 
	له شاعیری تورك (ڕوشتو ئونور)ـه‌وه … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ
                                        (1)پوخته
كە دەمرم دایە
تەنیا ئەو ته‌ڕایه‌تییه‌ت بۆ دەمێنێتەوە  ..
لە بری قەرز ، 
قەساب چاكەتەكەم دەبا
بەقاڵ باڵتۆكەم  ..
بەڵام
چی لە دوای من ڕوودەدا 
لە چیرۆكەكانی دڵداری 
لە قەسیدەكانم  ..
ئەی تۆ 
چۆن بە تەنیا
ڕووبەڕووی ڕۆژت دەبییەوە ؟
چۆن تەماشای 
سیمای خەڵك دەكەی ؟  
بە كورتی دایە 
هیچ سامانێكم ،
لە عەمبارەكاندا نییە و
هیچ ژنێكیش لە ماڵەوە  ..
بە ڕووتی هێنامتە دونیا و
بە ڕووتیش دەڕۆم .
                                            (2)به‌ختیاری
من ئازارده‌ر نیم 
من ،
وەكو هەنگم لە شانە و
وەك مەل لە هێللانەیدا
بە ئیشوكاری خۆمەوە سەرقاڵم و
لەژێر شەپقەی خۆمدا دەژیم
خەندەم ،
كە هیچ بیانوویەكی نییە
لە خۆشیان ،
بەڕێوباناندا دێ و دەچێ  ..
ئەم شێتییەش ،
تا دەگاتە ئەوپەڕی شێتایەتی
لە ناخمەوە دێ  ..
من لاڵ نیم تا بێدەنگ بم
وێنەی مردووان
لەم دونیایە جوانەدا .
                                              (3)نۆستالیژیا
دەبێ بزانی
شارە خۆشەویستەكەم
من بێ خەون ژیام
وەختی خەوتنی كرێكاران
هاڕمۆنیكەم
لە شەقام لێ دەدا  ..
تۆ بۆ منی
شارە خۆشەویستەكەم
وەك دەست و چاوەكانم
شارە خۆشەویستەكەم
ئێستا ،
هەموو شتێك ئامادەیە
بەجێت بێڵم
كەشتی ئامادەیە
چارۆگەكان بۆ تەی كردنی دەریا
كراونەتەوە  .. 
بەڵام بۆچی
مردوو یەخەم بەرنادەن ؟
(*) ڕوشتو ئونور : شاعیری تورك ( 1929 ـ 1942) ماوه‌یه‌ك مامۆستا و ماوه‌یه‌كی دیكه      فه‌رمانبه‌ر بووه له كانگه‌كانی خه‌ڵوز، وه‌ك ده‌بینین به‌گه‌نجی كۆچی دوایی كردووه ، قه‌سیده‌كانی له زۆربه‌ی ئهنتۆڵوژییاكانی شیعری توركیدا هاتووه و به‌هه‌ند وه‌رگیراون.                      
  برِوانە سايتى گۆڤارى (كيكا) :
 http://www.kikahmagazine.com/?p=4952
و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

 
			 
			 
			