Skip to Content

نوستالژیا\ بەشی کۆتایی\ جەلال تاڵەبانی و باوکم و بەشیر موشیر.. ستیڤان شەمزینی

نوستالژیا\ بەشی کۆتایی\ جەلال تاڵەبانی و باوکم و بەشیر موشیر.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 25, 2024 General, Opinion


بەشی کۆتایی

جەلال تاڵەبانی و باوکم و بەشیر موشیر

چەند جارێک وا رێکەوتووە لە نزیکەوە “جەلال تاڵەبانی” ببینم، بە حوکمی کارەکەم وەک رۆژنامەوانێک لە زۆرێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانی مام جەلال ئامادە بووم، بەڵام جیا لەمەش دووجار شانسی ئەوەم ھەبووە لە نزیکەوە لەگەڵی دابنیشم دوو بە دوو، لە یەکێک لەو دانیشتنانەدا زیاتر لە کاتژمێرێک قسەوباسمان کرد. مام یەکێک بوو لەو پیاوە زرنگانەی خاوەنی زاکیرەکەی زۆر تیژ بوو، ھەر رووداوێک یان کەسایەتییەک بۆ ماوەیەکی کەمیش بەریەککەوتنی ھەبووبێ لەگەڵیدا مومکین نییە بیری بچێت، نەخاسمە باوکم (ئەحمەدی سەید عەلی) کە پێنج ساڵی رەبەق لە یەک بارەگادا پێکەوە ژیاون و ھەموو رۆژێک ھاتووەتە بەرچاوی. لە جیابوونەوەی باڵی “مەکتەبی سیاسیی” یان “جەلالی” لە ساڵی ١٩٦٤ لە باڵی مەلایی یان مەلا مستەفا، باوکم و براکانی و خاڵ و پورزا و خزمەکانی ھەموو پێکەوە بایاندا بە لای مام جەلال و باڵی جەلالیدا. ھەر لە ١٩٦٤ تاکو ھەڵوەشاندنەوەی ئەو باڵە لە ١٩٧٠، بەڵام باوکم ساڵی پێشتر ریزی جەلالی جێھێشت واتە باوکم لە نێوان ساڵانی ١٩٦٤-١٩٦٩ جەلالی بووە. جگە لەمەش خزمەکانی باوکم ئەرکی پاراستنی بارەگای سەرەکی مام جەلال و خودی مام جەلالیشیان پێ سپێردرابوو، ئەمانە بە لقی “کەریمی حاجی رەشید” ناسرابوون کە پەنجا پێشمەرگەیەکی ھەڵبژاردەی شەھید کەریم بوون و لە خزمە نزیکەکانی باوکم بوون “شەھید کەریم ساڵی ١٩٨٨ لە قەندیل شەھید بوو”.
یەکێک لەو بەسەرھاتانەی بیری “مام جەلال”م خستەوە ئەو چیرۆکە بوو لە باوکمم بیستبوو وەک باوکم بەم جۆرە دەیگێڕایەوە: ھاوینی ساڵی ١٩٦٨ بوو، بارەگای سەرەکیمان لە “ئەلبانەکە”ی گەڕەکی “بەکرەجۆ” بوو مام جەلال لە دەرەوەی بارەگا بوو، منیش برسیم بوو، زانیم مام جەلال لەوێ نییە، خێرا تاوم دایە یەخچاڵ “سەلاجە”کەی مام جەلال و چی چێشت و گۆشتی لێنراوی تیا بوو تا تێرم نەخوارد دەستم لێ ھەڵنەگرت. سکرتێرەکەی مام جەلال “ناوی عەبدوڵا رەسوڵ بوو ئێمە پێماندەوت عەوڵا مەسینە”، کردی بە قاوە قاو و ھاوار ھاوار چۆن وا دەکەی؟ نازانی ئەوە خواردنی تایبەتی مام جەلالە؟. منیش وتم مام جەلال کێیە ھەر نایناسم. وتیشی: دواتر چوومە دەرەوە لەناو حەوزێکی بچووک چەند دانە شووتییەک دانرابوو بۆ ئەوەی سارد ببن، دانەیەکم ھەڵبژارد و لەگەڵ “مام یاسین”ی ئاوەڵزاوام کەوتینە خواردنی. لەو کاتەدا مام جەلال ھاتەوە بە جێبێکی بچووک و جگەرەیەکی بە دەمەوە بوو “ئەوسا مام جەلال جگەرەی ئەکێشا”، خێرا عەوڵا مەسینە رایکرد بۆ لای مام و کارەکەی منی تێگەیاند و زیاتریش ترش و خوێی کرد. باوکم وتی ئەوە گوێم لە مام جەلالە ئەڵێ بە گۆچانان پشتی ئەشکێنم. منیش چوومە لای مام و وتم مامە گیان بوار بدە بۆت روون بکەمە؟ ئەویش وتی دەی. وتم زیاتر لە سەد پێشمەرگە لەوێ وەستابوون کە خواردنەکەم دەرھێنا، ئەویش بە دەنگی بەرز ھاواری ئەکرد ئەمە خواردنی مام جەلالە. منیش وتم نەخێر ئەمە خواردنی مام جەلال نییە بەڵکو خواردنی کەریمی حاجی رەشیدە، مام جەلال نانە رەق ئەخوات ئێستا تۆ ئەڵێی ئەم خواردنانە ھی ئەون، ھەر بۆ دڵنیایش ھەموویم خوارد لە پێش پێشمەرگەکان. مام جەلالیش تۆزێ بێدەنگ بوو وتی ئافەرین ئافەرین. ئێستا بڕۆ.
کاتێ من ئەمە چیرۆکەم بۆ مام جەلال گێڕایەوە و وتی زۆر راستە، بیرمە وتیشم خۆشم ئەوێی ئەگینا نەمدەھێشت قسە بکەی بەڵکو وەک شاخ بەسەرتا ئەڕووخام. ئینجا مام جەلال خۆی باسی شەھید ئەحە رەشی کرد “شەھید ئەحەرەش، دەکاتە خاڵی باوکم و شۆفێری تایبەتی مام جەلال بوو لە زەمەنی جەلالییەتدا، شەھید ئەحمەد ١٩٤٩-١٩٨٥ یەکێک بوو لە کادرە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵە لە شار و چەند جار ئەمبولانسی پڕ دەرمانی بە فێڵ رادەستی پێشمەرگە دەکرد و لە ساڵی ١٩٨٣ لە بەغداد دەستگیرکرا و لە ژێر ئەشکەنجەدا شەھید بوو. مەحمودی مەلا عیززەت لە کتێبەکەیدا شەھید ئەحە رەشی بە یەکێک لەو چل ئەستێرەیە داناوە کە خەباتی شاریان دەستپێکردەوە”. مام جەلال دەربارەی شەھید ئەحە رەشی خاڵی باوکم وتی: کۆتایی ساڵی ١٩٦٩ بوو، جێبێکی بچووکمان ھەبوو، ئەڕۆیشتین بەرەو سورداش، لە کەڵەوانان تایەی جێبەکە پەنچەر بوو؟ منیش پەلەم بوو، ئەحە ڕەشیش شۆفێریی دەکرد، بەڵام بۆ گۆڕینی تایەکە “جەگ”ی بیر چوو بوو، لە ترسی تووڕەبوونی من، بەردێکی گەورەی تل دا و بە ھەموو ھێزی جێبەکەی بەرز کردەوە و بە دوو پێشمەرگەش تاوێرە بەردیان خستە ژێر ئۆتۆمبیلەکە و لە چەند دەقیقەیەکدا تایەیەکی گۆڕی. شەھید عەلی عەسکەریش وتی بە راستی قارەمان بوویت؟ مام جەلال وتی منیش وتم ئەم مام پیاوە، کادرە، پێشمەرگەیە، شۆفێرە، تەنانەت جەگیشە.
ھەر لەو دیدارەدا بە مام جەلالم وت، لە مامۆستا کامیل ژیرم بیستووە تۆش یەکێک بوویت لە شوێنکەوتوانی ئوستاد “بەشیر موشیر” ئەگەرچی زۆرم لە “بەشیریات” بیستووە بە تایبەت لە رێی مامۆستا کامیل ژیرەوە بۆ نموونە بوونی شیعەی نھێنی لە شەش ھەزار ساڵ بەر لە زایینەوە. پێم خۆشە شتێکمان بۆ باس بکەیت کە بیرەوەریی خۆت بێ لەگەڵ بەشیر موشیر. مام جەلال دەستی کرد بە پێکەنین و وتی زۆرجار ئەچوومە دوکانی بەرگدرووەکەی ئوستاد لە بەغداد، وتی جارێک بەشیر موشیر وتی کورد ٢٢ ملیۆنە “ئەمە پەنجاکان” منیش وتم رێژەکە زۆرە رەنگە کەمتر بێ؟ وتی نەخێر ٢٢ ملیۆنین. منیش وتم ئەی کەواتە چۆن دابەشبووین؟ وتی: کوردی تورکیا ١١ ملیۆنە، کوردی سوریا یەک ملیۆن، کوردستانی سوور یەک ملیۆن، کوردی ئێران ٥ پێنج ملیۆن، کوردی عێراقیش ٣ ملیۆن. وتم ئوستاد ئەمە دەکاتە ٢١ ملیۆن، ھێشتا ملیۆنێک کورد ونە. بێ ئەوەی خۆی تێکبدا، وتی رەحمەتت لێبێت، یەک ملیۆن کوردیش لە چین ھەیە. مام جەلال وتی: وتمان کورد چی دەکات لە چین؟ ئوستاد وتی کەرەکەر مەکەن تورک ھەمووی چل ملیۆنن ١١ ملیۆن کوردیان بەرکەوتووە، تۆ بڵێی لەو یەک ملیارەی چین یەک ملیۆن کوردی تیا نەبێت. وتی ئێمەش سەری رەزامەندیمان نواند.

ستیڤان شەمزینی

٢٣-٢-٢٠١٧
*ئەم وتارە بیرەوەرییە لە ھەشت مانگ بەر لە کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی نووسراوە، لە بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لەلاپەڕە ٥٥٤-٥٥٦ چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish