Skip to Content

چیرۆکێ کە نەمنوسی.. نەوزاد بەندی

چیرۆکێ کە نەمنوسی.. نەوزاد بەندی

Closed
by ئایار 28, 2025 General, Literature

بە نیوەڕۆیەکی هاویندا ڕێت ئەکەوێتە چۆڵەوانییەک، هەتا چاو بڕکا دڕک و داڵی ووشک و زەردهەڵگەڕاو ئەبینی، بەشێکی دەشتەکە سووتاوە، زیکزیکەیەک به دڕکێکەوە وشکهەڵاتووە، دڵۆپەیەک ئاو لە هیچ شوێنێکەوە نابینی، بەرە بەرە قوڕگت ئەبێ بە پەڵاس، حەز ئەکەی جنێوێ بدەیت، بەس نازانیت بە کێ.
نیمچە بایەکی گەرم دێت بە ڕووتا، لەگەڵ خۆیدا بۆگەنێک ئەدا بە لووتتا، ڕەنگە بۆگەنی پشیلەیەک بێ کە ئوتومبیلێک شێلابێتی، یان باڵندەیەکی مردارەوە بوو..یاخود مەڕێکیان لەو دەشتەدا کەوڵ کردبێ، ناوسک و پێستەکەیان بە جێهێشتبێ و بۆگەنیان کردبێ، لەگەڵیدا ڤینگەی هەزاران مێش ئەبیستی، وات لێدەکەن ڕابکەیت، مەرج نییە بۆ کوێ، گرنگ ئەوەیە ڕابکەیت و دوور بکەویتەوە و تەواو..
لێرەدا نزیکترین هاوڕێم لێ ڕاست ئەبێتەوە، ئەڵێ : جا کوا ئەمساڵ دڕک و داڵ هەیە؟ سوپاس بۆ خوا بارانێکی زۆر باریوە و له وشکەساڵیی دەرچووین، دەشت و دەر هەمووی چەم و کانی و کارێز و قەڵبەزەیە ..بێڵەکەی دوکانیش سەرڕێژ بووە.
یەکێکی تریان ئەڵێ، بە هیچ جۆرێ ڕێپێدراو نییە مەڕ و ماڵات لە دەشت و دەر کەوڵ بکرێن، لە هەموو شارەکانا قەسابخانەی گەورە و پاک و تەندروست بنیاتنراون و پزیشکی بەیتاڵی تایبەت پشکنینی گشتی بۆ مەڕ و ماڵات ئەکەن پێش سەربڕینیان، هەر بۆیە دێڕی مەڕ سەربڕینەکەت ڕەنگە داواکاری گشتی بێنێتە سەر خەت و پەلکێشی دادگات بکەن.
مۆبایلەکەم زەنگی هاتنی نامەیەک ئەدات بە گوێمدا، ئامۆزایەکمە لە فەڕەنسا، نوسیوێتی: کاکی من! خراپ دەستت داوەتێ، بە تەمای ببی بەچی؟ کافکا؟ ستانداڵ؟ گۆرکی؟ وازبێنە برا، ئێوە تازە لە دەرەوەی کەڵچەر و شتن،خوا نانێکی داوە، بۆ خۆت بیخۆ و لەسەرئێشە مەگەڕێ، بۆچی عەسابەیەکت لێ تاین بێ و فیشەکبارانت بکا؟ ئەو وەسفە ترسناکە چییە کردوتە.
ئەچمە نانەواخانەکەی عەتوش، لە پشتەوە کەسێ قۆڵم ئەگرێ، ئاوڕێکی خێرای بۆ ئەدەمەوە، سالە زیکەی هاوڕێی حوجرەی پێش نیو سەدە ئەبینم، ڕشتنی عەرەقێک و هەناسەیەکی ساردم لە هەمان کاتدان، لە کاتێکدا پەنجە ڕەق و شین هەڵگەڕاوەکانی وەک جاڵجاڵۆکەیەکی گەورەی قێزەون لە قۆڵم ئەکەمەوە، پێی ئەڵێم: هەتیو! دەستت ئەڵێی مەنگەنەیە، ئەم حەرەکە قۆڕانە کەی تەرک ئەکەی؟
سالە زیکە ڕێک بە پێکەنینە قوقەی کەڵەشێری نەخۆشئاساکەی پێش پەنجا ساڵەوە، ئەڵێ: ئێ کە ئەوەندە ئەترسیت، بۆچی وا خراپ ڕەخنە له حوکمەت ئەگریت؟ ئەو پەرەگرافەی کە دزەی کردووە، هەر ووشەیەکی میرازییەکی چاکی پێوەیە..
