Skip to Content

وتووێژی نامق هەورامی لەگەل فاتح شیخ

وتووێژی نامق هەورامی لەگەل فاتح شیخ

Closed
by ئه‌یلول 2, 2017 General, Opinion

لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق
ئه‌م وتووێژه مانگی یەکی ٢٠٠٧ ساز کراوە و مانگی مارسی ٢٠٠٧ له گۆفاری هه‌رێم لە هەولێر چاپ کراوە (زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر). ئێستا که ته‌نگوچڵەمە‌یه‌کی نوێ له نێوان کۆمه‌ڵگای کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی به‌غدادا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه، به موناسیبی ئه‌زانم جارێکی تر بڵاو بێته‌وه.
فاتح شێخ
١/٩/٢٠١٧
…..

وتووێژی نامق هەورامی لەگەل فاتح شیخ
لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق
(مارسی ٢٠٠٧ لە رۆژنامەی هەرێم لە هەولێر چاپ کراوە)
فاتح شیخ ناوێکی دیاری نێو بزووتنەوەی چەپى ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە و خودان بیروبۆچوونی تایبەتە لەمەڕ ڕووداوە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوین. فاتح سەرەتا بە شیعر دەستی پێکردوە بە ناوی (چاوە) زۆرێک لە شیعرەکانی کراونەتە سروود بەڵام وەک خۆی دەڵێت: خۆشبەختانە زوو وازم لێهێناوە. ساڵانێک لە نێو حزبی کۆمۆنیستی کارگەریی ئێران (کۆمەڵە) چالاکی نواندووە، ئێستاش بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کارگەریی (حیکمەتیستە). بۆ گفتوگۆ لەمەڕ ڕووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەى ئەمڕۆ لە عێراق ڕوو دەدات ئەم دیمانەیەم لەگەل بەڕێزیاندا ساز کرد.
نامق هەورامی
namqhawramy@hotmail.com

)ئەم دیمانەیە مانگی یەکی ٢٠٠٧ ساز کراوە و مانگی مارسی ٢٠٠٧ لە ڕۆژنامەی هەرێم لە هەولێر لە چاپ دراوە(

***

پرسیار/ ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستا سیاسەتی سەربازی لەبری هێزی دیبلۆماسییەت بەکار دێنێت، ئێستە ئەوە بوەتە قەیرانێکی گەورە بۆ ئەمریکا وبەرەو فەشەلی دەبات، پێشتر جەنەراڵێکی سەربازی وەک کۆڵن پاوەڵ و ئێستاش خانمێکی وەک کۆندالیزا رایس، کە زۆرتر میلیتاریانە بیر دەکاتەوە نەک وەک دیبلۆماتکارێک، ئەمەش فاکتەرێکی گرنگی ئەو قەیرانەیە کە ئەمریکای تێکەوتووە، هێزی دیبلۆماسی یان دیبلۆماسیەتی هێز؟ کامیان بەکەڵکی ئەمریکا دێن لەم بارودۆخەدا هەڵیان بژێرێت؟

فاتح شێخ:

قەیران و بەرەوفەشەلچوونی ستراتێژی میلیتاریستی ئەمریکا لە عێراق، ڕاستیەکی ئاشکرایە کە عالەم باسی دەکات. شکستی سەرۆک بووش و حیزبەکەی لە هەڵبژاردندا، ئاکامی فەشەلیان لە عێراقدا بوو. دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، بە ئیدارە و بە کۆمارخواز و دێمۆکراتەوە، بە دوای ڕێگایەکدا بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە وێڵن و هێشتاش لەسەر شتێکی ڕوون ساغ نەبوونەتەوە. گرووپی بەیکر- هەمیڵتن و ڕاپۆرتەکەی بەڵگەیەکی ئاشکرای ئەم فەشەلهێنانەیە و هاوکات هەوڵدانێکە بۆ چارەسەر کردنی. بەڵام ڕاپۆرتی بەیکر- هەمیڵتن، لەجیاتی ڕێ نیشاندەر بێ، خۆی بوەتە سەربار و سەرێشەی زیاتر و قەیرانەکەی قووڵتر کردوەتەوە. بە شوێن بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتەدا سەرلێشێواوییەک بە زەقی بە ڕوخساری ڕابەری سیاسی ئەمریکا و هاوپەیمانانیەوە دیارە. ناتوانن دوو هەنگاو ئەولاتری بەر پێی ئێستایان ببینن. باریان وەها لێ ئاڵۆزاوە کە بووش تەرجیحی دا لایەنی ئێحتیات بەر نەدات و ڕاگەیاندنی “ستراتێژی نوێ”ی خۆی بۆ عێراق، تا دوای پشووی سەری سال و دەسبەکار بوونی دێمۆکراتە سەرکەوتوەکان دوا بخات. ئەو “ستراتێژی نوێ”یەش کە سەرەنجام ڕایگەیاند، بە پێچەوانەی عینوانەکەی، لە ئاستی ئاڵوگۆڕێکی ستراتێژیکدا نیە، کۆمەڵێک قەرارات و ئیجرائات و ئیتیجاهاتە لە چوارچێوەی هەمان ستراتێژی میلیتاریستی کۆنی فاشیلدا لەگەل چەن خاڵێک لە راسپاردەکانی گرووپی بەیکر- هەمیڵتن وەک گۆڕینی دەستوور و ئیهمالی فیدراڵی و شتی تر کە دواتر دێمەوە سەر باسیان.
فەشەلهێنان و سەرلێشێواوی گشتگری ئەمریکا و هاوپەیمانانی، بۆشاییەکی لە ئاستی سیاسەتی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێکهێناوە و بواری بۆ زۆرێک ڕەوت و لایەنی جۆراوجۆر کردوەتەوە کە ئەڵتەرنەتیڤی خۆیان بێننە مەیدان و هێزی پێ کۆ بکەنەوە. بەمەش لە ئاکامدا کێشەکان بەرینتر و قووڵتر دەبنەوە.

لە ئاستی جیهاندا یەکیەتی ئۆرووپا، لە ئێستادا بەتایبەت تەوەری فەرەنسا – ئیتالیا – ئەسپانیا، هەروەها ڕووسیا و چین خەریکن خەتی خۆیان لە مەداری ستراتیژی ئەمریکا دوورتر دەخەنەوە و هەول دەدەن بۆشایی حاسل لە قەیرانی ستراتێژی ئەمریکا پڕ بکەنەوە. جگە لە جموجووڵی تازەی فەرەنسا و ئیتالیا لە لوبنان و فەلەستین، بووش پێشنیاری ئانجێلا مێرکل سەرۆک وەزیری ئەڵمانیای بۆ دەسبەکار کردنەوەی لوجنەی چوارلایەنەی ئەمریکا، ئۆرووپا، ڕووسیا، UN لەسەر کێشەی فەلەستینی قبوول کرد. ئەوێک کە چوار ساڵە بە خەیاڵە یەکلایەنە پڕۆژەی “ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستی گەورە”! بەرێتە پێش، ئێستا ناچارە ئۆرووپا و ڕووسیا لە کێشەی فەلەستیندا بەشدار بکات و هەرچەن هێشتا بەشدار کردنیانی لە کێشەی لوبنان و عێراقدا ڕەت کردوەتەوە بەڵام دواتر لەوانەیە ناچار بێ ئەوەش قبووڵ بکات. ئەمە حاسڵێکی تری قەیرانی ستراتیژی ئەمریکایە و گرفت ئەوەیە کە بەمەش کێشەکان چارەسەر نابن، ئاڵۆزتر دەبن.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لایەک سەربزواندنی بەهەڵپەی ڕیزەکانی ئیسلامی سیاسی دەبیندرێ، لە کۆماری ئیسلامی ئیران و القاعدە و گرووپە میلیشیاکانی عێراقەوە تا حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس، لەولاش وەخۆکەوتنەوەی ڕەوتی جۆربەجۆری ناسیۆنالیزمی عەرەب و دەوڵەتە عەرەبەکان، کە هەرتک لای ئەم جموجووڵانەش مۆری بەرزەخ و بۆشایی سیاسی ئێستای پێوەیە.
سەرجەم ئەم دیاردانە دەلالەت لەوە دەکەن کە قەیرانی ستراتێژی ئەمریکا ئاڵوگۆڕێکی جیهانی گرنگ بەدوای خۆیدا دێنێ، هەر لە ئێستاشەوە پێوە دیارە کە دەبێتە خاڵَێکی وەرچەرخان و سەرەتای کۆتایی سەردەمێک کە بە شەڕی ١٩٩١ی خەلیج دەستی پێ کردوە. ئەمە بەو مانایە نیە کە چاوەڕوان بین وەزعەکە باشتر بێ، زۆر لەوانەیە کە بۆ ماوەیەک لەمەش کە هەیە خرابتر بێ.

