چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئامریکا لە ئێراق و فۆبیای گەڕانەوەی داعش!.. سامان کەریم
بڕیارە بەیانی ٣٠ی سێبتەمبەر ئێراق کۆتایی بە بوونی هێزی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بهێنێت لە وڵاتەکەدا. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراقدا بە کوردستانیشەوە، شایی و شینی پێکهێناوە، لە ئێراقی کوردی شینە( سەرەڕای ڕاگەیاندنی دوو ڕۆژ پشوو) و لە ئێراقی عەرەبی شاییەو سێ رۆژ پشوو ڕاگەیەنراوە. کشانەوەی ئامریکا بە ڕێکەوتنی پێشتر بووە نەک کوتبڕ، بەڵام هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەگشتی وتەنانەت لە کوردستانی ئێران و ئەوانی دیکەش شڵەژاون، بەتایبەت سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق لەوەش زیاتر دەستیان کردووە بە جموجوڵو پەرچەکردارێک کە لە ڕوانگەی خۆیانەوە ڕێگری بکەن لەم هەنگاوەی ئامریکا، یان لایەنی کەم چەکی پێشکەوتوو و سیستمی بەرگریان بۆ بەجێبهێڵن. بەڵام ئامریکا نە دۆستی هەیە و نەشەرم نە هاوپەیمانی هەیە نە دوژمن، هەمیشە مامەڵەی سەرمایەدارانە دەکەن، سەرۆکی پارتی زۆر باش ئەمە دەزانێت و لەم بارەوە ئەزموونی زۆرە. جیاوازی ئەمجارە ئەوەیە کە ئامریکا ئیتر جارێکی دیکە بە جبەخانەی گەورەی سەربازی و هێزەکانی مارێنزەوە ناگەڕێتەوە بۆ ئێراق. بێگومان بەم پێیە پارتی دیموکرات و سەرۆکەکەی سەرمایەو هێزێکی گەورەیان لەدەستداوە و مافی خۆیانە هوشیاری بدەن و بترسن.
لەم چوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەنالی الشرقیة نیوز دا ٢٧ی ئەیلول بڵاوبۆتەوە بە ئاشکرا دەڵی: “هیچ گەرەنتییەک نیە بۆ ڕێگرتن لە گەڕانەوەی داعش.” وە لەوەش زیاتر دەڵێ”ترسی گەڕانەوەی داعش”هەیە، لە هەمانکاتدا دەنگ گۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە کە زیاتر لە سەد ئەندامی داعشی لە زیندانیەکانی بادینان ڕایانکردووە!!. گریمان کاک مەسعود و مەسرورو نێچیرقان ئاگادار نین وساڵی ٢٠١٤ش کە داعش هات و شەنگاڵیان ڕادەستکردن ئاگادار نەبوون کە داعش هێرش دەکات و یەزیدیەکان ئەنفال دەکرێن. مەسعود بارزانی لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە داعش دروستکراوی ئەمریکاو دۆستەکانیەتی لە ناوچەکەدا، کەواتە پارتی ترسی چی هەیە لە داعش؟ یان بۆ ئەوەندە دەترسێ؟!. پارتی دەزانێت ئەگەر داعش هێرش بکات، ئەوە سیاسەتی ئەمریکاو وڵاتانی ناوچەکەیەو ناونراوە داعش، ئەگەرنا ترس پێویست نیە لە هێرشکردنی 1500 یان ئەوپەڕی دەهەزار داعشی بۆسەر کوردستان یان بۆ سەر ئێراق- زۆرترین ژمارەی داعشیەکان لە ڕاپۆرتە ئەمریکیەکان باسدەکرێت لە هێرشی ساڵی ٢٠١٤ بۆسەر موسڵ و شنگال 800-1500 چەکداربوون- لە بارێکدا کە ٣٦ساڵە هێزەکانی پارتی و حکومەتی هەرێمی پارتی دەسەڵاتدارن وموچەی سەدان هەزار سەرباز و پۆلیس و ئاسایش و دژە تیرۆر دەدەن!!! ئەمە بەجیا لەو هەموو هێزو حەشدی شەعبیەی ئێراق!!. ئەگەر ترسێک هەیە لە لایەن پارتی و مەسعود بارزانی و مەسرورەوە(مەسرور بارزانی بە ئەمریکا دەڵێت شەرمەزارییە!!) ئەوە ترسە لە نەمانی پەناگیری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ترسە لە پێگەی خۆی لە کوردستان و ئێراق و ناوچەکەدا، لەمبارەوە مافی خۆیانە بترسن و داوای مانەوەی هێزەکان و چەک لە ئەمریکا بکەن ، بەڵام مافی ئەوەیان نیە بە داعش خەڵی کوردستان بترسێنن، ئەی پێشمەرگەکان و زێرەبانی لە کوێن؟! ئەی پۆلیس و ئاسایش دژە تیرۆرتان چکارەن؟!ئەی دەوڵەتی سەربەخۆو ڕیفراندۆم و ئابوری سەربەخۆ چیان لێهات؟!ئەو هەموو پاشەکەوتی موچەو گومرگی برایم خەلیل و باجەکانی دیکە چیان بەسەرهات؟! ئەو هەموو سەروەت و سامانەی کوردستان کە بۆ ئەم هێزانە سەرف کراوان بۆچی بووە؟ مەگەر تەنها بۆ تۆقاندن و ترساندنی خەڵکی کوردستان بوو؟!!بەکورتی ترسی پارتی و سەرۆکەکەی لە بچووکبونەوەی قەبارەو سەرمایەی هێزەکەیانە. قۆناغیک کۆتایی هات کە ٢٣ ساڵی خایاند، قوناغیکی تازە دەستی پێکردوە کە سیماکانی دیارە بەڵام جێگیر نەبووە.
زۆر ڕۆشن لە ڕاگەیاندنی ئەو سەرکردانەی پارتیدا ئەوەیە، کە بۆ چەندین جار دوبارە بۆتەوە: ، ئەهڵی پاراستنی خەڵکی کوردستان کاری ئەوان نیە، ئەوان تەنها پارێزەری سەرمایەو کۆمپانیاکانی ناوچەی خۆیانن. کرێکاران و برسیەکانی کوردستان بۆ بەرگری کردن لە خۆیان تەنها هێزی خۆیان هەیە کە پێویستە یەکگرتوو وڕیکخراو بن.
سامان کەریم
٢٩ سیبتمبەر ٢٠٢٦

