Skip to Content

پوختەی ئیدیتکراوی وتووێژی ئەسد نۆدینیان لە “کاناڵی دیدار” لەگەڵ موئەیەد ئەحمەد

پوختەی ئیدیتکراوی وتووێژی ئەسد نۆدینیان لە “کاناڵی دیدار” لەگەڵ موئەیەد ئەحمەد

Closed
by نیسان 7, 2021 General, Opinion


دەربارەی ڕووداوەکانی عێراق و کوردستان


ئەسەد نۆدینیان: ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵک چ لە عێراق و چ لە کوردستان هەر بەردەوامە… دەسەڵات لە دڵی ئەم بارودۆخەدا هەر جارە بەڵێنێک ئەدا بۆ چارەسەری وەزعەکە، بەڵام دەستبەرداری هێرش نەبووە بۆسەر خۆپێشاندەران و سەرکوتکردنیان. ئیستاش لەم بارۆدۆخەدا پرۆژە یاسایەکیان هێناوە بۆ “دادگای فیدرالی” عێراق کە خەریکە “مەرجەعیەتی” دینی بکاتە حەکەم بۆ یەکلاکردنەوەی بریارەکانی ئەم دامەزراوەیە. ئەم پڕۆژە یاسایە و شۆینەواری چیە؟ وە بۆچی ئیستا؟

موئەیەد ئەحمەد: مەبەستی ئیسلامیەکان لەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە دەستەیەکی (هەیئەیەکی) “فەقیهی” بۆ “دادگای فیدارڵی” عێراق، کە دادگایکی گشتی هەموو عێراق و کوردستانیشە، دابنێین تا زامنی پیادەکردنی “شەریعەی ئیسلامی” بێت لەم دادگایەدا و هەقی ڤیتۆشی هەبێت. دیارە ئەم دەستەیە ئەبێ لە نوینەرانی هەر دوو مەزهەبی شیعە و سونە لە عێراقدا پێکهاتبێ. زۆر لە فراکسیۆنە پەرلەمانیەکانی ئیسلامیەکان پێدائەگرن لەسەری وە وا دانراوە کە ڕۆژی دووشەمە (١٥-٣-٢٠٢١) لە پەرلەمان بریاری لە سەر بدرێت. لە هەمان کاتدا، دیبەیت لەسەر ئەوە هەیە کە ئەو دەستەیە دەوری مەشوەرەتیان هەبێت، یا ئەندامی دادگاکە بن و بە هەقی ڤیتۆوە. دیارە ئەوانەی پرۆژەکەیان هیناوە نیازیانە ئەم یاسایە بسەپێنن وەک ئەوەی کە لە ئێراندا هەیە بە ناوی “ئەنجومەنی تەشخیسی بەرژەوەندی ڕژیم”. خەڵك بەرنگاری ئەم کارەی ئیسلامیەکان بوەتەوە بەتایبەت لە سۆشیال میدیادا و ناڕەزایەتی خۆیانیان دەربڕیوە وە گەر ئەم پرۆژەیە فەرزبکەن سەنگەرگرتن و شۆێنخۆشکردنێکی تری ئیسلامی سیاسیە لە ئاستی دەوڵەت و لە نیو داداگادا بۆ سەقامگیرکردنی خۆیان وە زەربەیەکە لە ژیانی مەدەنی.
ئەوەی گرنگە لەمبارەیەوە ئەوەیە کە ئەم هەوڵ و تەقەلایەی ئیسلامیەکان لە کەش و هەوایەکدا بەڕیوە ئەچێ کە خۆیان لە ئەسڵدا دەرگیری قەیرانیکی گەورەن، و ئەم هەوڵەیان لە ئاکامی سەرکەوتن یا خود سەقامگیر بوونی زیاتریان نیە.
یەکێک لە پایەکانی نیزامی سیاسی بورژوازی، بە دیاریکراوی نیزامی سیاسی بورژوا لیبرالی، ئەوەیە کە یاسا وە دادگا سەربەخۆ بێت لە دامودەزگاکانی تری دەوڵەتی بورژوازی. بەم جۆرە گەر ئەمان ئەم یاسایە تێپەڕینن بە سەر عێراقدا، بە مانەیەک، جارێکی تر زەربەیەک ئەدەن لەو سەربەخۆییە ڕووکەشەیەش کە خودی دەسەڵاتداریەتی بورژوازی ئەمرؤی عێراق ئیدیعای ئەکات، لە نیوان دادگا و دەزگاکانی تری دەوڵەتدا وە زەربەدانێکە لە مەدەنیەتی دەوڵەتی بورژوازی بە گشتی لە عێراقدا کە ئاکامەکانی لە دواشیکردنەوەدا لە زەرەری جەماوەری زەحمەتکێش و ژنان ئەشکێتەوە. هەر بۆیە ئەم کارەی ئیسلامیەکان سیاسەتێکی کۆنەپەرستانە و دژە ئازادیە و پێویستە هەموو ئازادیخوازێک هەڵوێستی هەبێ بە دژی.
لە دەستوری ٢٠٠٥ عێراقدا هاتووە کە هیچ یاسایەک نابێ پێچەوانەی شەریعەی ئیسلامی بێت، ئەمەش بەهانەی داوە بەدەست ئەم هیزە ئیسلامیانەوە کە هەوڵبدەن لە دادگای فیداراڵیدا دەستەیەکیان هەبێ و بەرگری لە جێبەجیکردنی شەریعەت بکات. هەر بۆیە پێویستە لەبنەرەتدا هەوڵ بدرێ کە شەریعەی ئیسلامی لە دەستوردا وەلابنریت، و خەبات بکەین بۆ ئەنجامدانی و ئەمش بکرێتە کەمپێنێکی بەهیز بۆ ڕەتدانەوەی ئەم پرۆژەیەی ڕەوت و حزبەکانی ئسیلامی سیاسی و پاشەکشە پێکردنیان.

