Skip to Content

شه‌ش شیعری سامی شۆڕش

شه‌ش شیعری سامی شۆڕش

Closed
by تشرینی دووه‌م 13, 2022 General, Poems

كە فەرهاد ئەدوێ

شیرین منە،
منیش نە مەرگم.. نە ژیانم،
نە درووستبوونم.. نە ڕووخانم،
من شیرینم،
شیرینیش وەك چەپكی هەتاو
كە ئەیگرن نایەتە دەست.
كاتێ بەڕەڵڵاشی ئەكەن
لە لەپی دەست نابێتەوە.
* * *
دەنگ.. دەنگدانەوەی خۆی هەیە!
ڕەنگ.. ڕەنگدانەوەی خۆی هەیە!
شیرین.. فەرهادی خۆی هەیە!
فەرهاد.. شیرینی خۆی هەیە.

  • گۆڤاری بەیان، ژمارە (8) 1973.

سووتانی خوێنێكی گەڕۆك

وەك فەرهادێ
قوڵنگم سواری ڕەشەبای زام كردووە،
بێستوونم داوەتە پشت و
(شیرین لە كوێی؟
كام گۆمی مەنگ قووتی داوی؟
كام غەریبی ڕێگای دڵت دەشواتەوە؟
شیرین لە كوێی؟
كەی شیر و هەنگوینت بەناو
جۆگەلەكانی ئەم شارە ئەڕواتەوە؟)
وەك فەرهادێ،
وەك چۆڕە خوێنێكی گەڕۆك
برینی خۆم ون كردووە.
(شیرین لە كوێی؟
خەڵكی ئەم شارە لە زمانی خوێن تێ ناگەن!
خوێن بەسووتوو دائەپۆشن!
شیرین لەكوێی؟
كەی سواری جوانە ماینی گەڕانەوەی
ئەستێرەی بەربەیان ئەبی؟
تا لە فەرهەنگی سنگتا
خەڵكی فێری ئەشق بێت و لە زمانی خوێن تێ بگا؟)
وەك فەرهادێ،
پر بەگەرووی قوڵنگەكان هاوار ئەكەم:
(شیرین لە كوێی؟
شیرین دادێ… دادێ… دادێ!)

  • گۆڤاری نووسەری كورد، ژمارە (7) 1973.

دەست

تۆ ئەو دەستەی
هەركە كەوتم
لە خاك گیر ئەبیت و دیسان بەرزم ئەكەیتەوە،
ئەو هەڵبەستەی
شەوان دڵی خەفەتبارم ئەدەیتەوە،
خۆشم ئەوێیت.
خۆشم ئەوێیت و ئەزانم
بۆ كام ئەنجام ئەهێنیت و ئەمبه‌یتەوە،
خۆشم ئەوێیت.
چونكە گیانە تۆ ئەو دەستەی هەركە كەوتم
لە خاك گیر ئەبیت و دیسان بەرزم ئەكەیتەوە.

  • گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ، ژمارە (10) 1974.

تۆ ئەو خاكەی منی جۆگە ئەخۆیتەوە و تێرت ئەكەم

تۆ چڵ ساڵە هەم دەردیت و هەم دەرمانیت،
تۆ چڵ ساڵە هەم خەنینە، هەم گریانی.
تۆ چڵ ساڵە لە دەریای بێ سەروشوێنما
هەم شەویت و هەم بەیانی،
ئاخ! ئەو داسەی لە بەینی هەردوو پێڵووما
چڵ ساڵە فێری هەڵپەڕكێ و شان بادانی.
فێرت كردم.
كە شەو تاربێ.
سواری تریفەی مانگ بم و بێمە ژوانت،
كە شەو سارد و تەزرەدار بێ
بێمە ناخی ئاگردانت،
فێرت كردم.
لە ئاقاری مەرگی خۆما فێرە ڕاو بم
خۆم نێچیر و خۆیشم داو بم.
(ئێوە فەرهەنگێكی لەنگن
ناهێڵن فێری زمانی یارەكەم بم.
ئێوە چرا كوژانەوەی ئێوارەیەكی درەنگن
ناهێڵن شێوەی یارەكەم بناسمەوە.
بۆ ناهێڵن؟
بۆ نێوانی دڵی من و دڵی یارە نازدارەكەم
بەهەوجاڕی ڕق ئەكێڵن؟
بۆ بەغارغارێنی ئەسپی سەرشۆڕیتان
خوێن و خۆڵی ڕێی ئاواتی گەردنی یارم ئەشێلن؟
خێڵی شوومن!
تف لەبەر پێی خۆتان ئەكەن!
خێڵی شوومن
هەر لە دەریای تفی خۆتانا ئەخنكێن!)
گیانە كێ وەك من بەری پێت گوڵڕێژ ئەكا؟
كێ وەكو من ئەتباتە سەیرانی باغچەی بەرخوێنی خۆی؟
كێ وەكو من خەم ئەكاتە بەردەباز و تۆ بەسەریا بێیت و بڕۆی؟
گیانە كێ وەك من برینی خۆشەویستیت
بەهەتوانی مردنی خۆی ساڕێژ ئەكا؟
چڵ ساڵە وەك داوە خوێنی
بەلالێوی عێراقەوە دێمە خوارێ و ناگەمە خاك،
چڵ ساڵە وەك قومە ئاوێ
جۆگە دەمداتە دەست جۆگە و ناگەمە ڕووبارێكی پاك،
(بۆ ناهێڵن بگەمە خاك؟
بگەمە یار؟ بگەمە ڕووبارێكی پاك؟
بۆ ناهێڵن، بۆ، بۆ، بۆ؟)
تۆ ئەو چڵوپۆپ بڕینەی
ڕەگ و ڕیشەم قایم ئەكەی،
خۆشم ئەوێی
تۆ ئەو هەڵمەی لە خوێنمەوە هەڵدەستیت و
بەسەر دڵما نمەی بارانت دائەكەی،
خۆشم ئەوێی
(خێڵی شوومن
تف لەبەر پێی خۆتان ئەكەن
هەر لە دەریای تفی خۆشتانا ئەخنكێن!)
تۆیش ئەو خاكەی
منی جۆگە ئەخۆیتەوە و تێرت ئەكەم
تۆیش ئەو داسەی لە بەینی هەردوو پێڵووما
بە هەڵپەڕكێ و بەشان بادان فێرت ئەكەم،
خۆشم ئەوێی!

  • ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە (12) 21/1/1974.

هەڵسانەوە

بە هەندرێنی كورد بڵێن!
هەزارەها گوریسە خوێن بە تۆ ئەمانبەستێتەوە.
بە سیروانی دەربەدەری بیابان بڵێن
بۆ هەر كوێیەك فڕێت بدەن
هەزارەها سەرچاوەی ڕوون بە تۆ ئەمانگەیەنێتەوە.
بە هەندرێنی كورد بڵێن!
بە كێو و دەشت و دەر بڵێن
بە هەتاو و سێبەر بڵێن
بە تفەنگ و خەنجەر بڵێن!
بە كەلاوەی سەنگەر بڵێن!
ڕۆژێ دادێ
ڕەشەبا بەردەركی سەرای سلێمانی ئەگرێتەوە.
رۆژێ دادێ
هەوری سووری شۆڕش ئەجمێ و
پێشمەرگە هەڵ ئەستێتەوە.
بەهەندرێنی كورد بڵێن!
قەت كێو بە كێو ناگا، بەڵام
ئێمە بە تۆ ئەگەینەوە.

  • گۆڤاری نووسەری كوردستان، ژمارە (5) 1982. (………)

نووكی قەڵەم بخەرە ناو مەرەكەبی بیابانەوە

لەسەر گەڵای بەخوێن تەڕی درەختەكانا بنووسە:
ئەم زەمینە
كە هەر ئەڵێی لۆكەی تەڕی سەر برینە،
ئەوەندە بارانی مەرگی پیا باریوە.
ئەوەندە لافاوی خوێنی تیا هەڵساوە.
لە هەر لاوە
نووكی قەڵەم بخەیتە ناو
دەشت و شاخ و خڕێ و بیابان و دەریاوە
تكەی خوێنی ئەم زەمینە
كە هەر ئەڵێی
لۆكەی تەڕی سەر برینە،
بۆمان ئەبێ بە مەرەكەبی هۆنراوە.

  • گۆڤاری نووسەری كوردستان، ژمارە (5) 1982.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish