لەشفرۆش.. لە فارسییەوە: شوان عەباس بەدری
ژنێكی لەشفرۆشم
لە ناو كۆڵانە تەنگە بەرو تاریكەكانا
بۆنی شەهوەتی پیاوەكان
مووی لەشە ڕووتەكەمی گرژكردووە
پەنجەرەیەكی كراوە ئەبینم كە لەو دیوییەوە
دیسان دەنگی هاوارەكانی ژنێكی لەشفرۆش
لە ناو پێكەنینی پیاوێكی داوێن پیس وون بووە
كەمێ لەولاتر كیژۆڵەیەكی ١٧ ساڵان
ساوەكەی خۆی فرێداوەتە ناو جۆگەلەی ئاو و
كورێكی ٢٠ ساڵانیش دەستی خستۆتە ناو گەڵی ژنێكی ٤٠ ساڵان
و ئەوەندە سەر مەست بووە هەر وەك بڵەیت جیهانی دووگیان كردووە
جگەرەكەم لە گۆشەیەكی لێوە شین بووەكەم دادەنێم
دیسان ئەم چەرخە نەفرەتییە لە دەستە لەرزۆكەكانم كەوتە خوارەوە
دەستسڕێكی سپی ، ڕەنگین بە خوێنێكی ووشكەوە بوو
لە لای چەرخە ژەنگاوییەكەمەوە ئەبینم و
نەستانە دەستدرێژییەكی پڕ ئازاری بێ كاندۆمم بیر ئەخاتەوە
هەموو گیانم تامی شیلك ئەدات
لە سووچێكی شەقامەكەوە پیاوێكی لەڕ و لاواز
شرینقەی حەسرەت لە ناو دەماری بێ غیرەتی خۆی دائەچەقێنێت
جگەرە چرچ و لۆچەكەم دادەگیرسێنم
من گەیشتوومەتە كۆتایی كۆڵانەكە
كۆتایی ژیان
كۆتایی ژن بوونم !