
فیلمی کوردی “ئێل کلاسیکۆ” له فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر نمایش ده‌کرێت
مه‌نووچێهر جیهانی ـ فیلمی بڵیندی سینه‌مایی “ئێل کلاسیکۆ” له ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری کورد “هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا” له به‌شی “زه‌نگی حه‌وته‌م”ی سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له په‌ردیسی سینه‌مایی “چارسوو” له تاران نمایش ده‌کرێت.
به پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر، به‌شی “زه‌نگی حه‌وته‌م” The 7th Hour سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر به نمایش کردنی حه‌وت فیلمی بڵیندی سینه‌مایی و چوار کورته‌فیلم کاری خۆی ده‌ست پێده‌کات و له‌م به‌شه‌دا، فیلمه گه‌لێکی شیاو له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن و سه‌لیقه‌ی قوتابیانی ئێرانی نمایش ده‌کرێت. به‌شی “زه‌نگی حه‌وته‌م” هه‌لێکه بۆ ئه‌وه‌ی که قوتابیان له‌گه‌ڵ شێوازه سه‌ره‌تاییه‌کانی ره‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندنی فیلم ئاشنا ببن و پاشان ده‌توانن به نووسین و ناردنی ره‌خنه‌کانی خۆیان بۆ نووسینگه‌ی فێستیڤاڵ له رکابه‌ری کردن بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته جۆراوجۆره‌کانی باشترین نووسینی ره‌خنه به‌شداری بکه‌ن.
فیلمی “ئێل کلاسیکۆ” El clásico به‌رهه‌می وڵاتانی عێراق و نه‌رویج، یه‌کێکه له بژارده سه‌رنجڕاکێشه‌کانی لیستی فیلمه‌کانی به‌شی “زه‌نگی حه‌وته‌م” که چیرۆکی “ئالان” و براکه‌ی ده‌گێڕێته‌وه که له کوردستانی عێراقه‌وه به‌ره‌و ئیسپانیا وه‌ڕێده‌که‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی که یاریزانی خۆشه‌ویستی خۆی “کریس رۆناڵدۆ” ببینێت. ئه‌و فیلمه به تێمێکی پڕ له جۆش و خرۆشی لاوێتی ده‌توانێت یه‌کێک له بژارده‌کان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی که بینه‌ران بۆ بینینی ئه‌و فیلمه پشتی پێ ببه‌ستن.
بیرۆکه‌ی ئه‌و فیلمه له سه‌فه‌رێکدا بۆ شاری هه‌ولێری هه‌رێمی کوردستانی عێراق هاته زه‌ینی هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا. کاتێک که له‌به‌ر داربی یانه‌کانی رێئاڵ مه‌درید و بارسێلۆنا نیوه‌ی خه‌ڵکی شاره‌که ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان و وه‌ها بێسه‌روبه‌ره‌یی به‌سه‌ر شاردا باڵ ده‌کێشێت که ئه‌و ناتوانێت له‌و هۆتێله بچێته ده‌رێ که له‌وێدا نیشته‌جێیه. ئه‌و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نه‌رویج بلیتێکی فڕۆکه و بلیتێک بۆ ئێل کلاسیکۆی دواتری کڕی و چوو بۆ ئیسپانیا.
ئه‌و دوو برا کورده‌ی که ده‌وره سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م فیلمه ده‌گێڕن، له کاتی یه‌که‌مین نمایش کردنی فیلمی “ئێل کلاسیکۆ” له شاری ئۆسلۆ بۆ یه‌که‌مین جار له ته‌مه‌نی خۆیاندا پێیان نایه هۆڵی سینه‌ما. هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا ماوه‌ی یه‌ک ساڵ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو برایه ژیا که به‌رده‌وام خه‌ریکی ده‌مه‌قاڵه له‌سه‌ر یانه‌کانی خۆشه‌ویستی خۆیان بوون؛ به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی که بتوانێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵکشان و داکشانی ژیان و هه‌سته راسته‌قینه‌کانی ئه‌وان له نزیکه‌وه ئاشنا بێت و تێبگات که مرۆڤه کورته‌باڵاکان له سووچێکی تێڕوانین به به‌رزایی 90 سانتی مه‌تر، چلۆن دونیا و ده‌وروبه‌ری خۆیان ده‌بینن.
هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا سیناریۆی فیلمی ئێل کلاسیکۆی به هاوکاری “ئاندرێس فاگرهۆڵد” له ماوه‌ی دوو ساڵدا نووسیوه. نوسخه‌ی یه‌که‌می سیناریۆکه تێمی عاشقانه‌ی نه‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی که هه‌ڵکه‌وت له‌گه‌ڵ خه‌ونی هاوبه‌شی زۆربه‌ی مرۆڤه کورته‌باڵاکان ئاشنا ده‌بێت، بڕیار ده‌دات نێوئاخنی عیشق به چیرۆکه‌که‌ی زیاد بکات. “خه‌ونی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ژنانی باڵابه‌رز” ره‌نگه به‌و هیوایه که به‌ختیان بۆ هه‌بوونی منداڵی به باڵای ئاسایی زیاتر بێت.
هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ده‌یتوانی وه‌کوو زۆربه‌ی ده‌رهێنه‌ره‌کان، فیلمه‌که‌ی له وڵاتانی ئه‌ردن یا مه‌راکیش دروست بکات، وڵاتی عێراقی هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی که فیلمه‌که‌ی ره‌سه‌نایه‌تی و بایه‌خێکی زیاتری هه‌بێت. بۆ دوو حه‌وته فیلم هه‌ڵگرتن له به‌غدا ناچار بوون، دیکۆری شار و گشت بازاڕی به‌غدا دروست بکه‌نه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که بۆردومانه یه‌ک له دوای یه‌که‌کان و به تایبه‌ت هێرشه ئاسمانییه‌کانی ساڵی 1988 شتێکی وای له به‌غدای پێش جه‌نگ نه‌هێشتبووه‌وه.
فیلمی “ئێل کلاسیکۆ”ش وه‌کوو “دڵی سوور” یه‌که‌مین فیلمی بڵیندی هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا باسی بابه‌تی گروپه که‌مینه‌کان ده‌کات. به‌م جیاوازییه‌وه که دڵی سوور به توندی فیلمێکی سیاسی بوو، به‌ڵام ئێل کلاسیکۆ په‌یامێکی سیاسی راسته‌وخۆی نیه. یه‌کێکی دیکه له وێکچوونه‌کانی ئه‌م دوو فیلمه که‌ڵکوه‌رگرتن له ماتۆڕسیلکێت له فیلمی یه‌که‌مدا و چوارته‌گه‌ری له فیلمی دووهه‌مدایه.
“هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا” له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “من پێم خۆشه که‌سایه‌تییه‌کانم شتێکیان هه‌بێت،
بۆ ئه‌وه‌ی که به‌و شته به‌ره‌و پێشه‌وه بڕۆن و ماتۆڕ زیاتر له ترۆمبێل که چوارپاڵوویه‌کی سه‌ربه‌ستراوه، هه‌ستی رزگاری و ئازادی وه‌بیرده‌هێنه‌ته‌وه.”
فیلمی “ئێل کلاسیکۆ” نه له چیرۆکدا قسه‌یه‌کی تازه ده‌کات و نه له فۆڕمدا. فیلمێکی کلاسیکی جاده‌یی به تێمی عیشقی گه‌ڕان و به‌دواداچوون و به پێش زه‌مینه‌ی تۆپێن و هانده‌رانی دڵخوازی ئه‌ستێره‌یه‌کی وه‌رزشی. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که ئێل کلاسیکۆ به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه، وێنه گرتنی عێراقی هاوچه‌رخ و ته‌نزی زاڵ به‌سه‌ر فیلمه‌که‌دایه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌مووی ئه‌و فیلمانه‌ی که به‌ر له ئێستا له‌م ناوچه‌یه‌دا و سه‌باره‌ت به خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه دروست کراون، چیرۆک گه‌لێکی خه‌مناکن به ته‌وه‌ری زوڵم لێکراویی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه جوگرافیایه.
یه‌کێک له خاڵه به‌رچاوه‌کانی ئه‌م فیلمه مۆنتاژی “ئینگ لیزلانگفێڵت”ـه که کورته‌باڵابوونی که‌سایه‌تییه‌کانی فیلمه‌که به‌رده‌وام به‌رجه‌سته ناکاته‌وه. ئه‌و فیلمه به‌ر له‌وه‌ی که قه‌یرانی کورته‌باڵابوون وه‌بیر به‌رده‌نگ بهێنێته‌وه، زیاتر سه‌رنجه‌کان ده‌خاته سه‌ر هه‌وڵی که‌سایه‌تییه‌کان بۆ گه‌یشتن به خه‌ونه‌کانیان و به‌م خاڵه‌ی که له‌گه‌ڵ هه‌موو شتێک، ژیان به‌رده‌وامه. له‌گه‌ڵ هه‌بوونی جه‌نگ و بۆمب و چه‌ک و تیرۆر و تیرهاوێژیی به‌رده‌وام، پێکه‌نین هێشتا له ژیاندا بوونی هه‌یه و خه‌ڵكی به‌رده‌وام به جۆش و خرۆشه‌وه، یاریی نێوان یانه‌کانی خۆشه‌ویستی خۆیان ده‌بینن و ئه‌و یاریزانانه هان ده‌ده‌ن.
سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له رۆژانی 19 تا 27ی ئه‌پرێڵی 2018ی زایینی رێکه‌وتی 30ی خاکه‌لێوه تا 7ی گوڵانی 1397ی هه‌تاوی به ده‌بیریی “سه‌ید ڕه‌زا میرکه‌ریمی” له شاری تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.