ئەسەد نۆدینیان: دەسەڵاتی دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسین دەسەڵاتێکی قەومی و مەزهەبیە کە تێکەڵەیەکە و یەکدەست نیە. ئەڵبەتە جمهوری ئیسلامی بە سەرکوتی شۆڕش هات و “مەرکەزی ستراتیژی بەرژەوەندیەکانی” نیزامی ئێرانی دامەزراند، و خۆی فەرزکرد. لە وەزعی عێراقدا چەندە چانسی ئەوە هەیە کە دەسەڵات ببێتە ستراکچەرێکی دامەزراو و سەقامگێر بەو کێشمەکێشانەی کە ئێستا هەیەتی؟

موئەیەد ئەحمەد: دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە عێراقدا وەک ئێران نیە. هەر وەک خۆت وتت، لە ئێراندا شۆرشیک بووە وە لەسەر بناغەی سەرکوتی ئەو شۆڕشە، لە لایەن هیزەکانی دژە شۆڕشی ئیسلامی سیاسیەوە، ڕژێمی ئیسلامی و یاساکانی سەپێنراوە و بە هەموو مانای ووشە “کۆماری ئیسلامی ئێران” دامەزرێنرا. بەڵام ئیسلامی سیاسی لە عێراقدا هەر لە یەکەم ڕۆژی هاتنیەوە بۆ ناو گۆڕەپانی دەسەڵاتداریەتی پڕ لە ناکۆکی بووە و ئیستاش هەیە، و لە پەیوەند بە سازدانەوەی دەوڵەت لە عێراقدا، لە لایەن ئەمریکاوە، هاتۆتە ناو “پرۆسەی سیاسی” و حوکمڕانیەوە.

ئەمریکا پاش ڕوخاندنی ڕژیمی بەعس و داگیرکردنی عێراق کەوتە دەوڵەت و ڕژیم دروست کردن، و ڕەوتە ئیسلامیەکان و حزبەکانیان هاتنە ناو بازنەی بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت لە پەیوەند بەم دەوڵەتسازیەی ئەمریکا و ئەم پرۆسەیەوە، و توانیان دەسەڵات و هێزیان هەبێ و حوکمڕانی بکەن. پێشتر زۆربەیان وەک هیزی میلیشی هەبوون و بنکەی کۆمەڵایەتیان لاواز بوو، ئیستاش لاوازە، و هەر حزب و لایەنیکیان کە بیویستایە لە دەسەڵاتداری نزیک ببێتەوە، ئەبوایە بێتە ناو ئەم پرۆسەی دەوڵەتسازیەی ئەمریکاوە کە ناوی نراوە “پرۆسەی سیاسی”.
بەهەر حال، دەسەڵاتداری ئیسلامی سیاسی لە عێراقدا، لە ئاکامی ئەوەوە نەبووە کە هێزێکی کۆمەڵایەتی گەورە بوبێت و هاتبێ و دەسەڵاتی گرتبێتە دەست، یا خود شۆڕشیکی لە ناو بردبێت و ئینجا فەرمانڕەوایی بکات، وەک ئەوەی لە ئیراندا ڕوویدا. ئەم ڕەوت و هیزانەی ئیسلامی سیاسی هەمێشە لەم ناکۆکیەدا ژیاون، کە لە لایەک، نیزامێکی سیاسی بورژوازی هەیە کە بە پاڵپشتی بورژوازی ئیمپریالیستی و جیهانی دروست کراوە لە عێراقدا، و لە لایەکی ترەوە، ئەمان لە دەسەڵاتدان بە هۆی ئەم دەوڵەتەوە و لە پەیوەند پێوەی.
لە ڕاستیدا ئەو پرۆسەیەی کە ئیسلامی سیاسی بتوانی لە عێراقدا هاوسەنگی هێز بگۆرێت لە بەرژەوەندی خۆی تا ئاستی ئەوەی کە عێراق ببێتە ڕژێمێکی ئیسلامی تەواو عەیار، لە گەڵ ڕاپەرینی ئۆکتۆبەردا چوە دۆخێکی ترەوە کە دۆخی قەیران و خەستبوونەوەی ناکۆکیەکانی خودی ئەم ڕژیمەی ئیسلامی سیاسیە. ئەوەی کە ئەم ئیسلامیستانە هاتوون لە ئیستادا ئەم پڕۆژەیە بسەپێنن و دادگای فیدراڵی ئیسلامیزە بکەن و سوود لەو مەسەلە دیاریکراوە وەرگرن کە لە ناو دەستوردا جێگیرکراوە، ڕزگاریان ناکات لە قەیران و ئەو پرۆسە ڕوو لە داچونەی کە تێیکەوتوون.
سەرجەم ئەم پرۆسەیە و کیشمەکێشی دوو باڵی وە سێ باڵی ناو ڕژێمی عێراق ڕوون نابێتەوە بۆمان گەر ئەم قەیرانە و ئەم ناکۆکیانە نەناسین. بەدەر لە ململانێی نیوان باڵەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە، ئەتوانینن بڵیین کە دوو باڵی سەرەکی هەیە لە پێکهاتەی ڕژیمی سیاسی بورژوا قەومی و ئسیلامی عێراقدا.

یەکەمیان، ئەم نیزامە سیاسیەی بورژوازیە کە بە پاڵپشتی ئەمریکا و بورژوا ئیمپریالیستی ڕۆژئاوایی و بورژوازی نیودەوڵەتی دامەزراوە. ئەڵبەتە ئەمریکا هیزی سەربازی هەبێ لە عێراقدا یا نە، لەو مەسەلەیە ناگۆڕیت. ئەمە بەشیک و باڵێکی بناغەیی ڕژیمی سیاسی بورواژزی دەسەڵاتدارە و لە بناغەدا سەر بە ئەمریکایە و بەشەکەی تر وە یا باڵەکەی تری ڕژێم، ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسیە بە هەموو لایەنەکانیەوە کە بۆ خۆشیان چەند باڵی و چەند لایەنین و تەنانەت هەندیکیان ڕاستەوخۆ “موالین بۆ ئیران” و گرێدراون بە ئیرانەوە و سیاسەت و ستراتیژی ڕژیمی ئیسلامی ئیران ئەبەنە پێشەوە لە عێراقدا.

ئەسەد نۆدئینان: لەم دوایانەدا پاپا سەردانی عێراقی کرد و دیداری ئەو لەگەڵ عەلی سیستانی ئەنجامدرا. ئەوە ڕۆشنە کە مەرجەعیەت لە عێراق کێشە ودابڕانی هەیە لە گەڵ رژیمی ئسیلامی لە ئێران و ولایەتی “فەقهی”. هەروەها کازمی ڕۆژی ٦ مارس کە ڕۆژی دیداری سیستانی و پاپا بوو وەک ڕۆژی لیبوردنی گشتی ڕاگەیاند. وا دەرئەکەوێت کە ئەیەویت بەدیلێک بدات بۆ وەڵامدانەوە بەم وەزعە ناکۆکە. ئەم سەردانەی پاپا چەند ئەکەوێتە نیو چوارچێوەی کێشمەکێشەکانی ناوخۆی عێراق کە ڕوخساری کێشمەکێشی ئەمریکا و ئیرانی پێوە دیار بێت؟

موئەیەد ئەحمەد: دیداری پاپا و سیستانی پەیامێکە بۆ ئیران کە بورژوا ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا، ئەوەندەی پەیوەست بێت بە “مەزهەبی شیعی”وە، لەگەڵ “مەرجعیەتی” سیستانی و “نەجەف”دان و هاوئاهەنگن. ئەمەش بۆخۆی سیگناڵ ناردنێکە بۆ ئیران کە پاپا و ڕۆژوئاوا ئیعتراف بە “مەرجەعیەتی نەجەف” و عەلی سیستانی ئەکەن، وەک نوینەرایەتی “شیعەی” جیهانی و لۆکاڵی عێراق. “پرۆسەی سیاسی” دوای ساڵی٢٠٠٣ لە سەر ئەم بنەمایە دامەزرێنراوە کە ئیسلامی سیاسی شیعەی سەر بەم “مەرجەعیەتە” هاوئاهانگە لەگەڵ سیستمی بورژوازی جیهانی و رۆژئاوایی و لەگەڵ دامەزراندنی دەسەڵاتی بورژوا قەومی و تایفی لە عێراقدا.

گەر باسی بنکەی کۆمەڵایەتی لایەنگرانی”مەزهەبی شیعە”ش بکەین، ئەوە ئەو بنکە کۆمەڵایەتیە زیاتر سەر بەم “مەرجەعیەتەی نەجەفە”، گەر تا ڕادەیک بتوانی ڕژیم سەقامگیر بکات. سەرجەم ئەمانە ناکۆکی و ڕیگرین بۆ رژێمی ئیران لە پەیوەند بە نفوزی لە عێراقدا، و ئەتوانم بڵیم، کە جمهوری ئیسلامی ئێران بۆی ناکری ڕژیمێکی سیاسی ئیسلامی وەک ئەوەی خۆی بسەپێنی لەم وولاتەدا.
ئەوەی کە ئیستا ڕژیمی ئیسلامی ئیران ئەنجامی ئەدات لە عێراقدا بە پلەی سەرەکی لە ڕێگەی هێز و حزبەکان و میلیشیاکانی ئیسلامی سیاسی شیعەوەیە وەک حزبی دەعوەی مالکی بە پلەی سەرەکی، و هەندی لە حزب و هیزە میلیشیاکانی تر، ئەمە جگە لە ‌هێزەکانی تری دەرەوی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە لە چەشنی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و هێزەکانی تر کە لە بازنەی بەرژەوەندی دوو تەرەفە و نفوزی جیوسیاسی ڕژێمی ئێراندان. ئەوە ڕۆشنە کە هەموو هیزەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە پەیوەندیکیان بە ئێرانەوە هەیە وە ستراتیژێکی گشتی کۆیان ئەکاتەوە بەڵام ئەوەی کە بگاتە ئەو ئاستەی بتوانن ڕژێمێکی ئیسلامی لە ژیر سایەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بهێننە ئاراوە لە عێراقدا، ئەوە ناکرێ و بۆیان مەیسەر نابێ.
ئەڵبەتە دەستتێوەردان و نفوزی ڕژێمی ئیران لە عێراقدا، لە ڕیگەی حزب و هێزەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە و لایەنەکانی تر، دەوری سەرەکی هەیە لە سەر ژیان و ڕەوندە سیاسیەکانی عێراق، بەڵام ئەمە پڕ لە ناکۆکیە و ئاڵۆزە، وە ئەوەی کە ڕژێمی سیاسی لە عێراقدا بە تەواوی ساغ بێتەوە بە لای ئێراندا، ئەوە نابێت. بە بڕوای من عێراق خاڵی لاوازی ستراتیژی ئێرانە لە ناوچەکەدا و ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر بەجارێ ئەو پڕۆسەیەی تێک شکاند و ئیتر ڕەوەندەکە چوەتە شۆێنێکی تر. وە ئەگە ڕاپەرین زیاتر بەرەوپێش بچێت لە عێراقدا ئەوە بە تەواوی دەرگا لە سەر جێبەجێبونی ئەو سترایتیژیەی ئێران دادەخا.

