Skip to Content

فەرهەنگی گشتی کۆمەڵگا ڕەنگدانەوەی چیە و چ ئاڵتەرناتیڤێکمان هەیە ؟.. صابر محمد

فەرهەنگی گشتی کۆمەڵگا ڕەنگدانەوەی چیە و چ ئاڵتەرناتیڤێکمان هەیە ؟.. صابر محمد

Closed
by ئازار 9, 2021 General, Opinion

فەرهەنگی گشتی چ سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشەنبیری و هەموو لایەنەکانی تری ژیان وە مانەوەی بنەما و ڕەوشت و کولتووری عەشائری و تایەفەگەری و بنەماڵەیی وە بەتایبەت لە تێڕاونینیان بۆ ( ژنان) ، پەیوەندیەکی دانەبڕاو وە جودای نیە لە گەڵ ئاستی پێشکەوتنی (هۆیەکانی بەرهەمهێنان) لەو ناوچەیە یان لەو ووڵاتە .
هەوڵدان بۆ گۆڕینی سەرخانی فیکری و فەرهەنگی و کولتووری کۆمەڵگا ، لە ڕێگەی ڕێنوێنی و مەوعیزەو توتی ئاسایانە هەوڵدان بۆ فێرکردنی مرۆڤەکان و تاکەکانی کۆمەڵگا ، ئەبێتە شتێکی خەیاڵی و بێهودە ، چونکە خودی (ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ) بۆ بردنە سەری ژیان لە ئاستێکی زۆر دواکەوتونەو نا مۆدێرندایە وە ناشتوانرێت فەرهەنگی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوی سەرمایەداری بکەیت بەبەری کۆمەڵگایەک کە تیایدا هۆیەکانی بەرهەمهێنان تیایاندا دوکەوتوە ، وە فەرهەنگی ئابووری ئەم دوو جۆرە لە ئاستی پێشکەوتنی (هۆیەکانی بەرهەمهێنان ) بەیەکتر نامۆن و ە ناگونجێن .
کەمنین ئەو نووسەرو ڕۆژنامەوان و کەسایەتیانەی کە بەپەرۆشی وە بەدڵسۆزیەوە لە هەوڵی گۆڕینی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی ( خەڵکی کوردن) بۆ فەرهەنگێکی پێشکەوتوخوازانەو مۆدێرن کە مرۆڤ و کەسایەتی مرۆڤەکان و ە پەیوەندی سروشتیانە و خۆشەویستی نێوان ( ژنان و پیاو) تیایدا بەرجەستە بێتەوە و ڕێز لە خودی بنیادو ستراکچەڕی مرۆڤ بگیرێت بە شێوەیەکی گشتی .
بەڵام ئەم بە پەرۆشی و خەونە لەگەڵ ژێرخانێکی ئابووری( هۆیەکانی بەرهەمهێنان) دواکەوتو ڕوو بەڕوو ئەبێتەوە، کە لە دوا ئەنجامدا بە کارێکی بێهودەو بێسوود ئەمێنێتەوە ، وە ئەبێتە باسێکی نامۆ بە شێوەی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕی ئابوریانە کەلەو کۆمەڵگایەدا هەیە .
لە قۆناغی ئێستادا کەئیمپریالیزم واتە دەسەڵاتداریەتی «سەرمایە» کە کارکردی خۆی و هەژموونی خۆی بەسەر هەموو کون و کەلەبەرێکی ئەم جیهانەدا خزاندووە و سەپاندووە ، بەو مانایە نیە کە ئەم کۆمەڵگا دواکەوتوانە کە ( هۆیەکانی بەرهەمهێنان ) تیایاندا دواکەوتوە وە بگرە پاشماوەکانی دەرەباگایەتیشیان تیادا ماوە ، دەبنە ڕێگر لە بەردەم چوونە پێشەوەی سیستەمی بەرهەمهێنانی ئیمریالیستیانەی سەرمایە داری و پێشڕەوی خۆیان و وە خودی کەڵەکەی سەرمایەیە .
بە پێچەوانەوە پڕۆسەی کەڵەکەی سەرمایەو خودی ( سەرمایە ) هێندە بەهێزە و کاریگەرە کە بۆتە هێزێکی بڕیاڕدەرو چارەنووسساز و توانای گۆڕینی زەوی و ئاسمانی هەیە و دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێکدا ئەشکێت و وە بەواتای هیگڵ بۆتە ئەو هێزە ڕەها ( مطلق) ی کە وەک ( خودا ) ناساندوویەتی ، کە دەسەڵاتی بەسەر هەموو ئەرزو ئاسماندا هەیە و وە ئاگاداری خشەی هەموو مارو مێرویەکە !
هەربۆیە ڕاگرتنی دواکەتویی و سادەیی شێوەی بەرهەمهێنان لە زۆر ناوچەکانی جیهان بۆتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی خودی سەرمایەدارای ئیمپریالیستیانەی جیهانی و بگرە خودی ( سەرمایە ) لە ناو زەلکاوە بۆگەن و دواکەوتوەکاندا باشتر گەشە ئەکات و کەڵەکە ئەبێت وە زۆرترین قازانج لە ووڵاتانی هەژار و دوواکەوتووی ئابووری وەرئەگرن وە کەڵەکە ئەکەن .
کاتێک کە ڕۆژانەی کرێکارێکی سۆماڵی یان ئەفریقایی بەشێوەیەکی گشتی لە سنووری ( یەک دۆلاری) ئەمریکیدا بێت ، ئەمە باشترین هەلومەرجێکی ئابووریە بۆ گەشەی سەرمایەو کەڵەی سەرمایەی کۆمپانیاو دامودەزگا نێونەتەوەیی و جیهانیەکانیان .
بەهەمان شێوە لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاو هیندستان و پاکستان و فیلیپین و بگلادیش و …هتد ئەو ووڵاتانەشدا کە تائێستاش جۆرێک لە کۆیلیەتی ڕەها پیادەئەکرێت و ئەبینرێت لەبەرامبەر چینێکدا کە پێویستیان بە وە هەیە ڕۆژانە هیچ نەبێت بە هەر نرخێک بێت ئەگەر سەری خۆشیان لە پێناویدا دابنێن پێویستە کار بۆ سەرمایەداران و بەکرێگیراوانی کۆمپانیا ئیمپریالیستی جۆر بەجۆرەکانی جیهان بکەن ، بۆ نمونە کۆچی ملیۆنەها کرێکاری ئەو ناوچانە بۆ ووڵاتانی وەک ئیمارات و عەرەبی سوعودیەو قەتەرو عەرەب نشینیەکان و ..هتد ، کە ئێستا ناوچە کوردیەکان و شارە کورد نشینەکانیشی گرتۆتەوە ، و دەیەها کرێکار وەک بارمتە ئەهێڵنەوە بە ناچاری لەو وڵاتاندا بە کرێیەکی کەم کە بەشێکیان ناچار بە خۆکوژی و مردن بوونەتەوە.
نموونەی کرێکارانێک کە لە بنکەی هەڵوەشاندنی پاپۆڕەکاندا کار ئەکەن باشترین بەڵگەی کۆیلیەتی کرێکارانە لەم جیهاندا .
هەروەها کارگەی ڕستن و چنین و هەموو ئەو کرێکارانەی کە شەوئەخەنە سەر ڕۆژ بۆ کۆکردنەوەی بەردی بە نرخ لە ناو کانەکاندا کار ئەکەن بۆ کۆمپانیاکانی پیشەسازی مۆبایلەکان و تاپلێتی زیرەک و ئامێرە ئەلکترۆنیەکان .
لە ناوچە کوردیەکاندا بەهەمان شێوە ، وێڕای بوونی هزرێک و فەرهەنگێکی دواکەوتوانەو عەشیرەتی و دەرەبەگیانە بەهۆی پێشنەکەوتن و دواکەتووی هۆیەکانی بەرهەمهێنان لەم ناوچەیەدا یان باشتر بڵێم لەوە ش بەولاوەتر نەبوونی سیمای کۆمەڵایەتی و سۆسیۆلۆژی ( نەتەوەیەکی) یەکگرتوو کە لەکاتی خۆیدا بتوانن دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوایەتی خۆیان پێکبهێنن و ڕابگەیەنن شان بەشانی میللەتانی تر .

لە ئێستادا مەسەلەی پێشکەوتن و گەشەپێدانی( هۆیەکانی بەرهەمهێنان) وەک ئامانج و مەسەلەی سەرەکی خودی
( بۆرژوازی میللی ) نەماوە ، هەربۆیە ئەبینین وە بەدرێژایی ٣٠ سی ساڵ لە حاکمیەتی بۆرژوازی کوردی لەو ناوچەیە ئەوانیش وەک بەکرێگیراوانێکی ئیمپریالیزمی جیهانی لایەنگری هێشتنەوەی کۆمەڵگان لە ئەو پەڕی دواکەتوویی و فەرهەنگی عەشیرەتیدا ، وە زۆربەی هەرەزۆری سەرمایەو ئیمکانیاتە مادیەکان کە لەبەردەستیاندایە بۆ سێکتۆر و کەرتە خزمەتگوزاریەکان خەرج ئەکرێت ، وەک :
دروستکردنی شاری یاری ، دروستکردنی هۆتێلی بەرز، دروستکردنی شارە جۆربەجۆرەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی بیناسازیدا ، دروستکردنی گازینۆ و قومارخانەو شوێنی ڕابواردن و حەوانە بۆ سەرمایەدارانی جیهان و کەسانی خاوەن ئیمکانیات و سەمایداران لە ناو کورداندا ، … هتد .
بەڵام لە هەمانکاتدا چینێکی بەرین لە خەڵک ڕۆژانە پێویستیان بەوە هەیە کە بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن و بۆ نموونە کار بۆ ئەو کۆمپانیا بیانیانە بکەن کە پاک و خاوێنی شارەکانیان گرتۆتە ئەستۆ بە مووچەیەکی زۆر کەم وە مەمرەو مەژی ، هەروەها ناچاربوون کارکردن لە کۆمپانیاکانی نەوت و گازو کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی هاتوچۆ بۆ گواستنەوەی شمەک و نەوت و گاز بۆ دەرەوەی شارە کوردیەکان وە گەیاندیانیان بە دەڵاڵان و کۆمپانیا ئیحتیکاریە جیهانیەکان …. هتد.
زۆرێکی تریش لە هەموو سێکتۆرو کەرتە پیشەسازیە لۆکاڵیەکان و خزمەتگوزاریەکانی تردا کار ئەکەن ، وە لەهەمووشی کوشندەتر ڕاگرتنی توێژێکی بەرین لەم چینە لە ژیانی بێکاریدا کە خۆی لە خۆیدا فشارێکی گەورەی خستۆتە سەر مووچەی ئەوکەسانەش کە ئەچنە سەر کارو هەروەها پەیدابوونی هەلی کار .
ڕزگاری و پێشکەوتنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری وە هەوڵدانی گۆڕینیان بۆ کۆمەڵگایەکی مۆدێرن ، لە گرەوەی شۆڕشی سۆسیالیستیدایە.
هەر بۆیە ناتوانرێت پشت بە کۆمەڵگایەکی لەم جۆرەی وەک کوردان ببەسترێت بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی سۆسیالیستی ، وە هەر بۆچوونێکی لەم بابەتەی چەپی ناسیۆنالیستی خەیاڵێکی ووردەبۆرژوازیانەیە .
لە سیاقی جیهانیداو لە سیاقی لۆکاڵیشدا سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە سۆسیالیستیە لە گرەوەی بەستنەوەی هەموو هێزو توانای مارکسیستەکان و تێکۆشەرانی ناوچینە چەوساوەکانی ناو ئەم کۆمەڵگا دواکەوتوانە ی وەک ( کورد) بە شۆڕشێک و هەوڵێکی مەزنتر کە لە پانتاییەکی گەورەتر کە لەناوچەکەدا وە لەناو نەتەوەکانی تری ناوچەکدا هەیە.
هەرهەوڵێک و تێڕوانینێکی ناسیۆنالیستانەی تر کە بانگەوازی ( ڕزگاری نیشتمانی ) ئەکات بەپێچەوانەی خواست و ڕەوتی چوونە پێشەوەوەی سەرمایەداری و کەڵەکەی سەرمایەوەیە وە دژ بە سیاسەتی ئیمپریالیستەکانە لە ناوچەکە دا ، هەربۆیە بەئەنجام گەیاندن و خۆشخەیاڵی بەسەرکەوتنی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستانەی لەم جۆرە هیچی تر نیە بێجگە لە بردنە پشەوەی سیاسەتی ئیمپریالیستەکان لە ناوچەکەو گەوجاندنی چینی کرێکارو خەڵکی چەوساوەیە و خۆڵکردنە چاویانەو دوورخستنەوەیانە لە خەباتی چینایەتی .
هەروەها هەر ئاڵتەرناتیڤ و بەدیلێکی تر کە خوازیاری دروستکردنی ( دەوڵەتی مەدەنی و سۆکۆلار ) لە شوێنی دەسەڵاتداریەتی کۆنەپەرستانەی حیزبە قەومی و ئیسلامی و لێبڕاڵە کوردیەکان، دیسانەوە خەیاڵێکی ووردە بۆرژوازیانەی ناسیۆناڵ چەپەکانە ، کە مەبەست و ناوەرۆکەی تەنها خۆسازانە لەگەڵ دەسەڵاتداریەتی لۆکاڵی کۆنەپەرستانی کوردو سیاسەتی ئیمپیالیستی جیهانی و هەوڵێکی نەزۆکانەیە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ( سۆسیال دیمۆکراتیانەی ) بۆرژوازی لەناوچەکەدا ، کە خۆی لە خۆیدا ناکۆکە لەگەڵ ڕەوتی گەشەی سەرمایەو سیاسەتی ئیمپریالیستی جیهانی .
سەروساماندان بە هزرێکی شۆڕشگێڕانەی مارکسیستی لەم چەشنەش هەروا کارێکی ئاسان نیەو کاری شێلگیرانە ئەخوازێت ؛ هەروەها ئەویش بەهەمان شێوە لە گرەوەی هەم توازون قوای جیهانی و لۆکاڵی خەباتی چینایەتیدایە ؛
بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە لەشوێنی خۆماندا بمێنینەوە وە لە ناو چوارچێوەی ئەم زۆنگاوی کۆمەڵگای کوردیدا بتلێینەوە !

صابر محمد

بزووتنەوەی مارکسیستی کرێکاران

Previous
Next
Kurdish