شاعیری ژیاندۆست شیعر به تێگه‌یشتنی سیحر (هاشم سه‌ڕاج وه‌ك نموونه(
عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا
(شیعر به تێگه‌یشتنی سیحر) سه‌بتایتلی دووه‌م له‌وێوه قسه له سیحر ده‌كات، كه هێزی خه‌یاڵ سنوره‌كانی واڵا ده‌كات، وه‌ك چۆن له‌وێوه خه‌یاڵ ده‌خاته ناوه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی وزه‌ی مه‌عریفه، بێ وزه‌ی خه‌یاڵ نه‌توانێ رێگاكانی داهێنان بگرێته‌به‌ر، له‌وێوه‌ش قسه له داهێنان ده‌كات، كه ئاسته به‌رزه‌كانی زمان مه‌عریفه‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌ند و كراوه بنوێنێ… به‌ڵام چه‌مكی تێگه‌یشتن وه‌ك جوڵێنه‌ری ئه‌و گوته‌زایه خۆی له فیكری (گادامێر) جیا ناكاته‌وه! به‌و مانایه له تێگه‌یشتنه‌وه ده‌شێ راڤه‌كردنی سیحر و جێبه‌جێكردن وه‌ك ئاكامێكی مه‌عریفی شیعری (هاشم سه‌ڕاج) ته‌ماشا بكه‌ین…
ئه‌گه‌رچی ده‌متوانی له‌و سهبتایتلهدا له بری وشه‌ی (سیحر) وشه‌ی (مه‌عریفه) به كار بهێنم، به‌ڵام ویستم له رێگای ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه هه‌م قسه‌ی خۆم له باره‌ی زاڵبوونی مه‌عریفه له شیعردا بكه‌م، هه‌م ئه‌و هێله (هایدگه‌ری گادامێرییه) بۆ خوێنه‌ران له چه‌مكی (تێگه‌یشتن)ه‌وه زێتر روون بكه‌مه‌وه.
(1)
شیعر هه‌ر چه‌نده له خه‌یاڵ نزیك بێته‌وه، ساده‌تر و شیعریتر خۆی وازی ده‌كات، شیعر هه‌ر چه‌ند زێتر له خه‌یاڵ نزیك بێته‌وه، زێتر تێكه‌ڵی سیحر ده‌بێت و كه‌متر به لای بنبه‌ستبوون و مانایه‌كی دیاریكراودایه! بنه‌مای شیعر زمانه، وه‌ك ئه‌وه‌ی (فیكر و سۆز و خه‌یاڵ و شێواز…) به‌نێو یه‌كدا شۆڕبنه‌وه! به‌ڵام ناتوانین خه‌یاڵ وه‌ك سیحر نه‌بینین، له به‌رانبه‌ریشدا شێواز وه‌ك ته‌ماشا كردنی دنیای مه‌عریفه و ئاگایی شیعری… به دیوه‌كه‌ی دیكه شیعر نه له فیكر و سۆزدا ده‌مێنێته‌وه، نه سه‌ر به فیكر و سۆزیشه، به‌ڵكو هه‌ر یه‌ك له فیكر و سۆز به رێژه‌یه‌ك له شیعربوون و بونیادی شیعریدا به‌شدارن، چونكه ئه‌گه‌ر بوونی شیعر به بوونی زمانه‌وه گرێ بده‌ین، به‌و مانایه دێت، كه له به هه‌ڵمبوونی مانا ده‌یبینینه‌وه، نه‌ك له فیكر و سۆزدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بوونی به بوونی فیكر و سۆزه‌وه گرێ بده‌ین، ئه‌وه زێتر له چوارچێوه‌گیری و سه‌رده‌مێكی دیاریكراو و سۆزی گوزهركهردا نزیك ده‌بینه‌وه، نه‌ك له سیحری دنیاییهكی دره‌وشاوه و هاڕمۆنی…
شیعر له دنیای بڵندی زماندا مه‌له ده‌كات، زمانیش هه‌رگیز ناگیرێ! هه‌ر شتێك نیشانه بێت، بۆ فیكری سه‌رده‌مێكی دیاریكرا و مانای دیاریكراو، ئه‌وه له شیعرییه‌ت به‌ده‌ره، چونكه شیعرییه‌ت سه‌ر به جیهانی ماددی نییه، به‌ڵكو سه‌ر به سیحری زمانه، سیحری زمانیش هه‌میشه به باڵی خه‌یاڵ ده‌فڕێ و ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ماددی بوونی زمانه‌وه، دنیای سیحر، دنیاییهكی دره‌وشاوه و هاڕمۆنییه، ناتوانین له‌و دنیایه‌دا ره‌گه‌زه‌كان به‌ره‌و شوێنی خۆیان به‌رینه‌وه، وه‌ك چۆن ناتوانین زمان له گه‌شه‌كردن رابگرین… شیعر به تێگه‌یشتنی سیحر ته‌نها له سنوری گه‌شه‌كردن و هاڕمۆنیكیدا وازی ده‌كات، زمان تێیدا سنوری نییه! ئه‌وه له كاتێكدا بۆ ژانره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی فیكر مانایه‌كی به‌رزی دیكه‌ی و شیعرییه‌ت وه‌ك ره‌گه‌زێك له ره‌گه‌زه‌كان ده‌بینرێت.
(2)
شیعره كورتبڕه‌كانی شاعیری ژیاندۆست (هاشم سه‌ڕاج) ده‌لاله‌ته زمانه‌وانییه‌كان تا ئه‌و سنوره به‌رز ده‌كاته‌وه، كه بشێ زمان خۆی له قسان رووت بكاته‌وه، رووتبوونهوهیهك به‌ره‌و چێژ و ئازادكردنی وسبه‌لێكراوه‌كان… كه‌واته له شیعره كورتبڕه‌كانی شاعیری ژیاندۆست (هاشم سه‌ڕاج)دا ئه‌وه زمانه قسان ده‌كات، بیركردنه‌وه ده‌كه‌وێته نێو خه‌یاڵی زمانه‌وه! هه‌ر له‌میانی رووتبوونه‌وه‌ی زمان و قسه‌كردنی ساته‌وه‌خته وسبه‌لێكراوه‌كانی زمان، چێژ له جوانی ژیان و هونه‌ری ژیان وه‌رده‌گرین! له‌و ته‌عبیره كورتبڕانه له یه‌ككاتدا هه‌م قسه‌كردنی زمان ده‌بینین (زمان گوڵی ده‌مه) و هه‌م ئه‌و قه‌واره‌یه ده‌بینین، كه ئێمه‌ی خوێنه‌ران ده‌چینه ناوییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای راڤه‌كردن و خزینه‌كانی خۆمانه‌وه ببینه تاكێك له تاكه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی زمان… به‌و مانایه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان ده‌ق و دنیا، له سه‌ر سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر نه‌هاتۆته ئاراوه، جاچ دنیا ده‌ق بێ، یان ده‌ق دنیا بێ، به‌ڵكو زمان فه‌زایه‌كه له ئازادی، ئازادیش خودی بوونه!!
دنیا ده‌ق بێ، یان ده‌ق دنیا بێ… زمان سه‌ر به هه‌بووییه‌كی هاڕمۆنی و فره‌چه‌شنه، وه‌ك چۆن فره‌چه‌شنی دنیاش پێكده‌هێنێ. (چێژ و خه‌یاڵ و وشه) به‌و وه‌سفه‌ی كه نه‌سه‌قێكی كورتبڕی هاڕمۆنییه، ده‌لاله‌ت له فۆڕمگهلێك له بینراو و بیستراو و هه‌ستپێكراو ده‌كات. ئاوێته‌یه‌ك له شته وه‌همی و واقعییه رووته‌كان، نه‌ك هه‌ر په‌یوه‌ندییه نێودژئامێزهكان.
(3)
ئه‌وه‌ی كه ده‌یبینین له (هونه‌ری ژیان)، ده‌شێ وه‌ك پرنسیب بمانخاته‌وه سه‌ر رێگای زمانێكی نوێ، كه بواری جوله و گۆڕین و وه‌رگێڕانی فره ده‌كاته‌وه. ئه‌و بواره فره و جیاوازه، شوێنێ له زمان وهبهرههمدێنێ، شوێنێ كه نه‌خشی (ئێستا و رابردوو و داهاتوو) له پڕشنگێ به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و پڕشنگه ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و نێودژیهیه كه تێیدا زمان قسان ده‌كات!! به‌و مانایه‌ش زمان له كه‌ناری مێژووی خۆیدا په‌رتبوونی خۆی ده‌نوسێته‌وه، په‌رتبوونێك كه ئه‌وه‌نده له دایك دووره مه‌گه‌ر خوازه فریای هه‌ندێ له نیشانه‌كانی بكه‌وێت.
(4)
زمان قسان ده‌كات (زمان رووته و تاكئامێزه)… من قسان به زمان ده‌كه‌م (زمان ماددییه و جه‌ماعییه) هه‌ردووكیان وه‌ك دوو شێوه له كاركردنی چوون ده‌ق به‌رهه‌م بهێنن، به‌رهه‌مهێنانی ده‌ق له پێناو (بوون)…
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (من) به مانای زمان وه‌ك ماددی و جه‌ماعی بیری له گرامه‌ر و موڵكی گشتی یان هه‌ڵوێستی مێژوویی ده‌كرده‌وه، چه‌ندان چه‌وسانه‌وه و ژانوژوار و چه‌رمه‌سه‌ری و شه‌ڕ و وێرانه‌یی…. هێنا به‌رچاوی خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی جوانترین گۆشه‌نیگا بۆ (بوون) بدۆزێته‌وه و ده‌قی تێدا بكێشێ!
كه‌چی (قسه) به مانای زمان به‌و شێوه‌ی كه ئه‌بستراك و تاكئامێزه بیری له هیچ له‌وانه نه‌كرده‌وه، خه‌می هه‌ڵبژاردنی نه‌بوو، چونكه زمان چۆن قسان بكات، گۆشه‌نیگایه‌ك داده‌مه‌زرێنێ و دیمه‌نه‌كه‌ی بوون ده‌كێشێ!!
لێره‌دا ئه‌گه‌ر دۆزینه‌وه‌ی یه‌كه‌م ته‌عبیر لهژانوژواری تاك و ئازاری گشتی بكات، ئه‌وه دۆزینه‌وه‌ی له‌پڕی دووه‌م ته‌عبیر له رووتی و ساده‌یی ده‌كات.
ژیان
دارستانێكی شینه له ئاماژه
بیابانێكی سپی له مانای به‌تاڵ !
+++
ژیان
ده‌ریچه‌یه‌كی شینی ژماره‌ییه
بوونه‌وه‌ره‌كان
به‌ژماره دێن و به‌ژماره پێده‌كه‌نن
گۆرانی ده‌ڵێن سێكس ده‌كه‌ن
بێ ژماره‌ش لێی ده‌رده‌چن !
+++
ژیان
جیوه‌ی جه‌لاتینی جوانی گیانتی نۆشیووه
بۆیه شكاری فڕنده‌ی شینی مه‌رگ ده‌كا!
+++
ژیان
نوسینگه‌یه‌كی شینی بێكۆتایه
مرۆڤ وشه‌یه‌تی و
به‌ره‌نجامی لێكخشانی پیتگهلێكی پرته‌قاڵییه!
+++
ژیان
هه‌ڵمژینی گوڵاوی ئاڵی
فوستانی شین و جه‌سته‌ی سپی و برۆنزیهتی ڕۆحته
له شه‌وێكی كه‌سكی ئه‌رخه‌وانیدا!
+++
ژیان
رستێ ژماره‌ی بێ‌گیانی ماتماتیكییه
له رێگای جووڵه سپییه‌كانییه‌وه
درێژه به گه‌مه‌ی خاڵه شینهكانی
نێو خشته‌ی مه‌رگ ده‌دا!
+++
سه‌رچاوه‌ی شیعره‌كان:
هاشم سه‌ڕاج
(شه‌به‌نگی شینی ژماره‌كان)