ئەمەوێ پێی بڵێم کام پەرەگراف و ..کام ووشە و .. چ گەمژەییەکە دەستت داوەتێ، بەڵام پێم باشە قسەی تێدا خەرج نەکەم، پارەی نانەکەم لە ڕیزی سەرەگرتنەکە دەردێنم و بە تووڕەییەوە ئەڕۆم، گوێم لێ نییە لە دواوە سالە زیکە چی دەڵێ و چی ناڵێ، هەندێ جار پیاو لە ناکاو تووڕە ئەبێ، ڕەنگە ئەو شتەی بە هۆیەوە تووڕە بووە، شتێکی ئەوتۆ نەبێ، ئەتوانین بڵێین ئەو شتە هاوکاتە لەگەڵ پڕبوونی دڵت لە تووڕەیی و خۆ خواردنەوەی ساڵەهای ساڵ و لێڕژانی.. حەزم کرد زۆر خێرا لێی دوور بکەومەوە نەک سێڵاوی ئەو تووڕەییە، دەم و قەپۆزیم پێبشکێنێ، لەگەڵ هەر هەنگاوێکمدا ئەهاتە بەرچاوم کە چۆن بە هەموو هێزی خۆمەوە مشتەکۆڵەیەک لە نێوان دەم و لووتی ئەدەم، لەو شوێنەی کە سمێڵی لێ نەدەڕوا، پێمان ئەوت مەغۆل، ئاخر مەغۆلەکان چاڵی خوار لووتیان مووی لێ ناڕوێ، هاوکات لەگەڵ پژانی لوتی و لەقبوونی دوو دانە کەروێشکییەکەی، بیر لەوە ئەکەمەوە ئەبێ سالە چی ووتبێ وا بەو هەموو هێزەوە، ئەو مشتەکوڵەیەم پیا کێشاوە؟ لەوێدا خۆیشم نازانم کە ئەو مشتەکۆڵەیە کۆکراوەی تووڕەیی دەیان ساڵە، مشتەکۆڵەگەلێکی دەیان ساڵە شاردوومنەتەوە و نەموەشاندوون، دژی ئەو مامۆستا حیزبییانەی زانکۆ کە لەبەر بێلایەنیی و بێکەسیمەوە نمرەیان لێدەشکاندم بۆ ئەوەی کاروانی خوێندنی باڵام پەک بخەن و ڕەوانەی سەربازگام بکەن. هی ئەو عەریفە نەخوێندەوارانەی لە هیچ و خۆڕایی سزای توندیان ئەدام..هی ئەو بەڕێوەبەر و فرۆشیار و پاسەوانی بازگە و وەزیر و کابینەی حوکومیی و شۆفێری تەکسی و هاوڕێ و دراوسێ کێویانەی کە ئەشکەنجەیان داوم و کاردانەوەم نەبووە و بەسەر خۆمم نەهێناون..
لەو سەری شەقامەکە ئاوڕ ئەدەمەوە بۆ ئەوەی دڵنیابم لەوەی دەم و قەپۆزی سالە زیکەم نەشکاندووە، لە دوورەوە نێوان لووت و دەمی بە لێڵیی ئەبینم، زۆر ئاسایین و خۆێنیان پیا نایەتە خوارەوە، ڕێک وەک هی هۆلاکۆ وایه، دوو چەپک سمێڵی بە یەکتر نەگەیشتوو، چاڵێکی خوار لووتی لوس و سفت و بێ موو، لە جێسابونی گەرماوە کۆنەکان ئەچوو، کەواتە مشتەکۆڵەم نەوەشاندووە
ــ وەرەوە، نانەکەت ببە، مەترسە، بەرپرسێکی باڵای ئاسایش ئەناسم .. وەرەوە ..مەتۆرێ ..!
شەو سەعات دە و چارەک، ئەمەوێ تەماشایەکی بەشێکی ڕۆمانی ئاغاکانی ئاکچەساز بکەم، خوشکە گەورەکەم زەنگم بۆ ئەکا :
ــ بەڵێ، فەرموو ..
ــ ئەڵێی گیانی خۆت لێ زیادە؟ ئەمانە کاغەزی سپی ئەخوێننەوە، وا ئەزانی نازانن دڕک و ووشکەساڵیی و بۆگەنی پشیلەی تۆپیو مەقسەدت لەوانە؟
ــ تۆ ئەمەت لە کوێ خوێندۆتەوە؟
ــ وا دیارە ئاگات لێ نییە، لە تیکتۆک ملیۆنێک فۆڵۆیان کردووە و دەیان هەزار دەستخۆشی و جنێو و هەڕەشەت بۆ هاتووە؟
هەناسەیەکی ساردی تر هەڵئەکێشم، هەوڵ ئەدەم بەسەر خۆمیدا نەهێنم و تووڕەییەکەم قوت بدەمەوە ..

ــ ئێستا من چی بکەم ؟
ــ وەڵا خۆت ئەزانی .. ڕەفیقەکانت هەموویان بوون بە ملیۆنێر و ملیاردێر، لە ئەستەمبوڵ و دوبەی ڤێلایان هەیە، تۆیش به دیار کیبۆردی مۆبایلێکی پەنجا هەزارییەوە، خەریکی سەری خۆت ئەکەی بە فەتارەتێکاــ
ــ چ سەگبابێ پەرەگرافێ نوسینی منی خستۆتە ناو تیکتۆک؟
ــ خۆت ئەزانی ..ڕەنگە هاک کرابیت، ڕەنگە هەر چوار دەوری ماڵەکەت کامێرای چاودێریی و شت بێ ــ
قسەکەی پێ ئەبڕم و مۆبایلەکە دادەخەمەوە، هەمان کات، پاوەر ئۆفی ئەکەم، بە خۆم ئەڵێم : لەم دارستانەدا مۆبایلت بۆچییە؟ لەم دز و درۆزنخانەیەدا قسە لەگەڵ کێ ئەکەی؟ لەم ترسنۆکخانەیەدا..لەم کۆیله و کاسەلێسستانەدا، بە تەمایت چی بنوسیت و کێ پێشبەخەیت؟ لەم جنێو و جڕت و چەقەنەخانەیەدا..لەم گەوادخانەیەدا.. لەم گۆڕستانەدا بە تەمایت کێ زیندوو بکەیتەوە؟ کێیت تۆ کابرا؟ حەزرەتی عیسایت یان مەهدی مونتەزەڕ ؟
دەست بۆ قاوەکەم ئەبەم، لە مێژە بەسەر ئاغاکانی ئاکچەسازدا ڕژاوە.
دوو ڕۆژ دوای ئەوە نامەیەکم لە ژمارەیەکی نەناسراوەوە بۆدێت، پڕ پڕە له جنێو، لە کۆتاییدا نووسراوە ئەگەر دەمکوت نەبیت، جنێوەکانت بۆ ئەکەین بە فیشەک.
دوای ئەوە چەند ئیمەیڵ و نامەی مەسنجەر و وەتس ئەپ و تیلیگرامم بۆ هات ..
( بە تەمای عەقڵی خەڵکەکە پاوان بکەی؟ خەیاڵت خاوە.. تۆ لە گیزەی مێشولە لاوازتریت….. هتد)
( بە عومرێکی پیره مەڕییەوە، چی ئەکەیت لە تیکتۆکا؟ کێ ئەتخوێنێتەوە؟ بۆ کێ ئەنوسیت؟ وا ئەزانیت ئاوایی بێکەسە؟ ……هتد )
( براکەم ، ڕوونکردنەوەمان لێت ئەوێ، ئەو هەموو ناشوکریی و کفر بە نیعمەتە چییە کردووتە؟ مەعقولە باسی جێگایەکت کردووە، هیچ نیعمەتێکی خوای تێدا نییە؟ ئەمە چ گومڕایی و سەرلێشێوانێکە؟ ئەمە کوفرێکی سەریحە تۆ کردووتە، ئەبێ بە خێرایی ئەو …..هتد )
( واز لەم جوکە جوکە بێنە، ئەزانین پیاوی کێی، خۆت و ئەویش سەد ساڵی تر چەنە بدەن، کەس ئاوڕتان لێ ناداتەوە، هەموو ئاوی دوکان و دەربەندیخان بخۆنەوە، کەس پێتان ناڵێ عافێتتان بێ، ….هتد )
( خۆت بە چی ئەزانیت قەلە ؟ لە دوو تەڵە میران ئەچی، پارویەکیت نە بۆ خواردن ئەشێیت، نە هیچ کەسێ قێزی دێت تەماشات بکات …. هتد )
( وا مەزانە لێت بێ ئاگاین، سەردانی مزگەوت ئەکەیت و پێشتر بۆ چاوبەست لەسەر کورسییەکانی دواوە نوێژت دائەبەست، ئێستا ڕێک له پشت ئیمامەوە، قامەت ئەکەی، ئەو دڕکە لە ژێر پێت دەردێنین و ..فێرت ئەکەین عەلی کوڕی کێیە ، هەی تیرۆریستی …..هتد )
سێ ڕۆژ دوای ئەوە بەڕێوەبەرەکەم کە 25 ساڵ لە خۆم بچوکترە، زەنگێکی بۆ کردم :
ــ هەتا ژوورەکەم دێیت؟
ــ نەخێر ناتوانم بێم یان ڕاستتر ناتوانم ڕێ بەخۆم بدەم بێم ..
دوای پێنج خولەک خۆی هات، ووتی : من وەک خۆم هیچ کێشەیەکم نییە، پارێزەرێک و دوو نووسەری دادگا لە ژوورەکەم دانیشتوون، نازانم بۆچی هاتوون، داوای تۆ ئەکەن، ئەیشڵێن کۆمپانیاکەتان ڕەنگە لە ڕیزبەندییدا دابەزێ بۆ پلە دوو ..ئەڵێن داواکاری گشتی ناردوینی، هەتا دۆسیە بۆ تۆ بکەنەوە و ئیفادەت لێوەربگرن.
بەڕێوەبەر وەک مناڵێک وابوو تەماشای باپیرێکی قومارچی و بەدمەست بکا، بەو جۆرە بە ترس و دڵەڕاوکێوە تەماشای ئەکردم، نەیئەوێرا یان شەرمی ئەکرد بپرسێ چیم کردووە وا ئەو هەموو کاربەدەستەی دادگا پێمەوە سەرقاڵ بوون..
کچە پارێزگارێکی باڵامام ناوەند و ڕەش ئەسمەر، لەگەڵ دوو پیاوی تەمەن لە نێوان 30 بۆ 35 ساڵیدا، بە ڕیز لەسەر کورسی و مێزی بەڕێوەبەر دانیشتبوون. دوو پیاوەکە یەکێکیان مووی پێوە نەبوو، ئەوەی تریان ڕیش و سمێڵێکی خورمایی بەردابۆوە، لە ئەکتەرێک ئەچوو پێش 40 ساڵ لە فیلمێکدا بینیبوم، لەوە ئەچوو ئەو ئەکتەرە لە ناوەڕاستی فیلمەکەدا کوژرا بێ یان ڕفێنرا بێ.
پارێزەرەکە لەچکەکەی تەرازوو کرد، بێ ئەوەی سەیرم بکا، ووتی : ناوی سیانیی و ساڵی لە دایکبوون و ژمارەی مۆبایل و ناونیشانی کار و ناونیشانی ماڵەکەت ..
