییه،شایه‌نی ئه‌وه‌یه هه‌مووان و به‌تایبه‌تیش ژنان بیخوێننه‌وه.بۆئه‌وه‌ی لێیه‌وه فێری بوێری و سه‌ربه‌ستی و ئه‌زموونه‌كانی ژیان بن، نه‌ك ته‌نها پێیان وابێت ژن كاره‌كته‌ری چێشتخانه‌یه و ده‌بێ له تیڤییه‌كاندا، بۆ خه‌ڵك خۆشترین خواردن ئاماده بكات. ئه‌م ئه‌قڵ و دنیابینییه، له‌گه‌ڵ ئه‌قڵ و دنیابینی ئه‌ژین وه‌ك ژنێك نه‌ك هه‌ر به‌راورد ناكرێت،به‌ڵكو جێی به‌زه‌ییشه. دواجار ده‌ستخۆشانه له نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه ده‌كه‌م و هیوادارم ڕۆمانی دیكه‌ی جوانتر بنووسێت…
*په‌راوێز: ژنه‌كان وڵاتییان نییه، بابه‌ت: ڕۆمان،نووسینی:ئه‌ژین عه‌بدولخاڵق، بڵاوكراوه‌ی: ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ڕه‌هه‌ند_2020