Skip to Content

پلار،لە قەڵای ڕۆشنبیرییەوە دەنگ هەڵدەبڕێت.. هۆمەر نۆریاوی

پلار،لە قەڵای ڕۆشنبیرییەوە دەنگ هەڵدەبڕێت.. هۆمەر نۆریاوی

Be First!
by ته‌مموز 15, 2024 General, Literature


(پەیڤێک بۆ کۆڕی ساڵانەی تەنزی کوردی)

پاش چاوەڕوانییەکی زۆر و خەباتێکی دوور و درێژ و فرەوانی خەمخۆرانی چاند و فەرهەنگی کوردی،یەکەمین کۆڕی زانستیی ساڵانەی تەنزی کوردی لە بن ناونیشانی”پلار”،ڕۆژی چوارشەممە،13ی پووشپەڕی 2724(3ی جۆلای 2024)لە شاری”مەریوان”ی قەڵای پتەوی ڕۆشنبیریی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بە پشکداریی جەماوەری فەرهەنگدۆست و شارەزایانی بواری ساتیر بەڕێوە چوو.
کۆڕەکە ئێوارە تا درەنگانی شەو درێژەی هەبوو و لە کۆتاییشدا بە بەخشینی سپاسنامە و دیارییەکی ڕەنگاڵەیی بە وتاربێژ و بەشدارانی پەنێلەکان دواییی هات.
کۆڕەکە،سێ پەنێل و چەندان وتاری لە خۆ دەگرت. لە پەنێلی یەکەمدا چیرۆکنووس و ڕەخنەگری ئەدەبی،دوکتۆر ئەحمەد غوڵامی بە توێژینەوەیەک لە بن سەردێڕی”ژیانی ئایرۆنیک و گەڕانێکی گاڵتەجاڕانە لە بێ هیواییدا(خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی”هیوا”ی یەڵماز گۆنای)(1984-1937)،سینەماکاری ناوداری کورد و دواتر “ناسر وەحیدی”(1958)چیرۆکنووس و نووسەریش بە بابەتێک بە ناونیشانی”تەوس لە چیرۆکەکانی حەسەن قزڵجیدا”،دەروویەکیان لە ڕووی ڕەهەندە جیاوازەکانی تەنز لە لای ئەم دوو کەسایەتییە کوردە کردەوە. ئەکتەر و شانۆکار،دوکتۆر قوتبەدین سادقی،(1952)ئاوڕی لە تەنز لە ئەدەبی شانۆیی دایەوە کە زێتریش خوێندنەوەکەی پشتئەستوور بە ڕۆچوون بە ئەدەبی فەرەنسایی و فارسیدا بوو و کەمتر لای لە خودی ئەدەبی کوردی کردەوە کە بە لای نووسەری ئەم دێڕانەوە هۆکاری ئەم پرسەیش دەگەڕێتەوە بۆ کاڵبوونی ئەزموونی ئەم کەسایەتییە لە خوێندنەوەی پەڕتووکی کوردی یان بە واتایەکی ڕاستتر،خەمساردیی و بەهەندوەرنەگرتنی بەرهەمی زمانەکەی خۆی و قاڵبوونەوەی بە زمانەکانی دیکەوە.
پەنێلەکەی دی،دوو توێژینەوەی لە خۆ دەگرت لە بن سەردێڕی”ئەدەبیاتی ناجێد و قابیلیەتەکاش شێعرەی کوردیەنە” کە نووسەر و توێژەر و ڕۆژنامەوانی ناودیاری ڕۆژهەڵات،”عادڵ محەممەدپوور”(1957) پێشکەشی کرد و هەروەها شیعرێکی تەنزی چاپنەکراو بە شێوەی لەکی کە توێژەری ناوئاشنا “حەمەڕەشید ئەمینی”(1954) ئاوڕی لێ دایەوە.
مافناس،دوکتۆر ئەسعەد ئەردەڵان(1947)لەسەر فەلسەفەی تەنز بە خوێندنەوە بۆ ئەدەبی فارسی وتارێکی پێشکەش کرد. لە سێیەم پەنێلدا نووسەر و تۆرەوان و شاعیر”جەبار شافعی زادە”(1978) ئاوڕی لە ئەدەبی منداڵانی کورد و بێبەشبوونی لە تەنز دایەوە کە یەک لە توێژینەوە باڵکێشەکانی نێو ئەم کۆڕە بوو. ئەم نووسەر و توێژەرە کوردە بە زمانێکی پاراو،باسی لە کەموکووڕیی و کەلێنەکان لەم بوارەدا کرد و ڕەخنەی لە خەمساردیی نووسەر و ڕۆشنبیری کورد لەم پێوەندییەدا گرت کە مخابن جێگە و پێگەی منداڵی کورد لە نێو ڕووبەری ئەدەبی کوردیدا گەلێک نزم و نەوییە و شاعیر و نووسەری کورد هەرگیز ئەدەبی منداڵانی لە لا نەبووەتە پەرۆشێکی سەرەکی و ئەوەیش لەم بوارەدا بەردیدە دەکەوێت زێتر بۆ گەورەساڵ نووسراوە و سەدی یەکی پەرۆشەکانی زارۆکی کورد لە خۆ ناگرێت. ئەم توێژەرە بە هێنانەوەی دەیان میناک و نموونە،دە هێندە جوانی بە بابەتەکەی بەخشی.
دووەم بابەت لەم پەنێلەدا ڕووی لە تەنز لە شیعر و فۆلکلۆری کوردی بوو کە لە لایەن عەداڵەت کەریمی و دوکتۆر ڕووناک سەمەدییەوە نووسرابوو کە بابەتەکە عەداڵەت کەریمی پێشکەشی کرد.
دواتر لە کورتە ڤیدیۆکدا ئاوڕ لە تەمەنێک خەباتی ئەدەبیی نووسەری ناوداری کوردی فارسینووس”مەنسوور یاقووتی”(1949)درایەوە. دوا بەشی کۆڕەکەیش چەندان وتاری لە خۆ دەگرت. میدیاکار،شاعیر و نووسەر”هۆمەر نۆریاوی”بە بابەتێکی توێژینەوەیی لە بن سەردێڕی”دەروویەک لە ڕووی تەنز(بەمکوڕبوونەوە لە تەنز لە ڕادیۆ کوردیدا)بەشداری کۆڕەکەی کرد.
ئەم بابەتە لەبەر ئەوەی کەوتبووە درەنگانی شەو،نووسەر و توێژەر زێتر ئاوڕی لە میناک و نموونەکانی تەنز لە ڕادیۆ کوردی دایەوە تا بتوانێت بڕێک لە بێتاقەتی شەو لە لای بەشداران بڕەوێنێتەوە. ئەم توێژینەوەیە دواتر چاپ و بڵاو دەکرێتەوە و دەخرێتە بەر دیدەی هۆگرانی ئەم بەستێنە.
پاشان دوکتۆر “خالق جەلیل نژاد”سەیدای زانستگە،باسی لەسەر فەلسەفەی تەنز کرد. دوا بابەت ڕووی لە خودی کەسایەتی یەکەم،بەڕێوەبەر و خەمخۆری ئەم کۆڕە،”خاڵۆ ڕەووف”(1974) بوو کە دەیەویست ئاوڕ لە هۆکارەکانی گەشەنەسەندنی تەنز لە کوردەواریدا بداتەوە کە بەوپەڕی سینگفراوانییەوە لەبەر بێتاقەتبوونی جەماوەری بەشدار،وازی لە بابەتەکە هێنا. لە وتارەکەی لیژنەی داوەرانیشدا ئاوڕێک درایەوە لە کرچوکاڵبوونی بەشی فرەی وتار و بابەتە بەڕێکراوەکانی بۆ کۆڕەکە،خەمساردیی نووسەران بەرانبەر ژانری تەنز، نزمبوونی ئاستی تەنز لە ڕووبەری ڕۆشنبیریی کوردیدا و چەند خاڵێکی دی.کۆڕەکە، بە بەخشینی سپاسنامە و پێزانینی تایبەت بە بەشدارانی پەنێلەکان و وتاربێژان کۆتاییی هات.
دیارە یەکەمین هەوڵەکان هەمیشە وەک هەنگاوی بەرایی سەیر دەکرێن و زۆریش ئاسایی دەبێت کە کەموکووڕییان پێوە دیار بێت نەخاسما بۆ ئێمەی کورد و خەمخۆرانی ئەم بوارە کە سەرەڕای گشت کێشە و ئارێشە و کەند و لەندەکانی بەردەم،سەربڵندانە و بوێرانە هەنگاوی یەکەمیان هەڵگرت. نووسەری ئەم چەندە دێڕە هێڤی دەخوازێت کۆڕەکانی داهاتوو هەزار هێندە زەنگین و ڕەنگینتر ببن کە پڕ ڕوونە ئەم گرینگەیش بە یارمەتی و هاوکاریی دڵسۆزان و شارەزایانی ئەم بەستێنە مەیسەر دەبێت و پێویستە کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی پاڵپشت و یارمەتیدەر بێت و لە هیچ چەشنە هاریکارییەک بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە گرانبارییە درێخی نەبێت.
شیاوی ئاماژەپێدانە کۆڕی ساڵانەی تەنزی کوردی ڕۆژی چوارشەممە،13ی پووشپەڕی 2724(3ی جۆلای 2024)لە هۆڵی مامۆستا “قانع”ی سەر بە ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئەم شارە بە هۆی هەوڵ و خەمخۆریی ئەنجوومەنی فەرهەنگی،ئەدەبیی مەریوان و پەیڤکاتۆر لە شاری مەریوان بەڕێوە چوو.

هۆمەر نۆریاوی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish