Skip to Content

ئەرنست بلوخ وشۆڕش ئومێد  … رزگار عەلى

ئەرنست بلوخ وشۆڕش ئومێد … رزگار عەلى

Closed
by ئه‌یلول 18, 2019 General, Opinion, Slider

یەکەم/ دەروازەیەك بۆ ناسینی ئەرنست بلوخ (1885_1977)

لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە … 2016

بلوخ لە ساڵی 1885 لە شاری (لودفیگر) كە دەكەوێتە ڕۆژئاوای ئەڵمان لەدایكبووە، لە ئەسڵدا جولەكەیە، باوكی ماكس بلوخ لە سكەی ئاسنین كاریكردووە، بلوخ هەر لەسەرەتای تەمەنی دەستی كردووە بە خوێندنەوەی فەلسەفەی سیاسی و هەریەكە لە (فشتە و هیگڵ و شلینگ) كاریگەرییان لەسەری بەجێهێشتووە. بلوخ لە بواری ئەكادیمیش لە ساڵی 1905 لە زانكۆی مونیخ گەیشتۆتە پلەی دكتۆرا، نامەی دكتۆراكەی بلوخ بەسەرپەرشتی فەیلەسوفی و زانای دەروونی (ئەوزفلد كولبە)بووە، بابەتی نامەكەش لەسەر فەیلەسوف (هیزیش ریكرد1863_1936) بووە كە لەسەر فەلسەفەی مێژوو كاریكردووە، دواتر بلوخ ماڵی دەگوازێتەوە بەرلین، لە بەرلین جۆرج زمیل(1858_1918) دەناسێت، پاش جۆرج لەیەكێك لە هۆڵەكانی وانەوتنەوەی فەلسەفەی لەگەڵ فەیلەسوفی ماركسی جۆرج لۆكاش ئاشنایەتی پەیدا دەكات، لە ساڵی 1912 بلوخ دووردەخرێتەوە بۆ شاری گارمیشهایدلبر) هەمان ئەو شارەی كە لۆكاشی لێیە، لەو شارە نزیكایەتی تەواوی بلوخ و لۆكاش دەسپێدەكات. قۆناغی هاورێیەتی لۆكاش قۆناغێكی زێڕینی بلوخ بووە، چونكە لەگەڵ لۆكاش كەوتونەتە ناو مناقشەیەكی قوڵی فیكر و ئەدەبیاتەوە، تەنانەت هەندێك جار بووەتە شەڕیان، بەڵام هیچ كاتێك ئەم شەڕە كاریگەری لەسەر هاوڕێیەتییەكەیان دروست نەبووە، تەنانەت بلوخ ئەوندە بایەخی بە لۆكاش داوە كە كتێبەكەی (كێشەی مادییەت) پێشەكەش كردووە. هەر لەو شارە بلوخ ئاشنایەتی دروست دەكات لەگەڵ فەیلەسوفی سۆسۆلۆژی ماكس فیبر(1864_1920) بەڵام بەهۆی ئەو ناكۆكییە فیكرییەی كە لە نێوانیان هەبووە ئەو ئاشنایەتییە درێژە ناكێشێت. بلوخ لە ساڵی 1913 ژیانی هاسەرگیری لەگەڵ ئەلیزا شترنسكی پێك دەهێنێت، بەڵام لە ساڵی 1921 ئەلیزا كۆچی دوای دەكات، كۆچی ئەلیزا كاریگەری دەروونی گەورە لەسەر بلوخ بەجێدەهێلێیت، تەنانەت ئەم كاریگەرییە لە كتێبی (ڕۆحی یۆتۆپیا) بە ئاشكرا دەردەكەوێت. بلوخ دوای مەرگی ئەلیزا دەبێتە گەڕیدەیەك لە نێوان (ئیتالیا و سویسرا و تونس) ئەمەش وایلێدەكات كە ئاشنایەتی لەگەڵ جیهانی ئیسلامی دروست بكات، پاشان ئەم گەڕانە لە كتێبی (پرنسیبەكانی ئومێد) كە تێكەڵەیەك لە كەلپوری یەهودی مەسیحی مانفێست دەكات، بلوخ دەگەڕێتەوە بەرلین و تا ئەو كاتەی كە نازییەت دەسەڵات دەگرێتە دەست لەوێ‌ دەمێنێتەوە، باش گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن نازییەت ساڵی 1933 بلوخ كۆچ دەكات بۆ سویسرا و باش ئەوەی جەنگی دووەمی جیهانی كۆتایی دێت دەوڵەتی ئیشتراكی دەسەڵات دەگرێتە دەست زانكۆی لیبزج دەعوەت نامەیەكی بۆ دەنێرێت و كورسییەكی فەلسەفەی پێشەكەش دەكەن، بلوخ لە ساڵی (1954_1955) هەردوو بەرگی (پرنسیبەكانی ئومێد) بڵاودەكاتەوە، كە بە كاریگەرترین كتێبی بلوخ دادەنرێت. هەرچەند هەندێك ڕا هەیە كە هیچ شتێكی هاوبەش لە نێوان ماركس و بلوخ نییە، بەڵام زۆربەی بۆچوونەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە بلوخ بە كاریگەرترین فەیلەسوفی سەدەی بیستی ماركسی هەژمار دەكرێت، چونكە ئەوەی بلوخ و ماركس كۆدەكاتەوە ئاڕاستەكردنی شۆڕشە بۆ گۆڕینی جیهان، ئەمەش لە ڕێگەی بەدەستهێنانی ئازادی و دەرچوونی مرۆڤە لە كۆیلایەتی …

_دیارترین كارەكانی بلوخ:

  1. ڕۆحی یۆتۆپیا 1918 (پەڕینەوە بۆ جیهانێكی نوێ)
  2. تۆماس مونتسر 1921(شۆڕشی لاهوت) (خوێندنەوەیەكی نوێی ماركسييانه بۆ مێّژوو)
  3. شوێنەوار 1930 (گێڕانەوەی ژیاننامە)
  4. میراتی ئەم زەمەنە 1936 (ڕەخنەگرتن لە فاشیزم و بورجوازییەتی ئەڵمانی)
  5. ئازادی و سیستەم 1946 (كاریگەری ئوميَد لەسەر بیركردنەوەی مرۆڤ)
  6. پرنسیبەكانی ئومێد
    لە گرنگترین كارەكانی بلوخ هەژمار دەكرێـت، بلوخ لەم كتێبەدا وێنەی جوڵینەری مرۆڤمان بۆ شیدەكاتەوە و ئاماژە دەكات كە سوبێكت كۆتایی نەهاتووە و نایەت، تەنانەت لەو كاتانەش كە هەموو دەرگاكان لەسەرمان قفڵ دەدرێت هێشتا دەتوانین وێنە و ڕووداوەكانی پشت دەرگاكان ببینین و بیجوڵێنین و ئاراستەی بكەین، بلوخ لەم كارەدا بۆ ئەوەی جوڵینەرمان بجوڵێنێت دەمانگەڕێنێتەوە سەر پرسیارەی ئەوەی: ئێمە كێن؟ لە كوێوە هاتووین؟ بۆ كوێ دەڕۆین؟چاوەڕێی چی دەكەین؟ چاوەڕێی چی دەكەن؟ بلوخ وەڵامی ئەم پرسیارانە بە ڕەخنەگرتن لە مەشروعێكی شارستانی پەیوەست بە (ئومێدە)وە دەداتەوە… ئێمەش لەم نووسینەدا زیاتر دەچینە ناو شیكردنەوەی ئەم كتێبە، بەڵام بێ ئەوەی تەفسیراتەكانی تری بلوخ و كتێبەكانی تری فەرامۆش بكەین…