بەڵام ئەم ئاستە لە باس و وردبوونەوە هێشتا هەر ئاستی فەکت و دیاردە ڕۆژانەکانە کە بینینیان بۆ هەموان ئاسانە و ڕەنگە تا ڕادەیەکیش چونیەک بێ. گرنگتر بینین و تێگەیشتنَی ئەو ڕەوەندە بنەڕەتی و بەردەوامانەیە کە لە پشتەوەی دیاردەکانن و ڕەوتی ڕووداوەکان دیاری دەکەن. لەم ئاستەدا ئیتر ڕا و بۆچوونەکان زۆر لێک جیا دەبنەوە. بۆ وێنە ڕا و بۆچوونی من لەگەل زۆربەی ئەوانەی تا ئێستا لە میدیای کوردی زمان دیومن جیاوازە. بۆیە داوا لە خوێنەران دەکەم بە کراوەیی سەرنجی بۆچوونە جیاجیاکان بدەن. ئەوەی ئەم ڕۆژانە پێویستە، پێ چەقاندن لەسەر قەناعەتەکانی پێشوو نیە، کراوەیی و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی قەناعەتەکانە بەپێی تایبەتمەندی هەلومەرجە تازەکان. لە کوردستان ئەوەی زۆر پێویستە پێداچوونەوەی ڕخنەگرانەیە بە ئەزموونی شانزە ساڵ دەسەڵات و کێشەی دەسەڵاتی دوو حیزبی سەرەکی کوردایەتیدا، لە بەر ڕۆشنایی هەڵوێست و سیاسەتی ئێستایاندا بەرامبەر بەو ئاڵوگۆڕانە کە لە عێراق و ناوچە و جیهاندا بەدی دەکرێ. بەتایبەت نەوەی نوێ، گەنجان و خوێندکاران، کە بە شەوق و وردبینی بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە دەگەڕێن کە زەینیان دەورۆژێنێ، جێی خۆیەتی بەرامبەر بە ڕوانگە باوەکان، بایەخ بە ڕوانگەی ڕادیکال و مارکسیست بدەن بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتنَی ئەو ئاڵۆزییانە کە میلیتاریزمی ئەمریکا بۆ جیهان و ناوچەکە و عێراق و کوردستانی ناوەتەوە.

ستراتێژی ئەمریکا بەدوای ڕووخانی سۆڤیەت و نەمانی سیستەمی دوو بلۆکی جیهانیدا، لەسەر بناغەی میلیتاریزم و شەڕئەنگێزی بینا کراوە، نەک هەر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکوو بۆ جیهان بەگشتی. لە چوارچێوەی ئەم ستراتێژیەدا، سیاسەتی سەربازی بەردەوام جڵەوی دیپلۆماسی بەدەستەوە گرتوە و بەسەریدا زال بوە. بۆ ئەمریکا دیپلۆماسی بەشێکە لە شەڕ و لە ستراتێژی میلیتاریستی لە ژێر ناوی: “زەربەی پێشگیرانە” pre-emptive strike دا بەتایبەت لەم ساڵانەی دواتردا دیپلۆماسی بۆ ئەمریکا قەت ئەڵتەرنەتیڤی سیاسەتی سەربازی نەبوە بەڵکوو پەیرەو و تەواوکەری بوە. لە زۆربەی کێشمەکێشەکاندا، ئەمریکا هەتا بۆی لوابێ دەستی بۆ دیپلۆماسی و ڕێگای سیاسی نەبردوە.
پیشانگای هەرە زەقی ئەم ستراتێژیە، شانۆی خوێناوی عێراقە. ئەمریکا گوێی نەدایە دژایەتی یەکپارچەی ئەنجومەنی ئاسایش، گوێی نەدایە بەرینترین ئێعتییراز و نارەزایی مێژووی بەشەر لە پانزەی شوباتی ۲٠٠٣دا، پشتی لە سەرجەم رێگا سیاسیەکان هەڵکرد و هێرشی سەربازی بۆ سەر عێراق هەڵبژارد. ئەو کارەش ئەم کارەساتەی لێ کەوتوەتەوە کە عالەم دەیبینێ: ماڵوێران کردن و خەڵتانی خوێن کردنی جەماوەری بەرینی خەڵک، بووژاندنەوەی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیزمی عەرەب، چاندنی تۆوی چەندبەرەکی مەزهەبی و قەومی و ڕق و شەڕ و کوشتاری بێ ئەوپەڕ، لە ئەنجامیشدا ئەو قەیرانە کە خۆی و هاوپەیمانانی تا ئەژنۆ تێێ چەقیون.
ئەنجومەنی ئاسایش و سەرجەم سیستەمێک کە پێی دەڵێن “کۆمەڵگای نێودەوڵەتی”! تا ئەو کاتە بۆ ئەمریکا جێی ڕیزە کە هەرچی ئەو قەراری لەسەر داوە بۆی مۆر بکا. زۆر جار بۆی کردوە. هەر جارێکیش نەیکردبێ، ئەمریکا گوێی نەداوە و لەسەر کرداری میلیتاریستی خۆی پێی چەقاندوە. بەمەش گەلێک گیروگرفت و سیناریۆی خویناوی لەملاولای دونیا خولقاندوە.

هۆی هەڵبژاردنی ستراتێژی میلیتاریستی لە لایەن ئەمریکاوە چیە؟ ئەم ستراتێژیە، سەربەخۆ لە قوپکەی سەرشانی ژەنەرال کۆلین پاول و بیرکردنەوەی میلیتاریانەی کۆندۆلیزا ڕایس و کاراکتەری شەخسی بووش و مەیلی فیکری نئۆکۆنسێرڤاتیڤەکان، بەرهەمی پێویستی ئەم سەردەمەی بورژوازی ئەمریکایە بۆ ئەوەی باڵادەستی خۆی بەسەر دونیادا بسەپێنێ. مەبەست دەسبەسەرا گرتنی زۆرترین بەش لە سەروەت و سامانی حاسل لە چەوسانەوەی چینی جیهانی کرێکارە، بۆ خۆی، لە ڕکابەری لەگەل ڕەقیبە جیهانیەکانیدا کە بریتین لە: یەکیەتی ئۆرووپا و رووسیا و ژاپۆن و چین و هیند و لە پلەی خوارتردا چەن بلۆکێکی ناوچەیی وەک کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و وڵاتانێک لە ئەمریکای لاتین.

