
ئه‌و مه‌رجانه‌ی کە پێویستن بۆ كاریگه‌ربوونی كاریكاتێر.. به‌شی -1- هه‌ندرێن خۆشناو
ئه‌و هێڵانه‌ی كه زێده‌ڕۆیی له هه‌ڵبه‌زین و دابه‌زینیاندا ده‌كرێت و زێده‌ڕۆیی شێوه‌كاری به شێوه‌یه‌كی گشتی، ئه‌گه‌ر له كاریكاتێری پۆرترێتدا سه‌ركه‌وتووبێت، ئه‌وا بۆ جێبه‌جێكردنی كاریگه‌ریه‌كی به‌رز له كاریكاتێردا، له جێبه‌جێكردنی ئه‌رك و كاره‌كانی، به‌بێ دابینكردنی چه‌ند مه‌رجێكی دیكه به‌دینایه‌ت، به تایبه‌تی له هه‌ردوو جۆره كاریكاتێره سه‌ره‌كییه‌كان كه كاریكاتێری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تین، چونكه هێڵ و سێبه‌ر و رووبه‌ره ره‌نگاوڕه‌نگه‌كان تاكه كۆڵه‌گه نین له كاریكاتێردا، به‌ڵكو شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كاریكاتێر پێكدێنن، خوێنه‌ریش ته‌نیا به شێوه‌ی ده‌ره‌وه كارلێك له‌گه‌ڵ كاریكاتێردا ناكات، ده‌نا هه‌موو كاریكاتێره‌كان له ئاستدا له‌یه‌ك نزیك ده‌بوون، كاریكاتێری سه‌ركه‌وتوو و كاریكاتێری ناسه‌ركه‌وتوو نه‌ده‌بوون، به‌ڵام وه‌كو ده‌زانین كاره‌كه به‌م شێوه‌یه نیه، چونكه زۆرێك له كاریكاتێره‌كان كه كارزانانه نه‌كێشراون، و له ڕووی هونه‌ری و شێوه‌كارییه‌وه له ئاستێكی نزمدان، یان له ئاستی ئه‌وانه نین كه به كارزانی و ده‌ستڕه‌نگینیه‌وه كێشراون، كه‌چی ڕای خوێنه‌ران و بایه‌خده‌رانی بواری كاریكاتێر به‌لای خۆیانه‌وه راده‌كێشن، له هه‌ندێك له پێشانگا و پێشبڕكێ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش له بواری كاریكاتێردا ته‌كنیك و داڕشتنی هونه‌ری به پله‌ی دووه‌م دێت، چونكه ته‌كنیك به‌ته‌نیا به‌س نیه، پێویسته چه‌ند مه‌رجێكی گرنگی تریش فه‌راهه‌م بكرێت، هه‌وڵده‌دین به شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی له خواره‌وه باسیان لێوه‌بكه‌ین:
1- مه‌رجی پێكه‌نیناوی (كۆمیدی):
ده‌سته‌واژه‌ی كۆمیدیا ده‌سته‌واژه‌یه‌كی گریكیه (یۆنانی)، به شانۆی دژه تراجیدیا ده‌وترا، هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌ش وه‌رگێڕدرانه سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، تراجیدیا ناونرا (مه‌ئسات) و كۆمیدیاش ناونرا (مه‌لهات)، بووه نه‌ریتێك له‌ناو خه‌ڵكیدا كه كۆمیدیا ئه‌و هونه‌ره‌یه كه ئامانجی به پێكه‌نینهێنان، یان پشت به پێكه‌نینهێنان ده‌به‌ستێت، به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و هونه‌ره شانۆ بێت یان نا، ئه‌و ده‌ربڕینه به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت گواسترایه‌وه بۆ سینه‌ماش، ئێمه لامان په‌سه‌ندتره به‌كارهێنانی وشه‌ی (كۆمیدی) له جیاتی (پێكه‌نیناوی)، وشه‌ی كۆمیدی بۆ مه‌رجه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام پێكه‌نیناوی وه‌رگێڕدراوه‌كه‌یه‌تی، كه له‌وانه‌یه پڕ به پێستی ماناكه‌ی نه‌بێت، به‌ڵام نزیكترین وشه‌یه بۆ مه‌به‌سته‌كه‌مان، توێژینه‌وه له ده‌سته‌واژه‌كان باسی ئێمه نیه لێره‌دا، بۆیه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باسه بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی خۆمان كه مه‌رجه‌كانی كاریگه‌ری كاریكاتێره.
فه‌راهه‌مكردنی مه‌رجی كۆمیدیا له كاریكاتێردا شتێكی گرنگه و له مه‌رجی شێوه‌كاری كه‌مترنیه، چونكه كاریكاتێر له‌سه‌ر دوو ره‌گه‌زی بنه‌ڕه‌تی بونیات ده‌نرێت، ئه‌وانیش شێوه‌كاری و كۆمیدیایه، ئه‌گه‌ر شێوه‌كاری نه‌بوو ئه‌وا كاریكاتێر نابێت، ئه‌گه‌ر كۆمیدیاش نه‌بوو هه‌ر كاریكاتێر نابێت، ده‌توانین ناو له كاریكاتێر بنێین (كۆمیدیای شێوه‌كاری)، له حاڵه‌تی ونبوونی ئه‌م مه‌رجه كه كۆمیدیایه له كاریكاتێردا، ئه‌وكات ده‌توانین ناوی بنێین (نیگاری كاریكاتێری) له‌و خانه‌یه‌ی كه ستایلی كاریكاتێری به‌كارهاتووه له نیگاركێشاندا، به‌ڵام كاریكاتێرێكی ته‌واو نیه له هه‌ر حاڵه‌تێكدا.
مه‌به‌ستمان چیه له كۆمیدیایی، هه‌موو جۆره‌كانی هونه‌ر كه ده‌بنه هۆی پێكه‌نین، له گاڵته‌جاڕی و هه‌جوو و گاڵته‌وگه‌پ و قۆشمه‌یی، ده‌چنه ژێرباری ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌وه، هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌بێته هۆی پێكه‌نین كۆمیدیایه، جا چ پێكه‌نینێكی بێ‌نیاز یان هه‌ڕه‌شه‌ئامێز یان ڕق و كیناوی یان زه‌رد یان پێكه‌نێكی ره‌ش بوو.