دووەم/ ئاشنابوون به چەمکە سەرەکییەکانى بلوخ

کاتێک مرۆ دەست بۆ ئیشێکى فەلسەفى دەبات، یەکەم پرسیار ڕووبەڕووى دەبێتەوە ئەوەیە: ئایا فەلسەفە چییە؟ ژیل دۆلۆز(١٩٢٥_١٩٩٥) وەڵامى ئەم پرسیارەمان دەداتەوە کە فەلسەفە بریتییە: (( لە هونەرى پێکهێنان و داهێنان و دروستکردنى چەمک))، ئەى چەمک چییە؟ بۆ ئێمە زمانمان نییە؟ تۆ بۆ دەتەوێت زمانى ئێمە سەقەت بکەیت؟ نەخێر هاوڕێ گیان زمانى فەلسەفى زمانێکە وەکو زمانەکانى تر، ئەویش پێویستى بە فێربوونە ، پێویستى بە شەونخونییە، بەڵام یەک جیاوازى هەیە لەگەڵ زمانەکانى تر ئەویش ئەوەیە زمانى فەلسەفى بۆ ئەوەى بمێنێتەوە دەبێت بەردەوام بخوڵقێرێت، واتە نابێت دواى پاپیرى پاپیرت بکەویت، بە پێچەوانەوە دەبێت پاپیرى پاپیرت بکوژیت، ئایا کێ ئەو کارە دەکات؟ بێگومان کەسایەتى چەمکگەرا؟ ئەى کەسایەتى چەمکگەرا کێیە؟ فەیلەسوف.

بێگومان بێ ناسین و تێگەیشتنى چەمکەکان و زمانى بلوخ تێگەیشتن لە بلوخ کارێکى نەکردەیە، بلوخ کۆمەڵێک چەمکى داهێناوە کە لە ڕێگەى ئەو چەمکانەوە دەمانباتە ناو پەیوەندى (بوون و ماهییەت) لەناو بوونى واقیعى ئەم جيهانه‌. ئەم چەمکاتە کە بلوخ بەکاریهێناوە دەلالەتن لە بوونى هەبوونێک کە کارایە لەناو جیهان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەحاڵ، هەبوون لێرەدا ئاماژەیە بە ناکۆکى، ناکۆکى دەربارەى خۆ، دەربارەى ئەوەى کە (هێشتا نەگەیشتووە). یان هەبوون هێشتا لە ڕێگایە بۆ ئەوەى بگات. دەبێت بزانین کارکردنى بلوخ و داهێنانى چەمک لاى بلوخ تەسەورێکى مەعریفى ناداتە دەستەوە، بەڵکو داهێنانى چەمک ڕێگایەکى خەلاقە بۆ شێوەیەکى نوێ و بینینێکى نوێ بۆ جیهان. به هەرحاڵ هەموو ئەو چەمکانەى کە بلوخ ئاماژەى پێدەکات و دایهیناوە تەعبیرە لە بوونێک کە هێشتا نەگەیشتووە. ئایا ئەو چەمکانە چین؟ ئایا مانایان چییە؟

١. هێشتا_ نەبوو (not- yet)
هێشتانەبوو کاریگەرترین و سەرەکیترین چەمکە لاى فەلسەفەى ئەرنست بلوخ، هێشتانه‌بوو ئه‌نتۆلۆژيايه‌كی مه‌حكومی سوبێكته، واته‌ هيچ سوبێكتێك نييه‌ خاڵی بكه‌يته‌وه‌ له‌ هێشتا نه‌بوو، به‌ڵاَم هێشتا_نه‌بوو په‌يوه‌ندييه‌كی سه‌ربه‌خۆ نييه‌ به‌ڵكو په‌يوه‌ندييه‌ له‌گه‌ڵ ئوبێكت، واته‌ سوبێكت پێويستی به‌ ئوبێكته‌، ئوبێكت لێردا ده‌بێته‌ بناغه‌ی ئه‌وه‌ی كه سوبێكت كامڵ بكات، واته‌ سوبێكت له‌ بيركردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ (نه‌بووه‌) يان (هێشتا -نه‌بووه‌) بۆ ئه‌وه‌ ده‌ڕوات كه‌ (بوونی هه‌بێت‌). بلوخ ڕای وايه‌ هيچ كاتێك (هێشتا- نه‌بوو) پێويستی به‌ به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌ نييه‌، واته‌ گۆمانی ئه‌وه‌مان لا دروست بێت كه‌ ئێمه‌ بريفێكتين و كامڵين، به‌ڵكو ئێمه‌ ماده‌م وه‌كو كۆجيتۆ ئاماژه‌ی بێده‌كات هه‌ين كه‌واته‌ ئه‌وه‌ نين ئێستا هه‌ين، يان به‌ ته‌عبيرێكی تر ئێمه‌ ماده‌م مرۆڤين شعوری ئه‌وه‌مان پێدراوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ين ئه‌وه‌ نييه‌ كه‌ ده‌مانه‌وێت.
ئه‌رنست بلوخ له‌ حاڵه‌تی (هێشتا- نه‌بوو) پرسيارێك رِووبه‌ڕوومان ده‌كاته‌وه‌ و ئاماژه‌ ده‌كات، مادام (هێشتا- نه‌بوو) ئه‌نتۆلۆژييانه‌ به‌ من دراوه‌، كه‌وته‌ چی ڕووده‌دات بۆمان؟ من كائينێكم بوونم هه‌يه‌، به‌لاَم هێشتا نه‌بوومه‌ته‌ خاوه‌نی ئه‌و بوونه‌ی كه‌ ده‌مه‌وێت، كه‌واته‌ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌يه‌نێت كه‌ ماهييه‌تی جيهان بۆ من كراوه‌يه‌، ده‌بێت هه‌وڵ بده‌م، تێبكۆشم و بجوڵێم، گواستنه‌وه‌ی كۆجيتۆ بۆ ناو چه‌مكی (هێشتا نه‌بوو)ی بلوخ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ من هه‌ستده‌كه‌م بوونی هه‌يه‌، بيرده‌كه‌مه‌وه‌ و گومان ده‌كه‌م، به‌ڵاَم ئه‌وه‌ی كۆجيتۆ ئاماژه‌ی پێده‌كات كه‌ (من هه‌م) بناغه‌يه‌كی ئه‌نتۆلۆژیی به‌ من ده‌به‌خشێت، به‌ڵاَم كه‌ (من بيرده‌كه‌مه‌وه‌) ده‌خه‌ينه‌ پاڵی و له‌گه‌ڵ (هێشتا نه‌بوو) بلوخ دا‌يده‌نێيت بناغه‌يه‌كی ئه‌نته‌رپۆلۆژيا ده‌داته‌ ده‌ست، به‌ڵاَم ئه‌نته‌رپۆلۆژيای په‌تی نا، به‌لَكو ئه‌نتۆلۆژيای ئه‌نته‌رپۆلۆژيا، به‌لاَم كه‌ به‌شێك له‌ كۆجيتۆی ئه‌نتۆلۆژی (من هه‌م) دانێين، له‌گه‌ڵ بلوخ ناكۆك دێته‌وه‌، بلوخ ته‌عبير له‌وه‌ ده‌كات كه‌: ((من بيرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ من نيم)) يان ((من بيرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ ده‌بێت بوونم هه‌بێت)) كه‌واته‌ لای كۆجيتۆ ناسنامه‌ی ئێمه‌ (ئێستايه‌) به‌ڵام لای بلوخ ناسنامه‌ی ئێمه‌ (داهاتووه‌)…

  1. هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتوو (pre-apperrance)

هێشتا-ده‌رنه‌كه‌وتوو يه‌كێكی تر له‌ چه‌مكه‌ سه‌ره‌كييه‌كانه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌رنست بلوخ. (هێشتا -ده‌رنه‌كه‌وتوو) گه‌رِانه‌وه‌ی ئوبێكته‌ بۆ ناو سوبێكت، به‌ جۆرێك ئوبێكت هێشتا خۆی ده‌رنه‌خستووه‌، يان هێشتا خۆی بۆ ئاگايي ئێمه‌ نه‌داوه‌ته‌ ده‌ست، ئه‌م گه‌رِانه‌وه‌يه‌ له‌ رِێگای داهاتوو رِووده‌دات، به‌لاَم بلوخ له‌م چه‌مكه‌دا كاريگه‌ری ئه‌ده‌بياتی پێوه‌ دياره، چونكه‌ بۆ بلوخ گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتوو له‌ ڕێگه‌ی خه‌ياڵه‌وه‌ ده‌بێت، واته‌ خه‌ياڵ ده‌ورێكی گرنگ و ياريكه‌رێكی سه‌ره‌كييه‌ له‌ناو چه‌مكی (هێشتا- ده‌رنه‌كه‌وتوو). هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتوو وه‌زيفه‌يه‌كی ئه‌نتۆلۆژی كه‌ ئێمه‌ بێ ئه‌و ناتوانين بژيت، چونكه‌ ده‌رنه‌كه‌وتوو تاريكييه‌كی هه‌ميشه‌ييه‌ كه‌ ئێمه‌ی داگير كردووه‌، ئێمه‌ به‌رده‌وام مه‌حكومين ڕووناكی بكه‌ينه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ڕووناكی نه‌كه‌ينه‌وه‌، يان ئه‌گه‌ر بۆ ڕووناكبوونه‌وه‌ی نه‌ڕۆين ئه‌وا تاريكی ده‌مانكوژێت، ده‌رنه‌كه‌وتوو به‌ ته‌نيا هيچ مانايه‌ك به‌ده‌سته‌وه‌ نادات، ده‌رنه‌كه‌توو وێنه‌يه‌كی حه‌قيقه‌تی ڕه‌هايه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر (پێی بگه‌ين و پێی نه‌گه‌ين) عه‌ده‌مييه‌تی لێده‌كاته‌وه‌، ‌ئه‌گه‌ر پێی بگه‌ين موته‌كامل ده‌بين له‌ مرۆ ده‌رده‌چين ده‌بينه‌ خوا، ئه‌گه‌ر پێی نه‌كه‌ين عه‌ده‌مييه‌ت با‌ڵ به‌سه‌رماندا ده‌كيشێت، به‌لاَم چاره‌سه‌ری هه‌ردووكيان ئه‌و پێشگره‌ی (هێشتا)يه‌ كه‌ بلوخ دايناوه‌، هيشتا حه‌قيقه‌تی ڕه‌هاو پووچييه‌تی ده‌كوژێت و فۆڕم به‌ (ده‌رنه‌كه‌وتوو) ده‌دات و بوونێكی دايناماكی به‌ ئێمه‌ ده‌به‌خشێت، (هێشتا) له‌ عه‌ده‌م رزگارمان ده‌كات چونكه‌ هه‌م ده‌گه‌ين هه‌م ناگه‌ين، به‌ كورتی هێشتا ئومێدی به‌رده‌وام به‌ هه‌وڵی سوبێكت ده‌به‌خشێت.

٣. ئومێد (hope)
به‌ به‌هاترين چه‌مك لای بلوخ ئومێده‌، بلوخ له‌ ڕێگه‌ی (ئومێد)ه‌وه‌ دابڕانێكی مه‌عريفی له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی پێش خۆی دروستكرد، هه‌موو ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه‌ بلوخ خوڵقاندوونی دواجار هه‌موويان ده‌چنه‌وه‌ ناو ئومێد، ئومێد فۆڕم به‌ هه‌موو چه‌مكه‌كانی تری بلوخ ده‌به‌خشێت، ئومێد وا ده‌كات ئێمه‌ له‌ قه‌له‌قی ڕزگارمان بێت به‌وه‌ هيشتا كامڵ نه‌بووين، ئومێد پاڵنه‌ری به‌ره‌و پێشچوونی ئێمه‌يه‌. به‌لاَم ده‌بێت بزانين ئومێد كورتناكريته‌وه‌ بۆ ته‌نيا خۆزگه‌ و تكاكانمان، به‌ڵكو جه‌وهه‌ری (ئومێد) تاكيدكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئێمه‌ كاتيك نه‌گه‌يشتووين، مانای ئه‌وه‌ نييه‌ ناگه‌ين، ئه‌مه‌ش له‌ وه‌ستان رزگارمان ده‌كات و تموحێك ده‌خاته‌ پاڵمان بۆ ئه‌وه‌ی بجوڵێين، ئومێد خوڵقێنه‌ری يۆتۆپيايه‌، واته‌ پرنسيبی ئومێد پرنسيبيكی يۆتۆپياييه‌، ئه‌وه‌ يۆتۆپياشه‌ ته‌حه‌كوم به‌ هه‌موو جوڵه‌ و گۆڕانكارييه‌كانی ئيمه‌ ده‌كات….

٤. پێشه‌وه‌ front))
پێشه‌وه‌ په‌يوه‌ندييه‌كی جه‌وهه‌ری و كۆنكريتی له‌گه‌ڵ چه‌مكی (نا) هه‌يه‌، لای بلوخ ئه‌وه‌ (نا)يه‌ كه‌ (پيشه‌وه‌) ده‌خاته‌كار، يان (نا) ياخيبوونه‌ ده‌رباره‌ی دۆخی ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی بيكوژين و بگه‌ينه‌ پيشه‌وه‌، واته‌ (نا) خوڵقێنه‌ری (پێشه‌وه‌)يه‌، يان پاڵنه‌ره‌ بۆ پێشه‌وه‌، ئه‌وه‌ش (نا) ده‌خاته‌ كار (هێشتا- نه‌بووه‌)، هێشتا نه‌بوو حاڵه‌تێكی ئۆنتۆلۆژييه‌ كه‌ (نا) دروست ده‌كات، به‌ڵام (هيشتا- ده‌رنه‌كه‌وتوو) حاڵه‌تێكی ئۆنتۆلۆژييه‌ كه‌ به‌ره‌و( پێشه‌وه)مان ده‌بات.. ئه‌وه‌ی ده‌بێت بزانين چه‌مكه‌كان لای بلوخ هه‌موويان په‌يوه‌ندييان به‌يه‌كه‌وه‌ هه‌يه‌، هه‌نديك جار هه‌موويان له‌ناو يه‌كدا يه‌كتری دروست ده‌كه‌ن…‌