ئەمریکا، وەک وڵاتێکی ئەمپریالیستی گەورە و پێشکەوتوو لە باری سەرمایە و تەکنۆلۆژیەوە، لەم سەردەمەدا پێویستی بەوەیە و دەیەوێ کە سەرکردایەتی خۆی بە زۆری چەک بەسەر باقی جیهاندا بسەپێنێ. بۆچی بە زۆری چەک؟ چونکە ناتوانێ بە یارمەتی باڵادەستی ئابووری خۆی، ئەو سەرکردایەتیە بەسەر ڕەقیبەکانیدا دابین بکا. دەمێکە ئابووری ئەمریکا لە هی بەشێکی زۆر لە ڕەقیبەکانی لەدواترە. بەڵام هێزی سەربازیی ئەمریکا لە سەرووی هەموویانەوەیە. ئەمریکا دەیەوێ بە زەبری خاڵی بەهێزی سەربازی، خاڵی لاوازی ئابووریە بەجێماوەکەی قەرەبوو بکاتەوە و باڵادەستی خۆی بسەپێنێ، بەشکەم بتوانێ لە خیلالی دە – بیست ساڵدا بە یارمەتی باڵادەستی سەربازی سەرەنجام باڵادەستی ئابووریش دەس بخاتەوە.
دوای رووخانی سۆڤیەت و نەمانی سیستەمی دوو بلۆکی جیهانی، بۆشاییەک لە سەرووترین ئاستی دەسەڵات لە دونیادا پێک هات. لە سەردەمی باڵاترین ئاستی جیهانی بوونی ئابووری سەرمایەداریدا (globalisation)، کە هەر رووداوێکی گرنگ لە هەر شوێنێکی دونیا کار دەکاتە سەر ئابووری و سیاسەتی باقی دونیا، بۆشایی دەسەڵات رێی بەندە و دەسبەجێ بانگی هێزێکی گەورە دەکات وەڵامی پێ بداتەوە و پری بکاتەوە، ئەو کاتوساتە جگە لە ئەمریکا هیچ هێزێک ئامادە نەبوو ئەو بۆشاییە پر بکاتەوە. لە جەنگەڵستانی ململانەی دەسەڵات لە سیستەمی سەرمایەداریدا، بورژوازی و دەوڵەتی ئەمریکا (بە کۆمارخواز و دێمۆکراتەوە) بە مافی بێ گەزافی خۆیان دەزانی کە پاش نەمانی سۆڤیەت، ئەمریکا ببێتە تاقەسواری تاقانەی دونیا و هەول بدا ئارایشی سیاسی و نێودەوڵەتی سەرانسەری دونیا بە پێوەری قازانج و بەرژەوەندی خۆی دابرێژێتەوە، بەجۆرێک کە تێیدا سەروەری و باڵادەستی سیاسی و سەربازی دەوڵەتی ئەمریکا و لە ئەنجامیشدا باڵادەستی ئابووری بورژوازی ئەمریکا، هەتاهەتا بەرهەم بێتەوە و تەئمین بکرێ. ئەم ستراتێژیە ناو نرا “نەزمی نوێی جیهانی” و سەرەتاش زۆربەی دەوڵەتە ئەمپریالیستەکان ئەم دەوری سەرکردایەتیەیان بۆ ئەمریکا سەلماند، بە پێی ئەو قەناعەتە کە ئەگەرنا تێکەولێکەی جیهانی و کەس لە کەسی بێ سنوور، پەراوپەری دونیا دادەگرێ.

دواتر لە لایەک دەرکەوت کە بۆ ئەمریکا، ئەو ستراتێژیە میلیتاریستییە بەو جۆرە کە بیری لێ دەکردەوە ناچێتە پێش، لەو لاشەوە رەقیبە جیهانیەکانی رۆژ بۆ رۆژ دەهاتنە پێشتر. ئەم دوو رەوتە باڵانسەکەیان گۆری و وایان کرد کە رەقیبەکان چیتر مل بە سەرکردایەتی تاقانەی ئەمریکا نەدەن و لە سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی جیهان و لە ئارایشی نێودەوڵەتیدا داوای بەشی زۆرتر بکەن. دژایەتی هەموو دەوڵەتە گەورەکان (جگە لە بەریتانیا) بەرامبەر بە پلانی ئەمریکا بۆ شەر لە عێراق، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە گۆرانی باڵانس لە ناو دەسەڵاتە ئەمپریالیستەکاندا و لە پرۆسەی شەرەنگَێزی ئەمریکادا بۆ داسەپاندنی باڵادەستی خۆی. رەقیبان و موخالیفانی سەرکردایەتی تاقانەی ئەمریکا، وتَیان فەرموو بە بێ مۆری ئێمە شەری عێراق بکە، با بزانین بە کوێ دەگەی!
ئێستا ستراتێژی میلیتاریستی ئەمریکا (بە رابەری نئۆکۆنسێرڤاتیڤەکان) لە بونبوستێکی کوشەندە چەقیوە. لە ئاکامدا سەرجەم ڕەقیبە جیهانی و ناوچەییەکانی سەریان بەرز کردوەتەوە و هەست دەکەن نۆرەیان هاتوە گورزی خۆیان بوەشێنن، بەشی زۆرتر بۆ خۆیان بەدەس بێنن و بەرژەوەندی جیاوازی خۆیان بچەسپێنن. لە ناوخۆی ئەمریکاشدا دێمۆکراتەکان لە پال ئەوەدا کە هەوڵ دەدەن قازانجی گشتی ئەمریکا بپارێزن و رێگا بۆ دەرباز بوونی هێزەکانیان لە عێراق بدۆزنەوە (راپۆرتی بەیکر- هەمیڵتن)، لە درێژەی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنی ئەخیردا (نۆڤەمبری ٢٠٠٦) هەوڵ دەدەن پۆستی سەرۆکایەتیش لە چنگ کۆمارخوازان دەر بێنن. هەرتک ئەمانەش دەبێ شانبەشان لە پرۆسەیەکی کەمتر لە دوو ساڵدا بچنە پێش.

بە هەموو حیسابێک دوو ساڵی داهاتوو چارونووسی ستراتێژی میلیتاریستی ئەمریکا لە جیهان و دەسەڵاتی کۆمارخوازان لە ناوخۆی ئەمریکادا دیاری دەکات. بووش چ دەکات؟ بووش چلۆن رامسفیڵدی کردە قوربانی بۆ سووک کردنی باری بونبەستە سەربازیەکەی، ئەمجارەش بە گۆرینی جان ئەبی زێد و جۆرج کەیسی و خەلیلزاد و بە قبووڵ کردنی برێک لە پێشنیارەکانی گرووپی بەیکر- هەمیڵتن وا دەنوێنێ کە خەریکە “ئاڵوگۆر” پێک دێنێ! لە هەمانکاتدا هەول دەدات بە ناردنی بیست و یەک هەزار و پێنسەد سەربازی تر جۆرێک لە “سەرکەوتن” بۆ ستراتێژی میلیتاریستی تۆمار بکا. ئەم پلانەی دەسبەجێ لە لایەن دێمۆکراتەکانەوە بە توندی رەت کراوەتەوە.
ئەوەی بووش دەیەوێ چی بکا شتێکە و راستیەکان چی بەسەردا دەسەپێنن شتێکی ترە. لە دوو ساڵی داهاتوودا فشار لەسەر بووش تادێ قورستر دەبێ. ئیختیاری ئیدارەی ئەمریکا وەک جاران هەر سیاسەتی سەریازیە و دیپلۆماسیش هەر لە خزمەت میلیتاریزمدا دەبێ، بەمەش وەزعی عێراق و قەیرانی ئەمریکاش تادێ خرابتر دەبێ. لەوانەیە فشاری راستییەکان ئەمریکا ناچار بکا مل بە هیندێ رێگای سیاسی بدا. ئەمە بەتایبەت بۆ ئیسرائیل، هاوپەیمانی ژمارە یەکی ئەمریکا لە ناوچە، کە شەری لوبنانی دۆراندوە و لە درێژەدانی کوشتار و داگیرکاری لە فەلەستینیش خێری نەدیوە، زۆرتر چاوەروان دەکرێ. بەڵام وا پێ دەچێ کە سەرجەمی قەیرانەکە ساڵی داهاتووش هەر بەرینتر و ئاڵۆزتر دەبێتەوە.

پرسیار /ئەمریکا لەپاش شۆرشی گەلانی ئێران واتە نزیکەی ۲٧ ساڵە نەیتوانیوە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا بدۆزێتەوە، کە لەسیاسەتدا بەرژەوەندییەکان لە ئایدۆلۆژیا گەورەترن، لەبەرامبەردا ئێران لە جیهانی ئیسلامیدا توانی رێگەی گەشەسەندنى دیموکراسییەت بگرێت وەک ئەوەی لە پاکستان و ئەفغانستان و ئێران و لوبنان و زۆر جێگەی تردا ئەو کارە بکات و بەمەش دیموکراسییەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا شکستی هێنا ، بۆچونتان لەو بارەیەوە؟

فاتح شێخ:

گرفتی ستراتێژی و سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێرانی پاش شۆڕشی ١٩٧٩، زۆر واوەتر و درێژماوەتر و جەوهەریترە لەوە کە بە ئاسانی بۆی چارەسەر بکرێ. گرفتەکە لەوێدایە کە ئەمریکا و باقی دەوڵەتە گەورەکانی ڕۆژئاوا، کاتێک بۆیان دەرکەوت کە ڕژێمی شا پێشی شۆڕشی جەماوەری پێ ناگیرێ و ڕووخانی مسۆگەرە، لە کۆنفرانسە بەدناوبانگەکەی “گوادیلۆپ” دا بڕیاریان دا کە بۆ پێشگرتن لە هاتنەسەرکاری حوکمێکی شۆڕشگێر و چەپ، دەس بدەنە ژێرباڵی خومەینی و ڕەوتی ئیسلامی. ئەمە ستراتێژی و سیاسەتی ئەمریکا و سەرجەم ئەمپریالیزمی ڕۆژئاوا بوو بەرامبەر بە سۆڤیەت. ئەوەندەش لە ئارایشی ئەوکاتی ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێمی شا و هێزە سیاسیەکانی ساحەی شۆڕشی ئێران بێ ئاگا بوون، نەیانخوێندبوەوە کە خودی سۆڤیەت و “چەپ”ی سەر بە سۆڤیەت هەرتک دەچنە پال خومەینی و هەول دەدەن بارودۆخەکە بە ئاقاری خەتی “دژی ئەمریکا” و “دژی رۆژئاوا” و “دژی ئەمپریالیست”دا بەرن کە ئەودەم لە “دونیای سێهەم” باو بوو وە بەپێی هەلومەرجی سەردەمیش سەر بە سۆڤیەت بوو.

تەنیا لە شۆڕشی ئێرانیشدا نەبوو کە ئەمریکا و ڕۆژئاوا بە هۆی دژایەتی کوێرانە لەگەل شۆڕش و چەپ و ڕکابەری ئایدیۆلۆژیک بەرامبەر بە سۆڤیەت، چوونە پاڵ بزووتنەوەی ئیسلامی. لە ئەفغانستانیش ئیسلامیەکانیان بەرامبەر بە سۆڤیەت پڕچەک و تەیار کرد، لە فەلەستینیش حەماسیان بەرامبەر بە فەتح و هیزە سیاسیەکانی بزووتنەوەی فەلەستین قوت کردەوە. لە جەزایریش و شوێنی تریش کردیان. سەرجەمی ئەو کارانە، بەتایبەت یارمەتیدانی ئیسلامی سیاسی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە وڵاتێکی گرنگ و ستراتێژیکی وەک ئێراندا، بۆچوونێکی هەرە چەوتی “جەنگی سارد”ی بوو کە لەوانەیە لە ڕوانگەی خۆیانەوە وەک تاکتیکی کاتی و سیاسەتی ڕۆژ چاویان لێ کردبێ، بەڵام دەرکەوت کە چەند ئاسان بوو دەرگای قوتوولەی مار و دووپشک بکەنەوە، داخستنەوەی سەدان قات سەخڵەت و لە ئیمکان بەدەر بوو. ئیسلامی سیاسیان لە دژی چەپ و ئازادیخوازی عیلمانی، بەهێز کرد و بەریان دایە گیانی کۆمەڵگا، دواتر لێیان بوو بە ڕەقیب و ئەوەتا ئێستاکە داوای بەشە دەسەڵات و بەشە تاڵانیان لێ دەکات و نە دەتوانن باشاری بکەن، نە تەنانەت بۆیان کۆنترۆڵ دەکرێ. لە عێراقیش هەر تووشی ئەو ئاکامە ئەستەمە هاتوون.

بەڵام ئەمە کە دەڵێی: “لە بەرامبەردا ئێران لە جیهانی ئیسلامیدا توانی رێگەی گەشەسەندنى دێموکراسییەت بگرێت … و بەمەش دێموکراسییەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا شکستی هێنا”، جێگای قسەیە. ئەگەر مەبەستت لە دێموکراسی “هەڵبژاردن”ەکانی ڕژێمی ئیسلامیە، ئەو کارە بەدەر لە پەردەپۆشی ئیستیبداد و سەرەڕۆیی و سەرکوت و کۆنەپەرستی هیچی تر نیە. ڕژێمی ئیسلامی ڕۆژ و شەو لە بواری سیاسی و فەرهەنگی و گوزەران و هەستان و دانیشتندا پێشی هەناسەدانی ئازادانەی خەڵکی گرتوە، کۆمۆنیستەکانی کۆمەڵکوژ کردوە، ژنانی لە هاووڵاتی پلە سێ خوارتر و بێمافتر کردوە. ئینجا بە خەڵک دەڵێ هەڵبژاردنە وەرن “دەنگ” بدەن! لە دونیای واقیعدا بە زۆری چەک نەبێ و لە پال چەکیشدا بە زەبری مێشک شوشتنەوە نەبێ، هیچ هاووڵاتیەک ئەمڕۆ ئەم جۆرە هەڵبژاردن و دەنگدانە بە “ماف” حیساب ناکات!
لە ئێرانی ژێر حوکمی ڕژێمی ئیسلامیدا و لە عێراق و پاکستان و ئەفغانستان و زۆر شوێنی دونیادا بە هەڵبژاردنی لەم چەشنە دەڵێن دێموکراسی! دیاری دێموکراسی ئەمریکاش بۆ “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە” لەمە زیاتر نیە. بۆیە ئەمریکا بە کایەی “دێموکراسی” ناتوانێ بەرنگاری کۆماری ئیسلامی بێتەوە. ئەو سیناریۆ خوێناوییەش کە لە عێراق لە سێبەری شەر و داگیرکاریدا بەرپایە و پێی دەڵێن “پڕۆسەی دێموکراسی” هەر عەینی شتە. ئەم بێمافیە شیاوی خەڵکی شەریف و ئازادیخواز نیە و هەرگیز بەو بیچمە لە دێموکراسی دل خۆش ناکەن! خەڵکی ئازادیخواز ناچارن بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافی ئینسانی شیاوی خۆیان، لەسەر تیکۆشانی خۆیان بە ڕێچکەی پێچەوانەی ئەو پڕۆسەیەدا سوور بن.

پرسیار/ دوای ڕوخانی دیواری بەرلین هاوکێشەکان گۆڕان و چەمکی جیاکردنەوە باشترین ڕێگەچارەیە بۆ حەلی کێشە ئیتنیکییەکان و ئەمەش لە بۆسنیاو یوغوسلافیا سەرکەوتوبو ، بۆ کێشەی کوردیش وای نابینن کە کورد ئەگەر لە عەرەب و فارس و تورک جیابێتەوە ڕەنگە چەوسانەوە کەمترو زەمینەی ئازادی فراوانتر بێت؟

فاتح شێخ:

پێشتریش لە هەر کوێ قازانجی ئەمپریالیستەکان خواستبێتی، سیاسەتی جیاکردنەوە بە مەبەستی چکۆلە کردنەوەی وڵاتانی نەیاری خۆیان لە ئەجێندایاندا بوە. بەپێچەوانەش لە هەر کوێ قازانجیان نەیخواستبێ دژایەتی هەموو جووڵانەوەیەکی مافخوازانەیان کردوە و بە گورزی “جودایی خوازی” بەرنگاری بوونەتەوە. نموونەش کەیسی کێشەی کوردە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نە ئەمریکا و نە باقی دەوڵەتانی ئەمپریالیست، قەت دانیان نەناوە بە مافی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئەو وڵاتانە دا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیان.
جگە لەوە، با ڕوون بێ، کێشەی کورد کێشەیەکی سیاسیە، کێشەی ئێتنیک نیە. ئەم کێشەیە لەسەر ئەوە نیە کە گوایە “کورد” دەیەوێ لە “عەرەب و فارس و تورک” جیابێتەوە بۆ ئەوەی “ڕەنگە چەوسانەوەی کەمترو زەمینەی ئازادی فراوانتر بێت”! سەرچاوەی کێشەی کورد لەوەدایە کە دەیان ساڵە ڕژێمە سەرەرۆکان لە تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا، یەک لە دوای یەک، لە پێناو زال کردنی بێمافی و چەندبەرەکەیی بەسەر چینی کرێکار و کۆمەڵانی خەڵکدا و لە هەڵوێستی ناسیۆنالیزم و شۆڤینیزم و باڵادەستی قەومیەوە خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانیان داوەتە بەر سەرکوت و کوشتار و کۆمەڵکوژی و قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان لە کۆمەڵگادا وەک هاووڵاتی یەکسان چاویان لێ نەکردوون. لە ڕوانگەی هەڵوێستی ئازادیخوازانەی چینی کرێکار و کۆمەڵانی خەڵکەوە، وەڵامی کێشەی سیاسی کورد و چارەسەری کارساز و عادیلانەی ئەم کێشەیەش هەر دەبێ وەڵام و چارەسەرێکی سیاسی بێ. لە هەرکام لەو وڵاتانەدا مافی مسۆگەری خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانە کە لە ڕێفراندۆمێکی ئازاددا دەنگ بدەن بەوە کە ئایا دەیانەوێ جیا ببنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ پێک بێنن یا وەک هاووڵاتیانی خاوەن مافی یەکسان لە چوارچێوەی ئەو وڵاتە و ئەو دەوڵەتەدا بمێننەوە و هاوژینی دڵخوازانە هەڵبژێرن. جیابوونەوە ئەڵبەت شەرت نیە کە حەتمەن چەوسانەوە کەمتر بکات و زەمینەی ئازادی فراوانتر بکات! جیابوونەوە تەنیا یەک کێشە چارەسەر دەکات: کێشەی میللی، کە مانای پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیە و بەس! ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەش بە پێی خەسڵەت و بەرژەوەندی چینایەتی خۆی دەتوانێ زەمینەی ئازادی فراوانتر بکات یا نەکات، چەوسانەوە کەمتر بکاتەوە یا نەکاتەوە. بەڵام جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەت یا مانەوە بە مەرجی زەمانەتی یەکسانی ماف لەگەل باقی هاووڵاتیان، لانیکەم ئەو خەڵکە لە چنگ یەک جۆر ستەم و بێمافی ڕزگار دەکات: کە ئیتر بە بۆنە و بیانووی “کوردزمان” بوونەوە، ناکەونە ژێر ستەم و سەرکوت و کوشتار و کۆمەڵکوژی. ئەمەش هەنگاوێکی سیاسی گەورەیە بەرەوپێش.

پرسیار / لە وتارێکدا راڵف پیتەرس بەناوی Blood Boarder داوای کوردستانێکی سەربەخۆ دەکات ئێوە ئەم مەسەلەیە چۆن دەبینن؟

فاتح شێخ:

ئاگادار نیم راڵف پیتەرس چی وتوە و چلۆن داوای کوردستانێکی سەربەخۆی کردوە. لە هەر حاڵدا ئەمە باسێکی سیاسیە، راستەوخۆ لە هیچ ئایدیۆلۆژی و ئامانج و ئارەزوویەک نایەتە دەر، بەڵکوو دەبێ لەگەل هەلومەرجی سیاسی موشەخەس تێهەڵکێش بکرێ. بەم پێیە کاتێک کەسێک باسی “کوردستانێکی سەربەخۆ” دەکات دەبێ بە موشەخەسی بە وڵاتێک و سەردەمێک و هەلومەرجێکی سیاسی دیاریکراوەوە ڕەبتی بدات. کەوایە زۆر تەبیعییە کە ئەم باسە تەعبیری جۆراوجۆری لێ بکرێ. تەنانەت لە ناو ڕیزی ئەحزاب و شەخسیاتی سیاسی ناسیۆنالیزمی کورددا کە هەمیشە خۆیان بە کێشەی کوردەوە پێناسە کردوە و هەرکام خۆیان بە تاقە خاوەنی تەبیعی و تاقە وەدیهێنەری ئامانجی”کوردستانێکی سەربەخۆ” لە قەڵەم دەدەن، چەندەها دیدگا و ڕا و بۆچوونی جیاواز لەسەر کوردستانی سەربەخۆ یا پڕۆسەی وەدیهاتنی، وجوودی هەیە.
من کۆمۆنیستم و بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد، وەک پێشتریش باسم کرد، ئەوەم پێ باشە لە هەر یەک لەو وڵاتانەی کێشەی کوردی تێدایە، ڕێگا بە دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکان بدرێ کە لە ڕێفراندۆمێکی ئازاددا دەنگ بدەن کە ئاخۆ دەیانەوێ لەو وڵاتە جیا ببنەوە و دەوڵەتێکی سەربەخۆ پێک بێنن، یا وەک هاووڵاتیانی خاوەن مافی یەکسان، لە چوارچێوەی ئەو وڵاتە و ئەو دەوڵەتەدا بمێننەوە. بەمجۆرە دیارە دەنگی زۆربەی ئەو خەڵکە دەیبڕێتەوە کە لە ڕێفراندۆمەکەدا بەشدارییان کردوە. ئاکامی دەنگدان دەبێ بەڕەسمی بناسرێ و بەرامبەر بە هەر چەشنە تەعەدایەکی ئێحتیمالی لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی یا دەوڵەتانی دراوسێوە دیفاعی لێ بکرێ. دیسانیش دیارە کە لە هەر هەلومەرجێکی سیاسی موشەخەسدا ئەحزاب و کەسایەتیە سیاسیەکان، بە خەڵک دەڵێن کە دەنگ بە جیابوونەوە بدەن یا بە مانەوە. ئەمە هەڵوێستێکی سیاسیە و ڕاستەوخۆ لە ئایدیۆلۆژی هەڵناهێنجرێ.
ئێستا لە کوردستانی عێراق هەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار لەگەل ئەوەشدا کە ڕادەگەیەنن کە سەربەخۆیی بە مافی خەڵکی کوردستان دەزانن، بەڵام لە حاڵی حازردا جیابوونەوە بە موناسیب نازانن و هەڵیان نەبژاردوە. ئەمە هەڵوێستێکی سیاسیە و دەکرێ لەگەڵی َبی یا لەدژی بی. لە هەمان کاتدا بەشداربووانی ئەو ڕێفراندۆمە ناڕەسمیە کە لە پەراوێزی “هەڵبژاردن”ی ساڵی پاردا بەڕێوە چوو، بە رێژەی سەرووی ٩٨% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی داوە. ئەم رێژە باڵایە بە شێوەیەکی ڕەمزیش بێ نیشانی داوە کە هەڵوێستی جەماوەر و هەڵوێستی ئەحزابی دەسەڵاتدار لە مەسەلەی سەربەخۆیی، لێک دوورن. ئەم لێک دوور بوونی هەڵوێستە بێگومان مانایەکی تری نیە جگە لە دوور بوونی قازانجی واقیعی جەماوەر لە قازانج واقیعی ئەحزابی دەسەڵاتدار لە مەسەلەی سەربەخۆییدا. هەر ئەمەش هۆی ئەوەیە کە سەرەڕای ئیمزای نزیک بە دوو ملیۆون هاووڵاتی بۆ پشتیوانی لە ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی، ئەحزابی دەسەڵاتدار تا ئێستا نەچوونەتە پای ڕێفراندۆم، لەحاڵێکدا ڕێفراندۆم و راپرسی تاقە ڕێگای ئاسایی و یاسایی و بەڕەسمی ناسراوە لە ئاستی جیهانیدا بۆ چارەسەری کێشەی میللی وەک کێشەی کورد. هەروەک لەم ساڵانەشدا لە لایەن UN ەوە لە تیمووری ڕۆژهەڵات بەڕێوە برا و لە ئەنجامی دەنگدانی زۆربەدا، سەربەخۆیی ئەو وڵاتە بەدی هات.

بۆ کوردستانی عێراق، من لەگەل ئەوەدام کە دەسبەجێ ڕێفراندۆم بکرێ و لایەنگری دەنگدان بە جیابوونەوەشم. چونکە لام وایە لە شانزە ساڵی ڕابردوودا کوردستانی عێراق بە کردەوە لە عێراق دابڕاو بوە و بوەتە کۆمەڵگایەکی تەواو جیاواز. ئەم ڕەوتی جیاوازییە لە پاش جەنگ و داگیرکارى ئەمریکا و ڕووخانى ڕژیمى بەعسیشدا، ڕووی لە کزی نەناوە بەڵکو هەتا هاتوە بەرینتر و قووڵتر بوەتەوە. تایبەتمەندیەکان و جیاوازیەکانی کوردستانی عێراق لە چاو باقی ناوچەکانی عێراق، لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا هەر لە زیاتر بووندایە. لکاندنەوەى هەرێمی کوردستان بە حکوومەتی بێ سەرەو بەرەی بەغداوە، بە بێ پرس بە دانیشتوانى ئەم کۆمەڵگایە و بە پێچەوانەى ویست و ئیرادەیان، هەڵەیەکی سیاسی گەورە و غەدرێکی زۆر ئاشکرا بوو، زۆریش ڕوون بوو کە سەرکەوتن بەدەس ناهێنێ. دوای ئەم ئەزموونە سەرنەکەوتوە و دوای ڕاپۆرتی بەیکر- هەمیڵتن، زۆرتریش ڕوونە کە ڕەسمیەت پێدانی ئەم سەربەخۆییە دیفاکتۆیە لە ڕێگای رێفراندۆمەوە، هەم ڕیگاچارەیەکى واقیعى و کارساز و عادلانەیە و هەم ویستى جەماوەرى فراوانى خەڵکى کوردستانە.

بۆ کوردستانی ئێرانیش ڕێفراندۆم لە ناوچە کوردنشینەکان بە ڕیگاچارەی واقیعى و کارساز و عادلانە دەزانم و لە حاڵی حازردا لایەنگری دەنگدان بە جیابوونەوە نیم، چونکە ڕێفراندۆم تەنیا لە حاڵەتی لاچوون یا بەرەو لاچوونی ڕژێمی ئیسلامیدا جێبەجێ دەکرێ، لەو حاڵەتەدا ئەگەر مافی یەکسان وەک باقی هاووڵاتیان لە لایەن دەوڵەتی مەرکەزیەوە بۆ دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکان گەرەنتی بکرێ (کە دەبێ هەوڵی تەواوی بۆ بدرێ) مانەوە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا و هاوژینی لەگەل باقی خەڵکی ئێران زیاتر لە جیابوونەوە بە قازانجی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانە. دیارە بە گۆڕانی هەلومەرجی سیاسی، لەوانەیە پێویست بکات هەڵوێستی سیاسیم بەرامبەر بە دەنگدان بە جیابوونەوە یا مانەوە بگۆڕدرێ. ئەوە شتێکی جیاوازە.
بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە وڵاتانی تر، جگە لە دیفاعی ئوسووڵی لە مافی رێفراندۆم، ئێستا هەڵوێستێکی دیاریکراوم لەسەر جیابوونەوە یا مانەوە نیە و بۆ حاڵی حازریش هەڵوێستی دیاریکراو بە پێویست نازانم. بۆ وێنە جێگای پرسیار و جێگای لێکۆڵینەوەی سیاسی – ژئۆپۆلیتیکی بەدوور لە تەعەسوبی ئایدیۆلۆژیکە کە: ئاخۆ قازانجی درێژخایەنی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا زۆرتر لەوەدایە کە هاووڵاتیانی خاوەن مافی یەکسان بن لە تورکیایەکی ئەندامی یەکیەتی ئۆرووپادا یا لەو وڵاتە جیا ببنەوە و دۆزی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ خۆیان هەڵبژێرن؟ ئەمە بە ڕای من مەسەلەیەکی کراوەیە.

بەم جۆرە بۆچوونی گشتی من لەسەر “کوردستانێکی سەربەخۆ”، بە تەنیا هەڵوێستی ئایدیۆلۆژیک دیاری ناکرێ و نابڕێتەوە. ئەمە مەوزووعێکی سیاسیە و هەڵوێستی سیاسی دەخوازێ، ئەویش بەندە بە هەلومەرجی سیاسی موشەخەسەوە کە لە هەر وڵاتێک و هەر سەردەمێک، یا بە عام و لە ڕووی ئوسووڵەوە، چ هەڵوێستێک لەبارەیەوە دەگیرێ.

پرسیار / لەپرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەراستی گەورەدا کە ئەمریکا بانگەشەی بۆ دەکات و ئەوەی لەبەرچاوانە کە لەبری دیموکراتیزەکردنی ناوچەکە دیکتاتۆرییەت و بەرەڵڵایی سیاسی بەرهەم دێت و خودی ئەمریکاش ناتوانێت دەسکاری رەوشەکە بکات چونکە هەر جۆرە دەسکارییەک وادەکات کە سەلەفییەکان جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست وەک ئەوەی لە میسردا بۆ نمونە دەبینرێت کە دەسکاری رژێمی موبارەک ناکرێت لەترسی ئیخوانەکان هەربۆیە ئێستا ئەمریکا بیر لەوەدەکاتەوە لەناوچەکەدا نەدۆرێت نەک بیباتەوە.

فاتح شێخ:

ئەوەندەی پرسیارەکە لەسەر پڕۆژەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە”یە ئێستا قەزیەکە پێچەوانە بوەتەوە. بووش بیەوێ و نەیەوێ پڕۆژەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە” چوەتە لاوە. ئەساسی ئەو پڕۆژەیە لەسەر ئەو خۆشخەیاڵیە و ئەو وەعدەی بووش دامەزرابوو کە “پڕۆسەی دێمۆکراسی” لە عێراق سەر دەکەوێ و دەبێتە نموونە بۆ باقی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست! لە پشت ئەو دروشمە بریقەدارەشەوە، مەبەستی واقیعی لە پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە ئەوە بوو کە هەر دەوڵەتێکی نەیار و ناحەزی ئەمریکا لەو ناوچەیە، وەک دەوڵەتی سەدامی لێ بەسەر دەهێنرێ و “پڕۆسەی دێمۆکراسی” لە چەشنی ئەمەی ئێستای عێراقی بەسەردا دەسەپێنرێ!

بووش و ئیدارەکەی بە بیانووی ئەوە کە: ڕێگای دێمۆکراسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە عێراقدا گوزەر دەکا، مەسەلەی فەلەستینیان بەجارێ وەلا نا و دەستی ئیسرائیلیان بۆ سەرکوت و کوشتاری هەمەڕۆژەی خەڵکی فەلەستین ئاواڵە کرد. ئێستا تۆنی بلێری گەورە هاوپەیمانی بووش ڕێک بە پێچەوانە دەڵێ: ڕێگاچارەی قەیرانی عێراق لە ناوخۆی عێراق نیە بەڵکو بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش بە چارەسەری کێشەی فەلەستیندا گوزەر دەکا! تۆنی بلێر بەرامبەر بە پڕۆژەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە”ی ئەمریکا، ناوی بیرۆکەی خۆی ناوە: “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی” (Middle East The Whole)!! ئەڵبەت ڕەنگە کەس نەزانێ جیاوازی ناوەرۆکی ئەو دوو ڕستەیە چیە! بەڵام هەمووان دەزانن کە لە سەر عەرزی ڕەق مانای ئەوەیە “پڕۆسەی دێمۆکراسی” لە عێراق فاشیلە و ئەمریکا و بەریتانیا و باقی دەوڵەتانی ئەمپریالیست دەبێ کێشەی فەلەستین ببڕنەوە ئەگەرنا ئیسلامی سیاسی لە عێراق و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جێگایان پێ لێژ دەکات! پرسیار تەنیا ئەوەیە کە ئاخۆ ئیسرائیل بە چارەسەری کێشەکە و قبووڵی دەوڵەتی سەربەخۆی خاوەن مافی کامل بۆ فەلەستین ڕازی دەبێ یان نا؟
لە حاڵی حازردا بەداخەوە چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بازنەی خوێناوی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەل ئیسلامی سیاسیدا دەخولێتەوە. لەم بەرزەخ و بۆشاییە سیاسیەدا ڕەوتی جۆربەجۆری ناسیۆنالیزمی عەرەب و دەوڵەتە عەرەبەکانیش وەخۆکەوتوونەتەوە بەڵام ناسیۆنالیزمی عەرەب و دەوڵەتە عەرەبەکان ئەوەندە گەندەل و کۆنەپەرست و سەر بە ئەمپریالیست و تێکەل بە ئیسلامن کە زەحمەتە بتوانن وەک ئەڵتەرنەتیڤێک بەرامبەر بە ئیسلامی سیاسی بۆ گۆڕینی وەزعەکە بە قودرەتەوە ئیبراز بن. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم قۆناغەدا بۆ ئەوەی لەو بازنە خوێناویە دەرباز بێ، پێویستی بە ئیبراز بوونی تەوژمێکی سیاسی کۆمەڵایەتی ڕادیکال و قودرەتمەندە لە کۆمۆنیزم و چەپ و عیلمانیەت و ئازادیخوازی و لایەنگری لە یەکسانی ژن و پیاو.

ستراتێژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و سەرجەم تەیارەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی، ئەوەیە لە هەنگاوی یەکەمدا بەسەر عێراقدا زال بن و جێ بە ئەمریکا لێژ کەن، دواتر بە حوکمی زال بوونیان بەسەر دوو وڵاتی ستراتێژیکی ناوچەکەدا گشت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەنە پێگەی خۆیان، ببنە هێزێک لە هاوکێشەی جیهاندا، ئایدیۆلۆژی و سیاسەت و فەرهەنگی ئیسلامی بکەنە بەشێک لە سەرخانی ئایدیۆلۆژیک – سیاسی دونیای هاوچەرخ و خۆشیان ببنە جەمسەرێکی بەهێزی ئەو دونیایە. ئەمە ستراتێژیەکی واقیعی نیە. موجازەفاتی ڕەوتێکی کۆنەپەرست و گەندەڵە و حاسڵی لۆمپەنیزمێکە لە کۆمەڵگای سەرمایەداری گلۆباڵی ئەمڕۆدا کە لە سێبەر و زەلکاوی میلیتاریزم و کۆنەپەرستی سیاسی و گەندەڵی پارازیتانەی ئەمپریالیزمی سەردەمدا پەڕوباڵ و مەجالی پەلوەشاندنی پەیدا کردوە. ئەمریکا وەک زلهێزی یەکەمی ئەمپریالیزمی پاش ڕووخانی سۆڤیەت، بەردەوام بە میلیتاریزم و کۆنەپەرستی سیاسی و گەندەڵی پارازیتانەی خۆی، کۆنەپەرستی و گەندەڵی و لۆمپەنیزمی ئیسلامی بەرهەم دێێنێتەوە، بۆیە قەت ناتوانێ بە دەستی خۆی ڕیشەکێشی بکات. بەمجۆرە کۆنەپەرستی و تیرۆریزم و ئاڤانتووریزمی سەرجەم بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی، بە هەموو رەوتەکانیەوە، دەتوانی دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە سەدەی بیست و یەکدا بەرەو دوا، بەرەو بەربەرییەتێیەکی ڕووت و گۆمی خوێنێکی ئەوپەڕنادیار بکێشێتە دواوە.

لێرەوەیە کە من دەڵێم کۆمۆنیزمێکی کۆمەڵایەتی و بەرپرس، کۆمۆنیزمی چینی کرێکاری هاوچەرخ کە بە حوکمی جێگاوڕێگای ئۆبژێکتیڤی خۆی وجوودێکی گلۆبال و پێشکەوتوو و ئازادیخواز و دژبە سەرمایە و دژبە ئیمپریالیزم و دژبەدینە، لە مەیداندایە و لە توانایدا هەیە کە لە دوو وڵاتی ئێران و عێراق ببێتە بەدیلی دەسەڵاتی میلیتاریستی و گەندەڵی ئیمپریالیزم و ببێتە لەمپەر و ڕووخێنەری کۆنەپەرستی و گەندەڵی و لۆمپەنیزمی ئیسلامی و بیخاتە هەزیمەت و ڕیشەکێشی بکات.
بە دوور لە پڕۆپاگەندە بە حوکمی لێکدانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئۆبژێکتیڤ، ڕام وایە کۆمۆنیزم و چەپ و ئازادیخوازی و عیلمانیەت و حەرەکەی یەکسانیخوازی ژن و پیاو لە ئێران و عێراق، لە جەنگەی ئاڵوگۆڕی سیاسی پڕگوڕوتاوی ئەم دوو وڵاتەدا توانای ئەوەیان هەیە کە بە یەکگرتوو کردن و هێنانە مەیدانی ڕیزی کۆمەڵایەتی بەرین و بەهێزی کرێکاران و ژنان و لاوان، دواڕۆژێکی باشتر بۆ ئەم بەشە گرنگە لە ژئۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەدی بێنن، ئاسۆی داهاتوویەکی ڕوون بە ڕووی ئەم ناوچەیەدا بکەنەوە و کۆتایی بە زیاتر لە سەدەیەک دوژمنایەتی بێنن کە بەهۆی کێشە و ململانەی دەوڵەتانی ئەمپریالیست و دەستوپێوەندەکانیان لە لایەک و ڕەوتە ئیسلامی و ناسیۆنالیستە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە لە لایەکی ترەوە، لە نێوان دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەڵکانی وڵاتانی پێشکەوتووی رۆژئاوادا پێک هاتوە.

پرسیار/ لەکۆی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزانەدا بارودۆخی عێراق چۆن دەبینن، ئەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان چی بکات باشە؟

فاتح شێخ:
لە پاش ڕووخانی سۆڤیەتەوە ستراتێژی میلیتاریستی ئەمریکا فاکتەرێکی گرنگ بوە لە هەموو ئاڵوگۆڕە جیهانیەکاندا و بەو پێیەش کاریگەری بوە لەسەر ئاڵوگۆڕە ناوچەییەکان و تەنانەت ئاڵوگۆڕی ناوخۆیی وڵاتاندا. کاتێک باس لە بارودۆخی عێراق بێ، پێویستە حیسابێکی تایبەتی تر بۆ کاریگەری ستراتێژی میلیتاریستی ئەمریکا لە هەموو حەڤدە ساڵی ڕابردوودا بکرێ. لە ئاداری ۲٠٠٣ بەم لاوە، ئیتر شەڕ و سیاسەتی ئەمریکا بوەتە فاکتەری ژمارە یەک لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوخۆی عێراقدا. بەمجۆرە فەشەلهێنانی ستراتێژی میلیتاریستی ئەمریکا لە عێراق، ئەمڕۆ سەرەکی ترین فاکتەری بارودۆخی عێراقە.

ڕاگەیاندنی سەرۆک بووش لە ١١ی مانگدا (١١/١/٢٠٠٧) کورتەیەک لە دوا هەوڵەکانیە بۆ نەجاتی ستراتێژی میلیتاریستی ئەمریکا. ئەویش وەک گرووپی بەیکر- هەمیڵتن، دانی ناوە بە فەشەلهێنانی پڕۆژەکەیان لە عێراقدا. بەڵام وەک چاوەڕوان دەکرا هەر پێدادەگرێ لەسەر درێژەپێدانی ئەو ستراتێژیە میلیتاریستیە و وەعد دەدا کە هەر جۆرێک بێ سەرکەوتنێکی بۆ دەستەبەر دەکات! ئاشکرایە کە هەلومەرج بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەی ئەمریکا لە عێراق زۆرلە جاران دژوارتر و نالەبارترە! نە ناردنی هێزی سەربازی زیاتر، نە فشار و هەڕەشە لەسەر مالیکی دادی نەجاتی ئەمریکا لە گێژاوی عێراق نادات. شکستی “ستراتێژی نوێ”ی بووش، هەر لە ئێستاوە دیارە. باری گرانی ئەم شکستەش وەک هەمیشە ڕاستەوخۆ بەسەر خەڵکدا دەشکێتەوە و ئەمن و ئاسوودەییان بۆ ناهێڵێتەوە. ئێستا لە عێراق لە چەندین جەبهەدا شەڕ و تیرۆر و شەڕی ناوخۆیی شانبەشان لەئارادایە و نیشانەیەکیش لە هێور بوونەوەیان بەدی ناکرێ. تەنانەت زۆر ڕێی تێ دەچێ لە پال شەڕی سێکتە ئیسلامیەکاندا شەڕی قەومیش (بۆ نموونە لە کەرکووک) بقەومێ. سەرباری ئەمانەش شکستی ئەمریکا دەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ تێکدانی زیاتری ژیان و ئاسایشی خەڵکی عێراق ئاواڵەتر کردوە. هەروەها مەیدان بۆ دەستێوەردانی باقی وڵاتانی دراوسێ بەردەوام زیاد دەکات و بەمەش وەزعەکە ئاڵۆزتر دەبێ.

ئیشارەی سەرۆک بووش بە پێویستی ئیسلاحی دەستوور و ئیهمال کردنی فیدراڵی لە قسەکانیدا نیشانەیەکی ترە لە فەشەلی پڕۆژەی فیدراڵی. لانیکەم لەم بەشەدا ڕاسپاردەکانی گرووپی بەیکر- هەمیڵتن لە گوێ گیراون! پێشتریش بێسەمەر مانەوەی سەفەری بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نیشانی دابوو کە پەیوەندێکی ڕوون و ڕەوان لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدادا نیە و ئەوەندەش کە لە قسەدا هەبێ، لە کردەوەدا کار ناکا. لەڕاستیدا پڕۆژەی لکاندنەوەی کوردستان بە ئیدارەی بەغداوە فەشەلی هێناوە. دیارە بە هۆی بێدەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیەوە ئێستا زەمینەی تێکهەڵچوونی سەربازی لە ئارادا نیە. بەڵام گیروگرفتی بوودجە و سووتەمەنی و کارەبا و دەرمان و بۆمبی تەوقیت کراوی مادەی ١٤٠ و زۆر شتی تر دەتوانێ کێشەی زۆر و پڕمەترسی لێ بوەشێتەوە کە لێرەش، هەروەک دەبینرێ، هەر بەسەر ژیانی جەماوەردا دەتلێتەوە.
ئەم ڕاستییانە بوونەتە هۆی ئەوە کە جارێکی تر مەسەلەی چارەنووسی سیاسی هەرێم لە زەینی خەڵکانێکدا کە هەست بە دڵنیایی لە دواڕۆژی سیاسی خۆیان لە چوارچێوەی بارودۆخی مەوجووددا ناکەن، بەرجەستە بوەتەوە. ئەمە سەرلەنوێ تاقیکردنەوەیەک دەنێتەوە بەردەم سەرکردایەتی سیاسی هەرێم و هەرتک حیزبی بەشداری دەسەڵات و هەموو حیزب و لایەنێکی سیاسی کە وەڵامی پێ بدەنەوە.

بێگومان لە کاتێکدا عێراق و کوردستان بەناو پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی زۆر گرنگ و چارەنووسسازدا تێدەپەڕن، لە کاتێکدا سەرۆک بووش ناچارە “ستراتێژی نوێ” دابڕێژێ، ئیتر هیچ ستراتێژیەک و هیچ سیاسەتێک و هیچ قەناعەتێکی پیشوو بۆ پشت پێ بەستنی قەتعی نابێ و پێویستە بکەوێتە بەر پێداچوونەوە و لێکدانەوەی تازە. بێگومان سووتەمەنی و کارەبا و خانوو و پاراستنی گوزەران لە گرانی و نەبوونی و هتد هەموو گرنگن، مافی سەرەتایی خەڵکن، لەسەر دەسەڵاتە کە بە تێروتەسەلی دابینیان بکات، یان لانیکەم بەرامبەر بە خەڵک بەردەوام وەڵامدەر بێ. بەڵام لەگەل هەموو ئەمانەشدا و لە سەرووی هەموویانەوە، مافی خەڵکە بۆ دەربڕینی ئازادانەی دەنگی خۆیان لەسەر چارەنووسی سیاسی کۆمەڵگاکەیان لە ڕێفراندۆمێکی ئازاد و چاودێریکراودا.
***

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish