Skip to Content

رۆلان بارت.. بریا محمد همزە

رۆلان بارت.. بریا محمد همزە

Closed
by ئه‌یلول 30, 2022 General, Opinion


رۆلان بارت لە شێربۆرگ ڕۆژئاوای لە ساڵی ١٩١٥ لە دایکبووە. هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە ساڵێک کە باوکی مرد لە جەنگێک لە دەریای باکوور، بەمشێوەیە دایکی سەرپەرەشتی بەخێوکردنی کرد، هەندەک ماوەش داپیری و باپیری ئەوکارەیان لە ئەستۆدەگرت، پێشئەوەی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە پاریس تەواو بکات، بارت منداڵێتی خۆی لە بایۆن لە باشور لە فەرەنسا بەسەربرد. لە نێوان سالی ١٩٣٤-١٩٤٧ لەدەست نۆرەی نەخۆشی سیل دەینالاند. لە سەروبەندی ماوەی چارەسەری سەپێنراو بەسەریدا هەمووشتێکی بە پەرۆشەوە دەخوێندەوە، هەر لەو کاتیشدا وتارە سەرەتاکانی لە بارەی ئەندرێ جیت بڵاوکردەوە. دوای ئەوەی لە ڕۆمانیا ومیسر خوێندی چاوی با ا گ گریماس کەوت دواتریش لە کۆلێژی توێژینەوە باڵاکان بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان بارت لەساڵی ١٩٧٧ لە کۆلێژی فەرەنسی دامەزرا.لە سالی ١٩٨٠ کۆچی دوایی کرد. ئەو واقیعە سەرەکیانە زۆر جار ماددەی پێویست بە ڕەخنەگرت/سایکۆلۆگیست دەبەخشێت بۆ ڕاڤەکردنی لایەنە شاراوەکانی ژێرخانی نەستی کارەکانی نووسەرێک. بەڵام بارت ئەو لایەنانەی وەردەگرت و دەیکردە مادەیەکی خاوی نووسینەکانی، تەنانەت بۆ شێوازەکەشی ئەمەش لەسەر دوو کتێبی پراکتیزە دەبێت، کە لە کۆتاییەکانی ژیانی دا نووسی.١. ڕۆلان بارت بە قەلەمی رۆلان بارت، ٢.کامێرای لۆسیدا:تێڕامانێک لەبارەی وێنەگرتن. لێرە تێبینی ئەوە دەکەین کە مادەی خاو، کلیلەکەیە، چونکە بارت ژیانی خۆی بە شێوەیەکی نەریتی نانوسێتەوە. بەلکو لە جیاتی ئەوە ئەوە خەیال لە ژیانی خۆی دەکاتەوە لە میانی کەسی سێیەم، لەو کاتەی ئاماژە بۆخۆی دەکات هەروەک (جۆیس)، بەمەش لە قوڵایی ژیانیدا ئەزمونێکی ژیانی رۆژانەیی ئاسایی تێبینی دەکات. بۆ نمونە لە بارەی وێنەیەکی دایکی دەنووسێت لەم کتێبەی کە لەسەرەوە ناوبراوە لەبارەی وێنەگرتنی فۆتۆگرافی، دەڵێت ئەو دایکی خۆی بینیوە لە وێنەیەکدا کە زۆر خۆشیویستووە(وێنەکە زۆر کۆن بوو، گۆشەکانی قلیشیان بردبوو، جونکە بە ئەلبومی وێنەکانەوە نوسابوو، هەروەک وینەی رەساسی تۆخ وەک بۆیەی سبیدگ کاڵبووبوو، … توێژینەوەی کچە بچوکەکەم کرد لە کۆتایی دا دایکم دۆزییەوە. دواتر وشەکانی گۆداردی لە گوێی دەزرنگایەوە بۆ رزگاربوونی لە وەهم: وێنەیەکی ڕاستم ناوێت، بەڵکو تەنها وێنەیەکم دەوێت. بارت لە قوڵایی دڵتەنگییەکەیدا وێنەیەکی ڕاستی دەوێت.
ئەو شێوازە کەسییە، کە بارتی درەنگی پێجیا دەکرایەوە،کردی بە نوسەرێک بەهۆی مافە کەسییەکەی، لەپاڵ ئەوەی کە پسپۆڕ بوو لە سیمۆتیکا و رەخنەگرێکی ئەدەبیش بوو، بارت بەشێوازی ریوایی دەنوسێت بەڵام بێ ڕۆمان، هەروەک خۆی گوزارشتی لە خۆی کرد. لە ڕاستیدا دەتوانین ئارگیۆمێنتی ئەوە بهێنینەوە کە ئەوە بنەمایەکی ڕاستەقینەیە بۆ رەسەنێتییەکەی، (ئەگەرچی هەندێک هەن لەمبارەیەوە بۆچونی جیاوازیان هەیە)، لـەپال تیۆرەکانی لەبارەی نوسین و گوزارشکردن لە مەبەست. لە کتێبی گوتاری عاشقدا دەڵێت: نازانین کێ قسەدەکات، دەق قسەدەکات، ئەمەیە هەمووشتێک. ئەمڕۆ دەکرێت گوتاری عاشق تەنها بۆ تەنهایی و گۆشەگیری بێت، هیچ خودێکی دیاریکراوی نەبێت، بەڵام دەکرێت لە لایەن (هەزاران خود) ئامادەبکرێت. (گوتاری عاشق) بەوپێیەی یەکسانە بە شێوازی ڕۆمان، دەبێتە بونیادی گوتاری عاشق: پێکهاتەیەکە لە دەنگەکان، کە گوزارشت بە (شێوەیەکی بێ هەڵە)لەوە دەکات کە دەکرێت مرۆڤ پێی بڵێت لە عاڵەتی ئەنجامدانی ئەو گێڕانەوەیە.
کاری ڕۆلان بارت بەرجەستەکەری فرەییەکی بەرچاوە. کارەکانی لە خۆگری سیمۆتیکا و ووتاری ڕەخنەی ئەدەبییە، هەروەها نمایشکردنی کتێبە مێژووییەکانی جۆن میشلێیە، لە میانەی ئەندێشەکانەوە، توێژینەوەی دەروونی بۆ ژیاننامەی ڕاسین کە چەندین کایەی دامەزراوەی ئەدەبی فەرەنسی تووڕەکرد، لەپاڵ کارە زۆر کەسییەکانی لە بارەی جێژی دەق و خۆشەویستی و وێنەگرتنی ڤیدیۆییەوە.
لەگەل ئەوەی شتێک لە بەئەدەببون و پاکێتی لە شێوازە تێبینی دەکرێت، کەچی بارت لە نوسینە سەرەتاکانییەوە ئامانجی شیکردنەوە و ڕەخنەگرتنی کولتوور و کۆمەڵگای بۆرژوازی بوو. کتێبی ئەفسانەکان ١٩٥٧ بە روونترین گوزارشت دادەنرێت لەمە، وێنەی ژیانی ڕۆژانە و نامەی ڕاگەیاندنی و ڕابواردن و خۆشگوزەرانی و کولتووری ئەدەبی و میللی و کاڵای بەکاربردن، سەرجەمیان ملکەچی پشکنینێکی تێڕامانی زیرەکانە دەبن لە پڕاکتیزەکردن و دەرەنجامەکانییەوە. هەندێکجار پەخشان لە ئەفسانەکان پەخشانمان لای واڵتەر بنیامین بیردەخاتەوە، لە رووی توانایەوە لە کۆکردنەوەی نێوان هەستێکی تیژ و چاودێری ووردی لە پاڵ توندی لە رەخنەدا، بەڵام بە پێچەوانەی بنیامینەوە، بارت فەیلەسوفێکی مارکسیزمی سەرەکی، رەخنەگرێکی کولتووری سروش وەرگر لە ئایین نەبوو، دواتر دەبینین بارت لە پەنجاکان و شەستەکان دەبێتەزانایەکی سیمۆتیکا: ئەو لە زمان دەڕوانێت بە پێی ئەو نمونەیەی کە تیۆری سۆسێیر لە بارەی کۆد، یاخود نیشانە دایناوەوەک بنەمایەک بۆ تێگەیشتنی ژیانی بوونیادی ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری.
سیمۆتیکی تازە دروستبوو مەبەست لە بارتە، تیۆرێک لەبارەی ئەفسانە دادەرێژێت کە دەبێتە ئەو پایەیەی کە نوسینەکانی لە بارەی ئەفسانەکانی لەسەر دادەمەزرێت. لای بارت ئەفسانەی ئەمڕۆ نامەیەکە، نە چەمکە، نە بیرۆکەیە، و نە شتێکە. دیاریکراوتر ئەفسانە پێناسە دەکات (بەو ڕێگایەی کە نامەکەی خۆی دەگەیەنێت، کەواتە بەرهەمی قسەکردنە، نەوەک زمان لە ئایدۆلۆجیادا: ئەوەی دەگوترێت زۆر گرنگە بەڵام شتێک دەشارێتەوە. هەرچی لە ئەفسانەیە: ئەوا چۆنیەتی گوتنی ئەوەی دەگوترێت زۆر گرنگە، بەڵام دەیشێوێنێت. لە ڕاستیدا ئەفسانە نە درۆیەوەنە دانپێدانان: بەلکو پێچانەوەیەکە. بەمپێیە کە لەو نمونەیەی کە سەربازێکی ڕەشپێست دەردەکەویت کە ئاڵای فەرەنسی دەشەکێنێتەوە، ئەمە نمونەیەکە بارت وەریگرتووە لە بەرگی پێشەوەی گۆڤاری باری ماچ ، بەمەش ڕەشپێستەکە لای خوێنەر دەبێتە ئەفسانەیەک (ئامادەیی ئیمپریالیزمی فەرەنسی بە تەواوی و بە هەموو هێزێکییەوە). بانگەشەکانی بارت ئەمەیە: بە هۆی ئەوەی کە ئەفسانە هیچ شتێک ناشارێتەوە، بۆیە کاراییەکەی مسۆگەرە: ئەو هێزە دۆزینەوەکارەی کە خاوەنیەتی لە خۆیدا کەرەستەیەکە بۆ شێواندن. پێدەچێت ئەفسانە ئە کارەساتە بێت کە لە ڕۆأی ڕووناکدا ڕوودەدات. ئەگەر خوێنەری ئەفسانەکان بیت، لە بەرامبەری بەرهەمهێنەری ئەفسانەکان، یاخود ئەو جیهانە ئەفسانەییەی کە کۆدەکەی دەکاتەوە، مانای قبوڵکردنی نامەکەیە بەگشتی وەک لە ڕوخساریدا دیارە. یاخود ووردتر، نامەی ئەفسانە مانای ئەوەیە کە هیچ جیاوازییەک نیە لە نێوان دال (سەربازێکی ڕەشپێست کە ئالای فەرەنسی دەشەکێنێتەوە) و مەدلول (ئیمپریالیزمی فەرەنسی). بە کورتی پەیامی ئەفسانە ئەوەیە کە پێویستی بە کردنەوەی کۆدەکە هەیە، لێکدانەوەیەتی، یاخود نەهێشتنی تەمومژەکانییەتی. وەک بارت روونی دەکاتەوە، ئەگەر ئایدۆلۆجیای ئەفسانە ڕوونبێت، ئەوا کارەکەی وەکک ئەفسانە بە جێ ناگەیەنێت. بە پێچەوانەی ئەمەوە، بۆ ئەوەی ئەفسانە سەربکەوێت لە ئەنجامدانی کارەکەی وەک ئەفسانە، ئەوا دەبێت بە تەواوی سروشتی بێت.
سەرەڕای ئەو روونکردنەوەیە بۆ دۆخی ئەفسانە، کە چی ئاستەنگێک لە بە هێند وەرگرتنی قوڵایی دروست دەبێت لە ئەنجامی ئارەزووی رەوای پەیوەست بە جیاکردنەوەی نێوان ئەفسانە لە لایەک و ئایدۆلۆجیا و سیستەمی نیشانەکان کە پێویستیان بە لێکدانەوە هەیە لەلایەکی ترەوە. لەگەڵ ئەوەی کە روونکەرەوانی بارت لەچەندین جاردا ئەوەیان لە بیرچووە کە ووردی بە ئەفسانەو پێگە تاقانەییەکەی ببەخشن لە زمانی سروشتگەرایی دا، کەچی پرسەکە ئەوەیە بزانین گرنگی ئەمە چیە، جگە لەو ڕوانگەیەی کە دەڵێت سەرکەوتنی کاری ئەفسانە پێویستی بەوە هەیە کە توانای شیکردنەوەی نەبێت وەک ئەفسانەیەک.


———————-
نووسەر:: بریا محمد همزە، قوتابی بەشی فەلسەفەی زانکۆی سەلاحەددین

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next