سێیەم/ ئۆ‌نتۆلۆژيای هۆشياری
جه‌وهه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ له‌سه‌ر دوو پايه‌ وه‌ستاوه‌، يه‌كه‌ميان ئۆ‌نتۆلۆژيايه‌. دووه‌ميان ئه‌نته‌رپۆلۆژيايه‌، دووه‌ميان به‌شێكی سه‌ره‌كی يه‌كه‌ميانه‌ و به ‌به‌رده‌وامی له‌ناو يه‌كه‌ميان خۆی ده‌بينێته‌وه‌، لايه‌نی ئه‌نته‌رپۆلۆژی خۆی له‌گه‌ڵ (هيَشتا-نه‌بوو) ده‌بينێته‌وه، ئه‌مه‌ش ‌ كاتيَك مرۆ هه‌ستده‌كات و ئاگايی ئه‌وه‌ی هه‌يه‌ كه‌ پێويستی به‌ شتێكه‌، به‌لاَم ئه‌و شته‌ نييه‌، يان هيَشتا بوونی نييه. به‌ڵام لايه‌نه‌كه‌ی تر واته‌ ‌ئه‌نتۆلۆژيا خۆی له‌گه‌ڵ (بوون) ده‌بينێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاتيَك وجودی ده‌ره‌وه‌ ‌ پێويسته‌ بوونی هه‌بێت، به‌ڵام بوونی نييه‌.
واته‌ ئه‌نته‌رپۆلۆژيا حاڵه‌تی ناوه‌وه‌ى سوبێكته‌‌ كه‌ هه‌ست ده‌كات له‌ناو خۆيدا نوقسانه ‌و بۆ ئه‌م نوقسانيه‌ش ده‌چێته‌ ناو وجودی ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگات، به‌ڵام كاتێك ناگات، په‌يوه‌ندی نێوان ئه‌نته‌رپۆلۆژيا و ئۆ‌نتۆلۆژيا له‌دايك ده‌بێت، يان په‌يوه‌ندی نێوان (هێشتا نه‌بوو) له‌گه‌ڵ ( بوون) تێكه‌ڵ به‌يه‌ك ده‌بن.

كه‌واته‌ له‌ ئێستادا په‌يوه‌ندييه‌ك دروست ده‌بێت له‌ نێوان سوبێكت و ئوبێكت، يان له‌نێوان زاتی مرۆڤ و جيهانی سروشت، ئه‌م په‌يوه‌ندييه‌ واده‌كات (پرنسيبی ئومێد) بهێته‌ كايه‌وه‌، بلوخ له‌ كتێبی (ڕۆحی يۆتۆپيا) پرسيارێك ده‌كات: ئايا چۆن ده‌زانين كه‌ ئێمه‌ ئه‌و مه‌عريفه‌يه‌مان نييه‌ كه‌ ده‌بوايه‌ هه‌بێت، يان چۆن ده‌زانين نوقسانين؟ يان به‌ شێوه‌يه‌كی تر، مه‌عريفه‌ی ئێمه‌ چۆن ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ هێشتا-نه‌بووه؟‌ بلوخ له‌ناو سوبێكتدا شتێك ده‌دۆزێته‌وه‌ ئه‌و شته‌ش جيهانی (ئاره‌زوو)ه. جيهانی ئاره‌زوو له‌ناو هه‌موو مرۆڤێك بوونی هه‌يه‌، ئاره‌زوو جێگه‌يه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كێشه‌كانی مرۆ بچنه‌وه‌ ناوی و له‌وێوه‌ خۆيان مانفێست بكه‌ن.
لێره‌دا ئێمه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداربين ده‌چينه‌ ناو سايكۆلۆژيا، به‌ڵام سايكۆلۆژيا وه‌كو ئه‌وه‌ی فرۆيد له‌ كتێبی (لێكدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌كان) ئاماژه‌ی پێكردووه‌ گه‌ڕانه‌وه‌يه‌ بۆ ڕابردوو، يان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ڕابردووه‌، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ ڕۆيشتنه‌ بۆ پێشه‌وه ‌و داهاتوو، فه‌لسه‌فه‌ی فرۆيد دۆزينه‌وه‌ی كێشه‌يه‌، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌يه‌، فرۆيد لێكدانه‌وه‌ بۆ خه‌ون ده‌كات له‌كاتێكدا له‌ خه‌وداين يان له‌ ناهۆشياريداين، به‌ڵام بلوخ لێكدانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ خه‌ونه‌ ده‌گات كه ‌له‌وپه‌ڕی‌ هۆشياريداين، بلوخ ئاماژه‌ ده‌كات ئه‌و خه‌ونه‌ی كه‌ له‌ هۆشياريدا ده‌يبينين ئيراده‌ی گۆڕان دروست ده‌كات، به‌ جۆرێك ئه‌و خه‌ونه‌ خه‌ونێكی خه‌لاقه‌ كه‌ خه‌ياڵ دروست ده‌كات و بيركردنه‌وه‌ ده‌خوڵقێنێت، ئه‌و بيركردنه‌وه‌ش ده‌ورێكی گرنگ ده‌بينێت بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری دروست ببێت.

كه‌واته‌ ده‌گه‌ينه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ چالاكييه‌كی هۆشيارانه‌يه‌ و هۆشياری ده‌خاته‌ كار، به‌ڵام بلوخ به‌ پرسيارێك ئايا چالاكی هۆشياری چۆن دروست ده‌بێت؟ ديسان ده‌مانخاته‌وه‌ ناو سايكۆلۆژيا، به‌ مانايه‌ك له‌ماناكان بلوخ ئيش له‌سه‌ر (بوونگه‌راييه‌كی سايكۆلۆژی) ده‌كات، لاكان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ فرۆيد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی منداڵی و له‌ ديمه‌نی قۆناغی ئاوێنه‌يی وێنه‌يی هۆشياربوون ڕوونده‌كاته‌وه‌، بلوخيش هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای منداڵ و قۆناغی هۆشياريبوونمان بۆ ڕوونده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ئاڕاسته‌يه‌كی تر.
بلوخ سه‌ره‌تای هۆشياريی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ لای منداڵ و ئاماژه‌ ده‌كات منداڵ له‌ حاڵه‌تی خه‌وبينيندايه‌، واته‌ منداڵ بوونه‌وه‌رێكه‌ كه‌ ده‌توانێت خه‌و ببينێت، به‌ڵام خه‌ونه‌كانی منداڵ ته‌ڵخ و لێڵن، ئه‌و خه‌ونه‌ی منداڵ ده‌يبينێت سه‌ره‌تايه‌كه‌ بۆ ئاشكراكردنی شته‌كان، سه‌ره‌تايه‌كه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مه‌عريفه‌، هه‌موو به‌ده‌ستهێنانێكی مه‌عريفه‌ش جۆرێكه‌ له‌ ياخی بوون، ياخی بوون به‌رامبه‌رئه‌و شتانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستين، واته‌ ياخیبوون لای منداڵ هی ئه‌وه‌يه‌ ده‌يه‌وێت بزانێت، منداڵ سوبێكتێكه‌ به‌دوای هۆشياری ده‌گه‌ڕێت، به‌ دوای ئه‌وه‌ بزانم ئوبێكت چييه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش منداڵ له‌ قۆناغی منداڵی هه‌موو شته‌كان ده‌شكێنێت، تا ئاشكرا بن، به‌ڵام ئاشكراكردن شته‌كان له‌و ته‌مه‌نه‌دا ته‌واو نابێت، ئه‌وه‌ی له‌ منداڵ بۆ فه‌له‌سه‌فه‌ی( بلوخ) گرنگه‌ ده‌رباره‌ی( ئاشكراكردنی شته‌كان ) ئه‌و به‌رده‌وامی بوونه‌يه‌ كه‌ هه‌يه‌تی، ئه‌و هه‌وڵه‌يه‌ كه‌ ده‌بێت بگاته‌ ئه‌نجام، ئه‌و (شۆڕشی ئه‌ومێد)ه‌يه‌ كه‌ هه‌ڵيگيرساندووه‌، له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌يه‌ منداڵ هيچ كات ناگاته‌ ده‌ره‌ئه‌نجامێك كه‌ بيوه‌ستێنێت، هيچ كات ناگاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستێك بكات، به‌ڵام بۆ بلوخ ئه‌وه‌ جێگه‌ی دڵخۆش نييه‌ چونكه‌ لێره‌دا هۆشياری ناكامڵه‌ به‌رانبه‌ر واقيع، هۆشياری مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ سه‌روو واقيع، بلوخ ده‌يه‌وێت له‌ قۆناغه‌كانی تردا وه‌كو منداڵ مامه‌ڵه‌ بكه‌ين، وه‌كو منداڵ ته‌سليم نه‌بين، وه‌كو منداڵ (شۆڕشی ئومێد) هه‌ڵگيرسێنين.

بلوخ ئاماژه‌ ده‌كات كاتێك ئێمه‌ ده‌گه‌ينه‌ ته‌مه‌نی سيانزه‌ ساڵی ئيتر سه‌روو واقع خۆی ده‌داته‌ ده‌ست واقيع، ئيتر مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ واقيعه‌، ئيتر هۆشياری ئێستێك ده‌كات و خۆی بۆ تێڕامان ده‌داته‌ ده‌سته‌وه‌، له‌ ته‌مه‌نی سيانزه‌ ساڵی منداڵ خه‌و به‌وه‌ ده‌بينێت هه‌نگاو به‌ره‌و ژيانێكی باشتر بنێت، له‌م ته‌مه‌نه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى پێشتر دونيا ئاشكرايه‌ بۆمان به‌ڵام خه‌ونه‌كانمان نائاشكرايه‌، لێره‌دا گريمانه‌ دروست ده‌بێت، گريمانه‌ به‌رانبه‌ر ڕێگاگه‌ڵێكی زۆر، به‌رانبه‌ر جۆره‌ها ژيان، به‌م گريمانانه‌وه ‌ده‌چينه‌ ناو ته‌مه‌نی حه‌فده‌ ساڵی، لێره‌دا و له‌م قۆناغه‌دا گريمانه‌كان پێكدادان دروست ده‌كه‌ن، پێكدادان ده‌رباره‌ی وێنه‌كان، ده‌رباره‌ی ڕووداوه‌كان، ده‌رباره‌ی ناجێگری سوبێكت بوونمان، جه‌وهه‌ری ئه‌و پێكدادانه‌ هی ئه‌وه‌يه‌ كه‌ سوبێكت وێنه‌ی داهاتووی لا كێشراوه‌، ئه‌م وێنه‌يه‌ وا له‌ سوبێكت ده‌كات حه‌ز بكات هه‌موو شتێك بۆ خۆی ببێت، هه‌موو شتێك خۆی خاوه‌نی بێت، بلوخ ئه‌م خه‌ونه‌ له‌م ته‌مه‌نه‌دا به‌ خه‌ونی بورجوازييه‌كان ده‌شوپێنێت كاتێك ده‌يانه‌وێت هه‌موو شتێك بخه‌نه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆيان، خه‌ون بينيی بورجوازييه‌ت خه‌ون بينينه‌ به‌ داگيركردنی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هه‌يه‌ و ئه‌وان خاوه‌نی نين. له‌ قۆناغێكی تر كاتێك پێ ده‌خه‌ينه‌ ناو ته‌مه‌نی بيست ساڵييه‌وه‌، ئه‌م قۆناغه‌ (نا) له‌دايك ده‌بێت و ده‌چێته‌ ناو (هێشتا-نه‌بوو)، په‌يوه‌ندی (نا) به‌ (هێشتا-نه‌بوو) په‌يوه‌ندييه‌كه‌ كه‌ گۆڕان ده‌هێنێته‌ كايه‌وه‌، يان به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان هيچ قۆناغێك ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م قۆناغه‌ سوبێكت بير له‌ گۆڕينی دونيا ناكاته‌وه‌، له‌م قۆناغه‌ ناشيرينێكان، ڕێگرييه‌كان، تاريكيييه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، له‌هه‌مانكاتيشدا سوبيكتبوون به‌ره‌نگاری هه‌موو شتێك ده‌بێته‌وه‌، ياخی ده‌بێت به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌.

له‌ كۆتا قۆناغدا كه‌ بريتييه‌ له‌ قۆناغی (پيری) پچرانێك دروست ده‌بێت له‌ نێوان سوبێكتی پير و كۆمه‌ڵگه‌، سوبێكتی پير هه‌ستده‌كات ئيتر كۆمه‌ڵگه‌ به‌جيده‌هيڵێت، له‌م قۆناغه‌ ئه‌وه‌نده‌ (ناوه‌وه‌ی) سوبيكت ئيش ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ بير له‌ ده‌ره‌وه‌ ناكاته‌وه‌، هۆشياری پير زياتر بيركردنه‌وه‌يه‌ له‌ ڕابردووی خۆی، پير خه‌ون و خۆزگه‌كانی به‌ ياده‌وه‌ری به‌سه‌ر ده‌بات، به‌ ياده‌وه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مانی گه‌نجی، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نييه‌ كه‌ هۆشياريي (قۆناغی پيری) هۆشيارييه‌كی ياده‌وه‌ريانه‌يه‌ به‌رانبه‌ر ڕابردوو، يان هه‌مووی هه‌ر ڕابردووه‌، به‌ڵكو ده‌وڕێكی گه‌وره‌شی هه‌يه‌ به‌سه‌ر داهاتوو، ته‌نانه‌ت بلوخ به‌ پێگه‌يشتووترين قۆناغی ناو ده‌نێت، به‌ڕای بلوخ ئه‌م قۆناغه‌ گه‌ر بيركردنه‌وه‌يه‌كی داهاتوويانه‌ سه‌ر هه‌ڵبدات ئه‌و بيركردنه‌وه‌يه‌ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو جوانييه‌كان و عاقڵمه‌ندی سوبێكته‌، چونكه‌ بلوخ ڕای وايه‌ ئه‌م قۆناغه‌ خاڵييه‌ له‌ غروری گه‌نجايه‌تی و پڕه‌ له‌ حيكه‌مه‌ت و ئيراده‌ی ده‌هێنه‌رانه‌.

كه‌واته‌ ده‌گه‌ينه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ هۆشياريی بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌يه‌وێت له‌سه‌ر شێوه‌ی (هێشتا-نه‌بوو) خۆی مانفێست ده‌كات، جه‌وهه‌ری هێشتا-نه‌بوو ئه‌وه‌يه‌ كه‌ له‌ تاريكی رزگارمان ده‌كا، بۆيه‌ هێشتا-نه‌بوو پاڵنه‌ره‌ سوبێكته‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بگه‌يه‌نێته‌ ڕوناكی، به‌ زمانی سايكۆلۆژيا هۆشياری ده‌يه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر ناهۆشياريدا بگرێت و ناهۆشياری نه‌هێڵێت، به‌ڵام لای بلوخ په‌يوه‌ندی نێوان هۆشياری به‌ ناهۆشياری په‌يوه‌ندييه‌كی ناوه‌كی نييه‌، به‌ڵكو هۆشياری له‌سه‌ر ئه‌ساسی ده‌ره‌وه‌ خۆی داده‌مه‌زرێنيت، په‌يوه‌ندی هۆشياری و ناهۆشياری لای فرۆيد ئه‌وه‌يه‌ كه‌ خه‌ونه‌كانمان چه‌پينراون چوونه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌ تاريكييه‌ی كه‌ پێی ده‌ڵێين نه‌ست، ئه‌وه‌ی لای فرۆيد ئێمه‌ چاوه‌ڕوانين ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌و خه‌ونانه‌ زيندووبكرێنه‌وه‌، به‌ڵام بلوخ خه‌ونه‌كان ناو ده‌نێت (مژده‌ی خۆرهه‌ڵاتێكی نوێ)، واته‌ هاتنه‌دی ئه‌و ئومێد و خه‌ون و خه‌ياڵه‌ی كه‌ له‌ داهاتوو ده‌يبينم، به‌ڵام له‌ ئێستادا هاتۆته‌ دی، مژده‌ی به‌ره‌به‌يان هاتنی سه‌رزه‌مينێكی يۆتۆپييه‌ بۆ ناو ئێمه‌، بلوخ ئه‌و مژده‌يه‌ به‌ شۆڕشێكی سياسی و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌ ده‌زانێت كه‌ له‌ وه‌ستان رزگارمان ده‌كات و ده‌مانگه‌يه‌نێته‌ داهاتوو.

چوارەم/ شۆڕش چۆن سه‌رهه‌ڵده‌دات؟

مرۆ كه‌ بیرده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بگاته‌ شتێك، گه‌یشتن به‌ شتێك ده‌رئه‌نجامی (نا)بوونه‌ بۆ شتێكی تر، واته‌ (نا) له‌ كامڵیدا سه‌رهه‌ڵنادات، به‌ڵكو به‌رده‌وام هه‌ست به‌ كه‌مبوون ده‌كات، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت بگاته‌ كه‌منه‌بوون، ئه‌و پاڵنه‌ری (نا)یه‌، یان ئه‌و ده‌نگه‌ی كه‌ (نا) ئاگادارده‌كاته‌وه‌ یان (نا) له‌ حاڵه‌تی نائارامیدا ده‌هێڵێته‌وه‌ ئاره‌زووه‌، واته‌ (نا) هیچ كاتێك له‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵنادات به‌ڵكو پێویستی به‌ شتێكه‌، به‌ڵام ئه‌و شته‌ی له‌به‌رده‌م نییه‌.
(نا) كۆتایی سوبیكت نییه‌، واته‌ بیربكه‌ینه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ی (نا) به‌سه‌رماندا زاڵه‌، ئه‌وه‌ كۆتایمان هاتووه، به‌ڵكو بلوخ ئاماژه‌ ده‌كات (نا) سه‌ره‌تایی فۆڕم به‌خشینه‌ به‌ سوبێكت، واته‌ ئێمه‌ هه‌رگیز ناتوانین بێ نه‌فیبوونی ئێستامان بیر له‌ خۆمان بكه‌ینه‌وه‌، لێره‌دا بیركردنه‌وه‌ پێش نه‌فیبوونی سوبێكت دێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیركردنه‌وه‌ نه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی نه‌فی سوبیكت بكه‌ین ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌ نییه‌.
له‌گه‌ڵ نه‌فیبوونی سوبیكت به‌ره‌و نه‌فی بوونی دونیا ده‌ڕۆین، واته‌ نه‌فیبوونی سوبیكت و نه‌فیبوونی دونیا توند به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراون، به‌ڵام نه‌فیبوونی سوبێكت پێش نه‌فیبوونی دونیا ده‌كه‌ویت و ده‌یه‌وێت دونیاش وه‌كو خۆی لێبكات، لێره‌دا هیچ كاتێك نه‌ دونیا به‌ نیسبه‌ت سوبێكت بێ سوبێكت هه‌یه‌ و نه‌ سوبێكتیش بێ دونیا، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی دونیا بگۆڕێت ده‌بێت سوبێكت بگۆڕێت، ئایا سوبێكت چۆن ده‌گۆڕێت؟ ‌ ئه‌رنست بلوخ ئاماژه‌ ده‌كات كاتێك (نه‌فی) بوونمان لا دروست ده‌بێت ده‌گه‌ین، واته‌ (نا) گه‌یشتنه‌، به‌ڵام گه‌یشتنیش كۆتایی نییه‌ به‌ڵكو سه‌ره‌تایه‌، كۆتایی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ سوبێكتین، ئێمه‌ هه‌ین، سه‌ره‌تای ئه‌وه‌ش ئێمه‌ سوبێكتین به‌س نوقسانین و نه‌گه‌یشتووین، كۆتایی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ خه‌ونمان هه‌یه‌، سه‌ره‌تای ئه‌وه‌ی خه‌ونه‌كانمان نه‌هاتۆته‌ دی.

كه‌واته‌ نه‌فیبوون سه‌ره‌تایه‌ بۆ هه‌نگاونان بۆ خه‌ونه‌كانمان، سه‌ره‌تایه‌ بۆ جوڵه‌ی گۆڕانكاری. گۆڕان و (نا) له‌یه‌ك جیاواز ناكرێنه‌وه‌، چونكه‌ كاتێك سوبێكت بیرده‌كاته‌وه‌ و ده‌گاته‌ (نا) هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات له‌ فه‌ڕاغدایه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و فه‌راغه‌ پڕبكاته‌وه‌ به‌مه‌ش هه‌نگاوی گۆڕانكاری ده‌نێت. كاتێك ئێمه‌ بیرده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ حاڵه‌تی ترسداین به‌ڵام وه‌كو بلوخ ئاماژه‌ی پێده‌كات كاتێك بیركردنه‌وه‌ نه‌فیبوون ئه‌خوڵقێنێت له‌ناو خۆیدا ئه‌و كاته‌ ترس ده‌كوژێت، واته‌ نه‌فیبوون كوشتنی ترسه‌ و ڕقڵێبوونه‌وه‌یه‌ له‌ ترس، واته‌ ترس به‌هۆی (نا)وه‌ ده‌بێته‌ ڕق، ترس له‌ خاوه‌ن ترسه‌، به‌ڵام خاوه‌ن ترس ترسه‌ له‌ ڕقلێبوونه‌وه‌، كه‌واته‌ خاوه‌نی ترساو ئێستا خاوه‌ن ترسه‌ له‌ (نا)، یان ئه‌وه‌ی پێشتر ئه‌یترساندین، ئێستا به‌هۆی ئه‌و (نا)یه‌وه‌ كه‌ بۆمان په‌یدا بووه‌ لێمان ده‌ترسێت، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه‌ كه‌ (شۆڕشی ئومێد) به‌ ئێمه‌ ده‌به‌خشێت و نایه‌ڵێت به‌ره‌و عه‌ده‌مییه‌ت هه‌نگاو بنێین.

بلوخ ئه‌م بیرۆكانه‌مان له‌و كاته‌ پێنابه‌خشێت كه‌ ئێمه‌ له‌وپه‌ڕی هێزداین، به‌ڵكو ئه‌و بیرۆكانه‌مان ئه‌و كاته‌ پێده‌به‌خشێت كه‌ خۆمان زۆر بێ به‌ها و بێ ده‌سه‌ڵات ده‌بینین، واته‌ بلوخ ئه‌و كاته‌ (ئومێد)مان پێده‌به‌خشێت كه‌ تاریكی باڵی به‌سه‌رماندا كێشاوه‌، كاتیك ته‌واو نائومێد ده‌بین، كاتێك ئیتر بڕوامان وایه‌ تاریكی ناگۆڕێت، بڕوامان وایه‌ كۆتاییمان هاتووه‌، بلوخ دێت به‌ هێزه‌ شاراوه‌كانمان ئاشنامان ده‌كات و (شۆڕشی ئومێد)مان پێ هه‌ڵده‌گیرسێنێت، بلوخ پێی وایه‌ ئه‌و كاته‌ی پێمان وایه‌ كۆتايیمان هاتووه‌ ئه‌و كاته‌ سه‌ره‌تای ئێمه‌یه‌، ئه‌و كاته‌ سه‌ره‌تای گۆڕانكارییه‌كان ده‌ستپێده‌كات، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ بیر له‌ گۆڕان ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام بلوخ ته‌نها یه‌ك مه‌رجی هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ بیركردنه‌وه‌ (نا)ی نه‌فی له‌گه‌ڵدابێت، ئه‌و كاته‌ بێ ئه‌وه‌ی خۆمان هه‌ست بكه‌ین سوبێكت كاری خۆی ده‌كات.

