(کارینا)، رۆمانی دەستنوسە خوێناوییەکان! .. هێرش رەسوڵ
هەرچەند دەرفەتم زۆر کەم بو، بەڵام هەرچۆنێک بو، لە چەند مانگی رابردودا و لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەلیکترۆنییدا، توانیم نوێترین رۆمانی (نیهاد جامی) بخوێنمەوە.
نیهاد پتر وەک نوسەر و شانۆکار و رەخنەگری شانۆیی ناسراوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە کار لە نوسینی چیرۆک و نۆڤلێت و رۆمانیش دەکات.
ئەم کارە تازەیەی ناونیشانی (کارینا)ـی هەڵگرتوە. کارینا بەپێی ئەندێشەسازیی رۆماننوس یەکێکە لە ئەندامانی (بنەماڵەی خەیاڵ). کچێکە، لە دایک و باوکییەوە بە خەیاڵ دەژی، بە خەیاڵ بیردەکاتەوە، بە خەیاڵ رەفتاردەکا و، دەیەوێت هەر بەو خەیاڵەوە ئایندەی خۆی بنەخشێنێت.
ئیشی من نیە لەم کورتەنوسینەدا، چیرۆک یان چیرۆکگەلی نێو رۆمانەکە بگێڕمەوە و روداو و کەسێتییەکانی ئاشکرابکەم، هێندەی دەمەوێ تەنها وەک خوێنەرێک هەست و بینینی خۆم بە کورتیی بخەمەڕو.
سەرەتا، نایشارمەوە هەم چێژم لە خوێندنەوەی (کارینا) وەرگرت، هەم قوڵییم لێ رەچاوکرد.
پەیکەری رۆمانەکە بریتییە لە سێ کتێب لەناو کتێبێکدا، هەریەکەیان گێڕەڕەوەی خۆی هەیە، پاشان هەمایان لە هێڵێکی چیرۆکئامێزدا یەکدەگرنەوە. وەکچۆن کەسێتیی راستینەی رۆماننوسیش (نیهاد) لە کۆتاییدا یەکێکە لەوان.
گێڕانەوە لە (کارینا)ـدا زیاتر بە زمانی کەسی یەکەم و کەسی سێیەمە، کەوا لەلایەن کارەکتەرە سەرەکیی و لاوەکییەکانەوە چیرۆکە جیاوازەکان نمایشدەکرێن.
تەکنیکەکەیشی جادوەواقیعیی (ریالیزمی سیحری)ـیە و شێوازێکی جوان و سەرنجبەرە.
بۆ لایەنی زمانەوانیی، رێنوس و خاڵبەندیی هەست بە جۆرێک لە پەلە دەکرێت، چونکە هەندێ هەڵەی تێدایە، بەڵام کەمیان هەڵەی گەورە و ماناگۆڕن.
ناکرێ من لێرەدا ناوەرۆکی رۆمانەکە بخەمەڕو، بەڵام تەنها دەمەوێ هێندە بڵێم؛ (کارینا) رۆمانی دەستنوسە خوێناوییەکانە، دەفتەری نەخوێنراوەی نەوەی ئازاردراو و بێئومێدی دوای راپەڕینی ۱۹۹۱ـە، یاداشتی رۆژنامەنوسە گەنجە تێرۆرکراوەکانە.
تەوەری رۆمانەکە، تەنها لە دەوری بابەتی سیاسیی ناخولێتەوە، بەڵکو لایەنی ئابوریی، کۆمەڵایەتیی، کەلتوریی_یش دەگرێتەخۆ.
چیرۆکەکانی نێو (کارینا) پڕن لە فڕین و ونبون، سەرڕێژن لە کوشتنی هیوا، بێهودەیی، گەمژاندن، لەسەر دەستی نەوەی دوەمی سیاسەت لەم نیشتمانەدا.
بەو هیوایەی، (کارینا) تەنها لەنێو جاڵجاڵۆکەتۆڕی جیهانییدا نەمێنێتەوە و بە کاغەزییش چاپکرێ و بکەوێتە نێو رەفەی کتێبخانەکانیش.
سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ نیهاد جامی.