کتێبە شیعری (تراویلکە) چاپ و بڵاو دەکرێتەوە
ناوەندی ڕۆشنبیری مەم و زین بەم زووانە یەکەمین کتێبی شیعری لە زنجیرە چاپ کراوەکانی خۆی، چاپ و بڵاودەکاتەوە.
سەبارەت بە کتێبەکە نووسەر «بوخاری وشیار» دەڵێت:
ئەم کتێبەم جیا لە کتێبە شیعرییەکانی ترم، تێکشکاندن و دووبارە بوونیادنانەوەی دەقی شیعریە، کە لە چوارچێوەی شیعری(شار)ی سوارە ئیلخانیزادە خۆی دەبینێتەوە، ھاوکات چەندین دەقی فۆلکلۆر و شیعری تر تێکشکاوانە نووقمی جوگرافیا شیعرییەکە بوونە. کۆی دەقی کتێبەکە ڕەنجانە لە شار و ھەڵاتنە لە ئازار و مەینەتیەکانی ژیانی شار. خوێنەری شاریی دەتوانێت باش ھەست بە ئازارەکانی کارێکتەری دەقەکە بکات و خۆی تێدا بدۆزێتەوە. ئەم ھەوڵەشم لەپێناو زیندوو ڕاگرتنی سوارە و شیعرەکەیەتی و ئاوڕدانەوەیەکە لەم جۆرە نووسینە.
«تراویلکە» لە نووسینی (بوخاری وشیار)ە و (پەپوولە یوسفی) نەخشەسازی بەرگی بۆ کتێبەکە کردووە و ناوەندی ڕۆشنبیری مەم و زین لە ھەولێر چاپ و بڵاوی دەکاتەوە.
بەشێک لە کتێبەکەوە:
ئەز
زەنگووڵەیەکم بێدەنگ
بێدەنگ،
وەک مردنێک لە دایک بووم
کە چاوم ھەڵێنا
بۆ یەکەم جار شارم بینی
شار ھیچ زمانێکی نییە
ئەوەی دەیزانێ
تەنێ تەنھاییە