بنبەستی دەسەڵات و بێتوانایی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی.. نادر عەبدولحەمید
لە ئێستادا یەک کۆکتێل لە بنبەستی دەسەڵاتی سیاسی و بێتوانایی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، بارودۆخی گشتی؛ سیاسی-ئابووری و کۆمەڵایەتی-کلتوری هەرێمی کوردستانی عێڕاقی پێکهێناوە بە هەموو ئاڵۆزیـیەکانیـیەوە.
هەر لە دەیان کێشەی لەچارنەهاتووی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەندەوە بیگرە تا لە گرێژنەچوونی یەکڕیزی حزبە قەومیـیەکان، تا لەشکرکێشی و موشەکبارانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، تا قەیرانی ئابووری؛ لە مایەپووچی زیاتر لە سێ هەزار پڕۆژە و کۆمپانیای سەرمایەداران و بێ مووچەیی و بێکاری و هەژاری کرێکاران و زەحمەتکێشان، تا پەرەسەندنی ئایدیا و نەریتە دواکەوتووەکان و پاشەکشەی فەرهەنگی مۆدێرنیتە و بەها جیهانییەکانی ئینسان و هاتنەخوارەوەی پلەی ئینسانی ژن لە کۆمەڵگە و بێ ئاسۆیی لاوانی کچ و کوڕ و کۆچ و ڕەوی بەکۆمەڵیان بەرەو هەندەران بۆ دەرباز بوون لەم بارودۆخە دۆزەخیـیەی کە دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاقی پێ شکڵداوە.
ئەم باروودۆخە لە ئێستادا، ئەگەر سەرپێی سەیری بکەین، وێنەیەکی فۆتۆگرافی وەستاو (ئیستاتیکی) دێتەبەرچاومان، بەڵام ئەمە خۆی وێنەی چرکە ساتێکی مێژوویی دیاریکراوە کە لەسەر پڕۆسەیەکی دینامیکی زیندوو لە کێشمەکێشێکی کۆمەڵایەتی چینایەتی دوو ڕەوەندی مێژوویی هاتۆتەئاراوە لەم هەرێمەدا، کە هەلومەرجێکی بابەتی شۆڕشگێڕانەی هێناوەتە ئاراوە، بەڵام نەگەیشتۆتە ئەوەی ببێتە قەیرانێکی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕاماڵینی دەسەڵات لە هەرێمەکە.
دووبارە بەرهەمهاتنەوەی ئابووری و دەسەڵاتی هەرێمەکە
یەکێک لەو دوو ڕەوەندانەی ئەم بارودۆخەی هێناوەتە ئاراوە، پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی سەرمایەداریـیە، لە کەڵەکە و ئینتیگرەبوونی سەرمایە و سەرمایەداران و بورژوازی هەرێمی کوردستان و دەسەڵات و حکومەتەکەی لەگەڵ سەرمایە و سەرمایەداری و بورژوازی ناوچەکە (تورکیا، ئێران و وڵاتانی کەنداو) و لێکهەڵپێکان بە بازاڕ و سەرمایەی جیهانی و بە بورژوا ئیمپریالیستی جیهانیـیەوە. ئەمڕۆ ئەم هەرێمە بۆتە بەشێکی لێکهەڵپێکراوی جیهانی سەرمایەداری هاوچەرخ و ملکەچی هەمان یاسا و ڕێساکانی ئەو سیستەمە سەرمایەداریـیە هاوچەرخەیە وەک پێکهاتەیەکی ئابوری کۆمەڵایەتی و سیاسی. لێکدانەوە بۆ بارودۆخی کوردستانی عێراق و ئاکامگیری لێی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییانە، ناتوانێت واقعی و دروست بێت.
ناسیونالیزمی کورد، وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی (کوردایەتی) بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنیەوە، بەباڵی ڕاست و چەپـیەوە، وە بە هاوکاری و هاوپەیمانەتی ئیسلامی سیاسی ئەم ڕەوەندەیان بردۆتەپێش، بەهەموو ڕوانگەیەکی جیاواز و کێشمەکێش لەسەر جیهەتگیریـیە ئیقلیمی و بلۆکبەندیـیە جیهانیـیەکان.
لە (کۆڕبەندی جیهانی وزە) لە (٢٧ و ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٢) لە (دووبەی) پایتەختی (ئیمراتی عەرەبی یەکگرتوو)، هەروەها لە (لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان) هەر لەو شارە بەدوای کۆڕبەندەکەدا لە (٢٩ و ٣٠ی ئازار)، سەرۆکی حکومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە وتەکانیدا ڕایگەیاند کە ئامادەیە بەشداری بکات لە پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی بازاڕی نەوت و گاز و وزەی جیهان، بەتایبەت دوای جەنگ لە ئۆکرانیا، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو ساڵێک جەماوەری هەرێمەکە هەر لە پایزەوە بەر لە زستان خەریکی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینن دژ بە نەبوونی نەوت و گاز لە هەرێمەکە بۆ پێداویستی ڕۆژانەیان هەتا بە نرخێکی گرانتریش لە بازاڕی جیهانی. ئەمەش واتا سیستمی ئابووری هەرێم وەک بەشێکی ئۆڕگانیکی بازاڕی جیهانی، ئاڕاستەی دابین کردنی پێداویستییەکانی سەرمایە و سەرمایەداری جیهانیـیە، نەک دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی هاوڵاتیانی ناوخۆ.
نەک هەر ئەوەش بەڵکو مانەوە و ئاسیشی سیستمی سیاسی و حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتداری، هەرچی زیاتر گرێی خواردووە بە بەرژەوەندی زلهێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیـیە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاواوە، بەتایبەت بەرژەوەندە ستڕاتیژەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەمڕۆ جگە لە شەپۆلی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەر کە خوازی ڕزگاربوونن لەدەست دەسەڵاتدارەتی هەرێمەکە، هەتا بەپێی ستانداردەکانی بورژوازیش، ئەم دەسەڵاتە هیچ شەرعییەتێکی نەماوە؛ ئەمە نەک هەر لە بایکۆتی زووربەی هەرە زۆری جەماوەر لە هەڵبژاردنەکاندا دەبینرێت، بەڵکو لە مامەڵەی حزبەکانی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمیشدا لەگەڵ دامەزراوەی پەرلەمان بەئاشکرا دیارە کە ئۆڕگانێکی ڕوکەش و پوچ و گەندەڵە لە چەشنی حکومەتە گەنەدەڵەکەی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات.
بەم پێیە هەم ئابووری هەرێمەکە و هەم دەسەڵاتدارەتییەکەی لەسەر بنەمای بەرژوەندیـیە ئابووری و ستڕاتیژە سیاسی و سەربازی و ئاساییشیـیەکانی زلهێزە ئیقلیمی و ئیمپریالیستییەکانی جیهان دووبارە بەرهەم دێنەوە، بەردەوام دەبن و لە کێشمەکێشی جیۆ-پۆلیتیکی ناوچەکەدا درێژە بەمانەوەی خۆیان دەدەن.
نەخشەمەندی و پلانی ئاگاهانەی نیولیبرالیزم
دەسەڵاتدارەتی ناسیونالیزمی کورد لە (١٩٩١)ەوە تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس (٢٠٠٣)، گەرچی درێغی نەکردووە لە گرتنەبەری ئەجندای بازاڕی ئازاد و برەودان بە کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، بۆ بەتاڵانبردنی سامانی گشتی کۆمەڵگە، بەڵام بەهۆی جەنگی ناوخۆ و هەڵواسراوی بارودۆخی سیاسی کوردستانی عێڕاق لەو کاتەدا، نەیپڕژاوەتە سەر ئەوەی کە بە پلان و نەخشە، سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزم و تایبەتاندنی کەرتی گشتی (خەسخەسە) پیادە بکات، بۆیە دوای (٢٠٠٣) نەخشمەندانە پیادەی کردووە.
پەسندکردنی (یاسای نەوت و گاز) لە (٢٠٠٦)دا ئەڵقەیەکی پتەوی ئەو نەخشەیە بوو، تا ئەوەی کە کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەندی بووە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە (٢٠١٤)دا و سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی کابینەی هەشتەم (نێچیرڤان بارزانی) داوای لە (بانکی نێودەوڵەتی) و (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) کرد کە کۆمەگیان بکەن، ئەوەبوو لە (٢٠١٦)دا کۆنفراسیێکیان لە هەولێر بەست بە شداری (نەتەوە یەکگرتووەکان) بۆ دانانی نەخشەیەک بۆ ئابووری هەرێمەکە.
ناوەڕۆکی ئەم نەخشەیە، لایەک بریتی بوو لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت؛ بە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی هەرچی زووتر و خێراتر بۆ دەستی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، و شانخاڵی کردنەوەی حکومەتی هەرێم لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، وە لە لایەکی ترەوە زۆرکردنی داهاتی حکومەت بە دانانی باج و سەرانە بەسەر هاوڵاتیاندا.
ئەم باروودۆخەی ئێستا لە سەرەتای (٢٠٢٤)دا کە وەک وێنەیەکی وەستاو دەیبینین لە بێ مووچەیی، پەرەسەندنی بێکاری و هەژاری لە ڕادەبەدەر، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و وێرانبوونی کەرتی تەندروستی و خوێندن و …هتد، هەمووی ئاکامی پڕۆسەیەکی چەندین دەیەیە لە گرتنەبەری ئەم سیاسەتە چینایەتییە نیولیبرالیزمە ئابووریـیە کە تەواوی سەروەت و سامانی کۆمەڵگەی بە ملیارەها دۆلار لە دەستی کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا کۆکردۆتەوە.
بەم پێیە، بێ مووچەیی هەژاری و برسییەتی و نەخۆشی و کەمی خزمەتگوزاری گشتی، … ئاکامی نەبوونی سەروەت و سامان نییە لە هەرێمەکەدا، تا چاوەڕێی دەستی حکومەتی ناوەند بێت بودجە بنێرێت، بەڵکو بە دیاریکراوی ئاکامی دەستبەسەراگرتن و مۆنۆپۆڵکردنی ئەو سامانە گشتییەیە کە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمەکە بە حکومەت و حزبە قەومی و ئیسلامی و پەرلەمان و هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و دادگا و میدیایەکی زەبەلاحەوە پارێزگاری لێ دەکەن. ئەمە واقعییەتێکی چینایەتی سیاسی دەردناک و ئاکامی پەرەسەندنی سەرمایەدارییە، کە کۆمەڵگەی دووکەرت کردووە لە نێوان کەمایەتییەکی خاوەن دەسەڵات و پشتیوانەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و مۆنۆپۆلکەری سەروەت و سامان و زۆرایەتییەکی بێبەش کە ژیانێکی کولەمەرگی بەسەردا سەپاوە.
نمونەی بەرچاوی ئەم واقعیەتە ئەوەیە کە دوای ئەو هەموو ساڵە لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گاز لە بازاڕی جیهاندا، لەوسەرەوە حکومەتی هەرێم زیاتر لە (٣٢) ملیار دۆلار قەرزارە، لەوە دەچێت داهاتی دەرهێنان و فرۆشتنی ئەم سامانە سروشتییە هەر بۆ کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان بووبێت و ئەم حکومەتەش تەنها بە گرتنە ئەستۆی خەرجییەکان بەشداری کردبێت! و بە لێ بڕینی مووچەی مامۆستا و کارمەندان، بە داسەپاندنی باج و سەرانە بەسەر هاوڵاتیان و بەبڕینی خزمەتگوزارییەکان قەرزەکانی بداتەوە.
بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، قۆناغەکان و تایبەتمەندییەکانی
جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز وەنەبێ لەبەرامبەر ئەم بارودۆخەدا بێ دەنگ بووبن، هەمیشە خەریکی مانگرتن و خۆپێشاندان وەڕێخستنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بوون، کە لەهەر قۆناغێک لە سێ قۆناغی (١٩٩١-٢٠٠٣) و قۆناغی (٢٠٠٣-٢٠١٣) و قۆناغی (٢٠١٣-٢٠٢٣) تایبەتمەندی خۆی هەبووە. لێرەدا ناچینە ناو خودی ئەم باسەوە، بەڵکو ئەوەی شوێنی مەبەستمانە ئەوەیە کە لە قۆناغی دووەمدا داهاتێکی زۆر لە بودجەی سەراسەری عێڕاق و داهاتی ناوخۆ کەوتە بەردەست حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات و سفرەخوانی بازرگانان و بەڵێندەران و خاوەن پڕۆژە ئابووری و کۆمپانیاکانی پێ ڕازێنرایەوە، ئەم قۆناغە بە تەخشان و پەخشانی دۆلار و دابەشکردنی زەوی و دروستبوونی گەڕەکەکانی فیرعەوناوا ناسراوە، لەبەرامبەر ئەم هەموو ناز و نیعمەتەی توێژە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداران، جەماوەری زەحمەتکێش و هاوڵاتیان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، و ئازادیخوازان و ڕۆشنبیرانیش بەدەست سەرکوتی فکری و سیاسییەوە دەیانناڵاد و لێرەو و لەوێ ناڕەزایەتییان دەنواند، تا ئەوەی لە (ئۆگۆستی ٢٠٠٦)دا بووە شەپۆلێکی خۆپێشاندان و پاشان ناڕەزایەتییەکانی دژ بەسەرکوت و ترۆری ڕۆژنامەنوسان بەدوای ترۆری (سەردەشت عوسمان)دا لە (ئایاری ٢٠١٠)دا سەری هەڵدا و لە (١٧ی شوباتی ٢٠١١)دا ناڕەزایەتییەکانی ئەم قۆناغە گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی، بە ئاکام نەگەیشت، سەرکوتکرا و ئەم قۆناغە کۆتایی هات.
