Skip to Content

ئەلفبێ یان ئەلف و بێ ؟!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ئەلفبێ یان ئەلف و بێ ؟!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Be First!
by ئه‌یلول 20, 2025 General

سەرەتای چەند ئایەتێكی قورئانی پیرۆز، بە پیت دەست پێ دەكەن وەك (ن ) و (ئەلف لام میم ) و گەلێكی دیكەش. تا ئێستاش زانایانی قورئانناسی و شڕۆڤەكارانی قورئان نەیانتوانیوە مانای ئەو پیتانە لە ڕووی واتاییەوە شڕۆڤە بكەن، بەڵكو تەنها خودا خۆی دەزانێت مەبەست لێی چییە . كەواتا پیت بە تەنها، مانایەكی دیاریكراوی نییە، كە مەبەستمان لێرەدا پیتەكانی نێو زمانە جیاواز لەوەی لە قورئانی پیرۆز باس دەكرێت. پیت بچووكترین یەكەی پێكهێنەری وشەیە، لە ڕووی نووسینەوە نەك دەنگەوە. واتا وشە لە چەند پیتێك و ڕستەش لە چەند وشەیەك پێكهاتووە. لەو ڕوانگەیەوە ئەلفبێ، وشەیەكی لێكدراو نییە وەك ئەوەی كەسانێك لە بێ ئاگایانەوە لە زمان لێكدانەوەی بۆ دەكەن، چونكە وشەی لێكدراو، لە دوو وشەی جیا پێكدێت و بە هەڵوەشانەوەیان لە مانا ناكەون، پێچەوانەی وشەی دارێژڕاو. كەواتا ئەلفبێ كە لە دووپیت پێكهاتووە، بە هیچ شێوەیەك وشەیەكی لێكدراو نییە، چونكە ئەلفبێ بە تەنها هیچ مانایەكی نییە و ئەوەی لە بنەڕەتدا هەیە (ئەلف ) و (بێ) یە كە مەبەست لێی پیتەكانی ئەلف و بێن بە جیا، كە هێمان بۆ بنەماكانی سەرەتای فێربوون و زانینی خوێنەوە و نووسین. ئەم دوو پیتە، بە یاریدەی ئامرازی (و) ی لێكدەر بە یەكەوە دەبەسترێنەوە و دەبنە ئەلف و بێ . گەر سەرنج لە چاپی یەكەمی كتێبەكەی مامۆستا باڵدار بدەین، دەبینین ئەلف و بێ نووسراوە، كە چی چەند ساڵێك دواتر، وەزارەتی پەروەردە پێی وابوو ئەمە هەڵەیە و ئەوان لە باڵدار شارەزاترن، بۆیە كردیانە (ئەلفبێی نوێ) و بە داخەوە پاشانیش كتێبەكەیان كە كتێبێكی فێركاریی و پەروەردەیی یەكجار گرنگ بوو، بەتەواوەتی لابرد و لە شوێنی ئەو، خوێنەوەی كوردییان بۆ دوو وەرز دانا، كە چەندین هەڵەی تێدایە و ئێمە خۆمان وەك مامۆستایەك زۆرتر لە جارێك لە سەرمان نووسیوە. بە گەواهی هەموو ئەو مامۆستایانەی وانەی ئەلف و بێیان لە پۆلی یەكەمی سەرەتایی پێشوو، لە ماوەی چەندین ساڵ گوتۆتەوە، ئەلف و بێكەی باڵدار، بۆ كرداری فێربوونی خوێندكارانی پۆلی یەك، گونجاوتر و پەروەردەییتر و ئاسانتر بوو لەوەی ئێستا دەخوێنرێت، كە چەندین نەوە، سەرەتاكانی فێربوونیان لەو ئەلف و بێیەوە دەست پێ كرد و دواتر بوونە پسپۆڕ و داهێنەر و لێهاتوو، كە خزمەتی گەورەیان بە پیشەكانیان بە كۆمەڵگەی كوردی كرد. بۆیە ئەوەی هەیە ئەلف و بێیە نەك ئەلف بی، ئەگەر لە زمانانی دیكەش ئەلفبێ بنووسرێت، ئەوا ڕەنگە پەیوەندی بە نەبوونی ئامرازەكانی بەستەنەوە و پەیوەندییەوە هەبێت، كە زمانی كوردی لەم ڕووەوە زمانێكی دەوڵەمەندە و كێشەی نییە.

• ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە ( 9501) لە 18/9/2025 بڵاوكراوەتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish
Powered by TranslatePress