ــ تۆ لە ساڵی چەندەوە شت ئەنوسی ؟
ــ لە مناڵییەوە ..
ــ یەکەم نوسینت کەی بڵاو کردۆتەوە ؟
ــ ساڵی 1984
ــ لە چ بڵاو کراوەیەکدا؟
ــ گۆڤاری کاروان
ــژمارە چەند ؟
ــ ژمارە 32
ــ ڕەگەزی نوسینەکەت چی بوو؟
ــ شیعر
ــ ناونیشانی شیعرەکەت لە بیرە ؟
ــ بەڵێ ..یەکەم بابەت کە بڵاوی ئەکەیتەوە قەت لە بیرت ناچێتەوە، ناونیشانی شیعرەکە : بەرگی چیا بوو.
خانمی پارێزەر لەناکاو زۆر میهرەبان بوو لەگەڵمدا، چاوی لەسەر هەڵنەدەگرتم، وەک ئەوەی لە مندا بۆ دنیایەکی زۆر گەورەتر لەم دنیایە بگەڕێ ..
ــ ئەو کاتە چ کارە بوویت ؟
ــ لە زانکۆی موسڵ تەلەبە بووم، لە پۆلی یەک، کۆلێژی زانستی.
ــ هیچێک لەو شیعرەت لە بیرە؟
ــ کێ ئەزانێ
بەرگی چیا
بێجگە لەبەرد، چ بەرگێکە؟
بەفر و ڕەشەبا و سەرمایە..
گەرمی و تیشک و ڕوناکی یە ..
لێڕەوارە .. گژ و گیایە ..
کۆختی قوڕە .. تاریکییە
خاک و خۆڵە
گیانەوەری ئازا وسرکە
گەواڵە هەوری نەوییە ..
باراناوە .. گوڵ و دڕکە ..
کانزای بەنرخ و بێ نرخە ..
لەو شارانەیش کە هێشتا هەتاویان تیا نەڕواوە
بەرگی چیا بێجگە لە بەرد
خوێن و دەنگ و ئاگرێکی هەڵکراوە ..

کچە پارێزەرەکە بە چمکی لەچکەکەی نێوان هەردوو چاوی سڕی و بۆ چەند چرکەیەک سەری داخست، هەمان کات پیاوە ڕیش و سمێڵ خورماییەکەی له ناوەڕاستی فیلمەکەدا کوژرا بوو یان ڕفێنرابوو، بە کەمچیکڵدانییەوە ووتی :
ــ نەهاتووین کۆڕی شیعرییت بۆ سازکەین و خەڵاتت بدەینێ، لەبەر ئەوە مەرج نییە هەموو پرسیارەکان بە ووردیی وەڵام بدەیتەوە.
پیاوە کۆستەکە بەردەوام شتی دەنوسی، واتا هەرچی قسەیەک بکرایە، ئەو ئەینوسی، دەست و خەتێکی جوانی هەبوو، بە خەتی ڕوقعەی وورد، پیاو حەزی ئەکرد بیخوێنێتەوە.
کچە پارێزەرەکە سەری بەرز کردەوە، چاوەکانی سوور بووبوونەوە، لە نەخۆشێکی تالاسیمیا ئەچوو یان ئێشکگرێک شەوێکی دوور و درێژ بێدار بووبێ، زۆر بە گرنگیی و عەشقەوە تەماشای ئەکردم، وەک ئەوەی وونبوویەکی ساڵەهای ساڵی له پڕێکدا دۆزیبێتەوە و نەوێرێ وەک ئەرخەمێدس بە ڕاکردن بڕواتە دەرەوە و هاوار بکا : دۆزیمەوە !
ــ لەو ساڵانەی زانکۆدا چالاکیی سیاسی و نەتەوایەتیت هەبوو ؟
ــ نەخێر .. من قەت نەچوومەتە حەوشه و داڵان و هەیوانی هیچ حیزبێکەوە .. بەڵام زوڵمم پێناخۆش بووە و بەرەنگاری بوومەتەوە ..
