Skip to Content

ئێوارانە ١٦.. سەردار جاف

ئێوارانە ١٦.. سەردار جاف

Closed
by شوبات 17, 2023 General, Poems

ئەم ئێوارە
سمۆرەيەک بە جوڵە لاسارەکانی زەردەی خۆرەتاوی دەشاردەوە
شەرمی لە گەڵا دەکرد و دەخزايە کونە دارێکی کۆن و
هەر وەک جاران گوێزی دەبردەوە
لە پێپليکانەکانی واتسابەوە
لەنجە نهێنييەکانی جاڕدەدا و
کلکی تەپوتۆزێکی غوباری و تەمتوومانی بە ژوورە کريستاڵييەکە
تەخشاند بوو
پەنجە لەنجە و سەماکەرەی دوێنێ
تابلۆيەکی لە رەنگی خۆی و ناوی من نەخشاندبوو
کەچی سمۆرە تابلۆيەکی دی کێشا
من و ئەو و مەلەکشا وەک ئەوەی تخوبەکان بسڕينەوە
جوانتر لە خەياڵەکانی نيشتيمان و
مەستتر لە پێکێکی مەی و
هێمنتر لە ژاوەژاوە ساقی و
ناسکتر لە پياڵەيک شەرابی ئيشق
ئەو تخوبە دەڕزێنين بە مەيلی رەقيب بێ
هەر دێينەوە بۆ نيشتيمان و لە سابڵاغەوە سەدای هەولێر هەولێر لە دەڵالەکانی تەرميناڵەوە دەبيسين
دێينەوە و سمۆرەکەيش دێنينەوە
با وەرينی گەڵا رۆمانسييەکان بژمێرێ
چۆن گيڵ بووين و لە مانای ئيشق غافڵ بووين
نەمانزانی چەمەکان بە ئاوێتەبوونەوە جوانتر دەبن
سمۆرە کلکە لەقێييەکی زەردباويمان نيشان دەدا
بەدەم هەڵبەز و دابەز و چەتوونييەوە
تابلۆ مەحفوزەکە وێنا دەکا
وێنايەک تۆفان و کڕێوە و زريانەکان
توانای مەحوو کردنيان نييە
بە بارتەقای لەقينێ
هێزيان نابێ و ناگەنە دامەنی دوعايەکی خۆرئاوابوونی من و دايکم
نوێژەکانی ئەو دەبنە کێوێک و تابلۆکە لە زێر دەکێشێ
دەبێتە کتێبێکی پيرۆز و بۆ هەتاهەتاييە دەمێنێ
هێز لە چاوی رێبوارانە
هەموو ئێوارەيەک
ئەم تابلۆ بۆ مناڵەکانی گەڕەک دەگێڕنەوە و رۆحی ئێمە دەنوێنێ
دەزانی خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

١٧/ ٢ / ٢٠٢٣

Previous
Next
Kurdish