Skip to Content

دیکارت ڕووبه‌ڕووی تاریکی و تاریکیخوازەکان دەبێته‌وه‌.. نووسینی/ هاشم صالح.. وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

دیکارت ڕووبه‌ڕووی تاریکی و تاریکیخوازەکان دەبێته‌وه‌.. نووسینی/ هاشم صالح.. وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

Be First!
by تشرینی یه‌كه‌م 12, 2025 General, Opinion


بلیمه‌تی گەلان، هی هەموو گەلێك، بەزۆری لەنووسەر و شاعیر و فەیلەسوفە گەورەکاندا بەرجەستە دەبێت. هەر بۆیە دەڵێین دیکارت فەرەنسایە، شکسپیر ئینگلتەرایە، سێرڤانتێس ئیسپانیایە، دانتی ئیتاڵیایە، موته‌نه‌بی نەتەوەی عەرەبە…هتد. ئه‌مه‌ش هەرگیز ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ جگه‌ له‌وانه‌ بلیمه‌تی دیكه‌ نه‌بن، به‌لكو ته‌نیا بۆ نموونه‌ ده‌هێنرێنه‌وه‌. سەبارەت بەدیکارت، بەناوبانگترین فەیلەسوفە لەمێژووی فەرەنسادا. کەس ناتوانێت بۆ لوتکەی ناوبانگ و شکۆمەندی، كێبڕكێی لەگەڵدا بکات. كه‌واته‌ ئەو کەسە کێیە کە ناوبانگی گەیشتووەتە هەموو گۆشەکانی زەوی؟ هیچ زانکۆیەکیش لەدونیادا نییە فەلسەفەی دیكارتی تێدا نه‌خوێندرێت. کەواتە ئەو (پاڵەوانە بوێره‌ی بیرکردنەوە)، وەک ئه‌وه‌ی هیگڵ جارێک وه‌سفیكردووه،‌ کێیە؟
ڕەنگە خوێنەر سەری بسوڕمێت ئەگەر پێی بڵێین دیکارت بەردەوام لەژیانیدا هەڕەشەی لەسەر بووه‌. هەر لەبەر ئەو هۆکارەشه‌‌ دوای ئه‌وه‌ی نیشانەکانی بلیمه‌تییان تێدا بینی، هاوڕێكانی ئامۆژگارییان کرد دەستبەجێ فەرەنسا جێبهێڵێت. پێیان گوت: “تۆ تەنیا كه‌سی بتوانی ڕاستی و ڕێڕه‌وی گه‌یشتن به‌ڕۆشنگەری و ڕزگاربوونمان بگریته‌ ئه‌ستۆ، بۆیە تۆ چیتر هی خۆت نیت، بەڵکو موڵكی هەموو فەرەنسا و سه‌رجه‌م مرۆڤایەتیت. ئێمە دڵخۆش نابین چونكه‌ بەجێمان دەهێڵێ. داواشت لێ ناکەین بەئارەزووی خۆت ئەو کارە بکەێ. بەڵام ئەگەر لەوڵاتدا بمێنیتەوە سەرت لەبازنەی سووری مەترسیدار دەبێت. ئه‌وسا ڕەنگە پێش ئەوەی ڕاستییەکان بخه‌یته‌ڕوو و بەرهەمە گەورەکانت بنووسیت، له‌ناوتبه‌رن. ئەمەش زیانێكه‌ قەرەبوو ناکرێته‌وه”‌.
جا له‌به‌رچی وایان پێ وت؟ چونکە ئه‌وسا فەرەنسا هاوشێوه‌ی هەندێک بەشی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی ئێمە، ئسولی(1) تاریكخوازی كۆنه‌په‌رستانه بوو. کاسۆلیکی پاپایی زۆرینە بوو. مەزهەبەکانی تری ده‌چه‌وسانده‌وه‌ و بەکافری داده‌نان و نەشیده‌هێشت هەناسە بدەن، تەنانەت هەناسەدان. لەوێدا بەپێچەوانەی ئینگلتەرا و سویسرا و هۆڵەندا، ئازادی فیکری نەبوو. هه‌رچه‌نده‌ ئەوان وڵاتانی پرۆتستانتی بوون، لەناو دەریای فراوانی مەسیحی کاسۆلیکی پاپاییدا کەمینە بوون. جا بەو پێیەی حه‌ق هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ دایه‌ هه‌تا ئەگەر هەڵەش بێت، بۆیه‌ لەبەرژەوەندی دیکارتی کاسۆلیکیدا بوو له‌لای پرۆتستانته‌ زه‌نده‌قییه‌ لێبوردەتر و عه‌قڵانیتر له‌چه‌مكی ئایینی مه‌سیحی، بژیه‌ت. ئەمە دەڵێن هەرچەندە ئەوان لەلایەن زۆرینەی کاسۆلیکەکان بەکافر دادەنران، کە خوێنیان بەحه‌ڵاڵ دەزانرا و بەسەربڕینیشیان هەوڵیان دەدا لەخودای گەورە نزیک ببنەوە. ئەو کاتە شتەکان بەو شێوەیە بوو. ئەوروپا چەنده‌ گۆڕاوە. لەپێشان چۆن بوو و ئێستاش چۆنه‌؟!
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت دیکارت لە سەردەمی کاردیناڵی بەناوبانگ ڕیشێلیۆ و شا لویسی سێزدەدا ژیاوە. کاردیناڵه‌ پیره‌كه‌ ناچار بوو لەگەڵ ئسولییه‌ مەسیحییەکان په‌یمان ببه‌ستێ کە ئه‌وسا ئه‌وان به‌سه‌ر تێكڕای گه‌ل زاڵببوون. پێویستە ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرین مرۆڤی سادە و نەزان هەمیشە لەگەڵ ئسولییه‌كان و پیاوە ئایینیەکانن. سەیری لای ئێمه‌ بکەن، بۆ نموونە ئەوانه‌ی لەئێران و تورکیا و سه‌رتاسه‌ری جیهانی ئیسلامی ڕوودەدات… خۆ دیکارت لەسەدەی حەڤدەمدا ژیا و ئێمەش لەناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکداین، واتە 400 ساڵ دوای دیکارته‌وه‌. كه‌چی هێشتا ئێمە لەهەمان تەمومژاوی ئایینیدا نغرۆ بووین. ئێمە هێشتا هاوشێوه‌ی ئه‌و و ڕەنگە زیاتریش لەو، له‌ئسولییه‌كان دەترسین…
ئسولییه‌ مەسیحییەکانی ئه‌وسا نوێنەرایەتی توندڕەوه‌ کاسۆلیکییه‌كانیان دەکرد، له‌ناویشیاندا ڕێکخراوێکی مەترسیدار بەناوی (کۆمەڵەی ئیکاریستی)(2) هه‌بوو. ئەو ڕێکخراوە پەیوەست بوو بەهەواڵگری گشتی و ئەرکه‌كه‌شی ڕاوه‌دوونانی ئەو کەسانە بوو کە بەدوژمنی ئایین یان به‌لادەر لەڕێگای ڕاستیان داده‌نا. واتا ڕاوه‌دوونانی ئه‌و کەسانەی کە بە (دوژمنی خودا) ناویان دەبرد. واتا سه‌رجه‌م ئەو زانا و ڕۆشنبیره‌ رووناكخوازانه‌ی کە دەیانویست لەدەرەوەی چوارچێوەی ئسولی مەسیحی چه‌قداكوتراو یان پابه‌ندوونی خنكاوی كۆمه‌ڵایه‌تی، بیر بكه‌نه‌وه‌.
دیکارت هەرگیز بێدین نەبووه‌، بەڵکو باوەڕی قووڵی بەخودا هەبووە. بەڵام لەئەنجامدانی ڕێوڕەسمه‌ مەسیحییه‌كان، خۆی به‌دوور ده‌گرت. نه‌یده‌توانی هەموو ڕۆژەکەی بە بەشداریكردن قوداس و نوێژ و عیبادەته‌كان بەسەر به‌رێت. ئه‌مه‌و وەک هەر بلیمه‌تێكی دیكه‌ش شه‌یدای گەڕان بەدوای حەقیقەتدا بوو، لەکاتێکدا به‌لای ئسولییه‌كان حەقیقەت لەوێ دایه‌ و پێویست بەگەڕان بەدوایدا ناکات. لەکتێبە کۆنە كه‌له‌پووریه‌كاندایه. واتا ئەو کتێبە زەرده‌ تۆز لێنیشتووانه‌ی کە بناغەی ئایدیۆلۆژی و فیدباكی ڕۆحی گەلی مەسیحی و کۆمەڵگایان بەگشتی پێکهێناوە. ئه‌وسا قەشەکان دەیانگوت: ئەی فەیلەسوفی لووتبه‌رز! بۆچی بەدوای حەقیقەتدا ده‌گەڕێی لەکاتێکدا حەقیقەت لەکتێبە ئاینییە پیرۆزەکانماندایە؟ دواتر دیکارتی به‌ڕێز تۆ کێیت تاكو تەحەدای دەسەڵاتی ئیلاهی بکەیت؟ ئسولییه‌كان له‌و سەردەمه‌ بەو شێوەیە فەیلەسوف و زانایانان ترساند.
جگە لەوەش کاسۆلیکەکان خۆیان بەتاکە ڕێڕه‌وی ڕاستەقینە لەئایینی مەسیحیدا داده‌نا. هەر بۆیە ئەوانی دیکەی وەک پرۆتستانته‌كان و ڕێڕه‌وه‌كانی دیکەیان به‌كافر ده‌زانی و بەزه‌نده‌قییان ده‌ناساندن. (کۆمەڵەی ئیکاریستی) کاسۆلیکی مەترسیدارترین دەزگای هەواڵگری و نهێنیترینان بوو. لەناو هەموو چین و توێژەکانی خەڵکدا بەربڵاو بوو، بەڵام نەده‌بینرا. ئامانجی ئەوە بوو هەر کەسێک کە هەر ئارەزوویەکی بۆ ئازادی نیشان بدات، تەنانەت ئەگەر زۆر سنوورداریش بێت جاڕی لێبدات. فەقێیەکانی سۆربۆن، یاخود زانایانی لاهوتی مەسیحی، چاودێری هەموو کتێبە چاپکراوەکانیان دەکرد و هەر شتێکیش له‌ناویاندا پێیان وابووایه‌ پێچەوانەی ئایینه‌، لایان دەبرد.
لەوەش خراپتر، كه‌سانی سه‌ر به‌ڕیشێلیۆ (هەواڵگر لەسەر هەواڵگری) بوون. ئەوان سیخوڕییان بەسەر هەموو کەسێکدا دەکرد، بە پۆلیس و خودی کۆمەڵەی ئیکاریستیشەوە! كه‌واته‌ لەکەشێکی ئاوا خنكێنه‌ردا دیکارت چۆن ده‌یتوانی بژی؟ چۆن دەیتوانی هەناسە بدات، یاخود ئەو فەلسەفە نوێیە دابهێنێت کە لەناخیدا دەله‌ریه‌وه‌؟ لەبەر ئەو هۆیه‌ بوو وڵاته‌ کاسۆلیکیه‌كه‌ی خۆی بەجێهێشت و بەرەو هۆڵەندای پرۆتستانتی ڕۆیشت كه‌ زۆربەی ژیانی لەوێ به‌سه‌ربرد و هەموو کتێبەکانیشی تێدا چاپ کرد. لەڕاستیدا ئه‌و لەژێر پەردەی تاریکیدا جێیهێشت، دوای ئەوەی بیستی کاردیناڵ ڕیشێلیۆ پلانی داڕێژتووه‌ لەڕێگەی یەکێک لەپیاوەکانی کۆمەڵەی ئیکاریستی، تیرۆری بکات… لەسەرەتادا کەس نه‌یزانێ بۆ كوێ چووه‌، دواتر جگه‌ له‌چەند هاوڕێیەکی دڵسۆزی، كه‌ پێی وتبوون نهێنی ته‌واوی ئه‌و بپارێزن، ناونیشانی خۆی به‌كه‌سی دیكه‌ نه‌دا. ئەوانیش زیاتر لەخەمی ئەودا بوون وه‌ك ئه‌وەی لەخه‌می خۆیاندا بن، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، چونکە دەیانزانی کە ئەو تاکە بیرمەندە بتوانێ ببێته‌ جێگرتنەوەی فرانسیس بیکۆنی ئینگلیزی، و ڕاستییە تەمومژاوییەكانیش کە تەنیا خۆیان دەده‌نه‌ دەست بلیمه‌تان یان بلیمه‌تی بلیمه‌تان، بدۆزێته‌وه‌.
به‌و شێوه‌یه‌ له‌به‌رده‌م دۆسته دڵسۆزه‌کانیدا سوێندی خوارد که له‌ئێستا به‌دواوه زۆر وریا ده‌بێت و تا بشتوانێت ژیانی خۆی ده‌پارێزێت. هه‌موو هه‌وڵه‌کانیشی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕاستی زانستی- فه‌لسه‌فی و خزمه‌تکردنی تۆخمی مرۆیی ته‌رخان بكات. بەڵێنیشی پێدان بەزووترین کات بگاته‌ میتۆدی عەقڵانی و کلیلی فەلسەفه‌ی دروست. ئه‌وه‌ بوو لەتەمەنی چل و یەک ساڵیدا گەیشتە ئەو ئەنجامە کاتێک کتێبه‌ بەناوبانگه‌كه‌ی بەناوی (وتارێک لەسەر میتۆد) نووسی. بەڵام دوای ئەوەی لەبارەی دادگاییکردنی گالیلۆی بیست، لەترسی تووڕەیی کڵێسە، بەبێ واژۆ بڵاویکردەوە. بەو شێوەیە رۆژی 8 ی حوزەیرانی ساڵی 1637 یەکێک لەگەورەترین دەقە فەلسەفییەکانی مێژوو چاپ و بڵاوکرایەوە. دواتر دەقێکی دیکەی به‌دواداهێنا کە گرنگیەکی له‌وه‌ی پێشوو كه‌متر نەبوو، ئەگەر زیاتریش نەبێت. ئه‌ویش: (تێڕامانه‌ میتافیزیکییەکان)ی ناوه(3).‌
ڕاستە دواجار گەیشتنە دیکارت، ئه‌و كاته‌ی فرانسوا ڤیۆجی ئسولی کاسۆلیکی لەزەویه‌ دووره‌ ده‌سته‌كانی سوید، له‌ڕیگه‌ی بەژەهراویکردنی خیانەتکارانە لەناو کەنیسەدا تیرۆری کرد. بەڵام بەرهەمە سەرەکییەکانی نووسیبوو و گەورەترین دۆزینەوەکانیشی به‌جێگه‌یاندبوو. لەڕاستیدا ئەوان لەفەلسەفە ڕۆشنگەر و عەقڵانییەکەی ئەو به‌سه‌ر چه‌مكه‌‌ تائیفی و تەکفیری و تاریکی ئایینی مەسیحی، ده‌ترسان. هەر بۆیە تیرۆریان کرد، پاشان هزره‌كه‌شیان تیرۆر کرد، ئه‌و كاته‌ی ڤاتیکان بەرهەمەکانی خستە ناو لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکان. بەڵام بێسوود بوو چونكه هزره‌كه‌ی وەک ئاگری ده‌م پووش و په‌ڵاش به‌هەموو ئەوروپادا بڵاوببۆوە.
لەکۆتاییدا با ئەو پرسیارە بکەین: ئەمڕۆ ڕۆشنبیری عەرەب لەچ سەردەمێکدا دەژی؟ لەسەدەی بیست و یەکدا دەژی یان سەدەکانی ناوەڕاست؟ وەڵامەکە ئەوەیە ئەو لەسەردەمی ئسولی و ئسولییه‌كاندا دەژی، هاوشێوه‌ی دیکارت لەڕۆژگاری خۆیدا. بەڵێ ئه‌و لەسەردەمی (ابو مصعب السوری) دەژی، کە جارێک وتی: “توندوتیژی فه‌ریزه‌یه‌ و تیرۆركردنیش سوننەتە”. ئەو هەمان ئەو (ابو مصعب الزرقاوی)یه‌ قێزەون‌ و بەدناوه‌ نییە، کە سەردەمانێک عێراقی خه‌ڵتانی خوێن كرد و لەکۆتایشدا داعشی هه‌ڵهێنا. دواتر ابو مصعب السوری وتی: “تیرۆرکردنی ڕۆشنبیران زۆر گرنگترە لەتیرۆرکردنی سەرۆک و زه‌عیم و سەرکردە سیاسییەکان”. له‌به‌رچی؟ چونکە ئەوان سەرکردەی هزرن له‌جیهانی عەرەبی و كه‌واته‌ بۆ ئێمە لەسەرکردە سیاسییەکان مەترسیدارترن. ئەوان لەگەڵ ئێمە کێبڕکێ دەکەن بۆ دڵ و مێشکی نەوەكانی دواتر. ئەوان دەیانەوێت جەماوەرمان لەدەست دەربهێنن. هەرگیزیش ڕێگە بەوه‌ نادەین. ئەمە بۆ ئێمە هێڵی سوورە. بۆیە تیرۆرکردنیان بەئەرکێکی ڕەهای ئایینی دادەنرێت. بەو شێوەیە تێبینی دەکەین بەو زووانە له‌جیهانی عەرەبیدا جه‌نگێكی گەورەی هزری لەنێوان ڕۆشنبیرانی ئسولی و ڕۆشنبیرانی رۆشنگه‌ری هەڵبگیرسێت. كه‌ تێیدا هەموو چەکێکی یاسایی و نایاسایی بەکاردەهێنرێت. زۆر توند و دڕندانه‌ش دەبێت. کۆتایشی نایەت تەنیا بەسەرکەوتوو و دۆڕاو نەبێت.

نووسینی/ هاشم صالح
وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا


سه‌رچاوه‌ : https://aawsat.com/ 7/ 7/ 2025
(1) ئسولییه‌تFundamentalism فاندامێنتالیزم، بنەماخواز، بەواتای گرژی لەباوەڕی ئایینی دێت. (وه‌رگێڕ)
(2) رابطة القربان المقدس
(3) مه‌به‌ستی كتێبی (تێڕامانه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی یه‌كه‌م Meditationes de Prima Philosophia) ـه‌ كه‌ ساڵی 1641 بڵاویكرده‌وه‌. (وه‌رگێڕ)

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish
Powered by TranslatePress