(هه‌ڵه) و هه‌ڵه‌ی شۆره‌تدارێكی كورد!! … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن
هه‌ڵه‌كردن نه‌ك هه‌ر به‌ته‌نها ڕاستیه‌كی بیۆلۆژیكی و فیزیكیه، به‌ڵكو زۆر له‌وانه زیاتر ڕاستیه‌كی سایكۆلۆژی و په‌روه‌رده‌یی و ئینجا دوای هه‌موو ئه‌مانه زانستیه، زۆر جار هه‌ڵه‌كردن به‌ده‌ره له كرده‌یه‌كی ئینسانی، یا به مانایه‌كی تر به‌ده‌ره له‌وه‌ی بكه‌ره‌كه‌ی مرۆڤێك بێ، له‌م جۆره ههڵهكردنانهدا جوڵه و داینامیكیه‌تی بوون و گه‌ردوون له جه‌ده‌لیه‌تی ماتریاڵی خۆیاندا تێیده‌كه‌ون، هه‌ر بۆیه هه‌ڵه یه‌كێكه له دوانه راسته‌قینه‌كانی له جووڵه ده‌كه‌ونه‌وه جا چ جوڵه‌كانی مرۆڤ یا جووڵه گه‌ردوونیه هه‌مه جۆره‌كان.
ئێمه له سایكۆلۆژیا و له میتۆده جوداجوداكانیدا و به‌تایبه‌ت له ڕهفتارگهریدا و وردتر له تیۆریزه‌كردنی په‌روه‌رده و فێربووندا پرنسیپێكی گرنگمان هه‌یه به پرنسیپه‌كه‌ی تۆرندایكThorndike (ئێدوارد لی تۆرندایك1874-1949) ناسراوه پێیده‌ڵێن(فێربوون له ڕێگه‌ی هه‌وڵ و هه‌ڵه، به پێی ئه‌م تیۆره هه‌ڵه‌كردن به‌ده‌ر نیه له ههوڵگهلێك بۆ فێربوونی بابه‌تێك یا كرده‌یه‌كی دیاریكراو.
هه‌ڵه له كوێدا مه‌ترسیداره؟ له‌و ساتانه‌ی یا له گه‌رمه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه به‌ره‌و ناسین و زانینی شتێك یا بابه‌تێكمان ده‌به‌ن و كه‌سه‌كه یا ئۆرگانه‌كه به‌رده‌وام و له‌گه‌ڵ ڕۆیشتنی زه‌مه‌نیش هه‌مان هه‌ڵه دووباره ده‌كاته‌وه و نه‌یتوانیوه ئه‌م هه‌وڵانه به هه‌ڵه بناسێ و ورده ورده له‌بیریان بكات و له هه‌وڵی دیكه‌دا ڕاستر بجوڵێته‌وه.
كێشه هه‌ره ئۆرگانیكیهكهی كولتووری ئێمه تا ئێستا ئه‌وه‌یه هه‌ر له‌سه‌ر هه‌ڵه به‌رده‌وامه و هه‌میشه‌ش له فۆڕم و گه‌وهه‌ری هه‌مه شێوه‌دا دایدههێنێتهوه ، سه‌ره‌كیترین ئه‌ركی كولتوور تا ئێستا به تێگه‌یشتنه ئهكادیمیهكهشی (گۆڕینی مرۆڤه بۆ ئینسان) واته مرۆڤ وه‌ك هه‌بوویه‌كی بیۆلۆژیكی بۆ ئینسان وه‌ك بوونێكی مه‌عنه‌وی باڵا و هه‌ڵگری ئۆرده‌ر و ڕێكخراوێكی هۆشمه‌ند.
له‌وه‌ش كێشه‌تر ئه‌وه‌یه كاراكته‌ره به‌ناو و ده‌نگه‌كانی نێو كولتووری خۆمان به‌تایبه‌تتر ئه‌وانه‌ی هیچ گوێ به بیركردنه‌وه سیستماتیك و ئهكادیمیكیهكان ناده‌ن و له‌وه‌ته‌ی بوونه‌ته ده‌نگێكی بیستراو له سۆنگه‌ی گرێی ئه‌كادیمیه‌وه ته‌قه له هزری ئه‌كادیمی ده‌كه‌ن و ئینجا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش مورید و ده‌روێشێكی زۆریان له‌خۆیان ئاڵاندووه، به زه‌قی ده‌كه‌ونه هه‌ڵه‌ی ئه‌وتۆوه كه به پێوه‌ره هه‌ره كلاسیكه زانستیه‌كان مایه‌ی شه‌رمه‌زارین بۆ كولتوور و ئه‌م جۆره بهرههمهاتوانهیان.
به پێی ئه‌م تێگه‌یشتنه له لۆژیكی هه‌ڵه و ڕاستیی یا هه‌وڵ و هه‌ڵه، هه‌ڵه كرده‌یه‌كی خه‌للاق و خولقێنه‌ره به‌ڵام تا ئه‌و ئاسته‌ی بیركه‌ره‌وه یا فێرخواز ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه‌ردا نه‌چێته‌وه و له ساته وه‌ختی داكهوتوودا هه‌نگاوه راستیه‌كان بۆ تێگه‌یشتن و زانین و ناسین بهاوێت و به تێپه‌ڕینی كات په‌ی به فۆڕمه نوێیه‌كه‌ی فێربوون ببات.
ئه‌گه‌ر مشكێك یا پشیله‌یه‌ك له ئه‌زموونه‌كانی تۆرندایك سات دوای سات هه‌ڵه‌كانی كه‌مكاته‌وه و سه‌ره‌نجام فێری ئه‌وه بێت له هه‌ڵوێسته زه‌حمه‌ته‌كان خۆی قوتار كات، ئه‌گه‌ر سه‌گێك له ئه‌زموونی بافلۆفدا سات دوای سات فێری ئه‌وه بێ زه‌نگ مانای خواردن و دواتریش مانای ته‌زووی كاره‌بایه، ئه‌گه‌ر كۆترێك له تاقیكردنه‌وه‌كانی بۆرهیف سكینهردا سات دوای سات فێری ئه‌وه بێ سه‌ر و ده‌نووكی له ئاستی خواردنه‌كه بۆ سه‌ر و خوار ببزوێنێ، ئه‌گه‌ر مه‌یمونێك له ئه‌زموونی كۆهلهردا فێری ئه‌وه بێ ئه‌گه‌ر دارێك له یه‌كێكی تر هه‌ڵكێشێ ئه‌وا ده‌ستی به مۆزه‌كه ده‌گات، ئه‌ی بۆچی مرۆڤ یا كۆمه‌ڵكه‌ی وا هه‌یه تا هه‌یه و تا ده‌شمێنێ به هه‌مان ڕێچكه‌دا ده‌ڕوات و هه‌میشه‌ش سه‌ری به‌ر هه‌مان به‌رد و به‌ر هه‌مان كاره‌سات ده‌كه‌وێته‌وه؟.
ئه‌م ڕاستیه چه‌نده په‌یوه‌سته به هزرینی هه‌ڵه‌وه زۆر له‌وه زیاتر په‌یوه‌سته به نه‌په‌ڕینه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ به‌ره چالاكه‌كه‌ی بوون كه لۆژیك و پرنسیپی ململانێ یا ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ سرووشت، سرووشت تا دنیا و تا ژیان هه‌یه له كاریگه‌ری و بایه‌خی به‌سه‌ر بوونی مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌ری بیۆلۆژیكی و وه‌ك بوونه عه‌قلانیه‌كه‌ی كه‌م نابێته‌وه، له هاوكێشه‌كانی ژیان و مانه‌وه‌دا هه‌میشه سرووشت به قورسایی خۆی ئاماده‌یه و هه‌رگیزیش (كرده) نیه مرۆڤ تیایدا سرووشت ببه‌زێنێ یا تێیپه‌ڕێنێ، له ئه‌نتۆلۆژیا(بوونزانی یا بوونناسی) ی ململانێدا هیچ كاتێك ئێمه چاوه‌ڕێی به‌زینی یه‌كێك له مرۆڤ و سرووشت له‌سه‌ر ده‌ست و توانای یه‌كتر ناكه‌ین، له ململانێدا دانانی شوێن په‌نجه یا كاریگه‌ری هه‌ر یه‌كه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تریان بۆ ئێمه‌ی بیركه‌ره‌وه گرنگه.
كه مرۆڤ هۆشی به‌وه شكا ئیدی با چیتر به هه‌واو هه‌وه‌سی سرووشت نه‌جولێته‌وه مانای ئه‌وه نیه سرووشت جێده‌هێڵێت و چیتر له په‌یوه‌ندیدا نامێنێته‌وه له‌گه‌ڵیدا، به‌ڵكو مانای ئه‌وه‌یه ئیدی منیش ده‌ركه‌وت و دیارده‌یه‌كی سرووشتم و هه‌نگاو به هه‌نگاو و سات به‌سات كاریگه‌ری میكانیزمه هه‌ره به‌هێزه‌كه‌ی خۆم كه(عه‌قڵ) ه له جێگه‌ی (هه‌ڵچوون و سۆز و په‌رچه‌كرداری میكانیكیانه) داده‌نێم و بۆ ئه‌و چه‌مكه‌ی نێوی شارستانیه‌ت یا مه‌ده‌نییه‌ته دنیایه‌كی تایبه‌ت به خۆم ده‌سازێنم.
له زنجیره‌یه‌ك له زنجیره‌كانی چاوپێكهتنێكدا و له وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ هه‌رده‌م توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه ئومێده‌وار بێ به قودرهتهكانی خۆی، له ده‌می ڕۆشنبیرێكی ئه‌م هه‌رێمه‌م بیست كه ماوه‌ی زیاتر له بیست ساڵێكه له ئه‌وروپایه به‌وه‌ی جه‌نابیان سه‌یری ئینسان ناكا وه‌ك كائینێك هه‌ر به سرووشته‌وه به‌سترابێته‌وه، ئه‌و ده‌یووت ئێمه چیتر بوونه‌وه‌رێكی سرووشتی نین تاوه‌كو سرووشت تاوانبار بكه‌ین، ئه‌و درێژه‌ی ده‌دایێ و ده‌یووت مرۆڤ له سرووشته‌وه دڕندایه‌تی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه.
هه‌رچی له پێشه‌كی ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌م به‌ڕێزه وترا و منیش له‌م په‌ره‌گرافه‌ی پێشودا نووسیمه‌وه ڕای ئه‌م ڕۆشنبیره بوون، و تا كۆتایی و له پچڕپچڕیهكی مه‌عریفیشدا نه‌یده‌توانی بیانوو یا ئارگیۆمێنتی زانستی بۆ ئه‌م ڕایه بێنێته‌وه، قسه‌كردنی له‌م جۆره لای ئه‌م ته‌رزه خوێنده‌واره به ناو و ده‌نگه ته‌نها بۆ جوانكاری ڕسته و ڕێكخستنی وشه به دوایهكهكانه و ئینشائیانه ده‌كه‌ونه بهرڕهوی گوتارێكی شێواوی فهنتهمێنتالیهوه.
• به چی به‌ڵگه‌یه‌ك دابڕانی مرۆڤ له سرووشت ده‌سه‌لمێ ئه‌ی پیاوه خوێنده‌واره شۆرهتدارهكه؟
• به چی به‌ڵگه‌یه‌ك مرۆڤی ئێمه چیتر بوونه‌وه‌رێكی سرووشتی نیه؟
• به چی به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌یسه‌لمێنی كه شه‌ڕانگێزی كه ئه‌و به هه‌ڵه به(دڕنده‌یی) دركاندی به‌شێك نیه له سرووشتی مرۆڤ و ته‌نها بهرههمهاتوویهكی كولتوور و زانینی مرۆڤه‌كانه؟
• به چی به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌یسه‌لمێنی كه سرووشت چیتر سه‌رچاوه‌یه‌ك نیه بۆ خه‌سڵه‌ت و سیفه‌ته هه‌م ناوه‌كیه‌كانی و هه‌م ده‌ره‌كیه‌كانی و هه‌م جه‌سته‌یی و جووله‌یی و كارامه‌ییه‌كانی هه‌ی پیاوه خوێنده‌واره شۆرهتدار و حهزكردوو له ناوودهنگهكه؟
ئه‌مانه ناسهلمێن براله، چون كاریگه‌ری سرووشت به مانا ماتریاڵیهكهیهوه ڕاسته‌وخۆ به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ ڕه‌نگده‌داته‌وه و خودی دیارده هزری و عه‌قلیه‌كان هه‌ڵبژارده‌ی سرووشتین و ئه‌وه‌ی مرۆڤی مۆدێرن و عه‌قلانی له ئاژه‌ڵه‌كانی تر جیاده‌كاته‌وه ته‌نها پهرینهوهیهتی له به‌ری هاوڕێبوون و ڕێكردنی كوێرانه له‌گه‌ڵ سرووشت بۆ به‌ری ململانێ له‌گه‌ڵ كردن و سازكردنی ژینگهكانی له فۆڕمه فیتریه خواكردهكهی بۆ فۆڕمه عه‌قلیه خۆكردهكهیهوه.
له سرووشتی ڕه‌ق و ته‌ق و شل و هه‌ڵمیدا بوونێك دیار نیه له خودی مرۆڤێكی دیاریكراودا به‌رجه‌سته بێ، ئه‌وه‌ی هه‌بووه و هه‌یه بوونێكی بێكۆتای گه‌ردوونیی ئه‌ودیو نه‌زانراوه، به‌ڵام كه خودی مرۆڤ خۆی له‌م سرووشته ده‌ناسێ ئه‌وه ئه‌و كاته‌یه كه توانای به‌سه‌ر گۆڕینی سرووشت ده‌شكێ له فۆڕمێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر كه عه‌قل مۆری خۆی له‌سه‌ر ده‌نه‌خشێنێ.
شه‌ڕانگێزیی كه جه‌نابیان به (دڕنده‌یی) دركاندی دیارده‌یه‌كی ڕه‌فتاری زیانبه‌خشه په‌یوه‌سته به جوله‌ی پهرچهكرداریی ئه‌وتۆ ڕاسته‌وخۆ پشت به هێزی فیزیكی ده‌به‌ستێ و توانا عه‌قلیه‌كان له‌و جۆره ڕووبه‌ڕووبوونه‌وانه‌دا نابیرنرێن، سرووشتی مانه‌وه‌ی مرۆڤ مانای به‌كاربردنی به‌رده‌وامی ئه‌و مرۆڤه بۆ هێزه فیزیكیه‌كانی خۆی نه‌ك ئه‌و هێزانه‌ی كه زاده‌ی به‌رخوردی هوشیارانه‌ی عه‌قڵن له‌گه‌ڵ هه‌بووه‌كانی ده‌وروبه‌ردا.
مرۆڤی مۆدێرن چاوه‌ڕێی ئه‌وه ناكا سرووشت به مانا (خاوه‌كه‌ی)!! دنیای بۆ بسازێنێ، به‌ڵكو هه‌میشه بوونه چالاكه‌كه‌ی خۆی كه له هۆشیه‌وه هێز وه‌رده‌گرێ له‌م سرووشته ده‌سه‌لمێنێ و ده‌ریده‌خا.
شه‌ڕانگێزی به‌شێكه له پێكهاته سایكۆلۆژیه‌كانی مرۆڤ و له بوونی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌دا ڕه‌گێكی هه‌م سرووشتی و هه‌م كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌میش كولتووری هه‌یه، مرۆڤی عاقڵ هه‌روه‌ك فڕۆید و مازلۆ و پێش ئه‌وانیش داروین و دیكارت و و زۆر به‌ر له‌وانه‌ش هیبۆكرات سوكرات و….تاد قسه و باسیان له‌سه‌ری هه‌بووه توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌م غه‌ریزه‌ی به قه‌ولی شۆرهتدارهكه(دڕنده‌یی)ه به ئاراسته‌ی دی‌دا به‌رێ و كون و كه‌له‌به‌ری دیكه‌ی بۆ بكاته‌وه نه‌وه‌ك به ته‌واوی له به‌ینی به‌رێ، هه‌ڵبه‌ته لاڕێكردنی شه‌ڕانگێزی كرده‌یه‌كی عه‌قلانیه و هه‌وڵی ئینسانه بۆ نه‌ڕه‌خساندنی بوار نه‌وه‌كا به ڕووی مرۆڤ خۆیدا بته‌قێته‌وه.
ئه‌وه‌ی لێره ماوه دوا ئاماژه‌ی بۆ بكه‌م ئه‌وه‌یه برای شۆرهتدار پێیوابوو مرۆڤی خۆشمان چیدی به‌شێك نیه له سرووشت و ناتوانین سرووشت تاوانبار بكه‌ین له دڕندایه‌تی ئه‌ودا، هه‌ڵبه‌ته سرووشت بوونێكی ئیرادهوی نیه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر جوڵه و بزۆزیهكانی تۆمه‌ت و تاوانی بخرێته پاڵ، ئه‌وه‌ی هه‌یه بوونه مرۆڤیه كوردیه‌كه‌ی خۆمانه كه تا ئێستاش نه‌په‌ڕیوه‌ته‌وه به‌ری ململانێ له‌گه‌ڵ سرووشت و زۆر كه‌م توانیویه‌تی كاریگه‌ری عه‌قڵی خۆی به‌سه‌ر سرووشتی فیزیكی و ماتریاڵیهوه جێبهێڵێ.
• كوا شوێن كاریگه‌ری فیكریی كوردی به‌سه‌ر سرووشتی مادی ده‌وروبه‌رماندا؟
• كوا شوێنه‌واری فیكری كوردی به‌سه‌ر به‌رهه‌مهاتووه كهرهستهییهكانی بازاڕه جۆراوجۆره‌كانمان هه‌روه‌ك ریژی دۆبرێ ده‌ڵێ؟
• كوا فۆڕمی كوردانه‌ی فیكر به ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و زانستی و ته‌نانه‌ت میتۆلۆژیشهوه؟
• كوا به‌رهه‌می عه‌قلی كوردی له سیاسه‌ت و دیبلۆماسیه‌ت و سۆسیۆلۆژیا و سایكۆلۆژیا و …..تاد؟
• كوا مۆدێلی كوردیی له ژیانسازی و شارسازی و ده‌وڵه‌تسازی و……تاد ی‌دا؟
ئه‌مانه كه پێشتر له وتار و كتێبی جیاجیامدا قسه‌م له‌سه‌ریان هه‌بووه بوونه پهرچهكرداریه كوردیهكهمان ده‌سه‌لمێنن و به‌و برا شۆرهتدارهشمان ده‌ڵێن: ئێمه تا ئێستا له ژێر باڵی بوونه سرووشتیه سه‌ره‌تاییه فیزیكیهكهداین و ئه‌و كاته بوونێكی ترین كه مۆركی كوردیمان بۆ نه‌خشه‌ی ژیانسازی له‌سه‌ر جیهان سازاند.