ئەوەی شایانی باسە ڕۆشنبیرانی لیبڕاڵ قەومیی کوردستان، کە لە هەوڵدا بوون (کوردایەتی) موتوربە بکەن بە لیبرالیزمی جیهانییەوە، لەم قۆناغەدا و لەناو ناڕەزایەتییەکاندا زۆر چالاکبوون ئەمەش لە ناو بزووتنەوەکەی (سەردەشت عوسمان) و بەتایبەتیش لە (١٧ی شوبات)دا دەرکەوت، بەڵام دوای بنبەستی هەوڵەکانی (بزووتنەوەی گۆڕان) بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری هەتا ئەگەر شکڵیش بێت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە، ئاوێکی سارد کرا بەسەر ئەم لیبڕاڵ قەومیـیانەدا.
جگە لەوە بارودۆخی قەیرانی ئابووری و دارایی لە دوای ساڵی (٢٠١٣)وە، تا هاتووە چڕتر بۆتەوە و لەسەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا شکاوەتەوە و بەم پێیەش خسڵەتی چینایەتی ئەم ناڕەزایەتیانە زیاتر بەرجەستە بۆتەوە و ناڕەزایەتی توێژی ڕۆشنبیران و میدیکارانی دژ بە تەنگەبەرکردنەوەی ماف و ئازادیی خستۆتە ژێر سێبەری خۆیەوە، کە ئەمانە تێکڕا بوونەتە پاڵنانی هەرچی زیاتری ئەم لیبڕاڵ قەومییانە بۆ پەراوێزی ئەو بزووتنەوانە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو پێشبینی ڕاپەڕینی جەماوەریش وای لێ کردوون بەچاوێکی دوودڵییەوە بڕاواننە بزووتنەوەکان و بەناوی دژایەتی کردنی “توندوتیژی” هەرچی زیاتر خۆیان کەنارگیر بگرن لێیان.
ئەمە و لە پڕۆسەیەکیشدا، وە بە ئەزموونێکی خۆبەخۆییانە، ئەم ناڕەزایەتییانە نەک هەر هیچ خۆشباوەڕییەکیان بە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات نەماوە، بەڵکو هەرچی زیاتر سەربەخۆیی خۆشیان لە ڕەوت و حزبە قەومی و ئیسلامییەکان بەرجەستە کردۆتەوە، ئەڵبەتە ئەمە نەفی ئەوە ناکاتەوە کە ئەم ڕەوت و حزبانە نفوز و جێ پێیان هەبێت لەناویاندا، بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوانە وەک یەکەیەکی گشتی لە ژێر هەژموون و ئیتۆریتەی سیاسی ئەمانە و لیبڕاڵ قەومییەکانی کوردستاندا نەماون، بەڵام ئەم دابڕانە سیاسیـیەی ئەم بزووتنەوانە هێشتا نەگەیشتۆتە ئاست دابڕان لە ئاسۆ و ئامانجی ڕەوتە بورژوا قەومییە لیبڕاڵ و ئیسلامییەکان، کە ئەمە ناکۆکییەکی کوشندەی ئەم بزووتنەوانەیە و دواتر دێینەسەری.
بەکورتی، لەبەرامبەر بنبەستی ئابووری و سیاسی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدا، کە توانای هیچ جۆرە چاکسازییەکی هەتا شکڵی و بێ ناوەڕۆکیشیان نییە، چەندین بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان، کارمەندانی تەندروستی و بەگشتی مووچەخۆران و مانگرتنی دەستەجەمعی شارەکانی وەک دەربەندیخان، پێنجوێن، هەڵەبجە و کفری، دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و بێکاری لاوان و هەژاری و بێدەرەتانی وەستاوە، ئەمە جگە لە مانگرتن و ناڕەزایەتی هەر ماوە نا ماوەیەکی کرێکارانی ژینگەپارێز و جەماوەری گەڕەکە فەقیر نشینەکان و شوفێرانی پاس و تاکسییەکان، … وە هەموو ئەم بزووە ناڕەزایەتیـیانە لە دەرەوەی هەژموونی سیاسی و ئەجیندای ڕەوت و حزبە ئۆپۆزیسیۆنە قەومی و ئیسلامییەکان لە ئارادان، بەڵام نەیانتوانیووە پاشەکشەیەکی مانادار بە حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات بکەن، بۆ ماوەیەک بە گووڕ سەردەردێنن و بە بێ بەدەستهێنانی خواستەکانیان پاش ماوەیەک و بەزۆری لە ڕێگەی سەرکوتەوە دادەمرکێنەوە و دووبارە لە کاتێکی تردا سەردەردەهێننەوە و لەناو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێنەوە.
بە دڵنییاییەوە بەرجەستە نەبووبەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە لە ناوچەی (زەرد)ی ژێر دەسەڵاتی (پارتی) بەهۆی سەرکوتێکی تووندەوە و یەکگرتوونەبوونی ئەم بزووتنەوە جیاجیایانەی ئەم توێژ و بەشە کۆمەڵایەتییانە لە بزووتنەوەیەکی سەراسەریدا لە ئاست هەرێمی کوردستانی عێڕاق، خاڵێکی لاوازی بنچینەیی ئەم بزووتنەوانەیە لە بەرامبەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدا کە زۆر بێباکن لە ئاست ئەو هەموو نەهامەتی و کارەساتەی کە دایان سەپاندووە بەسەر جەماوەری ئەم هەرێمەدا، نمونەی ئەمە خۆی لە پەککەوتنی سیستمی خوێندن لە (زۆن)ی سەوزدا دەبینێتەوە بەهۆی بایکۆتی زیاتر لە چوار مانگی مامۆستایانەوە، کە نەبۆتە مەسەلەیەکی جددی نەک هەر بۆ حکومەت، بەڵکو بۆ ئەجیندای وەزارەتی پەروەردە و خوێندنیش.
پرسیاری ئەسڵی ئەوەیە کە چ بکرێت؟
بەدڵنیاییەوە هەر هەوڵێک بۆ بەرجەستەکردنەوەی ناڕەزایەتیـیە پەنگخواردووەکانی جەماوەر لە (زۆنی زەر) و هەوڵدان بۆ یەکخستنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و هێنانەدی فیدراسۆنێکی سەراسەری ئەو بزووتنەوانە هەنگاوێکی پێشڕەوی جیدی دەبێت، بەڵام دیسان ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە کە چۆن و لە کوێوە دەستبەکار دەبین بۆی؟
خاڵی یەکەم و سەرەتا ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوانە، هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستن، وە بە دیاریکراویش بەرهەمی داسەپاندنی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزمی حکومەت و حزبەکانی دەسەڵاتە بەسەر جەماوەری زەحمەتکێشی ئەم هەرێمەدا، ئەمە لە لایەک وە لە لایەکی ترەوە ئەم بزووتنەوانە هی توێژە زەحمەتکێش و ڕەنجدەرەکانی ئەم کۆمەڵگەیەن و ڕووبەڕووی دەسەڵاتێک بوونەتەوە کە زووربەی هەرە زۆری کۆمپانیا و پڕۆژە ئابوورییەکانی ئەم هەرێمە یان هی ئەفراد و بنەماڵە و حزبەکانی دەسەڵاتن یان هاوبەشی پشک و خاوەن جۆرێک لە پەیوەندیـین کە ئەم حکومەت و دەسەڵاتە بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزێت و ئەوانیش بەپێی ئەجینداکانی ئەم حکومەت و دەسەڵاتە کاردەکەن.
بۆیە دەسپێکی عەمەلی ئەوەیە کە دەبێ هەوڵبدرێت ئەم بزووتنەوانە هەڵگری ئەم ئاسۆیە بن لە بەگژاچوونەوەی سەرچاوەی ئەم نەهامەتیانەیان کە سیاسەتێکی چینایەتی ئابووریە و حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات ئاگاهانە و نەخشەمەندانە پیادەی دەکەن، و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی جیهانی ئیمپریالیزم لە (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) و (بانکی نێودەوڵەتی) و (نەتەوە یەکگرتووەکان) و (یەکێتی ئەوروپا) بە پشتییەوەن، کە ئەویش پیادەکردن و داسەپاندی ئەم نیولیبرالیزمەیە لە کوردستان.
گەرچی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان وەک ئاماژەمان پێداوە لە ژێر هەژموون و ئەجیندای سیاسی لیبڕاڵ قەومییەکان و ڕەوت و حزبە قەومی و ئیسلامییەکان هاتوونەتەدەرەوە و هیچ خۆشباوەڕییەکیشیان بە چاکسازی دەسەڵات نییە، بەڵام ئاسۆ و ئامانجی ئەو ڕەوتانە زاڵە لەناو ئەم بزووتنەوانەدا و ڕێگرە لەوەی نوکی ڕمەکانیان ئاڕاستەی ئەو شوێنە بکەن کە جەوهەری و سەرەکییە لە پێشڕەوی و بەدەستهێانی سەرکەوتنیاندا.
بەمانایەک دەبێ هەوڵبدرێت بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران، بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان، بزووتنەوەی لاوانی شۆڕشگێر، بزووتنەوەی بێکاری و بزووتنەوەی توێژە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران …. هەموویان یەکگرتوو بن بۆ بەگژاچوونەوەی سیاسەتی نیولیبرالیزم کە حکومەتی هەرێم پیادەی دەکات. دەبێ نەک هەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات وەک هۆکاری سەرەکی ئەم نەهامەتیانەی خەڵکی بناسرێنرێن، بەڵکو دەبێ لەگەڵیشیاندا (یەکێتی ئەوروپا) و (ئەمریکا) دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش وەک دووژمنی خەڵکی کوردستان بناسرێنرێن، و لە هەوڵی ڕێکخراوکردنی ئەو جەماوەرەدا بن بەم ئاسۆیەوە بۆ بەگژاچوونەوەی ئەم بەرە یەکگرتووەی حکومەتی هەرێم و پشتیوانە نێو دەوڵەتییەکانی.
ئەمەش کارێک نییە تەنها بە پڕوپاگەندەی فکری و سیاسی ئەجام بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەمە بەشێکی بایەخداریەتی، بەڵکو دەستبەکاربوونە لەناو خودی ئەم بزووتنەوانەدا و پەیوەندی گرتنە بە ڕابەران و هەڵسوڕاوانیان و پێکهێنانی کۆڕ و کۆمەڵ و ئەڵقەی خەباتکارانە و پێکەوە گرێدانی بزووتنەوە جیاجیاکانی توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانە لە ڕێگەیانەوە، بەشێوەیەک کە بتوانێت بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری دژ بە هەڵپێچان و ڕادەستکردنی کەرتی کشتی بۆ دەستی کەرتی تاتبەت و قۆرخکاری کۆمپانیاکان بۆ سەروەت و سامانی ئەم هەرێمە بووە ستنەوە و لە پەرەسەندنیشیاندا دەست بەسەر سەرمایەکانیاندا بگرن و بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی و بخرێتە خزمەت خۆشگوزەرانی جەماوەرەوە.
ئەمەش کارێک نییە کە بەجیا ئەنجام بدرێت لە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی کرێکاری سۆشیالیست و ئینتەرناسیونالیست، کە لە جەرگەیدا کۆمۆنیستەکان و مارکسیستەکان یەکگرتوو بکات. بەو ئەندازەیەی کە بزووتنەوەیەکی بەهێز و بەرفراوانی حزبی و سۆشیالیستی لە دەرونی ئەم کۆمەڵگەیەدا سەروسامانی پێ دەدرێت، بەو ئەندازەیە یەکگرتووکردنی ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکانی توێژ و بەشە کۆمەڵایەتییە جیاجیان بنەمایەکی مادی پتەو پەیدا دەکات و لە خولانەوە لەناو بازنەیەکی بۆش دێنە دەرەوە و گرێ دەدرێنەوە بە بزووتنەوەی هاوچینەکانیان لە سەراسەری عێڕاقدا بۆ جەنگێکی یەکلاکەرەوە لە دەژی دەسەڵاتی چینایەتی بورژوازی.
کۆتایی مانگی یەکی ٢٠٢٤