ئه‌و كاته‌ بیركردنه‌وه‌ ده‌بێته‌ (نا)، (نا)ش له‌ بیركردنه‌وه‌دایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ناو كرداری صه‌یروره‌ و خوڵقاندنی میژوو، كرداری بیركردنه‌وه‌ كاتیك ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی بزانێت تاریكی چییه‌ ده‌گاته‌ كرداری صه‌یروره‌، كاتیكیش گه‌یشته‌ صه‌یروره‌ سوبیكت به‌رده‌وام له‌حاڵه‌تی صه‌یروره‌دا ده‌مێنێته‌وه، به‌رده‌وام بوونی صه‌یروره‌ به‌رده‌وام بوونی (نا)یه‌، واته‌ له‌ (نا)یه‌كه‌وه‌ بۆ (نا)یه‌كی تر ده‌ڕۆین، تا وای لێدێت ده‌بێته‌(نا‌)یه‌كی ده‌ینه‌ماكی، ئه‌م ده‌ینه‌ماكی نه‌فی بوونه‌ له‌ شێوازی (هێشتا-نه‌بوو)خۆی مانفێست ده‌كات، هێشتا-نه‌بوو قۆناغێكی گرنگی سوبێكته‌ چونكه‌ له‌م قۆناغه‌دا ئامانجی سوبێكت خۆی مانفێست ده‌كات، واته‌ هێشتا-نه‌بوو له‌ سوبێكت خۆی ده‌رده‌خات، كاتێكیش سوبێكت خۆی ده‌رده‌خات ئامانجه‌كه‌ی ته‌نیا ناژین له‌ پێناو ژیان، یان ناژین له‌ پێناو (ژیانێكی ڕووت)، به‌ڵكو ده‌ژین بۆ به‌هایه‌ك كه‌ له‌ ئه‌سڵدا ژیان بۆ ئه‌و به‌هایه‌یه‌، هه‌‌ر ئه‌و به‌هایه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌مانخاته‌ ناو قه‌له‌قییه‌وه‌، قه‌له‌قی ئه‌وه‌ی به‌ ته‌عبیری بلوخ نه‌گه‌یشتووین به‌ یۆتۆپیای بوونمان.
یۆتۆپیا كاتێك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ (نا) ده‌بێته‌ هێشتا-نه‌بوو، یان نه‌فی ده‌ینه‌ماكی، ده‌ركه‌وتنی یۆتۆپیا جوڵه‌یه‌كی دیالێكتی بۆ ئێمه‌ ده‌خوڵقێنێت، ئه‌و جوڵه‌یه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ داهاتوو، ئه‌م عه‌ملییه‌ی صه‌یروره‌یه‌ هه‌رگیز ناگاته‌ یۆتۆپیا، به‌ڵام لای بلوخ دووباره‌كردنه‌وه‌ی عه‌مه‌لێكه‌ فۆڕمی یۆتۆپیایی وه‌رده‌گرێت، چونكه‌ ئامانج ئه‌وه‌ نییه‌ ئێمه‌ بگه‌ین به‌ یۆتۆپیا، ئامانج ئه‌وه‌یه‌ له‌ یۆتۆپیا خاڵی نه‌بینینه‌وه‌، واته‌ فۆڕم لێره‌دا یۆتۆپیا نییه‌ به‌ڵكو به‌ره‌و پێشچوونه‌، كه‌واته‌ سوبێكت ده‌چیته‌ ناو سه‌فه‌رێكی نادیار، سه‌فه‌ر له‌سه‌ر سه‌فه‌ر، به‌ڵام ئه‌و سه‌فه‌رانه‌ سه‌فه‌رێكی كراوه‌ و نه‌بڕاوه‌ و ئه‌به‌دین، تا وای لێدێت سه‌فه‌ره‌كان، دیالێكته‌كان و نه‌فی ده‌ینه‌ماكیمان ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ بوونمان، واته‌ نابنه‌ له‌ به‌شێك بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ين، به‌ڵكو خۆيان گه‌يشتنن، به‌ڵام گه‌يشتنێكی كۆتادار نا. به‌ كورتی فه‌لسه‌فه‌ی بلوخ په‌یوه‌ندییه‌، پەیوەندی نێوان هۆشیاری و (هێشتا نەبوو) دەبنە وەزیفەیەكی یۆتۆپی و لە ڕێگای سوبێكته‌وه‌، سوبێكتیش لە ڕێگای (ئەگەرەوە) بەرەو داهاتوو دەڕۆن و دەیناسن، بەڵام بلوخ جیاوازی نێوان دوو (ئەگەر)مان بۆ دەكات. یەكەمیان: ئەگەری نەخۆشی:
ئەم حاڵەتەیان بە دیاردەی (زانستی دەروونی) دەناسێت و ئاماژە دەكات كە ئەم حاڵەتە لە ئەنجامی پاڵنەری دەروونی و تێكچوونی باری كەسی و عەسبێتبوونەوە ڕوودەدات، هەموو بەرەو پێشچوونێك لەم جۆرەیاندا دووبارە بوونەوەی بەرەو پیشچوونەكانی ڕابردووە لەداهاتوودا، بلوخ ئەم جۆرەیانی بە (ئەگەر)ی (گەڕانەوە بەرەو ڕابردوو) ناو بردووە و بە جۆرێك كە داهاتوو بە درۆزن و هەڵخڵەتێنەر ناو دەبات. جۆری دووەمیان:
ئەگەری بەرهەمهێنەر:
ئەم جۆرەیان جیاوازییەكی تەواوی لەگەڵ غەریزەدا هەیە و لەكاتی مەرحەلەی گەنجێتی و كاتی هەستكردن بە گۆڕان و ڕەتكردنەوەی واقیعی ئێستادا ڕوودەدات، ئەم ئەگەرەیان بە تەواوی بە ڕووی جیهانی دەرەوەدا دەكرێتەوە و هەنگاونان بەرەو ئازادی و داهاتووبوون سەرهەڵدەدات، ئەم جۆرەیان هەموو خەونەكانی ڕووی لە داهاتوویە و داهاتوو بە بەهەشت و یۆتۆپیای خۆی دەزانێت، بەڵام دەبێت بزانین خەونی بەرەو پێشچوون جیاوازە لە خەونی گەیشتن بە یۆتۆپیا، خەونی بەرەو پێشچوون ئەو خەونەیە كە داهاتوو بە باشترو جیاوازتر دەزانێت لە واقیعی ئێستا، بەڵام خەونی یۆتۆپیابوون خەونێكی خەیاڵییە و خەونە بە بوونی چیایەكی ئاڵتونی. یەكەمیان حاڵەتێكی واقیعییە و دووەمیان حاڵەتێكی خەیاڵییە، بەڵام پەیوەندی هەردووكیان بەیەكەوە پەیوەندییەكە لە سەر ئەساسی (هێشتا نەبوو) دامەزراوە، (هێشتا نەبوو) بناغەكەی ئەو (نا)یەیە كە پێشتر گوتمان، واتە ئەگەر (نا) نەبوو ئێمە ناتوانین بیر لە (هێشتا نەبوو) بكەینەوە.

بەڵام پرۆسەی (نا)یش بناغەیەكی تری هەیە ئەویش هۆشیارییه‌، واتە پرۆسەكە یەك لەدوای یەك دێت و بەبەردەوامیش چونكە ناگەنە یۆتۆپیا خۆیان بە شێوازی جیاواز دووبارە دەكەنەوە، بەڵام (نا) كاتێك چەمكی (هێشتا نەبوو) دەهێنێتە ناو خۆی ئەو كاتە نابێتە كۆتاییه‌كی تەواو، واتە ئەو(نا)یە نابێتە كۆتا (نا) بۆ سوبێكت بەڵكو لەگەڵَ پرۆسەی (نا)ی یەكەم (نا) تەواو خۆی بە وجودێكی تایبەتەوە دەنووسێنێت و بەردەوام لە ڕێگای (هێشتا نەبوو)ی بەردەوامەوە (نا)ی دووبارە سەرهەڵدەدات، ئومێد لێرەدا وادەكات (نا) نەمرێت و ببێتە پرۆسەیەكی بەردەوامی ئەبەدیی بەرەو ئەو شتەی دەمانەوێت، واتە (نا) نە كۆتادارە و نە عەدەم، بەڵكو لەگەڵ شتێكی ئومێدبه‌خش لە پەیوەندیدایە. هەم ئەوەی وادەكات (نا) نەمرێت یان نەبێت عەدەم ئومێده‌ هەم (نا)بوون گەڕانەوە نییە بۆ خاڵی سەرەتا یان سفر، بەڵكو هەنگاوی تازەیە بەرەو یۆتۆپیا. بلوخ ئاماژە دەكات كە (نا) لە شێوەی (هیشتا نەبوو) خۆی دووبارە دەكاتەوە، بەڵام دووبارەبوونەوەی (نا) لە شێوازی ڕابردوو نا، بە شێوازی هەمان فیگەر نا، بەڵكو بە شێوازێكی تازە، تازەبوون بەو مانایەی كە ئێمە شوێنی وامان دۆزیوەتەوە كە پێشتر نەدۆزراوەتەوە، كیشوەری وامان بینیوە كە پێشتر ئاشنای نەبووین، چیرۆكی وامان دێتە پێش كە پێشتر نامۆ بووین پێی، جیهانی وامان لێ پەیدا دەبێت كە پێشتر نەبووە، بەڵام دەبێت بڵێن ئەو شوێنەی ئێمە دۆزیمانەتەوە ئەو كیشوەرەی ئێمەی تێداین ئەو جیهانەی كە ئێستا هەیە بە بەردەوامی یۆتۆپیایەكەی ئێمە نییە و شتێكی نوقسانە.

پێنجەم/ ئیزافەی بلوخ بۆ سەر ماركس

ماركس ئیزافەی شۆڕشی بۆ پەراوێزەكان هەبوو، بلوخ ئیزافەی شۆڕشی ئومێد، ئایا بلوخ ماركسی بوو؟ ئایا بۆچوونی لەگەڵ ماركسی كلاسیك یەك بوو؟ پاش داڕوخانی ماركسییەت، بلوخ ئەندامی شیوعی نەبوو، بەڵام خۆی بە ماركسی دەزانی، بلوخ دوای ئەوەی ئاسۆیەكی داهاتووی بۆ نوێگەری فیكری ماركس بەدی كرد و مانفێست كرد، توشی ڕەخنەیەكی توندی ئەندامانی حزبی شیوعی و موفەكیرەكان بوویەوە، ماركسییە فەرمییەكانی بیركردنەوە و فەلسەفەی بلوخیان بە پێچەوانەی ڕۆحی فەلسەفەی ماركس دادەنا، لە ڕاستیدا بلوخ فەلسەفەی مادی بڕۆگرامەكانی لە ماركس وەرگرت، باوەڕێكی تەواوی بەو بیرو باوەڕانە هەبوو وەكو (بیروباوەڕێكی فەلسەفی)، بەڵام بە تەواوەتی دووركەوتەوە لە ڕۆحییەتی فەلسەفە داخراوەكەی ماركس، بلوخ هەوڵیدا دیدگای بنەڕەتی ماركس كۆبكاتەوە بەرامبەر مێژووی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و لەگەڵ رزگاربوونی مرۆڤ كە ڕەگ و ڕیشەكەی دەگەڕاندەوە بۆ كەلتوری شارستانی لەناو كەلتوری شارستانیش بۆ كەلتوری یەهودی مەسیحی.

یەكێك لەو ئیشاكالییە گرنگ و ئاڵوزییانەی كە فەلسەفەی بلوخ دەربارەی (شۆڕشی ئومێد) دەیورژێنێت (لاهوت) و مامەڵكردنە لەگەڵ ئاین، یان دەتوانین بڵێین یەكێك لەو كێشە سەرەكییانەی كە بلوخ دەباتەوە سەر ماركس بۆ ئەوەی ئێستێك بكەین لەگەڵیدا، هەڵوەشانەوەی ئاینە لای ماركس، ئایا بە جدی ئیشی بلوخ كارپێكردنەوەی ئاینە لە فەلسەفەی ماركسییەت؟ ئایا دەتوانین بڵێین (ئومێد) لە دوای (گەشت و دوور و درێژەكەی كەلتوری مرۆڤایەتی) بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجام دەبێت بە مەرگی لاهوت كۆتایی بێـت؟ لە ڕاستیدا كاتێ‌ بلوخ هات ئەم كێشەیە واتە كێشەی كەلتور پەیوەست بە ئاینەوە لە گۆڕەپانێكی فراواندا خۆی مانفێست كرد، ئەمەش دەرەئەنجامی گەڕانی بلوخ بوو دەربارەی كەلتوری ڕۆشنبیری، بلوخ هات و لە كەلتور تێگەیشت و بەواتا فراوانەكەی كە مەیدانەكەی فكر و فەلسەفە و ئەدەب و هونەر و زانست و ئاینە، هەروەها بلوخ لەسەر ئەساسی ئەم بونیادانە كە ناكرێت خاڵی بكەیتەوە لە مرۆڤ بەرنامەكەی پێشكەش كرد، بلوخ (لاهوت)ی هێنایەوە ناو ماركسییەت، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی ترسی لەدوا ڕۆژ هەیە، بلوخ بۆ ئەوەی هێز بداتە ماركس و بلۆریتاریا دەیەویست ئەو جوڵێنەرە ڕۆحییە نادیارە كە ماركس فرامۆشی كردبوو ئەم زیندوویبكاتەوە، ئەوەش ترسی ئەوەی نەك ئەو شۆڕشە (عەقلییە) ی ماركس گومان لە خۆی بكات و نرخی بەهای خۆی نەزانێت، ترسی ئەوەی وەكو خۆی بڕوای بەوە هەبوو ناكرێت مەعریفە بێ (لاهوت)هەبێت، ئەو مەعریفەیەش ناكرێت بێ لاهوت بێت چونكە ئەو كاتە (بلۆریتاریا)سەربكەوێـت دەچێـتە ناو بۆشاییەكی فەلسەفییەوە.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress