Skip to Content

( مه‌له‌وانی نه‌زان له‌ده‌ریای قووڵدا!) _سه‌رنجێك له‌ باره‌ی ڕۆمانی سیسه‌می خوێناوی… سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

( مه‌له‌وانی نه‌زان له‌ده‌ریای قووڵدا!) _سه‌رنجێك له‌ باره‌ی ڕۆمانی سیسه‌می خوێناوی… سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 3, 2018 General, Literature, Slider

ساڵانێكه‌ وه‌ك خوێنه‌رێك،به‌تاسه‌وه‌ ڕۆمان ده‌خوێنمه‌وه‌.به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی نووسه‌ره‌كانیان ده‌سپێكی نووسینیانه‌ له‌وبواره‌. خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی بۆ من له‌دووڕوانگه‌وه‌یه‌. یه‌كه‌میان چێژو وه‌رگرتن و خوێندنه‌وه‌ی تێكستێكی ئه‌ده‌بییه‌، ئه‌وه‌ی تریان به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زمانه‌كه‌م وئاشنابوونی زیاتره‌ به‌زمانی كوردی كه‌ده‌بێ ڕۆماننووس شاره‌زایه‌كی ووردو زۆری لێ هه‌بێت. چونكه‌ زانینی زمان و شێوه‌ی داڕشتن و گوزارشتكرن، ئه‌لف و بێی نووسینی ڕۆمانه‌. هه‌ركه‌سێك توانای به‌سه‌رزماندا نه‌شكێت، باشتر وایه‌ ڕۆمان نه‌نووسێت.ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ لام، له‌میانه‌ی ئه‌زموونی خۆم وه‌ك خوێنه‌رێك له‌بواری خوێندنه‌وه‌ی ڕۆماندا، تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌نووسینی ڕۆمانه‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه‌(نه‌ك ڕۆماننووسن) شاره‌زایه‌كی ئه‌وتۆیان له‌زمانی كوردی نییه‌.نازانن چۆن چه‌مك وده‌سته‌واژه‌ و ده‌ربڕین و گوزارشته‌ زمانه‌وانییه‌كان،له‌بونیادی زماندا به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن.

بۆیه‌ ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌ی سه‌یره‌وه‌ كه‌جێگه‌ی پێكه‌نینه‌.گه‌رچی ئه‌ونووسه‌رانه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ڕێگه‌ی فه‌نتازیای نووسین و زمانێكی په‌خشان ئامێز، جۆرێك له‌ئستاتیكا به‌وشه‌كان بده‌ن تاكوسه‌رنجی خوێنه‌ر ڕابكێشن. به‌ڵام كاتێ ده‌چینه‌ قوڵایی وشه‌ و ماناكان، ئیدی ده‌سته‌پاچه‌یی ئه‌وانمان بۆده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌م كاره‌م وه‌ك ئه‌وه‌ دێته‌ به‌رچاو كه‌خانووێكی له‌خشتی قوڕ(كه‌ ڕواندزییه‌كان پێی ده‌ڵێن لگبن)دروستكراو، به‌چیمه‌نتۆ سواخ بده‌یت.

ئایا ئه‌و ڕازانه‌وه‌یه‌ جێگه‌ی خۆی ده‌گرێت و شێوه‌یه‌كی جوان به‌خانووه‌كه‌ ده‌دات؟ بێگومان نه‌خێر. خاڵێكی دیكه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌به‌شێكی زۆرله‌وانه‌ی به‌خه‌یاڵی خۆیان ڕۆمان ده‌نووسن، واده‌زانن ئه‌گه‌ر كتێبێكی قه‌باره‌ گه‌وره‌و ئه‌ستووری شه‌سه‌دڵاپه‌ڕه‌ییان نووسی، ئیدی ڕۆمانیان نووسیوه‌.به‌مه‌ش تووشی كاوێژكردنه‌وه‌ی وشه‌و درێژدادڕیی و دووباره‌بوونه‌وه‌ی وێنه‌كان ده‌بن. بابه‌تی به‌شێكی زۆرله‌وجۆره‌ ڕۆمانانه‌، ده‌كرێ پوخت و چڕوكورت بكرێته‌وه‌له‌چه‌ند ڵاپه‌ڕه‌یه‌كی كه‌م. یاخود ئه‌وه‌ی ڕۆماننووس به‌وهه‌موو نووسینه‌وه‌یه‌وه‌ گوتوویه‌تیی،ده‌توانرێت كورت بكرێته‌وه‌ بۆچیڕۆكێكی زۆركورت. نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌ له‌م ڕووه‌وه‌ زۆرن گه‌رخوێنه‌ر مه‌به‌ستی بێت ئاماژه‌یان پێ بدات.له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ یه‌كێك له‌وڕۆمانانه‌ی كه‌له‌و ڕۆژانه‌دا خوێندمه‌وه‌ وله‌زۆرلایه‌نی زمانییه‌وه‌ هه‌ڵه‌و كێماسی هه‌بوو ڕۆمانی(سیسه‌می خوێناوی بوو)*. وه‌ك خوێنه‌رێك نامانه‌وێت له‌و ڕۆمانه‌ بدوێین كه‌دنیایه‌ك سه‌رنج و تێبینیم له‌ڕووی بابه‌ت و نووسینه‌وه‌ له‌سه‌رهه‌یه‌.

ته‌نها ئاماژه‌ به‌ده‌ربڕینی چه‌ند وێنه‌یه‌كی هونه‌ری و زمانه‌وانی ده‌كه‌ین،كه‌ئاستی زانیاریی نووسه‌ره‌كه‌ی له‌بواری زماندا ده‌رده‌خات.ئه‌م ڕۆمانه‌، باسی ڕووداوی خۆكوشتنی ژنێك ده‌كات به‌ناوی شه‌ونم. شه‌ونم قوتابی به‌شی ڕاگه‌یاندن ده‌بێت له‌په‌یمانگادا. له‌وێوه‌كه‌سێك ده‌ناسێت به‌ناوی سوركێو. ئیدی ده‌بنه‌ خۆشه‌ویستی یه‌كتری. به‌ڵام شه‌ونم له‌ژێرفشاری ماڵه‌وه‌یان ناچارده‌بێت شوو به‌كه‌سێكی دیكه‌ بكات كه‌ناوی سه‌ركه‌وته‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌ودا به‌خته‌وه‌رنابێت. تاڕۆژێكییان له‌ماڵی شه‌ونم له‌ژوان و بینینێكدا، شه‌ونم و سوركێو به‌یه‌گ ده‌گه‌ن و له‌وكاته‌وه‌ش سه‌ركه‌وتی مێردی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.كه‌ ئه‌ودیمه‌نه‌ ده‌بینێت شۆك ده‌یگرێت. بۆیه‌ سوركێو ده‌كوژێت و شه‌ونمیش په‌ناده‌باته‌ به‌ربنكه‌یه‌كی پۆلیس بۆماوه‌یه‌ك. دوای ئازادكردنیشی ده‌چێته‌ ماڵی داده‌ په‌روین و له‌گه‌ل چه‌ندین ژنی ترفێری كاری له‌شفڕۆشی ده‌بێت. تادواجار هه‌رچۆنێك بێت، بێ ئه‌وه‌ی بنووسی ڕۆمانه‌كه‌ بۆمانی باس بكات، شه‌ونم ده‌گاته‌ وڵاتی سوێدو به‌رله‌وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتی،خۆی ده‌كوژێت. ئه‌مه‌ پوخته‌ی ناوه‌ڕۆكی ئه‌وڕۆمانه‌ چوارسه‌د ڵاپه‌ڕه‌یه‌یه‌. وه‌لێ نووسه‌ربۆ ئه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی درێژبكاته‌وه‌، هاتووه‌چیڕۆكی(نارین و نه‌هرۆ)و چیرۆِكی(لیۆن ومۆلی)شی تێكهه‌ڵكێشی ڕووداوه‌كان كردووه‌.

پرسی كوشتنی ژنان به‌ناوی شه‌ڕه‌ف ودیارده‌ی ژنكوشتن له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، هێنده‌ وه‌ك بابه‌تێك له‌نووسین دووباره‌ بۆته‌وه‌، خه‌ریكه‌ له‌ماناو ناوه‌ڕۆك وبه‌های خۆی ده‌كه‌وێت.نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ زۆرجار ئه‌م بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك بنووسه‌وه‌ بۆ خۆ ده‌رخستن، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ نیشاندان و سوككردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌دنیای ده‌ره‌وه‌دا پیشان ده‌درێت.كه‌كورد چ گه‌لێكی به‌ربه‌ری وتێنووی خوێنی ژنانه‌. ته‌نانه‌ت له‌وڕۆژانه‌دا هونه‌رمه‌ندێك په‌یكه‌رێكی كردووه‌و شمشێری كردۆته‌ فیگه‌ری سه‌ره‌كی په‌یكه‌ره‌كه‌ی. وه‌ك ئه‌وه‌ی قڕانی بابه‌تی هونه‌ری بێت له‌م هه‌رێمه‌دا.

ئه‌وانه‌ هێنده‌ بێ ئاگان نازانن له‌به‌شێك له‌وڵاتانی كه‌نداو، تاچه‌ندڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ریش ژنان مافی ئه‌وه‌یان نه‌بوو ئوتومبێل لێبخوورن. ئه‌مه‌به‌ومانایه‌ نییه‌ كه‌ئَێمه‌ ڕه‌وایه‌تی به‌وكاره‌ بده‌ین. به‌ڵام من نازانم له‌دوای(گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاله‌)ی (عه‌تای نه‌هایی) چ شتێك جوانتر ده‌نووسرێت له‌باره‌ی نه‌ریتی ژنكوشتن له‌ وڵاتانی خۆرئاوادا. بۆیه‌داهێنان ئه‌وه‌نییه‌ ڕۆماننووسێك تیمه‌یه‌ك بكاته‌ ڕووداوی ڕۆمانه‌كه‌ی، كه‌پێشترچه‌ندین جاری تروجوانتریش باسی لێوه‌كراوه‌.له‌ڕۆمانی سیسه‌می خوێناویدا، خوێنه‌ربه‌رچه‌ندین هه‌ڵه‌ی زه‌ق له‌ڕووی زمان و ده‌ربڕینه‌وه‌ ده‌كه‌وێت كه‌لێره‌دا ئاماژه‌یان پێده‌كه‌م:_
*ڵاپه‌ڕ-7 -نووسیویه‌تی:_(بۆچوونی ئه‌و شاره‌). ئه‌وه‌ی بۆچوونی هه‌یه‌ خه‌ڵكی شاره‌ نه‌ك شار.
*ڵاپه‌ڕه‌ 40_نووسیویه‌تی:(زۆرله‌و ئێوارانه‌ی باوكم له‌نوێژی هه‌ینی ده‌گه‌ڕایه‌وه‌). سه‌یرم پێدێت كه‌سێك ڕۆمان بنووسێت و خۆی پێ ڕۆماننووس بێت، به‌ڵام نه‌زانێت نوێژی هه‌ینی له‌نیوه‌ڕۆیانه‌ نه‌ك ئێواران. هه‌مووڕۆژێكیش نییه‌، هه‌فته‌ی ته‌نها یه‌كجاره‌.
*ڵاپه‌ڕه‌46_نووسیویه‌تی:_(ده‌م و چاوی یه‌كتریان به‌مشته‌كۆڵه‌ هێنابوه‌ خواره‌وه‌).شكاندبوو، شیاوتره‌.
*ڵاپه‌ڕه‌65_نووسیویه‌تی:_( پرچه‌كانی هێنده‌درێژبوون تاكه‌مه‌ری هاتبوون) ئه‌رێ ئافره‌تان ته‌نها پرچێكییان هه‌یه‌ یان چه‌ند پرچێك؟ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشی كه‌زی و تاڵه‌ مووبێت، ئه‌وان جیاوزن.

*ڵاپه‌ڕه‌74-نووسیویه‌تی:_(چاوه‌كانی وه‌ك دووهێلكه‌ ده‌رپۆقیبوون). هیچ ئستاتیكاو چێژێك له‌وده‌ربڕینه‌ نامۆیه‌ هه‌یه‌؟
*ڵاپه‌ڕه‌ 74-نووسیویه‌تی:_( نارین به‌ده‌سته‌ گۆشتنه‌كانی) كه‌چی سه‌یرله‌وه‌دایه‌ له‌ڵاپه‌ڕه‌(67) نووسیبووی( نارین به‌ده‌سته‌ باریكه‌كانی). سه‌دان جاركه‌وتۆته‌ به‌رچاوم نووسه‌ربیری چۆته‌وه‌ پێشترچی نووسیوه‌. له‌به‌ردرێژكردنه‌وه‌ی نووسینه‌كه‌ی كه‌هه‌رمه‌به‌ستی بووه‌شتێك بنووسێت!.
*ڵاپه‌ڕه‌ 99_نووسیویه‌تی:_(هه‌ردووكمان وه‌ك چۆن سه‌گێكی برسی ئێسقانێك ده‌لێسیته‌وه‌ یه‌كتریمان ده‌لێسته‌وه‌)ئه‌گه‌ردووكه‌س زۆر یه‌كتریان خۆشبووێت و تامه‌زرۆی یه‌كتری بن، ئایا وه‌ك سه‌گ یه‌كتری ده‌لێسنه‌وه‌؟یان یه‌كتری ڕاده‌مووسن؟.

*ڵاپه‌ڕه‌ 131-نووسیویه‌تی:_(ترسی عشق دڵی خنكاندبووم).
*ڵاپه‌ڕه‌136-نووسیویه‌تی:_(قسه‌له‌ده‌مم خلیسكا). خۆناوده‌می مرۆڤ سه‌هۆڵبه‌ندان نییه‌، تاقسه‌ی لێ هه‌ڵخلیسكێ.قسه‌ له‌ده‌م ده‌رده‌چێ.
*ڵاپه‌ڕه‌ 140-نووسیویه‌تی:_( به‌وڕاسته‌ شه‌قامه‌دا شۆڕبوومه‌وه‌). كه‌ڕاسته‌ شه‌قامه‌، نازانم شۆڕبوونه‌وه‌كه‌ له‌كوێدایه‌؟.
*ڵاپه‌ره‌ 147_ نووسیویه‌تی:_( تایه‌ی لاستیكییان ده‌سووتاند). تایه‌ خۆی لاستیكه‌، جگه‌له‌مه‌ش ئه‌وه‌ی ده‌سووتێندرێت هه‌رتایه‌ی لاستیكه‌، خۆی تایه‌ی ئاسن ناسووتێنرێت.
*ڵاپه‌ڕه‌ 148-نووسیویه‌تی:_(كه‌ف و كوڵی ناخی بڕه‌وێنێته‌وه‌).نووسه‌ر جیاوازی نه‌كردووه‌ له‌ نێوان دامڕكاندنه‌وه‌و ڕه‌وانه‌وه‌.
*ڵاپه‌ڕه‌ 178-نووسیویه‌تی:_(مووچركێك هه‌موو جه‌سته‌می له‌رزاند).نووسه‌ر ته‌زاندن و له‌رزاندنی لێ تێكه‌ڵ بووه‌!.
*ڵاپه‌ڕه‌ 192-نووسیویه‌تی:_( ده‌م وچاوه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی ترتاڵترببوو). ده‌م و چاو گرژ،مۆن، توڕه‌ ده‌بێت نه‌ك تاڵ.
*ڵاپه‌ڕه‌ 205-نووسیویه‌تی:_( كچه‌ هه‌رزه‌كاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابوو كه‌زانكۆی ته‌واو كردبوو). كه‌سێك زانكۆ ته‌واو بكات ته‌مه‌نی هێشتا هه‌رله‌هه‌رزه‌كاریدایه‌؟.
*ڵاپه‌ڕه‌ 218-نووسیویه‌تی:_(هه‌موو جه‌سته‌م نغرۆی ئاره‌قه‌ی جه‌سته‌ی خۆم ببوو).دیاره‌كاره‌كته‌ره‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌ دووجه‌سته‌ی هه‌بووه‌!!.
ڵاپه‌ڕه‌220-نووسیویه‌تی:_( به‌نازله‌ژنی دووه‌می باوكی سه‌ركه‌وت بوو).كه‌چی بیری چۆته‌وه‌ پێشترچی وتووه‌ ئه‌مجاره‌یان له‌ڵاپه‌ڕه‌228 نووسیویه‌تی:(به‌نازوخوشكه‌كانی له‌ژنی یه‌كه‌می بوون).