ــ وەکو ؟
ــ وەکو ئەوەی کە کورد ئەنفال کرا، لە ڕۆژی زانکۆدا، پێشانگایەکی شێوەکارییم لە کۆلێژەکەمان کردەوە، یەکێک لە تابلۆکان باسی لە ئەنفالی ئەکرد..هەروەها ڕۆژنامەی شەرارە و ڕێبازی نوێمان لە نێوان خۆماندا بە نهێنیی دەستا و دەست ئەکرد، کتێبەکانی لینین و مارکس و سارتەریش ..
ــ چۆن؟ تابلۆکەت چۆن بوو؟
ــ تەختی تابلۆکە ڕەش بوو، واتا کاغەزی ڕەش، لە پشتەوە دوومناڵ دەستی دایکیان گرتبوو، لەگەڵ گوێدرێژێکدا ..
ناوی تابلۆکە : الرحیل نحو المجهول .. واتا کۆچکردن بۆ جێگایەکی نادیار.
ــ چی ڕوویدا ؟
ــ ڕۆژی دووەمی پێشانگاکە، لێپرسراوی ئاسایشی کولێژ، دکتۆر جوبڕائیل بەرسوم، ئەو تابلۆیەی لێ کردەوە.
ــ ئێ ؟
ــ بە جەماعەتی ئیتیحادی کۆلێژی وتبوو : هەی گەمژە و خوێڕییانە! ئەم کابرایە ڕەخنەی لە قائیدی زەرورە و عەمەلیاتی ئەنفالی مەجیدە گرتووە، چۆن پێتان نەزانیوە؟
وتبوویان کە لێمان پرسیوە بابەتی ئەم تابلۆیە چییە، هاوڕێیەکی وتوویەتی : زوجها ظاربها بالتوثیة و طاردها مع جهالها ..
ــ یەعنی چی ؟
ــ تۆ عەرەبی نازانی ؟
ــ نەخێر .. ئێمە نەوەی دوای ڕاپەڕینین، زمانی عەرەبی فێر نەبووین..
نەمئەتوانی تەماشای چاوەکانی خانمی پارێزەر بکەم، وەک دوو پەپولەکە بە ڕوخسارمەوە نیشتبوونەوە.
ــ واتا ئەم تابلۆیە باس لە ژنێک ئەکا هاوسەرەکەی بە تێڵا لێی داوە و لەگەڵ هەردوو مناڵەکەیدا دەری کردووە، هاوڕێیەکم بەو جۆرە بۆ لیژنەی تەلەبە بەعسییەکانی لێکدایەوە، بۆ ئەوەی بهێڵن لە پێشانگاکەدا پیشانی بدەین.
ڕیش خورماییەکەی کە لە ئەکتەرێکی کوژراو یان ڕفێنراوی کۆن ئەچوو، بۆ جاری دووەم بێزار بوو، ناحەقیشی نەبوو، چونکە هەستی بە جۆرێک لە هاوسۆزیی ئەکرد لە نێوان من و خاتونی پارێزەردا، بە خێرایی و دەنگێکی تا ڕادەیەک تێکەڵ وپێکەڵەوە ووتی : سڵاواتی لێبدەن کاتمان بە دەستەوە نەماوە.
ئێمە لێرەدا هاتووین بۆ لێپرسینەوە و تەنانەت دادگاییکردنیشت..بە کورت و کرمانجیی ئەم پەرەگرافەی تۆ نوسیوتە، تیکتۆکەرێکی بەناوبانگ لە واڵی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە، ناوی خولە زیکزیکەیە و .. بە ووشەی ( زیکزیکەی وشکهەڵاتوو ) سەرسام بووە.. ئێمه کێشەمان لەگەڵ هیچ دەقێکی ئەدەبی و هونەریدا نییە، ئەزانین هیچ کاردانەوەیەکیان نییە و هیچ کەسێ نایانخوێنێتەوە، بەڵام ئەم پەرەگرافەی تۆ لە واڵی تیکتۆکی خولە زیکزیکەدا بینەرێکی زۆری هەبووە، وا له دوو ملیۆن کەس نزیک ئەبێتەوە..ئەگەر بزانیت تەنها حەوت سەد هەزار کەس ئامادەی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران بوون کەچی دوو ملیۆن کەس لە دەوری ئەم پەرەگرافەی تۆ کۆبوونەتەوە لە واڵی تیکتۆکی خولە زیکزیکەدا، ئەزانیت چ کارەساتێکە؟ واتا ئێستا خولە زیکزیکە ئەتوانێ بە چەقەنەیەک حوکمەت پێک بێنێ و پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە ..
من پێکەنینم ئەهات، خاتوونی پارێزەر بە ووردیی تەماشای ئەکردم، وەک ئەوەی تەماشای تابلۆیەکی ڤنسنت ڤان کوخ بکات ..
کوژراو یان ڕفێنراوی ناوەندی فیلمی پێش 40 ساڵ، بەردەوام بوو لە قسەکردن :
هەر بۆیە ئەوەی لەسەر تۆیە، داوایەک لە دادگای کەسێتیی تۆمار بکەیت و داوای مافی خاوەندارێتیی ئەو پەرەگرافە لەسەر خولە زیکزیکە تۆمار بکەیت، ئارەزووی خۆیشتە ئەتوانیت داوای قەرەبووی مادی و مەعنەویشی لێبکەیت، ئیتر بەو جۆرە پەرەگراف لە واڵی ئەودا ئەسڕرێتەوە و دێتە واڵی تۆ، وەک پۆستەکانی ترت تەنها دوانزە کەس ئەیبینن و تەنها سابیر و ئەرسەلان ئالانی و نەبەز موستەفا لایکی دەکەن، وەک دەقەکانی ترت.

ــ واتا کێشەکە سیاسیی نییە، تەنها بەریەککەوتنی زیکزیکەیەکی ووشکهەڵاتوی پەرەگرافێکی تۆیە لەگەڵ شۆرەتی زیکزیکەی خولە و جەماوەرە بێ شومارەکەیدا، ئەوەیش ڕەنگە کارەساتێکی سیاسی لێ بەرپا بێ، چونکە تا ئێستا، بێجگە لەو پەرەگرافەی تۆ، هەرچی پۆستی خولە زیکزیکەیە نوکتە و قسەی قۆڕە و ملیۆنەها لایک و دڵ و دەستخۆشیی هەیە، ئەوانە ئاسایین و پێیشمان خۆشە، با خەڵک بۆ خۆیان نوکتە بگێڕنەوە و پێبکەنن، بەڵام ئەم پەرەگرافەی تۆ لە واڵی خولە زیکزیکەدا، کارەساتێکی نیشتمانییە و هەڕەشە لە ئەمنی قەومیی ئەکات …هتد

ــ بۆ بنەبڕکردنی تەواوەتیی بابەتەکەیش لەناو ئەو جەماوەرە دوو ملیۆنییەدا کە ڕەنگه ئێستا بووبن بە سێ ملیۆن و زیاتریش، پێویستە تۆ بە شێوەیەکی پۆزەتیف و گەشبینانە ووشەکانی ( بێ ئاویی و زیکزیکەی وشکهەڵاتوو، دڕک و داڵ ، پەڵەی سووتاو، بۆگەن، پشیلەی شێلراو، باڵندەی مردارەوە بوو، مەڕی سەربڕراو، ڤینگەی مێش، ڕاکردن ) لێک بدەیتەوە، بۆ نمونە بڵێی ئەو ووشانە وەک لێکدانەوەی خەونەکان، پێچەوانەکانیان ڕاستن و .. ووڵات ئاوەدانە و …هتد ..
خاتونی پارێزەر ، پرسی :
ــ ئەی چۆن بە هۆی ئەو تابلۆیەوە ڕاپێچی زیندانەکانی بەعس نەکرایت؟
ــ خراپتریان بەسەرهێنام ..جوبڕائیل بەرسوم ئەیزانی من زیرەکترین تەلەبەی بەشی بایۆلۆجیم و خەون بە خوێندنی ماستەر و دکتۆراوە ئەبینم، هەستا لە وانەی ڕۆشنبیری نەتەوایەتیی و سێڵ بایۆلۆجیدا نمرەیەکی زۆری لێ شکاندم، وایکرد ببمە پێنجەم لەسەر ئاستی کۆلێژ، لەو سەردەمەیشدا تەنها یەکەمی کۆلێژەکان دوای 45 ڕۆژ سەزیازیی، ئەگەڕانەوە کۆلێژ بۆ تەواوکردنی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا ..
خاتونی پارێزەر دڵی پڕ بوو، بە دوو چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ووتی :
ــ ئەی تۆ ؟
ــ سێ ساڵ زیاتر سەربازییم کرد .. ئەو سێ ساڵە له باسکردن نایەن، لە ناخەوە لە سێدارە درابووم بە بێبەشکردنم لە خوێندنی باڵا، له ڕووکەشیشدا لەو سەربازگا ترسناکانەدا بەرە بەرە مرۆڤایەتیی و شارستانییم تێدا کاڵ ئەبوونەوە، ئەڕوخان ..واتا بووم بە گیانەوەرێکی تر لە سەدا سەد جیاواز لەوەی زانکۆ ..
لە دەرەوەی فەرمانگە، هەردوو پیاوی دادگا چوونە ئوتومبیلەکەوە، خاتوونی پارێزەر بۆ چەند ساتێک ڕاوەستا و بە هێواشیی ووتی : ئەکرێ تەلەفۆنێکت بۆ بکەم لە هەر کاتێکدا کە بتەوێت؟ ؟
تەماشایەکم کرد، وەک دیلێکی نهێنیی هاتە بەرچاوم کە بیەوێ نامەیەکم هەر چۆنێ بێ بداتێ، بیگەیەنمە دەستی کەس و کارەکەی ..
جیڕۆنی ئایرۆنزم بیرکەوتەوە لە فیلمی شەمەندەفەری شەو بۆ لیشبۆنە، مامۆستای فەلسەفەیە، هۆڵی وانەوتنەوە بە جێدەهێڵێ و لە سویسراوە بە شەمەندەفەری شەو، بۆ بۆرتوگال ئەڕوا، بۆ شاری لیشبۆنە، بۆ گەڕان بە دوای چیرۆکی ژیانی ئەمادیۆ، کە پزیشکێکی سەردەمی کۆمۆنیستیی بورتوگال بووە، ئەم چیرۆکەی بە ڕێکەوت لە ڕێی کتێبێکەوە پێ ئاشنا ئەبێ لە پاڵتۆی کچێکدا کە ئەیەوێ کارێکی خوکوژیی بکات و ..جیرۆنی ئایرۆنز فریا دەکەوێت و ڕزگاری ئەکات. لە لیشبۆنە چاویلکەکەی ئەشکێ، خانمە پزیشکێکی چاویلکەساز، چاویلکەیەکی بۆ دروست ئەکا، بە ڕێکەوت مامی ئەو خانمە، بەرپرسی شانەی پارتیزانیی دکتۆر ئەمادیۆ بووە ..
خاتونە پزیشک بە جیریمی ئایرۆنز سەرسام ئەبێ و خۆشی ئەوێ، بێ ئەوەی ئەو ئاگای لێ بێ، دوا جار داوای لێ ئەکا لە لیشبۆنە بمێنێتەوە و ..واز لە سویسرا و زانکۆ و وانە وتنەوە بهێنێ ..
بەڵام من ناتوانم ..
پێم ووت :
ــ بمبوورە، ناتوانم .. وا بزانم هەموو شتێکمان باس کرد.
وەک پێکراوێکی مەیدانی جەنگ، بە هەر جۆرێ بێ، خاتونی پارێزەر و نیگاکانیم بەجێهێشت.
ئیتر بەو جۆرەی لێ بەسەرهات، بۆیە بڕیارم دا ئەو چیرۆکە نەنوسم..ڕونکردنەوەیش بۆ پیت بە پیت و وشە بە وشەی بکەم و بیدەمە دادگای کەسێتی و داواکاری گشتی و دۆسیەی …….هتد .

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress