Skip to Content

دنیاى بەتاڵى شیعر، دنیاى بەتاڵى زمان …. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

دنیاى بەتاڵى شیعر، دنیاى بەتاڵى زمان …. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 27, 2017 General, Literature

لە دەقى (لە گۆڕى کەسێکدا)

لە گۆڕستاندا بەفر ببارێ،
مردووەکان،
سەرمایان دەبێ.

لە گۆڕەکەم دێمە دەر،
چاکەتم لە سەر گۆڕێکى دى
دادەنێم،
هەوا پڕ دەبێ لە ئاسن…

ئانیشکم لەسەر کێلى خۆم دادەنێم،
رۆژانى دوور
دەبدەبەن
هەڵیان بدەم
دەتەقن.

کەسێ لە دوورەوە دێ،
بڵێى من بم، لە هزرى ئەوانیدیکەدا؟!
جولەى تەرمێک، لە گەردووندا بەردەوامە،
بڵێى من بم، لە بەردەم ئەوانیدیکەدا؟!
ل39-42
کۆمەڵە شیعرى (بێ ئەو پەیڤانە، رابەر فاریق، هەولێر 2012)

پێشەکى:

پەیوەندى دیالێکتیکى نێوان زمان و فیکر وەک (مۆریس میرلۆپۆنتى 1908-1961) جەختى لێدەکاتەوە، بیرکردنەوەى بێدەنگیش وەک ژیانى ناوەوە یان مۆنۆلۆگى نێوان خود و دەروون دەبینێ، بەو مانایەش زمان و فیکر بوونێکى پەیوەندار و هاوپەیوەست و بەنێویەکداچوو پێکدەهێنن… لێرەوە وەک تێزە زمانەوانییە هاوچەرخەکان دانیپێدادەنێن هیچ زمانێک بێ فیکر نییە و هیچ فیکرێک بێ زمان بەڕێوە ناچێت، لە سەر ئەو بنەمایە لە خوێندنەوەى قەسیدەى (لە گۆڕى کەسێکدا)ى (رابەر فاریق)دا دەتوانم بڵێم کۆپلەى یەکەم وەک (دەسپێک) پێمان دەڵێت لێرە مردن و ژیان وەکو یەکن؟! بەفرى زیندوو بە سەر گۆڕستانى مردوواندا دەبارێت، بەڵام مردووەکان سەرمایان بێت، یان گەرما، خەمبار بن بە بەفر بارین، یان دلشاد…. هیچ بە ئێمە ناڵێن؟! مردووەکان بجولێنەوە یان نەجولێنەوە نە هیچ لە کۆپلەى دووەم، نە هیچ لە شێوەى ئەبسترکتى ئاسن، نە هیچ لە کۆپلەى سێیەم و شێوەى ئەبسترکتى میزڵدان دەگۆڕن…

ئاسن ژەنگ دەگرێ و دەبدەبە با دەگرێ، یەکەمیان دەنگدانەوەى ئاسایى خۆى هەیە و دووەمیان کە زۆر پڕ بێت، دەتەقێ… دەنگدانەوە و تەقین، ئاسایى و نائاسایى، لە کۆپلەى چوارەم لە ئاسن و میزڵدان دەبێتەوە و دەکەوێتە نێوان (من) و (ئەوانیدیکە)، ئەوەى دەبدەبەیە منم، ئەوەى ئاسنە ئەوانیدیکەیە! منى نائاسایى و ئەوانیدیکەى ئاسایى… ئەوەى دەتەقێ منى نائاسایى و ئەوەى دەنگدانەوەى هەیە ئەوانیدیکەى ئاساییە؟! بەڵام ئاسایى و نائاسایى شێوەى رووتى زمانە، لەو شێوە رووتەى زماندا نە (ئەوان) دەبنە ئاسن نە (من) دەبێتە دەبدەبە…
پەیامى ئەو دەقە ئەوەیە من دەمرم، ئەوانیدیکە دەژین؟ پرسیارى زمان ئەوەیە بڵێى کەس بیر لە منى (شیعر)، منى (بەتاڵ) بکاتەوە؟ ئەوەى پرسیار قبول ناکات، دەشێ منى (شیعر) منى (مردوو) لە هزرى ئەوانیدیکەدا تواناى ژیانم هەبێت؟ ئەوەى پرسیار قبول ناکات، ئەوەیە شیعر بە مردوو دانانرێت، ئەوەى پرسیار قبول دەکات پەیوەندى منى مردوو و ئەوانیدیکەى زیندووە…

دەقى (لە گۆڕى کەسێکدا)ى رابەر فاریق لە رووى جولە و ریتم و داڕشتنەوە تەعبیرییە و گوزارشت لە گۆڕینى شێوەى پەیوەندى مردووان و زیندووان، شیعر و زمان دەکات، بەڵام لە رووى ماناى وشەوە شێوەى ئاسن، شێوەى میزڵدان ئەبستراکتە و پشت بە خەیاڵى خوێنەر دەبەستێ، واتە جولەیەکى تەعبیرى لە رێگاى مردووە/ زیندووەکانەوە دەکێشى و ماناکانیان لێ دادەماڵێ و رووتیان دەکاتەوە، بۆ ئاسن و میزڵدان، هەر لەو رێگایەشەوە جولە بە گومان و خەیاڵەکانى خوێنەر دەدات…

کەواتە قەسیدەى لە گۆڕى کەسێکدا دەچێتە خانەى شێوازى تەعبیرى ئەبستراکتەوە… شاعیر هەوڵدەدات بە دوورترین خاڵى هەستکردن بە واقیع و بە وشەى رووت و بەرکەوتنى خەیاڵى خوێنەر بگات، بەڵام ون نابێت و پشت بە کەلەپورى درەوشاوەى دنیایى دەبەستێت، پشت بە بەردەوامى جولەى گەردوون لە لایەک و جولەى شیعر لە لایەکى دیکە دەبەستێت… دەمەوێ بڵێم ئەو قەسیدەیە ئەبستراکتى تەعبیرى درەوشاوەیە، واتە لە رووى گوزارشتەوە رۆناک خۆى نیشان دەدات و لە رووى رووتى ماناوە شێوەکانى بوون دیارى دەکات، ئەگەر ئەو قسەیە تەرجەمەى قەسیدەکە بکەم دەڵێم گوزارشت لە مردن لە چاوى زیندووان دەکات… بە مانایەکى دیکە ئەوە بونیادى جولەى ئەبستراکتە، پێکهاتەى رستە لە بوونى (گۆڕستان، مردن، ئاسن، دەبدەبە، چاکێت) دیارى دەکات، دووبارە دەڵێم لە دنیاى بەتاڵى شیعرییٍدا نەخشکردنى کارى ئەدەبى لە جولەوە سەرچاوە دەگرێ (جولەى جێگیر بوون لە چاو جێگیر نەبوون)دا، بەڵام لە گێڕانەوەى واقیعى دەرەوە (وەک خۆى) دوور دەکەوێتەوە.

من شیعرم، ئەوانیدیکە زمان

داڕشتنى چیرۆکى من شیعرم و ئەوانیدیکە زمان لە میانى ئەو دەقەدا بەشێکى زۆرى پەیوەندى بە دوو رووى شیعر و زمان وەک دوو رووى دراودا هەیە، پەیوەندى بە سنورەکانى مەعریفەى شیعرى و سنورەکانى خەیاڵى زمانەوە دەکات، مرۆڤ دەکەوێتە نێو زمانەوە، شیعر دەکەوێتە نێو جوانى… دەمەوێ بڵێم هەتا ئەوانیدیکە وەک زمان نەبینین، هیچ ئەرکێکمان بەرانبەر (شیعر) لەسەر شان نییە، بە دیوەکەى دیکە (زمان/ ئەوانیدیکە) بە خۆڕایى خۆیان دەخەنە بەر دەستمان، هەتا بە کاریان بهێنین، هەر ئەوەندە قبوڵمان کردن ئیتر داگیرمان دەکەن، کەواتە وەک چۆن دەکەوینە نێو زمان، لە هەمان کاتدا دەکەوینە نێو ئەوانیدیکە… وەک دەبینین لە مامەڵەى نێوان من و ئەوانیدیکە، شیعر و زمان خاڵى ناکۆک ناچاربوونە، مرۆڤ بە ناچارى دەکەوێتە نێو زمان، مرۆڤ بە ناچارى دەکەوێتە نێو ئەوانیدیکە، مرۆڤ بوونەوەرێکى زمانییە، وەک چۆن بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتییە، کەواتە کاتێک ناچار دەبین ئەو شتەى بەسەرماندا سەپێنراوە قبوڵى بکەین، ئیتر کۆنترۆڵکراوین، زمان کۆنترۆڵمان دەکات، ئەوانیدیکە کۆنترۆڵمان دەکەن، شیعر جوانى لێدەڕژێ… ئەو هاوکێشەیە پەیوەندى بە نەستەمانەوە هەیە، پەیوەندى بە ئارەزووە تێرنەکراوەکانمان هەیە، یان پەیوەندى بەوەوە هەیە کە ئێمە ئارەزووە تێرنەکراوەکانمان یان چەپێنراوەکانمان دەخەینە (نەست – ناهۆشمەندى)یەوە، هەتا ناهۆشمەندى پاڵمان پێوەنەنێت، هەتا ئارەزووەکانمان پاڵمان پێوەنەنێت، بە هیچ شتێکەوە پابەند نیین!

وەک دەزانین ئارەزوو ئاڕاستە و رووییەکى دیاریکراوى نییە، بەڵام کە ئارەزوو پاڵى پێوەناین، ئیتر کۆنترۆڵمان دەکات، دەزانین زمان ئاراستە و رووییەکى دیاریکراوى نییە، بەڵام کە کەوتینە ناوییەوە، ئیتر کۆنترۆڵمان دەکات … هەموو ئەو قسانە لاى (ژاک لاکان 1901-1981) لە رستەى (نەست لە زمان رسکاوە) کورت دەکرێتەوە، بەو مانایەش زمان وەک ئارەزوو ئاڕاستە و روویەکى دیاریکراوى نییە، وەک چۆن شیعرى داهێنەرانە ئاڕاستە و روویەکى دیاریکراوى نییە، مرۆڤ نە ئارەزووەکانى تەواو دەبن و نە ئارەزووەکانى پڕ دەبنەوە! زمان نە تەواو دەبێت، نە پڕ دەبێتەوە…
کەواتە ئەوەى من و ئەوانیدیکە بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، ئەوەى شیعر و زمان بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، ئارەزووەکانمانن! ئارەزووەکانمان بۆ شیعر لە جوانییەوە هەڵدەقوڵێ، ئارەزووەکانمان بۆ ئەوانیدیکە لە فیکرەوە هەڵدەقوڵێ، بەڵام ئەوەى شیعر و زمان، من و ئەوانیدیکە لێکجیا دەکاتەوە، ناکۆکییە شاراوەکانى زمان و ناکۆکییە شاراوەکانى ئەوانیدیکەیە، زمان کۆمەڵێک شاراوەى خۆى هەیە، مرۆڤ کۆمەڵێک شاراوەى خۆى هەیە، شیعرى زیندوو ناکۆکییەکانى لە ناوەوەى خۆیدا هەڵگرتووە، مرۆڤ لە ژیاندا هەڵگرى ناکۆکییە، ئەو ناکۆکییانە لە ناوەوەماندایە و هەمیشە داگیرمان دەکات، ئەوەى هەمیشە داگیرمان دەکات، فیکر و جوانییە…
چاکەتم لە سەر گۆڕێکى دى
دادەنێم
ئانیشکم لەسەر کێلى خۆم دادەنێم
شەڕى نێوان وشە و واقیع
کەسێ لە دوورەوە دێ،
بڵێى من بم، لە هزرى ئەوانیدیکەدا؟!
کەسى نێو ئەو قەسیدەیە، کەسى نێو گۆڕستانە و لە رێگاى خەیاڵى وشەوە هەستى پێدەکەین، بەڵام ئەوانیدیکە لە واقیعەوە هەستیان پێدەکەین، شەڕى نێوان وشە و واقیع، شەڕى نێوان زمان و شیعرە… کەسى نێو واقیع و کەسى نێو خەیاڵى وشە دوو هەستى جیاوازمان دەداتێ، یەکەمیان دەستى لێدەدەین، دووەمیان بیرى لێدەکەینەوە… بەڵام نەک بەو مانایەى کە زمان خەیاڵییە و شیعر واقیعییە، بەڵکو بەو مانایەى کە مەوداى زمان هەمیشە لە خەیاڵى بەرەوپێشچووندایە و مەودا شیعر لە جێگیربوونى جوانیدایە!
زمان لە خەیاڵى دوور مەودا دایە، بەو مانایەى کە شیعر دەکەوێتە سنورى مەعریفەیەکى دیاریکراو و جوانییەکى بەرجەستەکراوەوە، زمان دەکەوێتە بێ سنورییەوە، شیعر لە راڤەکردنى جیاوازیدایە، زمان قسە بە جیاوازییەکان دەکات، جیاوازییەکان قسە بە شیعر دەکەن، زمان هەمیشە ماناکان بە جێدەهێڵێ، شیعر هەمیشە ماناکان کۆ دەکاتەوە، زمان هەمیشە لە خۆ بەتاڵ کردنەوەدایە، شیعر هەمیشە جیاوازییەکان کۆ دەکاتەوە، ئەگەر بشێ تێگەیشتنێکى (لاکان) لە بارەى گوتەزاکەى (رێنێ دیکارت 1596-1650، من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم) تەرجەمەى سەر شیعر و زمان بکەین، ئەوە دەشێ بڵێین شیعر بیر دەکاتەوە، لە شوێنێ کە هەیە! بەڵام زمان لەو شوێنە نییە کە بیر دەکاتەوە، زمان بیر دەکاتەوە لە شوێنێ کە ئەوى لێنییە! کێ بیر دەکاتەوە شیعر یان زمان، زمان لە شیعردا بیر دەکاتەوە؟ یان شیعر لە زماندا بیر دەکاتەوە؟
ئەو کاتەى شیعر بیر دەکاتەوە ئەوە لە بیرکردنەوەدا جگە لە (کۆپیکردن) شتێکى دیکە نییە، کاتێک زمان بیر دەکاتەوە ئەوە لە بیرکردنەوەدا جگە لە (داهێنان) شتێکى دیکە نییە، هەرگیز شیعر رێگایەکى نوێى بۆ بیرکردنەوە نییە، بەڵکو هەمیشە زمانێکى دیکە رێگاى بیرکردنەوەى پێنیشان دەدات، شیعر دەبێ ملکەچى زمان بێت… شیعر و زمان هەردووکیان لە یەک سەرچاوەوە ئاو دەخۆنەوە، بەڵام بە دوو شێوەى جیاواز، دەشێ زمان سیفەتى هەڵم وەرگرێ، شیعر سیفەتى هەور، هەڵم دەچێتە ئاسمان دەبێت بە هەور، هەور دەبارێ و جوانى دەبوژێنێتەوە…
کەسێ لە دوورەوە دێ،
بڵێى من بم، لە هزرى ئەوانیدیکەدا؟!
شیعرى پڕ، زمانى بەتاڵ
منى شاعیر بەر لەوەى منى شیعر لە پێناو شتێ ئاڕاستە بکات، بەر لەوەى شیعر پڕ بکات لە شت، بەر لەوەى شیعر بار بکات، لەسەریەتى بڕیار بدات کەوا بە شێوەیەکى شاعیرانە لە ماڵى زماندا نیشتەجێیە، دەبێ بڕواى بەوە بێ ئەوە زمانە قسان دەکات، دەبێ بڕواى بەوە بێ ئەوە زمانە هەمیشە لە پێشکەوتندایە، دەبێ بڕواى بەوە بێ ئەوە زمانە هەمیشە کار لەسەر دواخستنى ماناى کۆن و دۆزینەوەى ماناى نوێ دەکات، هەمیشە بیرکردنەوەى مرۆڤ دەکەوێتە نێو خەیاڵى زمانەوە، بەڵام زمان تەواوى دنیاى خەیاڵ دابەش و پارچە پارچە دەکات، شیعر پڕشنگى جوانى پارچەکانى خەیاڵە! دەتوانم بڵێم دابەشبوونى ئەو دەقە لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێ و لە سەر ئەو بنەمایە خۆى دەنەخشێنێ!

لە کۆپلەى یەکەم بەفر خەیاڵى خوێنەر بەرەو ژیان و مردن کێش دەکات، بەفر زیندووە مردووەکان تووشى سەرما دەکات، لە کۆپلەى دووەم مردووییەک وەک زیندوو دەرگاى ماڵى مردن دەکاتەوە و چاکێتەکەى لە سەر دیوارى ماڵە دراوسێیەکەیان دادەنێ و هەوا پڕ دەکات لە ئاسن… شاعیر هەموو ئەو پارچانەى دنیا لە یەکنزیک دەکاتەوە بۆ ئەوەى ئێمە خوێنەر ئاوڕ لە جوانییەکانى ژیان بدەینەوە؟! لە کۆپلەى سێیەم کەسێ لە بەر دەرگاى ماڵەکەى ئانیشکى خستۆتە سەر ژیان و بیر لە رابردوو دەکاتەوە و لە پڕ مردن وەک دەبدەبە روو بە رووى دەتەقێتەوە! لە کۆپلەى چوارەم ژیان و مردن بەردەوامە، مردن لە ژیان و ژیان لە مردن نابێتەوە ، ئەو بیرکردنەوەیە ژیان لە خەیاڵ و مردن لە واقیع دەنەخشێنێ، ئەو خەیاڵ و بیرکردنەوەیە رەشدەچێتەوە.
کەواتە بەردەوام هەمووان وەک ئەکتەر لە نێوان بەفر و گۆڕستان و بیرکردنەوە رۆڵەکانى مردن و ژیان دەگێڕین، ئەو دیدە مەیلێکى رۆحى تێدایە، لەوێوە کە هەوڵدەدات خوێنەر درەوشانەوەى بینراو لە پێناو نەبینراو بەرجەستە بکات، بەو مانایەش رۆناکى خستنە سەر بینراو لە پێناو بینینى نەبینراو گوزارشت لە دنیابینییەک دەکات، کە بایەخى مردن لە ژیان وەک وێنەیەکى بێ پەردەدا ئاشکرا دەکات، بە مانایەکى دیکەش دنیاى خەیاڵ دابەش و پارچە پارچە دەکات و لە رێگاى لادانى زمان و درەوشانەوەى وشە و خرۆشانى خەیاڵ هەوڵى خۆ دۆزینەوە دەدات، بۆ ئەو خۆ دۆزینەوەیەش پشت بە کەلەپورى درەوشاوەى دنیایى دەبەستێت، پەیوەندییەکى بوونگەرایى لە نێوان ژیان و مردن، من و ئەوانیدیکە، شیعر و زمان… دروست دەکات!

بە کورتى:

دەقى (لە گۆڕى کەسێکدا)ى (رابەر فاریق) دەکەوێتە نێو دنیاى بەتاڵى شیعر و شێوازى نوسینى تەعبیرى ئەبستراکتى (درەوشاوە)ەوە و لە جولەوە سەرچاوە دەگرێ و لە گێڕانەوەى واقیعیانە خۆى بە دوور دەگرێ، واتە لە رێگاى گوزارشتکردنەوە دنیابینى و لە رێگاى جولە و پڕشنگى وشەوە جوانى شیعرى بەرجەستە دەکات.
ئەو قەسیدەیە، لە رووى تەعبیرییەوە خۆى رۆناک نیشان دەدات، لە رووى ئەبستراکتەوە تەمومژى لەخۆدا هەڵگرتووە! شاعیر هەوڵدەدات بە دوورترین خاڵى هەستکردن بە واقیع و هەستکردن بە وشەى رووت و بەرکەوتنى خەیاڵى خوێنەر بگات، بێ ئەوەى ون بێت، پشت بە بەردەوامى جولەى گەردوون لە لایەک و جولەى شیعر لە لایەکى دیکە دەبەستێت… پێماندەڵێت مردن و ژیان وەکو یەکن؟!

هەولێر 12/9/2017

Previous
Next
Kurdish