*ڵاپه‌ڕه‌ 229-نووسیویه‌تی:_( ئاگرله‌جه‌سته‌م ده‌چۆڕا).وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگر ئاو بێت چۆڕاوه‌ی هه‌بێت.
*ڵاپه‌ڕه‌ 244-نووسیویه‌تی:_( شێره‌ ئازاكه‌ _ڕێوی دارستان_ گورگی تێنوو).شێرهه‌یه‌ ترسنۆك بێت؟.
*ڵاپه‌ڕه‌267-نووسیویه‌تی:_(مرۆڤه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی تفیان له‌زاری یه‌كتری نابێت وه‌ك یه‌ك بیرده‌كه‌نه‌وه‌). خوێنه‌ری به‌ڕێزتفی ناوده‌م هیچ په‌یوه‌ندی به‌بیركردنه‌وه‌هه‌یه‌؟.
*ڵاپه‌ڕه‌282-نووسیویه‌تی:_(بۆنی بوخورێكی گران به‌ها لووته‌كانمی پڕ كرد) سه‌رنج له‌لووته‌كانی بده‌ن كه‌ به‌كۆی نووسیوه‌.
*لاپه‌ڕه‌287-نووسیویه‌تی-:( وه‌ك ژیله‌مۆیه‌ك ئه‌دره‌وشایه‌وه‌).نووسه‌ر جیاوازی له‌ نێوان دره‌وشانه‌وه‌و گه‌شانه‌وه‌ نه‌كردووه‌. واده‌زانێت هه‌ردووكییان هه‌ریه‌كن!!.
*ڵاپه‌ڕه‌303_نووسیویه‌تی:_(غه‌ڵبه‌ غه‌ڵبێكی ناوازه‌!).
*ڵاپه‌ڕه‌335-نووسیویه‌تی:_( لووته‌كانی پڕكردم). مرۆڤ ته‌نها لووتێكی هه‌یه‌.

*ڵاپه‌ڕه‌ 338-نووسیویه‌تی:_( ده‌م وچاوێكی پانی پێوه‌بوو).تا ئێستا ده‌یان ڕۆمان و هه‌زاران ڵاپه‌ڕه‌ی ڕۆمانه‌كانم خوێندوونه‌ته‌وه‌، هه‌رگیز نه‌مبینیوه‌ نووسه‌رێك هێنده‌ كۆله‌وارو نه‌زان بێت له‌زمان، به‌م شێوه‌یه‌ وه‌سفی ده‌م و چاوی مرۆڤ بكات. وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌م و چاوی مرۆڤ ده‌عامی ئوتومبێل بێت. كه‌ی مه‌به‌ستی بوو به‌یه‌كی جوانتری بگۆڕێت.چونكه‌ ده‌م وچاوێكی پانی پێوه‌بووه‌. مادام پێوه‌بوونیشه‌، كه‌واته‌ ده‌توانرێت هه‌ركات مه‌به‌ست بێت لێی بكرێته‌وه‌و یه‌كێكی تر بخرێته‌ شوێنی!.
ئه‌مانه‌ به‌شَك بوو له‌وسه‌رنجانه‌ی كه‌وتنه‌ به‌رچاوم. دڵنیام ئه‌گه‌رجارێكی تریش ڕۆمانه‌كه‌ بخوێنمه‌وه‌، هه‌ڵه‌ی زۆرتریش ده‌بینم. ناكرێت هه‌ركه‌سێك بابه‌تێكی بیست، یاخود بیرۆكه‌یه‌ك له‌مێشكی دابوو،بیكاته‌ به‌ناوڕۆمان .

ئه‌م جۆره‌ ده‌قانه‌ زمانی كوردی وێران ده‌كه‌ن. هه‌رله‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌یه‌ ئێستاو داهاتووش به‌سه‌ریان ده‌كه‌مه‌وه‌. نه‌ك كه‌سانێك بێن به‌هۆی نه‌زانیانه‌وه‌ بێت له‌ڕۆمان، یاخود هاوڕێیه‌تییان له‌گه‌ڵ بنووسی ئه‌وجۆره‌ ده‌قانه‌، په‌سنی بكه‌ن و به‌شان و باڵی ده‌قه‌كه‌و نووسه‌ره‌كه‌شی هه‌ڵبده‌ن و ئه‌وانیش چه‌ندین ده‌قی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه‌، چاپ و بڵاو بكه‌نه‌وه‌. ئه‌م جۆره‌ بنووسانه‌،له‌ڕاستیدا وه‌ك مه‌له‌وانێكی نه‌زان وان له‌ده‌ریایه‌كی قووڵدا. ئه‌گه‌ركه‌سێك مه‌له‌وانی نه‌زانێت چی لێدێت؟ بێگومان ده‌خنكێ.زمانیش وایه‌، ئه‌گه‌رنووسه‌رشاره‌زای هه‌مووسووچێكی نه‌بوو، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر گوزارشت وده‌ربڕیندا نه‌شكا و ڕۆمانیشی نووسی، ئه‌وا وه‌ك مه‌له‌وانه‌ نه‌زانه‌كه‌ی لێدێت.دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م كه‌ئه‌م ڕۆمانه‌ گه‌رچی پێداچوونه‌وه‌ی زمانه‌وانی و ڕێنووس و هه‌ڵه‌چنیشی بۆ كراوه‌،به‌ڵام له‌چه‌ندین شوێنی ڕۆمانه‌كه‌ هه‌ڵه‌ی ڕێنووس وچاپ ده‌بینرێن.هه‌موو ئه‌مانه‌شم لای خۆم تۆماركردوون. دواجار پێشنیارم بۆ ئه‌وجۆره‌ نووسه‌رانه‌ ئه‌وه‌یه‌، تاله‌توانایاندایه‌ بخوێننه‌وه‌، تابزانن چۆن وشه‌ ده‌خه‌نه‌ ڕسته‌وه‌و له‌چ شوێن و جێگه‌یه‌كی زماندا، وشه‌ی شیاوو گونجاو بۆده‌ربڕین هه‌ڵده‌بژێرن. چونكه‌ نووسینی ڕۆمان قسه‌ ڕێزكردن نییه‌و هونه‌ری ده‌ربڕینه‌.ده‌ربڕینێك كه‌سه‌رنجی خوێنه‌رڕابكێشێت و چێژی لێوه‌رگرێت.زمانه‌كه‌ی به‌برشتتر بكات. نه‌ك ئه‌وه‌شی كه‌ده‌یزانێت به‌هۆكاری خوێنه‌وه‌ی ئه‌وبه‌ناو ڕۆمانانه‌ له‌بیری بچێته‌وه‌…

*په‌راوێز/ سیسه‌می خوێناوی/ڕۆمان –نووسینی جه‌بار عوسمان/بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌زگای جه‌مال عیرفان 2017.

* ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ڵاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌بی ڕۆژنامه‌ی(هه‌ولێر) ژماره‌(2924) ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 2- 9-2018بڵاوكراوه‌ته‌وه‌..

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish