
مروارییەکانی ئەوین/مرواری پێنجەم.. شیعر: ستیڤان شەمزینی
.
چەند دوور بیت هەست
بە نزیکیی و ترپەکانی دڵت ئەکەم
چەند هەڵۆیەکی بەرزەفڕ بیت
بە ماچ و نیگا کەویت ئەکەم
چی درەوشانەوەیە
لە بریسکەی زەردەخەنەکەتا ئەیبینم
چی هەڵاتنە
لە کردنەوەی ئامێزی پڕ میهرتا بەدی ئەکەم
تا تۆم هەبێت لە کڕێوەی زستانا
بۆنی نێرگز و بەهار لە هەستم دێت
تا تۆم هەبێت لە وشکەڵانی هاویندا
پرووشەی بەفر بەسەرما ئەبارێ
لە کاژێری یەکەمی عەشقدا
تۆم خستە نێو دەشتی بە پیتی شیعر
لە رۆژی یەکەمی ژوواندا
تۆم خستە نێو مێرگی بەجۆشی ئارەزوو
لە نیگای یەکەمدا، پەڕەی نەرمی دڵت و
رۆچوونی خۆمم لەتۆدا بینی
لە نامەی یەکەمدا، فرمێسکتم بینی
کە وەک جۆگەیەک خوڕەی ئەهات
لە تەوراتی ئەڤینداریی لە سفری ماچدا
خودا تۆی لە چارە نوسیووم
لە گزنگێکدا لەسەر دەوەنی سینگم
بە ماچ تاتۆی چێژت بۆ هەڵکۆڵیم
ئەخوازم ماڵە بچووکەکەت
بۆ بکەمە ئینجانەیەکی پڕ لە گوڵ و ئەستێرە
ئەخوازم لە تەزیویی زەمەندا
بە شەوقەوە سووتانم بۆ تۆ بکەمە ئاگردان
کە عەشقت لەمندا کەوتە شەپۆل
خەریکی ژماردنی دەریا خنکاوەکان بووم
کە شەوقت تاریکستانمی رووناک کردەوە
تەلقینی چرا کوژراوەکانم ئەکرد
پێش هاتنت بە خاچی بێزاریی و
وەسوەسەی خۆکوشتنەوە هەڵواسرابووم
لەگەڵ دەرکەوتنت هەموو چرکەیەک
پێک پێک لە دایکبوونەوە ئەخۆمەوە
خوڕەی باران لە دەنگی ناسکی تۆ ئەچێت
کە ئەڵێی خۆشم ئەوێی
ورشەی گەڵا لە سەدای پەشۆکاوی من ئەچێ
کە ئەڵێم بیرت ئەکەم
گەر رۆژێ دیار نەبووم
لە گۆڕستانی پەروانە دڵشکاوەکان بۆم بگەڕێ
ئەگەر شەوێک ون بووم
لە شەوقی ئەستێرەیەکی بابردوودا بمبینەوە