
شكسپیر هه‌رده‌م نه‌مره …. بەختیار محەمەد
شكسپیری مه‌زن له ده‌قی شانۆیی (هاملێت) دا، له‌سه‌ر زاری كه‌سایه‌تی (هاملێت) دا، كه باسی ((ئامانجی ته‌مسیلكردن)) ده‌كا، ده‌ڵێ: ((با هونه‌ر ئاوێنه‌ی ژیان بێ…)).(1) ڕه‌نگه ئه‌م قسه‌یه قسه‌یه‌كی باو بێ، زۆر كه‌س له پێش شكسپیر و له پاش ئه‌ویشدا كردبێتیان؛ به‌ڵام، كه كه‌سێكی وه‌ك شكسپیر ده‌یڵێ، ئه‌وه واتا و ده‌لاله‌تی قووڵی ئه‌ده‌بی و فیكری و هونه‌ری خۆی هه‌یه. له ڕاستیشدا شكسپیر بۆیه نه‌مره، چونكه ئه‌ده‌به‌كه‌ی (هونه‌ره‌كه‌ی) ئاوێنه‌ی ژیانه: ئاوێنه‌یه‌كی باڵای هونه‌ری، نه‌ك ئاوێنه‌یه‌كی شكاوی ته‌ڵخ. شكسپیر، ژیان (ڕۆحی مرۆڤ) ده‌خاته ناو چوارچێوه‌ی زێڕینی ئه‌ده‌به‌وه (هونه‌ره‌وه)، هه‌ربۆیه‌ش هه‌میشه داهێنه‌رێكی نه‌مره.
ئێمه‌ش پێمان وایه، كه هه‌میشه ئه‌ده‌بی (هونه‌ری) ڕه‌سه‌ن توند ژیان له باوه‌ش ده‌گرێ: هه‌ر هونه‌رێك (ئه‌ده‌بێك)، كه خۆی له ژیان و ڕووداوه مرۆییه‌كان دوور خسته‌وه، ئه‌وه زوو ده‌مرێ: ڕۆحی داهێنه‌ر له‌ناو جه‌رگه‌ی ڕووداوه‌كانی ژیاندا له دایك ده‌بێ؛ كه شكسپیر ده‌خوێنیته‌وه، ئه‌وا له چوارچێوه‌ی زمانی ئه‌ده‌بدا ڕووداوه تراژیدییه‌كانی مێژووت بۆ ده‌گێڕێته‌وه: مێژووی ژیانی سیاسی و چاره‌نووسی تراژیدیی ژیانی كه‌سایه‌تییه‌كانی ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆمانی وه‌ك قه‌یسه‌ر و ئۆگستس و ئه‌نتۆنیۆ و… هتد؛ له‌به‌ر ڕۆشنایی دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌م مێژووه‌شدا، باسی سروشتی مرۆڤ و واقیعی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینیی سه‌رده‌مه‌كه‌ی (كۆمه‌ڵگه‌كانی ئه‌وروپا) و هه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌كا. لای شكسپیر مرۆڤ وه‌ك خۆی ده‌رده‌كه‌وێ و نیشان ده‌درێ، نه‌ك له چوارچێوه‌ی حه‌ز و خه‌ونه ئایدیۆلۆژییه‌كان؛ ئه‌و باسی گه‌نده‌ڵی چینی سیاسی ده‌كا و باسی ویستی شه‌ڕانگێزیی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتخوازی ده‌كا و ئه‌مه به سه‌رچاوه‌یه‌كی تراژیدیای ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كان (بنه‌ماڵه‌ی پادشاكان، به نموونه بنه‌ماڵه‌ی هاملێت) داده‌نێ.
به‌هه‌رحاڵ كه‌م شاعیری ئێمه هه‌یه بایه‌خ به مێژوو، سیاسه‌ت، فیكر، فه‌لسه‌فه… (جگه له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر) بدا. شیعری (ئه‌ده‌بی) زۆربه‌ی شاعیرانی ئێمه ڕیزكردنی وشه‌ن له چوارچێوه‌ی گوتارێكی ساده‌دا و هیچ مانا و ده‌لاله‌تێكی مرۆیی گه‌وره‌یان له پشته‌وه نییه. هه‌ندێكیان به‌رده‌وام به ساده‌یی (به ناوه‌ڕۆكێكی به‌تاڵ) باسی چه‌مكی ئیستاتیكا ده‌كه‌ن. شكسپیر هه‌ر له ده‌قی (هاملێت) دا له‌سه‌ر زاری پادشای مامی (هاملێت) دا ده‌ڵێ: ((وشه‌ی خاڵی له فیكر و هزر هه‌رگیز ناگاته ئاسمان)).(2) ئه‌م شاعیرانه‌ی (ئه‌دیبانه‌ی) ئێمه بێ ئاگان له‌وه‌ی، كه ئیستاتیكا (ئیستاتیكای نه‌مر = وشه و ده‌ربڕین و شێواز و فۆرمی هونه‌ریی جوان)، هه‌رگیز دابڕاو نییه له واتا و ده‌لاله‌ته قووڵ و گه‌وره مرۆییه‌كان (له ئه‌ده‌بدا ده‌بێ جه‌وهه‌ری مرۆڤ بدوێ، ئه‌و جه‌وهه‌ره‌ی هه‌موو ده‌مامكێكی درۆزنانه تووڕ هه‌ڵده‌دا و حه‌قیقه‌تی مرۆڤ وه‌ك خۆی نیشان ده‌دا.
وه‌زیفه‌ی ئه‌ده‌ب ئه‌وه نییه شه‌رم بكا، به‌ڵكو ده‌بێ له كوێ حه‌رام هه‌بێ، له‌وێدا ده‌نگی بێ شه‌رمی هه‌ڵبڕێ. داهێنان نابێ بترسێ و شه‌رم بكا، به‌ڵكو ده‌بێ وه‌ك قاچاخچییه‌ك سنووره حه‌رامه‌كان ببه‌زێنێ و ببڕێ. به‌م واتایه هه‌ر ئه‌ده‌بێك قاچاخچی نه‌بوو، ناتوانێ بۆ جوگرافیای نوێ گه‌شت بكا). جوانی له وشه‌دا به بێ مانا (مانای گه‌وره و قووڵ) له دایك نابێ. كێ هه‌یه له ده‌قه‌كانی شكسپیر وشه به وشه تێ نه‌گا (بێ ئه‌وه‌ی هیچ گرێ و گۆڵ و ته‌م و مژێكیان هه‌بێ؛ هه‌ندێك جار ئه‌و ته‌مومژه ڕه‌مزییه‌ی، كه له ده‌ربڕین و ڕسته شیعرییهكانیشی هه‌بێ، ئه‌وه ده‌لاله‌ت له واتای جیوه‌یی فره‌وانی فره‌ڕه‌هه‌ند ده‌كا)، به‌ڵام چونكه ده‌قه‌كانی – له‌گه‌ڵ ئاستی هونه‌ری به‌رزدا – واتا و ده‌ربڕینی مرۆیی قووڵیان هه‌یه، ئه‌وه پێنج شه‌ش سه‌ده‌یه ڕه‌خنه‌گر و ڕاڤه‌كار و شڕۆڤه‌كارانی فیكر و ئه‌ده‌بی به خۆیه‌وه خه‌ریك و سه‌رقاڵ كردووه و هه‌رده‌م و له هه‌موو سه‌رده‌م و شوێنێكی جوداوازی ئه‌م جیهانه‌دا، شكسپیرێكی (ئه‌ده‌بێكی شكسپیریی) تازه له دایك ده‌بێ.
——————————
په‌راوێز
1- وليم شيكسبير, هاملت, ت: صلاح نيازى (دار المدى للثقافة والنشر, الطبعة الاولى: 2008), ص 166.
2 – هه‌مان ژێده‌ر، ل 191
به‌ختیار محه‌مه‌د