
ڕێی قافێ.. نووسینی: ئامانج شێروانی
لەلای نیو ستیی کۆن، یان باشتر بڵێم سوپەرمارکێتی هەورێ، ویستم شۆڕ ببمەوە بۆ چوارڕیانی ڕۆناکی. وەکوو هەر کەسێکی شارستان لەسەر شۆستەکە، لە کەناری شۆڵانی شێستی ملی ڕێگەم گرت و هێدی هێدی شۆڕ بوومەوە. پەنجا مەترێک لە شوێنی خۆم دوور نەکەوتبوومەوە شینە تڕومبێلێکم لەپێش خۆم بینی، تڕومبێل چ تڕومبێل، دەتگوت فیلە فیل! سەرباری ئەوەش بەپانی وەستابوو و شۆستەکەی لەت کردبوو. ویستم خۆمی لێ لابدەم، بەڵام خەونم خەونی حوشتری بوو، نە لەملای شوێنم هەبوو ڕەت ببم، نە لەولا. بیرەکم لێی کردەوە و ویستم بچمە سەر شۆڵانە بەجممەکەی شێستی! هەیهوو، هەیهوو، مەگەر ڕێی قافێ ئاوا بوایە. تڕومبێل لەدوای تڕومبێل، وەک ئەوەی لەگەڵ مایکڵ شوماخەر لە پێشکبڕکێدا بن ئەم شۆڵانەیان وەکوو مووس دەبڕی! هەر شتێکیان بهاتایە پێشی جیپڕقاویان لێ دەردەهێنا.
کەسێک، ئەگەر بشیەوێت، لەنێو جەرگەی شاری هەولێرێ ناتوانێت لە گەڕەکەکەی خۆی بەئاسانی کیلۆمەترێک بەپێ بڕوات. شۆڵانە پانەکە پڕیەتی لە تڕومبێلی زەحف تیژڕەو، شۆستەکانیش شوێنی وەستانی ئەو تڕومبێلانەن کە ماندوو بوونە و چاوەڕێ دەکەن پشییەکیان بێتەوە بەری، تاوەکوو دیسان بڕۆنەوە سەر شۆڵانەکە و پێشبڕکێیەکەیان تەواو بکەن!
ئەگەر ئەم شۆستەشۆڵانە بۆ کەسێکی وەکوو من ئاوا مەترسیدار و ئەستەم بێت، دەبێت بۆ کەسێکی کەمئەندام، بە کورسیی چەرخەدارەوە چۆن بێت؟ ئەو کەسەی کە تڕومبێلەکەی لەسەر شۆستە ڕادەگرێت بیر لە هیچ کەسێک ناکاتەوە؟ ئەو ئەندازیارەی کە ڕێگاوبانەکان دەسازێنێت، جگە لە وەنەوشە و ئۆبامایەکان چاوی هیچ کەسی تر نابینێت؟ ئاخۆ دەبێت هەتا کەی شارەکەمان بۆ ئاسنی بێگیان دروست بکەین؟ تاکەی دەبێت مرۆڤە ساخ و کەمئەندامەکانمان ڕۆژانە بنێرینە ڕێی قافێ و جارجارەش چەندێکیان بە تڕومبێلەکانمان پان بکەینەوە!