کارل مارکس نەگەڕاوەتەوە … نووسینی: ستیڤان شەمزینی
وەک هەمیشە لە سەروەختی قەیرانە قووڵەکانی سەرمایەدارییدا “سەرمایەداریی بۆ خۆی سیستمێکی قەیراناوییە” دەنگوباسی گەڕانەوەی مارکس دەبێتە مانشێتی رۆژنامە و گۆڤارەکان، وەک ئەوەی مارکس لە رێی کەشتییەکی فەزاییەوە بۆ دەرەوەی ئەتمۆسفێری زەوی و کەتوار رۆیشتبێت و ئێستاکە مەیلی گەڕانەوەی هەبێت بۆ ئەو دۆخە قەیراناوییەی لە ئارادایە، چەشنێک وێنای ئەو فەیلەسووفە دەکرێت حەزێکی سادیستانەی بۆ قەیران هەبێت، خێوێک بێت تەنیا لە چرکەساتی تەنگژەکاندا دەربکەوێت، ئەم تێڕوانینە ئەگەر نەبێتە جنێو ئەوپەڕی کاڵفامییە و خراپ تێگەیشتنە لە مارکس و ئایدیاکانی. دەمەوێت دیقەت بدەن مانشێتێکی گۆڤاری “ئابووری هەفتە”ی ئەڵمانی لەسەر وێنەی کارل مارکس بە ماسکێکی سەردەمی کۆرۆناوە کە باس لە گەڕانەوەی مارکس دەکات، چۆن چەپ و سۆسیالیستەکان دەخاتە حاڵەتی پەرکەم و بورانەوە، دەیانەوێت رەوایی مارکس لە زاری ئیکۆنۆمیستەکانی سەرمایەدارییەوە پشتڕاست بکەنەوە. ئەمەیان نەریتێکی کوردیی و ئیسلامییانەم بیر دەخاتەوە، ئەمیش سەرمایەگوزاریی دانیپیانانی ئەوانیترە، هەر سەرکردەیەکی کورد لەلایەن ئەویتری ناکوردەوە زۆرترین دانی پێدا بنرێت هێندە پێگەی سیاسیی و رەوایی بەرزترە، یان ئەگەر زانایەک یاخۆ رۆژنامەنووسێکی پلە حەوتی ناموسڵمان دانێکی خێر بە ئیسلام و محەمەددا بنێت وەک شاییەکەی بناویلە بڕانەوەی نابێت لەلایەن ئیسلامییەکانەوە، ئەوان پێویستیان بە دانپیانانی ئەوانیترە، بەهۆی ئەوەی بەردەوام گومان لە راستی ئاینەکەیان دەکەن. ئەم نەریتەش لەم چەند ساڵەی دواییدا بۆتە دیاردەیەکی زەق لە ناو چەپەکاندا.
گرنگی مارکس لەوێدا خۆی دەرناخات، گۆڤارێکی ئیکۆنۆمی سەر بە ماڵی بۆرژوازیی، باس لە گەڕانەوەی مارکس بکات، هەر بۆ خۆی گوزارەی “گەڕانەوە” شایانی هەڵوەستە لەسەرکردنە، وەک ئەوەی مارکس لە دەرەوەی کەتوار بێت و تازە بە تازە بۆی بگەڕێتەوە. ئەگەر ئەم جۆرە دانپیانانە بەشێک لە فاکتی ئابووری تێدا بێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت بڕێکی زۆر لە ریکلامسازییشی تێدایە. هەر کاتێک قەیرانێک دێتە پێشەوە بە خێرایی کتێبەکانی کارل مارکس بە تایبەت “کاپیتال” رووناکیان دەخرێتەوە سەر و بازاڕی فرۆشیان گەرمتر دەبێت. لەم نێوەندەدا مارکس بۆخۆی دەبێتە بوار و کاڵایەکی بەنرخ بۆ سەرمایەگوزاریی و جەمکردنەوەی قازانج! چونکە کۆمپانیاکانی چاپەمەنی و ناوەندەکانی وەشاندن ملێونەها دۆلار لەم رێگەیەوە دەچننەوە، ئەمەش بە فۆرمێکی تر لەلایەن “سلاڤۆی ژیژەک”ەوە گوزارشتی لێکراوە چۆن کۆمپانیا و مارکێتە گەورەکان بە ناوی خۆدەربازکردنی مرۆڤ لە هەستی گوناه بەرامبەر بە سروشت و ژینگە فۆرمێکی تری مەسرەفگەرایی و قازانجپەرستی هەڕمێن پێدەدەن، ئەویش لە رێگای فرۆشتنی کاڵا و خواردەمەنی بە حیساب سروشتی و فرێش “بیۆ” کە هیچ پێکهاتەیەکی کیمیایی تێدا نییە. هەر بەو جۆرەش کۆمپانیاکان مارکس و کتێبەکانی دەکەنە کەرەستەیەک بۆ چنینەوەی بڕێکی زۆری قازانج.
ئەوەی گرنگە هەموو بیزانین، مارکس نەگەڕاوەتەوە! ئاخر ئەو بۆ هیچ کوێ نەڕۆیشتووە و لە هەموو هەلومەرج و ئاڵوگۆرییەکاندا بە خۆی و میتۆدە رەخنەگرانەکەیەوە لێرە بووە،. ئەمە ئەو فریوەیە بەرەی بەرامبەر دەیکەن گوایە مارکس هێندە پێویستە بزانین چی دەڵێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان. ئەم خووەش لە سەروەختی هەموو قەیرانەکانی سەرمایەدارییدا خۆی دووپات دەکاتەوە، لەئانی داڕوخانی وۆڵ ستریت و مایەپووچبوونی ئابووری هەزاران کۆمپانیا و بانکی زەبەلاح، باس لە تارمایی مارکس دەکرا وەک ئامادەبوویەکی جیددی، هەر لەم رووەوە چەندان ناوەندی وەشاندن لایان لە کتێبەکانی مارکس کردەوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان مارکسیان کردە ماتریاڵی کاسبییەکی نوێ و مێشکیان پڕ کردین لە هاواری گەڕانەوەی مارکس بە شەمەندەفەری قەیران!. ئاخر مارکس نە مەهدی چاوەڕوانکراوە و لە وەهمدا ون بووبێت، نە عیسای لە خاچدراوە گفتی هاتنەوەی پێدا بین تا دنیامان بۆ رزگار بکات، مارکس میتۆدێکی رەخنەیی پێشکەش کردووین بۆ خوێندنەوەی سیستمی سەرمایە. ئێمە پێویستە بنەما فیکرییەکە وەربگرین، نەک دەقاودەقی نووسینەکانی بە خاڵ و فاریزەوە.
سەمیر ئەمین، مارکسیستی فەڕەنسی- میسری لە بارەی چییەتی مارکسەوە دەنووسێت “مارکس فەیلەسووف نییە، مێژوونووسیش نییە، زانایەکی دنیای سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵایەتی نییە، مامۆستایەکی پلە یەکی هیچ یەکێک لەم بوارانە نییە، هەروەها مامۆستایەکی بەهرەداریش نییە کە کۆکتێلێکی هەموو ئەو ئەو بوارانەی بە یەکەوە کوڵاندبێ و دەفرێکی پانی لێ ئامادە کردبێت، جێ و شوێنی مارکس لە مێژوودا لە دەرەوەی هەموو ئەوانەدایە!”. کەواتە دەپرسین مارکس چییە؟ “مارکس سەرەتا و دەستپێکردنی رەخنەیە لە سەردەمی مودێرنە ئەم رەخنەش بە رەخنەگرتن لە جیهانی راستەقینە دەستی پێکرد”.* ئەوە پێناسە راستەقینەکەی مارکسە کە من باوەڕم پێیەتی. لەبەرزترین پلەدا مارکس دۆزەرەوەی کڵێشەکی ماددییە لە روانینی رەخنەسازییدا، ئەو باسی داڕشتنەوەی جۆرێکی تر لە ژیان دەکات، کە تەنیا و تەنیا بە رەخنە لە سەرمایەداریی دەستپێدەکات و بە رەخنەش کۆتایی دێت. ئاخر رەخنە پێناسەیەکی بچووک و سنوورداری نییە، بەڵکو زەمەنەکان دەبڕێت و تخووبی جوگرافیاکان دەبەزێنێت. کۆمۆنیزمیش وەک ئەو ئایدیایەی مارکس دوا فۆرمۆڵەی کرد ئاوێنەیەکی رەخنەگرانەیە لە روانین بۆ دنیا و ژیان. رەخنە لە کۆمۆنیزمدا تەنێ تەقەلایەک نییە بۆ تێکشکاندنی دنیای کۆن و بەسەرچوو، بەڵکو گەڕانیشە بە دوای ژیانێکی شایستە و نوێدا.
نامەوێت بکەومە باری تاوتۆلۆژییەوە و بەشێوەی شەتەحاتی سۆفیگەریی بدوێم یان ئایرۆنیانە مەبەستەکانم بگەیەنم، روونتر لە روونی قسە دەکەم، چوون دەمەوێت دیدێکی لێڵ بوو روون بکەمەوە، بۆیە پێموایە مارکس داهێنەری رەوشتی رەخنەییە و هەمیشە وەک ئەو تارماییەی ژاک درێدا باسی دەکات وەک سێبەرێک بە تەنیشت سەرمایەدارییەوە رێ دەکات. مارکس لەباڵاترین شێوەی خۆیدا میتۆدێکی رەخنەسازیی زانستییە، پارادایمێکی رەخنەیی تۆقێنەرە. مارکس رەوایی خۆی لە گۆڤارە ئیکۆنۆمییەکانەوە وەرناگرێت، پێویستی بە لە بێژنگدانی بۆچوونەکانی نییە لەلایەن ئابووریناسە بۆرژوازییەکانەوە، ئەو هەمیشە لێرەیە، مارکسی فەلسەفی لەهەموو شوێنێکی دنیای سەرمایەدایە!. من تێناگەم ئەو چاپە سۆسیالیستەی دڵیان بە دانپیانانی گۆڤارێکی ئابووری خۆشە، چۆن بیر لە مارکس دەکەنەوە؟ لای ئەم چەپە شوێنی راستەقینەی مارکس لە کوێیە؟ ئەرکی مارکس چییە؟ ئایا لەو جێگە و رۆڵەدایە گۆڤارێکی ئیکۆنۆمی بۆیان پێناسە دەکات؟.
دووپاتی دەکەمەوە مارکس هەمیشە لێرەیە، پێویستە خاڵ بخەمە سەر پیتەکان، مارکس بە تاکی تەنیا وەک فەیلەسووفێک، وەک رەخنەگرێکی رادیکاڵ لێرەیە. هاوەڵێکی نییە، تەنانەت ئەنگلس هاوبەشە سەرەتاییەکەی ئەوە و هاوڕێی فکری مارکسی لاوە! مارکسی پیر دوور لەخودی “ئەنگلس”یش سەرقاڵە بە نووسینەوەی کتێبی کاپیتاڵەوە، “لێرەدا نەفیکردنەوەی هاوڕێتی نییە، نەفیکردنەوەی گەڵاڵە فیکریی و فەلسەفییە هاوبەشەکانیانە” مارکس بە لەشکرێکی سوورەوە لێرە نییە، بە چینی کرێکارەوە لێرە نییە، بەڵکو بە خۆی و رەخنە قووڵەکانی لە سەرمایەداریی لێرەیە، مارکس هەمیشە لێرەیە، ئەوەی پێی دەوترێت غیابی مارکس، تەڵەکەیەکە، ئەوەی لێرە نییە لینینە، ئەوەی لەنێو گۆڕێکی مێژووییدایە بەڵشەفیزمە کە هیچ خودایەک توانای زیندووکردنەوەی نەماوە، ئاخر مارکس هەر لە بنەماوە هاوڕێی لینین و ماو و کێ و کێ نەبووە،. تا ئەو راددەی بە بێ دوو دڵی دەتوانم بڵێم شتێک لە ئارادانییە بە ناوی مارکسیزم- لێنینیزم. تەنانەت ئەشکالییەتم لەگەڵ کۆنسێپتی “مارکسیزم” هەیە!، بەڵام تەواوکردنی دەستەواژەکە بەو فۆرمە باوەی چەپە نەریتییەکانی دنیا ئولفەتیان پێوە گرتووە “مارکسیزم- لینینیزم” تاکو ئەندازەیەکی بەرز چۆتە چێوەی گەمژەییەوە. چوونکە ئەو دووانە “مارکس- لینین” نەک یەکتر تەواو ناکەن، بەڵکو یەکێکیان بکوژی ئەویترە لە رەهەندە فەلسەفییەکەوە.
دواجار لینین ئەو کەسە نییە تیۆری کۆمۆنیزمی مارکس تەواو بکات، وەک چۆن ئەنگلس ئەوەی کرد بەنووسینی بەرگی کۆتایی پەرتووکی “سەرمایە”. تەنانەت ئەو کەسەش نییە بیرۆکەکانی مارکس بخاتە بواری پراکتیکەوە بە تایبەت چەمکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی مارکس و خەونی دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا. بەڵکو ئەو تەنیا رابەرێکی دیکتاتۆری رووسە کە بناغەی دیسپۆتیزمی کۆمۆنیستی داڕشتووە. راستتر وایە بڵێین کڵێشەی ستەمکاریی سۆڤێتی و ستالینیزم بەرهەمی تێڕوانینەکانی خودی لینینە. هەروەک “د.حەمید عەزیز” جارێک نوسیبووی دەستەواژە راستەکە لینینیزم -ستالینیزمە نەک مارکسیزم -لینینیزم. ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم لینین بە رواڵەتی لە مارکس تێگەیشتبوو، یان تەنیا بایەخی بە ماتریالیزمی مێژوویی مارکس داوە کە دیوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی ئەندێشە و فەلسەفەی مارکسە. ئەوەش ئەو ستەمکارییە سیستماتیکەی لێکەوتەوە بە درێژایی حەفتا و چەند ساڵێک لە شورەوی پێشوو پەیڕەو کرا. وا بڕوا دەکەم ئەگەر مارکس هاوچەرخی لینین بووبا هەمان هەڵوێستی رۆزا لۆکسمبۆرگی دەبوو لە هەمبەر بەڵشەفیکەکان و خودی لینین. بۆ ئەوەی بە دروستی و وەک خۆی مارکس بناسین دەبێت ناوی لینین لە تەنیشتییەوە بسڕینەوە، ئاخر ناکرێت هیومانیزمی مارکس و خوێنڕێژیی و دیکتاتۆرییەتی لینین لە تای تەرازوویەکدا دابنێین، ئەمە نەک شتێکی راست نییە بەڵکو مایەی گاڵتەجاڕیشە.
ئەگەر زۆر دوور نەکەومەوە لە ناوەڕۆکی باسەکەم، پرسیارێکی پێویستیش هەیە دەبێت بیوروژێنین، ئایا لێرە بوونی مارکس هاوواتای لێرەبوونی پڕۆلیتاریایە؟ ئایا ئەم قەیرانە قووڵەی بە تایبەت دوای کۆرۆنا ڤیرۆس بەرۆکی سیستمی سەرمایە و نیولیبرالیزمی گرتووە بە جۆرێک لە جۆرەکان رۆڵ دەداتەوە بە چینی کرێکار وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە شانۆکەدا رۆڵ بگێڕێت؟. بە بڕوای من نەخێر!. چیدی پڕۆلیتاریا ناتوانێت بەو رۆڵە مێژووییە هەڵبستێت! راستە چیرۆکی گلوبالیزم تەواو بوو، نیولیبرالیزمیش لە غەرغەرەدایە و خەریکە کۆتایی پێدێت، بەڵام ئەوە دژەبەرەکانیان نەبوون پەردەیان لەسەر شانۆکەیان دادایەوە، ئەوەی سەرمایەداریی لەناو دەبات چیتر پڕۆلیتاریا نییە، ئاخر تاڵییەکە ئەوەیە چینی کرێکاران بەرگریی لە کۆیلەیی خۆیان دەکەن و مازۆخیانە چێژیشی لێ وەردەگرن، چون لە ریشەوە بووەتە چینێکی لۆمپن و بەشێک لە سیستم، ئەمە دیاردەیەکی تازە نییە، هەر بۆیە فەیلەسووفی ئەڵمانی “هێربرت مارکۆزە” وای تێبینی کرد توێژاڵی گەنج دەتوانن بە رۆڵی پڕۆلیتاریا هەستن، ئەمەش شۆڕشی ئایاری 1968ی قوتابیانی فەڕەنسای لێکەوتەوە، دواتر دەرکەوت تێڕوانینەکەی ماکۆزەش لە جێگەی خۆیدا نەبووە. لە حاڵی حازریشدا “ئالان بادیۆ” بە رۆمانسییەتە زۆرەکەیەوە بۆ موسڵمانە عەرەبەکان پێیوایە پەنابەرە نەدارەکانی ئەوروپا دوا فۆرمی پڕۆلیتاریان و گریمانەی شۆڕشی دژە سەرمایەداریی لەسەر دەستی ئەوان دەخاتەڕوو. ئەمەش چاڵێکی وەهمییە فەیلەسووفێکی ئاوەها جیددی تێکەوتووە.
ئەوەی قەیرانی ئەمڕۆی خوڵقاندووە و سەرمایەداریی خستۆتە قەیرانێکی خنکێنەرەوە و تەنگی پێ هەڵچنیوە، فاکتۆری دەرەکیی نییە لە چەشنی چینی کرێکار، هێندەی پەیوەستە بە هۆکارە ناوەکییەکانی خودی سیستمەکەوە. ئەفلاتۆن نزیکەی بیست و پێنج سەدە بەر لە نهۆ تیۆریزەی ئەمەی دەکرد “هەموو شتێک بە زیادەڕەویی خۆی لەناو دەبات”. مەسرەفگەرایی و بەرهەمهێنانی چەند قات زیاتر لە پێویستی و وێرانکردنی ژینگە بەهۆی کەرتی پیشەسازیی و کشتوکاڵیی مودێرنەوە، بەرپرسیارن لە نابووتبوونی گلوبالیزم و خودی کاپیتالیزم، هەرچەند داستانی نیولیبرالیزم لە کۆتایی خۆیدایە و “هابرماس”یش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دەبێت بە هەموو شێوەیەک نیو لیبرالیزم رەت بکەینەوە، بەڵام ئایا ئەمە جێگە بۆ هاتنەوەی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار چۆڵ دەکات؟. من پێموایە هێشتا سەرمایەداریی وزەی پێ ماوە بەرگەی داهاتووش بگرێت، بێ ئەوەی نکۆڵی لە لێرەبوونی هەمیشەیی کارڵ مارکس بکرێت. کەواتە کێ ئەو بۆشاییەی ئێستا پڕ دەکاتەوە؟. دنیا بەرەو کوێ مل دەنێت؟. ئەگەرچی پێم خۆش نییە رەشبینی ببەشمەوە، کەچی ناتوانم بڵێم ئاپۆکالیپۆس بەڕێوە نییە، بە تایبەت لەسەر دەستی ژیریی دەستکرد وا خەریکە مرۆڤ دەگاتە پایانی خۆی.
ئالگۆریتمەکانی ژیریی دەستکرد هەڕەشە لە رۆڵی مرۆڤی نوێ دەکات، ئەو مرۆڤەی لە سەرەتاکانی مودێرنەوە بوو بە چەقی هەموو شت، لە بری خوداش رۆڵی دەگێڕا، چەمکی “خوا مرد”ی فریدریک نیچە دەلالەتە لەو سەردەمەی ئیدی مرۆڤ خودا کەنارگیر دەکات و هەموو دەسەڵاتەکانی بۆ خۆی مۆنۆپۆڵ دەکات. مرۆڤی نوێ بە دەربڕینە فۆکۆییەکە چەندێک تازەیە، هێندەش نزیکە لە مەرگ. ئەمە جاڕدان نییە بۆ کۆتایی مرۆڤ وەک پێکهاتە بیولۆژییەکە “هەرچەند ئەویش لەژێر هەڕەشەدایە” بەڵکو بەو مانایە دێت ئالگۆریتمەکانی هۆشمەندیی دەستکرد نەک هەر مرۆڤ کۆنترۆڵ دەکەن و دەست بەسەر بیرکردنەوەیدا دەگرن، بەڵکو مەترسییە هەرە جیددیەکە ئەوەیە ئاڕاستەشی دەکەن، چوونکە زۆر زیاتر لە خۆی دەیناسن و ئینفۆرماسیۆنیان لەبارەیەوە هەیە!. لەم کەتوارەدا گریمانەی شۆڕشی پڕۆلیتاریا یان هاتنی لەشکرێکی رادیکاڵ بە پەرچەمێکی سوورەوە تا کۆتایی بە چیرۆکی ئێستا بهێنێت و لەسەر داروپەردووی وێرانبووی ئەم جیهانە، دنیایەکی تری میسالی چێ بکات نەک هەر خەیاڵپڵاوییە بەڵکو جۆرێکیشە لە گەوجێتی.
ژیریی دەستکرد نەک هەر دەستی بەسەر هەست و سۆزی مرۆڤدا گرتووە، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک دەیخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە و وزەی هەیە بە ویستی خۆی ئاڕاستەی بکات. دواجاریش مرۆڤایەتی دەکاتە لەشکرێکی چەک کراوی ناو فەزای مەجازیی کە هەموو چالاکییە مرۆییەکانی خۆی هەر لەناو ئەو فەزایەدا ئەنجام دەدات. تەنانەت فەزای مەجازیی و دنیای ناو شاشە زیرەکەکان دەبێتە رووبەرێک بۆ پەیوەندیی سۆسیال و هەست گۆڕینەوە و خۆشەویستی و بگرە پراکتیزەی سێکسیش. ئالگۆریتمەکانی ئەم ژیرییە توانای چالاکییەکانی مرۆڤی باشتر لە خودی مرۆڤ هەیە، دەتوانێت سەمفۆنیای موزیک لەوانەی باخ و چایکوفسکی بەرزتر دروست بکات، شیعری بەهێزتر لەوانەی بۆدلێر و شیرکۆ بێکەس بنووسێت، دەتوانێت رۆڵی دەیان پزیشک بگێڕێت لە ماوەی چەند چرکەیەکدا زۆرترین زانیاریی نوشداریی ئاڵوگۆڕ پێبکات.
ئا لێرەدا رۆڵی مرۆڤ کۆتایی پێ دێت و ملیارەها مرۆڤ لە ئایندەدا دەبنە کارەکتەری ناو دنیای مەجازی، کە وەک نوح هەراری بە تەوسێکەوە وتی، ئەوە مرۆڤ نییە جڵەوی سمارت فۆنەکەی خۆی لە دەستدایە، بەڵکو ئەوە موبایلە زیرەکان جڵەوی مرۆڤ دەکەن. هەر لەم دۆخەدا حکومەتەکان دەبنە وەهم و گەمەی ئەلیکترۆنی دەستی ئالگۆریتمەکانی ژیریی دەستکرد. ئەمەش هەمان ئەو شتەیە “جۆزیف نای” لە کتێبی “ئایندەی هێز” لە ساڵی 2011دا پێشبینی کردبوو، بە وەرچەرخانی ئاڕاستەی هێز لە ئەکتەرە حکومییەکانەوە بۆ دەستی ئەندازیاری تەکنۆلۆژیی سەردەمی شەپۆلی چوارەم. لە باری کردارییشەوە لە کۆمەڵگەی ئۆنلاینی هەنووکەدا، خەریکە دنیا دەگاتە قۆناغی پۆست حزب یان کۆتایی حزب کە ئەمەش بۆ خۆی کۆتایی سیاسەت دەگەیەنێت. ئایا دەکرێت لەم هەلومەرجەدا بە شۆڕشی کرێکاریی ئومێدەوار بین؟؟ بەدەر لەوەی ئیشکالیەتیشم لەگەڵ ئەو چەمکەدا هەیە، بەڵام زەمینەکان بۆ کۆتایی مرۆڤ زیاتر رەخساوە وەک لە کۆتایی سەرمایەداریی. ئایا سەرمایەداریی پێش خۆی مرۆڤایەتی لەناو نابات؟.
ئەوە پرسیارە تۆقێنەرەکەیە. هەموو ئاماژەکان یەک نیگار دەردەخەن، رۆڵی مرۆڤ لە کۆتاییدایە. هەروەک لە پێشتردا هێمامان بۆ تێزەکەی فۆکۆ کرد لەمەڕ مەرگی مرۆڤی نوێ یان مودێرن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا مارکس وەک فەیلەسووفێک بێ ئاڵای سوور و چینی کرێکار بە خۆی و میتۆدە رەخنەییەکەیەوە هەر لێرە دەمێنێتەوە تا کۆتایی. هەروەک نزار قەبانی لە شیعرێکی ئایرۆنیدا بە ناوی “یومیات مدینە کانت اسمها بیروت” لە بارەی مارکسەوە دەڵێت:
ئەو مارکسە نەفرەتییە ماڵی کاول کردین
ژنەکانمانی بێوەژن و مناڵەکانمانی هەتیو کرد
پەیوەندییە مێژووییەکانی لوبنانی ژێرا و ژوور کرد
ئەوم خۆش ناوێت، نا من هیچ ئەوم خۆش ناوێت
لەو رۆژەوەی لە چێشتخانەیەکی میللی
گۆڕەپانی بورجدا بینیویان پاقلە دەخوات
لەگەڵ خەڵکی رەشۆک دەدەوێت
کتێب و نووسراوەی بیروباوەڕیان بەسەردا دەبەشێتەوە
لەو رۆژەوە دڵنیابوومەوە
ئەو لە گەشتیارەکانی دیکە ناچێت
بەڵام هاتووە پلانێکی تێکدەرانە جێبەجێ بکات
ئەو هاتووە چاو لە برۆ و
پێ لە دەست هان بدات
بازرگانەکانی پەستاتیش لە بارزگانەکانی شەقامی حەمرا و
خانووە تەنەکەکان لە ماڵە ئەلەمنیۆمییەکان هان بدات
مارکس هەروەک قەبانی وەسفی دەکات بۆ ئەوە هات مێژووی دنیا لە رێی رەخنە بێ بەزەییەکانییەوە ژێراوژوور بکات. بۆ ئەوەش هات هەمیشە ئەو دێڕەی یەکەمی مانیفێست “تارماییەک ئاسمانی ئەوروپای گرتووە” خودی خۆی بێت. خۆرێکی رەخنەگرانە بێت لە شەوەزەنگی دنیایەکی پڕ لە نادادی و چەوساندنەوە. ئەو هەمیشە وەک پادشای کوژراوی شانۆگەریی هاملێت بۆ ئیدانەی دنیای خواروخێچ لە شێوەی تارماییەکی تۆقێنەردا ئامادەگی بەردەوامی دەبێت.
یەکی ئایاری 2020
خۆرئاوای زەمین
پەڕاوێز:
*سەمیر ئەمین “مارکسی بێ کەنار” وەرگێڕانی: رزگار عومەر. سایتی دەنگەکان. نۆی ئاپریلی 2020.