ئەسەد نۆدینیان: ….. لە ناو جەرگەی ئەم بارودۆخەدا پڕۆژەی “گفتوگۆی نیشتمانی” لە ئارادایە کە کازمی، دوای سەردانی پاپا، ڕێکی ئەخا و بڕیارە هەموو لایەنکان بانگ بکرێن بەشدار بن. ئەمە لە کاتێکدایە، کە کێشە هەیە لە نیوان حکومەتی هەریمی کوردستان و دەسەڵاتی مەرکەزیدا، و مەسەلەی دادگای فیدراڵی هاتۆتە پێشەوە و زۆر کێشەی تر… ئەم پرۆژەیە لە کوێی ئەم وەزعەدا قەرار ئەگڕیت؟

موئەیەد ئەحمەد: وەک ووتم، ڕاپەرینی ئوکتۆبەر زەڕبەیەکی گەورەی داوە لەم ڕژێمە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە ئەکەن کە نزیکەی ٦٠ ڕیکخراو و گرۆپ و حزب دروست بووە، و بەجۆریک خۆیان پەیوەستکردۆتەوە بە ڕاپەرینەوە، کازمی مەبەستی ئەوەیە کە پەیوەندیک دروست بکات لە نیوان هەڵبژاردن و ڕاپەڕیندا، و ئەیەوێت ئەم لایەنانەی کە کازمی و حزبەکانی تری دەسەڵات دروستیان کردوون لەناو ڕاپەرینەکدا، لە ڕێگەی ئەو کەسانەی کە جێگەوڕێگەیەکیان هەیە لە ناویدا، ئەم دایلۆگە بکەن و لایەنێک بن لە “گفتوگۆی نیشتمانی”. ئەمە جگە لەوەی دەنگۆی ئەوەش هەیە کە گوایا بەشێک لە بەعسیەکانیش بێنە ناو ئەم گفتوگۆیەوە. سەرجەم ئەم سیناریۆیە، بەشیكە لەوەی کە لە قەیراندان وە نفوزی کۆمەڵایەتیان لەق بووە. هەر بۆیە ستراتیژکەیان بە جۆریک ئەوەیە کە ئیحتوای ئەم ناڕەزایەتیانە و ڕاپەرینەکە بکەن لە ڕێگەی ڕابەرە ڕیفۆرمیستەکانی وە ئەوانەی ئەیانەوێت قەزیەکە بفرۆشن. بەڵام ئەمە دادیان نادا چونکە قەیرانەکەیان لەوە گەورەترە بەم شیوەیە چارەسەربکرێت.

ئەسەد نۆدینان: …. کۆمۆنیستەکان، ئەبێ چی بکەن بۆ ئەم وەزعە کە ئەم ناڕەزایەتیانە ئاوەها بە فراوانی دەسەڵاتی خستۆتە ژێر پرسیارەوە وە خەڵك بە هێچ لەم سیناریو بەدیلانە وەڵامی پۆزەتیڤی نەداوەتەوە، کۆمۆنیستەکان ئەرکیان چیە کە خەڵک بتوانێ نەفەسی بدات و کۆمەڵگە ئازادی هەبێت؟

موئەیەد ئەحمەد: لە باری سیاسیەوە یەکەم شتت ئەوەیە کە ئیمەش ئەبێ پێدابگرین لە سەر ئەوەی کە ڕاپەرینی ئۆکتۆبەر ویستی تەواوی ڕژێمەکە وەلا بنێت، وە ئەبی پێدابگرین لە سەر ئەوەی کە هیچ جۆرە چارەسەرێ نیە و هیچ جۆرە چاکسازیەک ناتوانی وەڵامی کێشەکانی جەماوەر بداتەوە تا ئەم ڕاپەڕینە و ئەم جەنگەی کە ڕوویداوە بە ئامانجەکانی خۆی نەگات.
ئەوەی کە ڕویداوە جەنگێکی گەورەیە و نزیکەی هەزار کەس گیانی لەدەست داوە، ئەمە جگە لە دەیان هەزار بریندار و هەزاران لە گیراوان و فرێنراون و بێسەروشۆین کراوان. ڕاپەرینی ئوکتۆبەر ٢٠١٩ کە تا ئیستاش بە شیوەیەک بەردەوامە، جەنگێکی هەمەلایەنە و بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەورەیە و ئەبێ بەردەوام کاربکەین کە ئەم قەیرانەی ڕژێم قووڵتر بکرێتەوە و بوار نەدرێت بە چاکسازی و ‌هەڵبژاردن وە وادەی درۆی دەسەڵات و هیزەکانی، بزوتنەوە شۆرشگێڕانەکە لە باربەرن. وە ئەمە مەسەلەیەکی پرنسێپی و بناغەیی ئیمەیە چونکە بە سادەیی پرنسیب و ئامانجی شۆرشگیڕانەی ڕاپەڕینەکە خۆیەتی.

دووهەم: بورژوازی هاتووە ‌هەڵبژاردن ڕێک ئەخا، و هیزە شۆرشگیرەکانی ڕاپەرینش ڕەتی ئەکەنەوە. لە بەرامبەردا، پێوستە كریکاران و هەژاران و جەماوەری ئازادیخوازی ناڕازی و شۆرشگێڕ ڕیزی چینایەتی خۆێان ڕێکبخەن، لە دەرەوی هەڵبژاردن و پەرلەمانتاریزم، و لە هەر ئاستێکدا بێت. هەر لەم ڕاستایەشدا پێویستە کرێکاران ئەم فرسەتە بەکاربهێنن تا ڕیکخراوە خەباتکارە جەماوەریەکانیان دروست بکەن، ڕ‌یزەکانی ڕاپەرین کە زیاتر کڕیکاران و زەحمەتکێشان وە کرێکارانی بێکاری گەنجی کچ و کوڕن، خۆیان ڕیکخراو بکەن بە ئاسۆیەکی ڕۆشن وە بە ئاراستەی ئەوەی کە لەم نیزامە ڕزگاریان بێت تا بتوانن بەرەو ئەنجامدانی بەرنامەی ئاڵۆگۆری ڕیشەیی ئابوری و کۆمەڵایەتی هەنگاو بنێن.

سێهەم: مەسەلەی ژنان کە نیوەی کۆمەڵگەیە كێشەیەکی گەورەیە لە عێرقدا. دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی بە ڕاستەوخۆ دوژمنی سەرسەختی ژنان و ئازادی و یەکسانیانە و لە جەنگێکی بێ ئەماندایە لەگەڵ نیوەی کۆمەڵگەدا. لە ئاکامی پرۆسەی پەرەسەندنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیریی دوو دەیەی ڕابردوو، ژنان ڕۆلیان زیاتر بەرجەستە بۆتەوە لە کێشمەکێشی کۆمەڵایەتی و چینایەتیدا، و هاتونەتە گۆرەپانی سیاسییەوە، بە تایبەت لە ڕاپەرینی ئۆکتۆبەرەوە. لە ئێستادا پێکهاتەی کۆمەڵایەتی چینی کریکار گۆڕاوە و جێگەوڕیگە و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ژنی کریکار و زەحمەتکێش و ژنی بیکارکراو و چەوساوە لە کۆمەڵگەدا زیاتر بووە، وە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەشی کە لە زانکۆکان و مەعهەدەکان دەرئەچن، کچ و کوڕ، لە هەر پێشینەیەکی چیانیتی ووردە بورژوایەوە هاتبن، ئێستا پەیوەست بوون بە ڕیزی پرۆلیتاریاوە وە بیکاری تەنگی پێهەڵچنیون، بەم پێیە، ژنان و کچانی پرۆلیتاریا بوون بە هێزیكی کۆمەڵایەتی گەورە لە عێراقدا. هەر بۆیە، نەک هەر ئەبێ ئاڵای ئەم هێزە پرۆلیتاریە بەرزبکرێتەوە لە بواری خەبات بۆ ڕزگاری ژنان وە بەرگری لە بەرژەوەندە چینایەتیەکانیان، بەڵکو ئەبی ئەم تۆیژە لە ژنان ڕۆڵی ڕابەری سەرجەم بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان بگێڕن.

ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و بێکارکراو، گەورەترین باجیان داوە و زۆربەی کارەساتەکانی چەوساندنەوەی ژن بەگشتی لە کۆمەلگەدا، لە سەری ئەماندا شكێنراوەتەوە. لە ئیستادا کارکتەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان مۆرکی خەباتی ئەم تۆێژە پرۆلیتاریانەی پێوەیە. هەر بۆیە پێویستە کە دەوری پێشڕەویی ببینن هەم بۆ ڕێکخستنی خەباتی ڕۆژانەیان وەک بەشێک لە بزوتنەوەی کریکاری و سۆشیالیستی، و هەم بۆ بەرەوپێشچوون و بەهێزکردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان.
بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە عێراقدا بەکردەوە هاوخەباتە لەگەڵ سەرجەم خەباتی شۆرشگیرانەی سۆشیالیستی پرۆلیتاریا وە پرۆسەی گۆرانکاری شۆرشگێرانە و ڕاپەڕین. دیارە مەبەست ئەوە نیە کە بەشداری ژنان لە ڕاپەڕیندا هەر تەنها پاڵپشتی ڕاپەرینەکە بێت بەڵکو مەبەست ڕۆلبینینیانە لە گۆڕینی ڕاپەرین بە ئاراستەی ئامانجی شۆڕشگێرانە و ئازادیخوزانە کە ئازادی و یەکسانی ژنان پێکهاتەیەکی بنچینەییەتی.

چوارهەم: گەنجانی کچ و کوڕ، کە زۆربەیان یا بێکارکراون و یا کرێکارانی ڕۆژانە و زەحمەتکێشن وە یا دەرچووەکانی زانکۆ و مەعهدەکانن، بە هەموویان تۆیژگەلێكی گەورەی کۆمەڵایەتین و بەشێكن لە پێکهاتەی چێنی کرێکار، بەڵام هێشتا نە لە نەقابەدا خۆیان ڕێکخستووە و نە لە کاتی ڕاپەرین ئۆکتۆبەریشدا توانرا خۆیان ڕێکبخەن لە ڕیکخراوەی جۆراوجۆردا لەوانە گروپی خەباتکارانە و بە کۆمەڵی سەربەخۆی خۆیان.
هەموو ئەوانەی کە باسم کردن ئەرکی دەستبەجێی کۆمۆنیستەکانە کە کاری لەسەر بکەن، و هەر هەنگاۆیک و سەنگەرگرتنیک لەم بوارانەدا ئەبێتە هۆی بەهیزکردن و پتەوکردنی بزوتنەوەی سۆشیالیستی پڕۆلیتاریا و پڕۆسەی شۆرشگێڕانە و ڕاپەرینەکە. پێویستە ئەم ماوەیەی کە هیشتا ڕاپەرین فراوان نەبوەتەوە بەکار بهینریت بۆ ئەوەی بتوانرێ لە گڕسەندنی داهاتوویدا هەنگاوی گەورە بنرێت بۆ پیشەوە.

ئەسەد نۆدینان: …. ئیستا حزبە قەومیەکانی کوردستان لە لایەکەوە لە گەڵ قەیرانێکی گەورە و ئیعترازی خەڵک ڕووبەڕوون، وەک چۆن رژیمی مەرکەزی لە عێراق ڕووبەڕویەتی، و لە لایەکی ترەوە كێشەیان هەیە لە گەڵ دەسەڵاتی مەرکەزیدا و هاوسەنگی هێزی پێشوویان ئیستا گۆڕاوە. ئەمە چ جێگە و رێگەیەکی هەیە؟


موئەیەد ئەحمەد: گەر بوار هەبێت، پێش وەڵامی پرسیارەکەت باسی ڕووداێکی ئەم دواییانەی کوردستان بکەم. (پارتی) (حزبی دیموکراتی کوردستان) بە بڕیاری دادگا شەش چالاکەوانی ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییانەی کوردستانی زیندانی کردووە، وە فەرمانی ٦ سال زیندانی بە سەریاندا داوە. ئەم کارەی (پارتی) هەمان کردەوەی ڕاکێشانی یاسا و دادگایە بۆ ژێر ڕکێفی میلیشیا و دەسەڵاتی ئێستبدادی وە دکتاتۆریەت. ئەڵبەتە ئەمە پێشهاتێکی زۆر خەتەرە و پێویستە بەری پێبگیریت وە نەهێلڕێت سەربگرێ کە یاسا و دادگا بکرێتە ئامڕازی دەسەڵاتی میلیشیایی و ئیستبداد. ئەوە گرنگە بۆ پرۆلیتاریا و ئازایخوازان کە نەهێڵرێت ئەو سەربەخۆیە ڕوکەشیەی کە داداگا و یاسا هەیەتی و بورژوازی دەسەڵاتدار ئیدیعای ئەکا، وەلابنریت و بچێتە خزمەتی دەسەڵاتی میلیشیایی (پارتی)ەوە. دیارە هەنگاوی یەکەم لەم بوارەدا فشار خستنە سەر (پارتی)ە کە ئەو چالاکەوانانە بەر بدات.
بچمەوە سەر وەڵام بە پرسیارەکەت، وەزعی کوردستانیش بە هەمان شیوەی عێراقە. گەر سەیری ڕاپەرینەکەی دیسمبەری٢٠٢٠بکەین، ئەوەی کە سێ مانگ پێش ئیستا لە هەردوو پارێزگای سلێمانی وە ‌هەڵەبجە ڕوویدا، ئەبینین کە هەموو شۆینەکانی گرتەوە، و گەر ئەو سەرکوت و تیڕۆرە نەبوایە لە ناوچەی بادینانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بە هەمان شیوە لەوێش بڵاو ئەبوەوە. ناڕەزایەتی بەرامبەر دەسەڵاتداریەتی لە کوردستان لە هەردوو ناوچەکەدا هەیە و بەهیزە بەڵام بە هۆی هاوسەنگی هێز لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی (پارتی)دا بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەر نەیتوانیوە بێتەدەر.
دەسەڵاتی بورژوا ناسیۆنالیست لە کوردستاندا لە سەر بورکانی قەیرانێکی گەورە وەستاوە و هەر وەک چۆن لە عێراقدا پرۆسەی دامەزراندنی نیزامێکی ئیسلامی لەگەڵ ڕاپەرینی ئوکتۆبەردا گەیشتە کۆتایی ڕیگەیک کە گرتبویەبەر و ڕاپەڕین بنکەی کۆمەڵایەتی ئیسلامی سیاسی لەرزاند، لە کوردستانێش بە شیوەیەکی تر دەسەڵاتداریەتی ناسیونالیزمی کورد لە پڕۆسەیکدا گەێشتۆتە قۆناغی کۆتایی خۆی و لە دەورەیەکی ڕێگوزەری قەیرانداردایە. ئەوەی کە هێزی سۆشیالیستی و کرێکاری لە کوردستاندا ئەو هیز و توانایەی پەیدا نەکردووە تا بتوانی ئەم قەیرانە بگۆڕیت بە شۆرشیک و بە ڕاپەرینێکی کۆمەڵایەتی گەورە، لەو ڕاستیە کەم ناکاتەوە کە پرۆسەکە و قەیرانی دەسەڵاتی بورژوا ناسیۆنالیزم دەستیپێکردووە و بوەتە واقعێکی مێژووی.

هەم دەسەڵات لە عێراق و هەم لە کوردستان لە قەیراندا ئەژین و گفتوگۆکانی نیوانیشیان مۆرکی ئەم قەیرانەی پێوەیە. گەر باسمان لەسەر گرتنەبەری سیاسەتێکی کۆمۆنیستی بێت ئەوە زۆر گرنگە کە لەم ماوەیەدا بتوانین بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری وەک بزوتنەوەیەکی سەرتاسەری عێراق بەرەوپێشبەرین، و ئەمە بکەینە ستراتیژی پەیڕەوکراو لە لایەن هەموو کۆمۆنیستەکانەوە. فرسەتێک هاتۆتە پێش بۆ کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی کرێکاری کە بتوانێ ئەم بزوتنەوە سەرتاسەریە بەهیز و یەکانگیر بکات تا زەڕبەی کۆتایی خۆی بوەشێنێ لە دەسەڵات هەم لە عێراق و هەم لە کوردستاندا.

تا مەسەلەی قەومی توانای کاریگەری هەبێ لە سەر هۆشی سیاسی خەڵک لە کوردستان، هەرچەندە ئیستا زۆر کاڵبوەتەوە بەهۆی ئەوەی کە زۆربەی خەڵک هیچ پەیوەندیکی ئەوتۆی بە دەسەڵاتداریەتیەوە نەماوە، ئەبی هەمێشە لە هەوڵدابین بۆ بەرگرتن بە سەرهەڵدانی دووبەرکی و کیشمەكێشی قەومی. خۆپێشاندانەکانی کوردستان نیشانیاندا کە خەڵک دژی هەموو حزبەکانە و ڕاپەڕین مقەرەکانیانی سوتاندن و گەر بواریان هەبوایە لە ناوچەی بادینان وە هەولیریش بەهەمان شیوە ئەبوو، یانی ئەو دابڕانە ڕوویداوە لە نیوان جەماوەر و دەسەلاتی بورژوا ناسیۆنالیزمی کورد. لەگەڵ ئەو دابڕآنەشدا ئەبێ هوشیار بین وە نەهێلێن دەمارگیری نەتەوەیی و مەزهەبی هەم لە عێراق و هەم لە کوردستان، ببێتە ڕێگری بەرەوپێشچوونی ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیە گەورەیە. لە کۆتاییدا، جەخت لە سەر ئەوە ئەکەمەوە کە پێویستە شێلگیرانە لە خەباتدا بین کە ئەم پرۆسەیەی کە عێراق و کوردستانی لەسەرە بەرەو پێشبەرین و پاشەکشەی پێنەکرێ بەهەر هۆیەکەوە بیت لەوانە ژەهراوی ناسیۆنالیستی و مەزهەبی و ناوچەگەریەتی.


١٣ مارسی ٢٠٢١

Previous
Next
Kurdish