Skip to Content

کاریگەری پارە لەسەر بوونیادی کۆمەڵایەتی ژیان لە شیعری (ئەگەر)ی جەماڵ شارباژێڕیدا(١).. نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

کاریگەری پارە لەسەر بوونیادی کۆمەڵایەتی ژیان لە شیعری (ئەگەر)ی جەماڵ شارباژێڕیدا(١).. نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by ئازار 29, 2024 General, Literature


دەقی شیعری(ئەگەر)
ئەگەر کوڕە ئاغایەکی بە زەبری قاسە پڕ ئەبووم
ئەگەر لە بەگزادەیەکی چەورخۆری دەنگ گڕ ئەبوم
ئەگەر لە بازرگانێکی دیوەخان گەرم و گوڕ ئەبوم
ئەگەر بەڕێوەبەرێکی دەست ڕۆیشتووی دەست بڕ ئەبوم
ئەگەر خزمی ڕێ گرێکی بە دەسەڵات و دڕ ئەبوم
ئەگەر لە قاچاخچییەکی سینی بەر بۆسیخوڕ ئەبوم
***
ئەوا نەوەک هەر حەزت کرد کچم بەیتێ
بەڵکو کڕنوشیشت ئەبرد بۆ سێبەرم..
وەکو تانجی دوام ئەکەوتی تا بمگەیتێ
ئاغام ..بەگم..قوربان..گەورەم..تاجی سەرم!
من نۆکەرم!(٢)

دەسەڵاتی پارە و کاریگەری لەسەر بوونیادی کۆمەڵایەتی
مارکس دەڵێت (پارە گەورەترین ڕۆڵی لە دیاریکردنی ڕەوتی مێژوودا هەیە.)(٣) ئەم دیاریکردنەی ڕەوتی مێژوو، دیاریکردنی ڕەوتی ململانێ کۆمەڵایەتییەکانی نێوان چینەکانە. پارە کە لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕدا ڕوحی بەرهەم و کاڵایە. ئیتر بەهای پارە ئەو بەهایەیە کە لە توانایدایە کاریگەری بەسەر پەیوەندییەکان و هەست و نەریت و تەنانەت مەعریفە و زانستیش دابنێت. هێزێک کە دراو یان پارە هەیەتی لە بەهاکەیەتی. بەهای پارە بەهای ماددییە و لەژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەدا هەستی پێدەکرێت و کاریگەرییەکەی بەسەر سەرجەم جومگە و پێکهاتەکانی ژیانەوە دەبینرێت. کاریگەری هێزی پارە لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی، کاریگەری دەبێت لەسەر کلتوور و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان. بۆیە دەبینین پارە لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی نەک هەر ئیش لەسەر هاوکێشە سادەکانی ئابووری و بەرهەمهێنان دادەنێت، بەڵکو بەگژ مەحاڵەکاندا دەچێتەوە و هاوکێشەی ژیان دەگۆڕێت و مۆری خۆی لە دروستکردنی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەدات. بۆیە دەبینین لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی پارە پردی نێوان ئینسانەکان و بەرجەستەکەرەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. بێهۆ نییە دەبینین کە پارە جێی پەیوەندییە گەرموگووڕە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان مرۆڤەکانی گرتۆتەوە. شاعیریش هاتووە ئیش لەسەر ئەم هێزەی پارە دەکات و واقیعییانە وێنای دەکات. بە وردبوونەوە لە شیعری (ئەگەر) ی جەماڵ شارباژێڕی کە لە دوو کۆپڵەی سەرەکی پێکهاتووە، ئەو دیمەنە دەبینین کە شاعیر لەزمانی کەسی یەکەمەوە زۆر بەڕوونی ئەو پەیامە کۆمەڵایەتییە وێنا دەکات کە کۆمەڵگە گیرۆدەیەتی. پەیامی ناسینی دۆخ و باری سایکۆلۆژی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان. شاعیر سکاڵانامەی گەنجێکمان بۆ وێنا دەکات کە لەبەر ئەوەی هەژارە و کوڕی ئاغا و بەگزادە و بەڕێوەبەر و بازرگان و دەستبڕ و دز نییە، کەس ئامادە نییە بیکاتە زاوای خۆی كچی خۆی بداتێ. چی وای لە کۆمەڵگە کردووە ئەم هەڵوێستەی بەرامبەر بە کوڕێکی هەژار هەبێت؟ دەوڵەمەندخوازی چ پەرچوویەکە کە خەڵک لە ئاستییا نەرم و دڵباشە و تەسلیمی دەبێت؟ پێوانەی هەژاری و دەوڵەمەندی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەسەر چ بنەمایەکە؟ ڕۆڵی موڵکایەتی تایبەتی و پارە لە دروستکردنی ئەم دۆخەدا چییە؟ مێژووی نووسینی ئەم شیعرە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٧ی زاینی کە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی چینایەتی سەرمایەدارییە. لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریش هەمیشە لێکدژییەک بوونی هەیە لەنێوان بەرژەوەندی چینەکان. ئەوەی لە شیعرەکەدا ئاغا و بەگ و بازرگان و بەڕێوەبەری دەستبڕ و بەگزادە و ڕێگری بەدەسەڵات و قاچاخچی سینی بەر بۆ سیخوڕی بەیەکەوە بەستووەتەوە، پارە و دەسەڵاتی پارەیە. بە خوێندنەوەی کۆپڵەی یەکەم وەک (هۆکار) ئەوە دەردەکەوێت کە ئەگەر ئەو کوڕە هەژارە گەنجە هێزی پارەی لە پشت بێت، ئەوا وەک (ئەنجام) دەتوانێت ژن بێنێت و تەنانەت وەک سەرگەورە و جەنتڵمان دوای بکەون و ببنە نۆکەری. مارکس دەڵێت (پارە وەفاداری دەگۆڕێت بۆ خیانەت، عەشق دەکاتە ڕق، ڕق بە عەشق، فەزیلەت بە ڕەزیلەت، خزمەتکار بە ئاغا و ئاغا بە خزمەتکار، دەبەنگیی بە زیرەکی و زیرەکی بە دەبەنگی.)(٤) ئەم سیحرەی پارە لە سیستەمی سەرمایەداریدا هێندە بەهێزە کە سنوورەکانی چینەکان دەبڕێت و نەک هەر بەرجەستەکەرەوەی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانە، بەڵکو ڕۆڵی گرنگ لە شێوەپێدانی سایکۆلۆژییەتی ئینسانەکان و چینەکان دەگێڕێت. هێزی پارە بەجۆرێکە لەتوانایدایە هاوکێشە کۆمەڵایەتییەکان هەڵگێڕێتەوە.
ئەوا نەوەک هەر حەزت کرد کچم بەیتێ
بەڵکو کڕنوشیشت ئەبرد بۆ سێبەرم..
وەکو تانجی دوام ئەکەوتی تا بمگەیتێ
ئاغام ..بەگم..قوربان..گەورەم..تاجی سەرم!
من نۆکەرم.(٥)
هەڵگێڕانەوەی ژیانی کوڕە هەژارێک بە تاجی سەر تەنها و تەنها لە توانای هێزی پارەدایە. ئەوە ڕاستە پارە دەتوانێت خوشگوزەرانی کاتیی دەستەبەر بکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئاسوودەیی هەمیشەیی بنیاد بنێت. پارە دەتوانێت ببێتە ئەو دەسەڵاتەی کە بوونیادی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان بگۆڕێت و خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەکان ئاوەژوو بکاتەوە. پارە دەتوانێت دۆخی مۆڕاڵی ئینسانەکان پێچەوانە بکاتەوە، یان وەک مارکس دەڵێت ( پارە هەموو سیفاتە بەشەرییەکان پێچەوانە دەکاتەوە.) (٦) بەرجەستەکردن و وێناکردنی دۆخی سایکۆڵۆژی مرۆڤەکان لەدەرەوەی یاساکانی ململانێی چینایەتییەوە یان لەدەرەوەی بەرژەوەندی چینایەتییەوە لە دەقی ئەدەبیدا ناتوانێت خزمەت بە خەسڵەتی شۆڕشگێرانەی مرۆڤەکان بکات لە ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییەکانی ژیاندا. بلیخانۆف دەڵێت(هونەرمەند حوکم بەسەر شتدا نادات، بەڵکو وێنەی شت ئەگرێ)(٧) هەر بۆیەشە جەماڵ شارباژێڕی وێنای دۆخێکی بۆ کردووین کەجێی قێزلێبوونەوەیە. دەستبردن بۆ وەها بابەتێک و کردنی بە ناوەڕۆکی دەقێکی ئەدەبیی، خۆی ئاماژەی خوێندنەوەی و تێگەیشتنی شاعیرە بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەنانەت سیاسی کۆمەڵگەش. بەمجۆرە پێموایە جەماڵ شارباژێڕی لەئاستانەی نووسینی ئەم دەقەکدا ئەوەمان پێدەڵێت کە:
یەک : شاعیر خاوەن تێگەیشتنی خۆیەتی بۆ کۆمەڵگە و دەبێت ئەدیبان و نووسەران خۆیان لەناو کۆمەڵگەدا ببیننەوە و بەشداری کارایان هەبێت لە دەست خستنە سەر کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە و ئینجا هەوڵدان بۆ گۆڕینی ژیان.
دوو : نووسەر و ئەدیب دەبێت و دەتوانن ئەو کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە لە دەقەکانیاندا وێنا بکەن و دەقە ئەدەبیی و هونەرەرییەکانیان ئاوێنەی واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی کۆمەڵگە بن.
(دەسەڵاتی پارە هەمیشە و بەدرێژایی مێژوو لە وزەی مرۆڤ بەدەر بووە.)(٨)ئەوە دەسەڵاتی پارەیە ئینسانی ژێردەستە کردووە و دووچاری چەوسانەوەی کردووە. جەنگین دژ بە دەسەڵاتی پارە و موڵکایەتی تایبەتی لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی جەنگینە دژ بە بەرژەوەندی تایبەتی دەستڕۆیشتووان و ستەمکاران. ئەمەش وا دەکات کە دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی بەهەموو توانایانەوە نەهێڵن ئەو دژایەتیکردنە هەروا بە ئاسانی تێپەڕێت و هەڵدەستن بە ئەنجامدانی گەلێ دژەکرداری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی. جەماڵ شارباژێڕی شاعیر لەم شیعرەدا نایەت پارە و دەسەڵاتی پارە ڕەت بکاتەوە. ئەو داخی ئەوەی هەیە کە ئەو دەسەڵاتەی نییە. ئەمە خاڵی جیاکەرەوەی شۆڕشگێڕییەتی دەق و بەرهەمی ئەدەبییە. بۆیە جەماڵ شارباژێڕی لەم دەقەدا ئاماژەیەکی گرنگمان نیشان دەدات کە وێناکردنی ئەم ئاماژەیە تا بڵێی جێی بایەخە و بەبڕوای من کرێدتی شیعریی جەماڵ شارباژێڕی چەند هەنگاو دەباتە سەرەوە، بەڵام ناتوانێت پەساپۆڕتی شۆڕشگێڕبوونی پێببەخشێت.

شیعری (ئەگەر) و ئیشکالاتی هونەریی
ئەم شیعرە بەڕواڵەت سادە و بەناوەڕۆک بەپێز و دەوڵەمەندە، بە زمانێکی سادە و ڕەوان نووسراوە و گوزارشتی لە دەسەڵاتی پارە و کاریگەری لەسەر بوونیادی کۆمەڵایەتی ژیانی ئینسانەکان لە کۆمەڵکەی کوردستان کردووە. مەودای خەیاڵ تیایدا باڵا نییە. ڕێنووسەکەی بەپێوانەی ساڵی ١٩٨٣ خراپ نییە و باشیش نییە، دەڵێم باش نییە چونکە نەدەبوو لە دێڕێ یەکەم وشەی (ئەبووم) بە دوو واو و (ئەبووم)ەکانی دێرەکانی دوواتر بە یەک واو بنووسرێت. هەروەها نەدەبوو وشەی لۆکاڵی کە گرفتێکی گەورەش نییە لە دەقێکی وادا بەکار ببات، وەک وشەی ( بەیتێ) کە دەیتوانی بنووسێت (بدەیتێ). شاعیر لە کۆپڵەی دووەم دێڕی یەکەم دەڵێت (ئەوا نەوەک هەر حەزت کرد کچم بەیتێ) ئەم دێڕە لەڕووی داڕشتنیشەوە کەموکوڕی تێدایە. حەزت کرد ڕابردووە و دەبوایە ڕابردووی بەردەوام بووایە ( حەزت دەکرد). لەم شیعرەدا دووبارەبوونەوەی سەرەتای دێڕەکانی کۆپڵەی یەکەم بە وشەی (ئەگەر) و کۆتایی دێرەکان بە وشەی (ئەبووم)جوانییەکی بەخشیوەتە شیعرەکە. بۆیە ئەم دووبارە بوونەوەیە نەک خوێنەر تووشی وەڕسبوون ناکات، بەڵکو خوێنەر زیاتر هان دەدات بزانێت کۆتاییەکەی بەکوێ دەگات و چ ئەنجامێک دەداتە دەستەوە. وێنە سادەکانی کۆپلەی یەکەم هەر هەموویان لەڕێگەی ڕەگەزی(بەراوردکاریی)ەوە بوونیادنراون. بۆیە دەبینین فۆرم لەم دەقەدا هێندە سادەیە ناتوانێت پڕ بە پێستی ناوەڕۆکەکە بێت، یان باشتر بڵێم فۆڕمی شیعری (ئەگەر) لەئاست پەیامە کۆمەڵایەتییەکەیدا نییە.

سەرەنجام
دەقی شیعری(ئەگەر)ی جەماڵ شارباژێڕی گەرچی دەقێکی سادەیە و بەبۆچوونی من فۆرمی دەقەکە لەئاست ناوەڕۆکەکەیدا نییە و شاعیر دەیتوانی شیعرەکە بەهێزتر بنووسێت، بەڵام دەقی (ئەگەر) هەڵگری ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتی و پەیامێکی چینایەتی گرنگە، کە وەک زەنگێکی وشیارکردنەوە لە کۆمەڵگەی کوردستان پەنجە دەخاتە سەر کاریگەری ‌هێزی پارە لەسەر ئینسانەکان و سایکۆلۆژییەتی کۆمەڵایەتییان. ئەو هێزەی کە نەک ئەمڕۆ لەسەرەتای هەزارەی سێیەمدا کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو لە دەیەی شەستەکان زیاتر و کاریگەرتر مۆرکی خۆی لە ژیانی ئینسانەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا داوە، بە کۆمەڵگەی کوردستانیشەوە. هێزێک کە تا بمێنێت مرۆڤایەتی لە ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی ڕزگاریان نابێت. جەماڵ شارباژێڕی شاعیر، جگە لە عەشقی کوردایەتی و ئافرەت، چەندین ئاوڕدانەوەی کۆمەڵایەتی تریشی خستۆتە سەر خەرمانی بەرهەمە ئەدەبییەکانی و کە بۆ خۆی بۆتە ئاماژەیەکی درەوشاوەن لەنێو جیهانی نووسینی ئەم شاعیرە.(٩)

نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣

————————————————-

سەرچاوە و پەراوێزەکان :
(١)جەماڵ ئەمین عارف ناسراو بە جەماڵ شارباژێڕی شاعیر ( ١٩٤١ – ٢٠٢٣) لە کۆتایی دەیەی پەنجاکانی سەدەی بیستەمەوە دەست بە نووسینی شیعر دەکات و بۆ ماوەی زیاتر لە شەش دەیە لەنێو بزووتنەوی شیعری کوردیدا چالاکانە بەرهەمەکانی بڵاو دەکاتەوە. جەماڵ شاعیرێکی نەتەوەییە کە سەرتاپا شیعرەکانی بۆ مەسەلە و کێشەکانی نەتەوەی کورد تەرخان کردووە. کێشەی کورد و ئازادی نەتەوە تەوەری بنەڕەتی بوونیادی شیعرییە لای جەماڵ شارباژێڕی. ئەو وشەی کردە مەتارێز بۆ بەرگری لە نەتەوەی کورد. جەماڵ یەکێک بووە لە ئیمزاکەران بەیاننامەی ڕوانگە و هەورەها دامەزرێنەرانی دەستەی نوێخوازی روانگە بوو لەگەڵ هەریەک لە شێرکۆ بێکەس و جەلالی میرزا کەریم و حوسێن عارف و کاکە مەم بۆتانی. شاعیر تا ڕۆژی ژیانئاوایی وەفادار مایەوە بۆ ڕێباز و ڕەوتی شیعری ناسیونالیستی کوردی و لەڕێگەی دەقە شیعرییەکانییەوە تێکۆشا کێشەی خۆشەویستی و سیاسی تێکهەڵکێش بکات. جەماڵ شارباژێڕی لەموەی ژیانیدا ژمارەیەک کتێبی بەچاپ گەیاندووە. دواجار ئەم شاعیرە لە ١٠ ی مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٣ لە لەندەن بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن ژیانئاوایی لە شیعر و نووسین کرد و تەرمەکەی گەڕێنرایەوە کوردستان و لە قەزای چوارتا لە گۆڕستانی سەلیم بەگ بەخاک سپێردرا. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە سایتەکانی کوردیپیدیا و وێستگەنیوز https://www.kurdipedia.org/default.aspx?lng=1&q=201002210956443564
https://www.westganews.net/dreja.aspx?=hewal&jmara=126361&Jor=1

(٢)جەماڵ شارباژێڕی کۆشیعری (لەئەلبومی یادگارا) چاپخانەی ئۆفسێتی سەرکەوتن چاپی یەکەم ١٩٨٣ لاپەڕە ١٠. ڕێنووسی شیعرەکەم دەستکاری نەکردووە و وەکچۆن لە کتێبەکەدا هاتووە ئاوا نووسیومەتەوە.
(٣)Karl Marx and Fridrich Engels The Communist Manifesto, Oxford Worlds Classic, Oxford University Press USA 1992.
(٤)کارڵ مارکس دەسەڵاتی پارە لە کۆمەڵگەی بۆرژوازیدا وەرگێرانی لە ئەڵمانییەوە پێشڕەو محەمەد سایتی سبەی ٢١-٣-٢٠١٩
https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=11650
(٥)جەماڵ شارباژێڕی کۆشیعری (لەئەلبومی یادگارا) چاپخانەی ئۆفسێتی سەرکەوتن چاپی یەکەم ١٩٨٣ لاپەڕە ١٠.
(٦)کارل مارکس قوة المال في المجتمع البرجوازی ملخص بقلم اندریة فولکوف و ستیفن هیکس https://ar.atlassociety.org/session/karl-marx-the-power-of-money-in-bourgeois-society
(٧)جۆرج بلیخانوف الفن و التصور المادي للتاریخ ترجمە جورج طرابیشي دار الطلیعة للطباعة والنشر بیروت لبنان الطبعة الاولی ١٩٧٧ ص ١٩١.
(٨)جان فریفیل تێزەکانی مارکس – ئەنگڵس لەبارەی ئەدەب و هونەرەوە وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە فوئاد مەجید میسری لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی توێژینەوە و هزریی شەهید ئارام چاپی یەکەم ٢٠١٩ لاپەرە ٤٨.
(٩)بۆ نموونە شیعری کرێکارم لە گۆڤاری ڕزگاری ژمارە ٥ ی ساڵی ١٩٦٩ لاپەڕە ٤٤ و ٤٥ و چەندین دەقی تر.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish