Skip to Content

عەسکەر و ئیخوان و دیموکراسی لە سودان .. حەسەن یاسین

عەسکەر و ئیخوان و دیموکراسی لە سودان .. حەسەن یاسین

Closed
by تشرینی دووه‌م 23, 2021 General, Opinion


لە ٢٥ی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، بەفەرمانی سەرۆکی سوپای سودان عەبدولفەتاح بورهان، هێزەکانی ئاسایش، عەبدوڵلا حەمدۆک سەرۆکوەزیرانی سودانیان دەستگیرکرد و لەوتارێکدا، کە لە تەلەفزیۆندا پەخشکرا، بورهان باری نائاسایی لەوڵاتدا راگەیاند و حکومەتی مەدەنی و ئەنجومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاندەوە و بەمەش جارێکیدیکە، سوپا لەڕێگەی کودەتای عەسکەرییەوە، ئاسۆی چوون بەرەو دیموکراسیی لە سودان، لێڵکرد!
عەسکەر لە سودان، مێژوویەکی سیاسیی خراپیان هەیە و هەمیشە هەوڵیانداوە فەرمانڕەوای بکوژوببڕی وڵات بن. جەعفەر نومێری یەکێکبوو لەو عەسکەرە پلەدارانەی کە لە ٢٥ی ئایاری ١٩٦٩دا، بەزەبری هێز، دەسەڵاتی گرتەدەست و تا ٦ی نیسانی ١٩٨٥ لەفەرمانڕەوایی عەسکەرتارانەی وڵات بەردەوامبوو، چونکە عەسکەرێکیتری پلەدار، کە سوارئەلزەهەببوو، لەفەرماڕەوایی وڵات لایبرد و خۆی جووە جێی. سوارئەلزەهەب کەسێکی سەربازیبوو، بەڵام نیشتمانپەروەرێکی دیموکراتبوو، بۆیە بەرەزامەندیی خۆی، پاش هەڵبژاردن، دەستبەرداری دەسەڵاتبوو!
نومێری یەکەمین سەرۆکی سودانبوو کە (شەریعەتی ئیسلام)ی خستەنێو بواری داد لە وڵاتدا، ئەمەش بووەهۆی گەورەترکردنی کەلێنی کێشەکانی نێوان باکور و باشوری وڵات. باکور موسڵمانن و باشوریش مەسیحی! جیاوازیی دینی و زمانی و نەتەوەیی و پاوانکردنی دەسەڵات، لەلایەن موسڵمانانەوە بوونەهۆی بەرپابوونی جەنگێکی ناوخۆیی، یان راستتر بڵێین بوونەهۆی ئەوەی باشوورییەکان، بە رێبەرایەتیی سوپای رزگاریی میللیی سودان(SPLA)، بەسەرکردایەتیی جۆن گەرەنگ، جەنگی سەربەخۆیی رایەبگەیەنن. جەنگەکە بەردەوامبوو تا لە ساڵی ٢٠١١دا، باشور سەربەخۆیی بەدەستهێنا و باشورییەکان دەوڵەتی باشوری سودانیان دامەزراند!
عومەر بەشیر، وەک عەسکەرێک، کە بە بیروباوەڕ ئیخوانی بوو، لەڕێگەی کودەتاوە لە ساڵی ١٩٨٩ دەسەڵاتی گرتەدەست و فەرمانڕەواییەکی ئیسلامیی دامەزراند و ٣٠ ساڵ بەئاگر و ئاسن فەمرنڕەوایی وڵاتیکرد.
لە ساڵی ٢٠٠٣ بەشیر جەنگێکی ناوخۆیی لە دارفۆر بەرپاکرد و سەریکێشا بۆ جینۆسایدکردنی خەڵکەکەی و ٣٠٠ تا ٤٠٠ هەزار کەسی تێدا کوژرا.
تا ٢٠١١ و پێش جیابوونەوەی باشوری سودان، وڵاتی سودان، لەڕووی رووبەرەوە، هەم گەورەترین وڵاتی عەرەبی بوو، هەم گەورەترین وڵاتی ئەفریقیایش.
لە کۆتایی ٢٠١٨دا، خەڵک دەستیاندایە ناڕەزایی و خۆپیشاندان، حکومەتی بەشیر، بەئاگر وەڵامیدانەوەو سەرەنجام جارێکیدیکەش عەسکەر لە ١١ی نیسانی ٢٠١٩دا کودەتایکرد!
سودان وڵاتێکە دانیشتوانەکەی نزیکەی ٤٥ ملیۆن کەسە. خەڵکەکەی لەبارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی خراپدان، بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنن، ئاو نییە، کەرەستەی خۆراک نییە، نرخی بەنزین بەرزە، گەنم و دانەوێڵە زۆر کەمە و بەشی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان ناکات. نەخۆشی لە وڵاتدا زۆرە و دەرمان کەمە، ئەو حکومەتە دیموکراتەی بەهەڵبژاردن دەسەڵاتی گرتبووە دەست و حەمدوک سەرۆکایەتیی دەکرد، رێگری و کۆسپی گەورەی بۆ چاکسازی لەبەردەم قوتکرابۆوە و هێشتاش هەر کۆڵینەدەدا، کەچی لەپڕ رۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی رابردوو، عەسکەر، جارێکیدیکەش کودەتای کرد و حکومەتی هەڵبژێردراوی هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەش پلەدارانی عەسکەریی ئیخوانیی سەربە بەشیر، هەوڵیاندا کودەتا بەسەر کودەتاچییەکاندا بکەن و حکومەتێکی ئیسلامیی ئیخوانی بێننەوە سەر تەختی فەرمانڕەوایی، بەڵام هەوڵەکەیان سەرینەگرت!
ئێستا سودانییەکان لە ئیخوانییەکان رزگاریانبووە، بەڵام پێناچی وا زوو لەدەست حوکمڕانیی عەسکەر دەربازیان بێت، چونکە عەسکەرتارەکانی سودان، میسر و ئیمارات و سعودییە و ئیسرائیلیش پشتیوانیانن!

حەسەن یاسین

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish