خه‌ونه‌كانی كه‌ژاڵ ڕۆمانێك له فۆڕمی وتاردا! .. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
ساڵانێكه وه‌ك خوێنه‌رێك، به تاسه‌وه ڕۆمان ده‌خوێنمه‌وه.به تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی نووسه‌ره‌كانیان ده‌سپێكی نووسینیانه له‌وبواره. خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی بۆ من له دوو ڕوانگه‌وه‌یه. یه‌كه‌میان چێژ وه‌رگرتن و خوێندنه‌وه‌ی تێكستێكی ئه‌ده‌بییه، ئه‌وه‌ی تریان به مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زمانه‌كه‌م وئاشنابوونی زیاتره به زمانی كوردی كه ده‌بێ ڕۆماننووس شاره‌زایه‌كی ووردو زۆری لێ هه‌بێت. چونكه زانینی زمان و شێوه‌ی داڕشتن و گوزارشتكرن، ئهلف و بێی نووسینی ڕۆمانه. هه‌ركه‌سێك توانای به سه‌ر زماندا نه‌شكێت، باشتر وایه ڕۆمان نه‌نووسێت.ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه لام، له میانه‌ی ئه‌زموونی خۆم وه‌ك خوێنه‌رێك له بواری خوێندنه‌وه‌ی ڕۆماندا، تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی خۆیان به نووسینی ڕۆمانه‌وه سه‌رقاڵكردووه(نه‌ك ڕۆماننووسن) شاره‌زایه‌كی ئه‌وتۆیان له زمانی كوردی نییه. نازانن چۆن چه‌مك وده‌سته‌واژه و ده‌ربڕین و گوزارشته زمانه‌وانییه‌كان، له بونیادی زماندا به‌رجه‌سته بكه‌ن. بۆیه ده‌كه‌ونه هه‌ڵه‌ی سه‌یره‌وه كه خۆشیان هه‌ستی پێ ناكه‌ن. گه‌رچی ئه‌و نووسه‌رانه هه‌وڵده‌ده‌ن له ڕێگه‌ی فه‌نتازیای نووسین و زمانێكی په‌خشان ئامێز، جۆرێك له ئستاتیكا به وشه‌كان بده‌ن تاكو سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕابكێشن. به‌ڵام كاتێ ده‌چینه قووڵایی وشه و ماناكان، ئیدی ده‌سته‌پاچه‌یی ئه‌وانمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌م كاره‌م وه‌ك ئه‌وه دێته به‌رچاو كه خانووێكی له قوڕ دروست كرا‌و، به بۆیه‌یه‌كی جوان بڕازێنییه‌وه. خاڵێكی دیكه‌یان ئه‌وه‌یه كه به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی به خه‌یاڵی خۆیان ڕۆمان ده‌نووسن، تووشی كاوێژكردنه‌وه‌ی وشه و درێژدادڕیی و دووباره‌بوونه‌وه‌ی وێنه‌كان ده‌بن.
بابه‌تی به‌شێكی زۆر له‌و جۆره ڕۆمانانه، ده‌كرێ پوخت و چڕوكورت بكرێته‌وه له چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی كه‌م. یاخود ئه‌وه‌ی ڕۆماننووس به‌و هه‌موو نووسینه‌وه‌یه‌وه گوتویه‌تیی، ده‌توانرێت كورت بكرێته‌وه بۆ چیڕۆكێكی زۆركورت. نموونه‌ی به‌رجه‌سته له‌م ڕووه‌وه زۆرن گه‌رخوێنه‌ر مه‌به‌ستی بێت ئاماژه‌یان پێ بدات. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه یه‌كێك له‌و ڕۆمانانه‌ی له زۆرلایه‌نی زمانییه‌وه هه‌ڵه و كێماسی هه‌بوو ڕۆمانی(خه‌ونه‌كانی كه‌ژاڵ)ه. ئه‌م ڕۆمانه، سه‌رگوزشته‌ی ژنێكی كوردمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه ناوی(كه‌ژال)ه و له‌كه‌نه‌دا ده‌ژیت. كه‌ژاڵ، دوای ئه‌وه‌ی به خۆشه‌ویستی شوو به كامه‌رانی هونه‌رمه‌ند ده‌كات، له‌گه‌ڵیشیدا ده‌چێته كه‌نه‌داو له‌وێ ده‌ژیت. دوای ماوه‌یه‌ك ناتوانن وه‌ك دوو هاوسه‌ر به یه‌كه‌وه بژین، بۆیه كه‌ژاڵ لێی جیا ده‌بێته‌وه و ئه‌مجاره‌یان شوو به كوردێكی ڕۆژهه‌ڵات ده‌كات به ناوی ئومێد، له‌ویش جیا ده‌بێته‌وه‌و ئه‌مجاره‌یان شوو به كه‌سێكی دیكه ده‌كات به ناوی عه‌باس. كه‌ژاڵ له گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی دا بۆ كه‌ركوك عه‌باس ده‌ناسێت و ئه‌ڵقه‌ی ده‌زگیرانی ده‌گۆڕنه‌وه، به‌ڵام له‌ویش جیا ده‌بێته‌وه.
كاارهكتهری ڕۆمانه‌كه، به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی له ژیانی خێزانی دابووه، به نهێنیش مامۆستا به ختیاری خۆشویستووه كه چه‌ند ساڵێك له خۆی گه‌وره‌ترو هاوكات هاوسه‌ر و منداڵیشی هه‌یه. واتا لێره‌دا ڕۆماننووس، ناڕاسته‌وخۆ ڕه‌وایه‌تی به‌وه ده‌دات، كه كاتێ كه‌سێك له ژیانی تایبه‌تی و خێزانداری خۆیدایه، ده‌كرێ به نهێنیش كه‌سێكی دیكه‌ی خۆشبوێت و ناپاكی له هاوسه‌ركه‌ی بكات. له كاتێكدا ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندییانه، یه‌كێكن له گه‌وره‌ترین ئه‌و گرفته كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی و خێزانی و په‌روه‌رده‌ییانه‌ی، سه‌رچاوه‌ی سه‌دان ڕووداوی دڵته‌زێن و تراژیدین له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، كه زۆرینه‌یان سه‌رده‌كێشن بۆ كوشتن و خوێنڕشتنی مرۆڤ. ئه‌م جۆره تیمانه له نووسینی ڕۆماندا، وه‌ك بابه‌تێكی سواوی لێهاتووه و هه‌میشه ده‌كرێنه كه‌رسته‌ی نووسینی به ناو ڕۆمانی بێ مانا و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكییان له په‌راوێزییه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆشیان ده‌ده‌ن. هیچ داهێنانێك له‌وه‌دانییه، نووسه‌رێك بابه‌تێكی سواو بكاته كه‌رسته‌ی نووسینی ڕۆمانێك. وێرای ئه‌مه‌ش له ڕۆمانه‌كه‌دا، خوێنه‌ر به‌ر چه‌ندین هه‌ڵه‌ی زه‌ق له ڕووی زمان و ده‌ربڕینه‌وه ده‌كه‌وێت كه لێره‌دا ئاماژه‌یان پێ ده‌ده‌ین:_
- لا-14 -نووسیویه‌تی:_(ستۆدیۆی نیگار كێشان). نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه (ستۆدیۆ)و(مه‌رسه‌م)ی له‌یه‌كتر جیا نه‌كردۆته‌وه، وا ده‌زانێت هه‌ردووكییان هه‌مان ما‌نایان هه‌یه. ستۆدیۆ بۆ تۆماركردنه (مه‌رسه‌م) كه به كوردی (نیگارخان) هی پێ ده‌گوترێت، شوێنی وێنه كێشانه.
- لا 14_نووسیویه‌تی:_(كامه‌ران كه‌سێكی قرچۆك و چاوچنۆك بوو، نرخی كراس و پێلاوه‌كه‌ی له سه‌رووی هه‌زار دۆلاربوو). سه‌یرم پێدێت كه‌سێك ڕۆمان بنووسێت و خۆی پێ ڕۆماننووس بێت، به‌ڵام هه‌ڵه‌ی وه‌ها كۆمێدی بكات. ئاخر كه‌سێك قرچۆك بێت، چۆن پۆشاكی گران به‌های به‌و نرخه ده‌پۆشێت؟!.
- لا14 نووسیویه‌تی:(به فیكه لێدان ته‌ماشای تابلۆیهكانم كرد). ئه‌گه‌ر بینه‌رێك ته‌ماشای تابلۆیه‌ك بكات، لێی ڕاده‌مێنێت و چێژی لێ وه‌رده‌گرێت، یاخود فیكه‌ی بۆ لێ ئه‌دات؟ ئه‌مه با ڕۆماننووسی وه‌ڵامان بداته‌وه؟.
- لا28_نووسیویه‌تی:_( ئومێد ده‌ڵێ هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌چمه حه‌ج) نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه واده‌زانێت (حه‌جكردنیش) وه‌ك(عه‌مره)یه، هه‌ر كاتێك مرۆڤ ئاره‌زووی كرد ده‌توانێت بچێت!؟.
- لا42-نووسیویه‌تی:_(كه‌ژاڵ قونكی جگه‌ره‌كه‌ی خسته ژێر پێی و پانیكردهوه). نووسه‌ری ڕۆمان واده‌زانێت وڵاتی كه‌نه‌داش كوردستانه، خه‌ڵك به ئاره‌زووی خۆی ژینگه پیس بكات.!
- لا 65-نووسیویه‌تی:_( پیره‌مێردێكی جوو، خه‌ونه‌كه‌ی بۆ شیكردمه‌وه). بنووسی ڕۆمانه‌كه وا ده‌زانێت جووه‌كانیش وه‌ك موسڵمانه‌كان، باوه‌ریان به خه‌ون بینین هه‌یه! یه‌كه‌مجاره، ئه‌مه ده‌بیستم. دواتر خه‌ون لێك ده‌درێته‌وه شیناكرێته‌وه بۆ زانیاریی نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه.)!.
- لا 66_:_(به‌ختیار به نیلۆفه‌ر ده‌ڵێت، ئه‌م جوجكهیه كوڕه، یان كچ). نووسه‌ری ڕۆمان، واده‌زانێت ژنیش وه‌ك مریشك هێلكه هه‌ڵدێنی و (كورك) ده‌بێت، ده‌نا چۆن به منداڵی ده‌گوت جوجكه!؟.
- لا81-نووسیویه‌تی:_(به پێی شه‌ریعه‌ت، ئه‌گه‌ر ژن و مێرد تا ساڵێك به یه‌كه‌وه نه‌بوون، هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه). نازانم نووسه‌ری ڕۆمان، ئه‌م شه‌ریعه‌ته‌ی له‌كوێ هێناوه؟ ئه‌مه‌یه كۆمێدیای به‌شێك له به ناو ڕۆماننووسانی ئێمه، كه له هیچ بوارێك شاره‌زانین و قسه‌شی له باره‌وه ده‌كه‌ن. چونكه نووسه‌ری ڕۆمان ده‌بێ بزانێت، له ئیسلامدا، هیچ هاوسه‌رگیرییه‌ك دوای ساڵێك به تاڵ نابێت، بگره هه‌ر هه‌ڵناوه‌شێته‌وه، تاكو به‌ته‌ڵاق كۆتایی نێت.).
- لا93نووسیویه‌تی:_(ژن به سه‌ماواره‌وه جوانه). سه‌یری ئه‌و دیده خێڵه‌كییه بكه‌ن بۆ ژن!.
- لا142نووسیویه‌تی:_(نیو چاره‌گه سعات وه‌رزشم كرد). له‌ڕاستیدا، نیو چاره‌گ عه‌ره‌قم بیستووه، به‌ڵام نیو چاره‌گ كاتم نه‌بیستووه !.
- لا148 نووسیویه‌تی:_(كه‌ژال به به‌ختییار ده‌ڵێت: تۆسه‌گی و من پشیله).
- لا 168(دوای ئه‌وه‌ی به‌ختیار به هۆی ڕووداوی ئوتومبێله‌وه ده‌كه‌وێته حاڵه‌تی كۆماو بێ هۆشییه‌وه، كه‌ژاڵ ده‌ڵێت:_ (هیدفۆنی مۆبایله‌كه‌م خسته گوێی بهختیارو ئه‌ویش گوێی له گۆرانی ئێمه گیانێكین له دوو جه‌سته دا ده‌گرت). نازانم كه‌سێك له دۆخی غه‌یبوبو دابێت، چۆن ده‌توانێت گوێ له گۆرانی رابگرێت.
خاڵێكی دیكه كه به‌پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ی پێ بده‌م ئه‌وه‌یه، كه نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه، هاوشێوه‌ی ده‌یانی تر كه‌وتۆته هه‌ڵه‌ی دیاریكردنی ڕۆڵی كاره‌كته‌ره‌كان و پاشخانی هزریی و په‌روه‌رده‌ییان. به‌و مانایه‌ی، گه‌رچی ڕووداوه‌كان له وڵاتی كه‌نه‌دا ڕووده‌ده‌ن و بنه‌ماڵه‌ی به‌ختیاریش زیاتر له بیست ساڵه له‌و وڵاته ده‌ژین، وه‌لێ هێشتا وه‌ك خێزانێكی داخراوی ڕۆژهه‌ڵاتی و میللی بیرده‌كه‌نه‌وه. بۆ نموونه:- به‌حتیار كه كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه و هه‌ندێ جار ڕۆڵی بگێڕه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانیش ده‌بینێت، له هه‌مان كاتدا نووسه‌رو مامۆستاشه، كه چی زمانی ئه‌و كاره‌كته‌ره، له زمانی كه‌سانی سه‌ر شه‌قام و بازاڕ ده‌چێت. به‌ختیار ده‌ڵێت:( با سیر بخوات و زوڕنا لێ بدات) یاخود (كه‌رایه‌تی به‌ری داوی). ئه‌م جۆره له زمانی ده‌ربڕین، له زمانی كه‌سانی خێڵه‌كی و میللی ده‌چێت، نه‌ك زمانی نوووسهرێك و ئه‌و نووسه‌ره‌ش، بیست ساڵ له كه‌نه‌دا ژیا بێت. سوقرات ده‌ڵێت:(قسه بكه تا بزانم كێی). بیرمان نه‌چێت، زمانی ده‌ربڕین و قسه كردن، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پاشخانی هزریی و كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه. چه‌ند، ئه‌و پاشخانه ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، ئه‌وه‌نده‌ش زمانی ده‌ربڕین بابه‌تی تر ده‌بێت.
ئه‌و زمانه‌ی به‌ختیار و كامه‌ران و كه‌ژاڵ و هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كانی دیكه‌ش كه پێ ده‌دوێن، له ڕاستیدا یه‌ك ناگرێته‌وه له‌گه‌ڵ ئاستی هوشیاریی و پێگه‌ی پیشه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییان. به تایبه‌تی كه ئه‌و كاره‌كته‌رانه له كه‌نه‌دا ده‌ژین و هه‌مووشمان ده‌زانین ئه‌و وڵاته و كوردستان له ڕووی ڕێساكانی ژیانه‌وه چه‌ند له یه‌كتری دوورن. كه‌چی نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه، هه‌روا ده‌زانێت له كوردستانه، ئه‌وها جله‌وی بۆ ڕووداوه‌كان شل كردووه. سه‌یرم پێدێت كه‌سێك نووسه‌ر بێت و بیست ساڵیش له كه‌نه‌دا ژیا بێت و كه‌چی زمانی ئاخاوتنی وه‌ك زمانی مرۆڤه‌كانی نێو بازاڕ بێت. ئه‌مه به داخه‌وه گرفتی به‌شێكی زۆری به ناو ڕۆماننووسانی ئێمه‌یه، كه نازانن چۆن ڕۆڵی كه‌سایه‌تی و كاره‌كته‌ره‌كان له ڕۆماندا دیاری بكه‌ن.
وێرای ئه‌مه‌ش، هه‌ر زمانی ڕۆمانه‌كه، به‌گشتی زمانێكی ساده، حیكایه‌ت ئامێز، بێ چێژ‌و نا هونه‌رییه. خوێنه‌ر كه ڕۆمانه‌كه ده‌خوێنێته‌وه، وا هه‌ست ده‌كات وتارێكی ساده‌ی ڕۆژانه ده‌خوێنێته‌وه، كه گفتوگۆ و ده‌ربڕینه‌كانی هیچ به‌هایه‌كی مه‌عریفی و ئستاتیكییان نییه. دواتر بیكاته بابه‌تی به ناو ڕۆمانێك و ده‌زگاكانی چاپیش له پای هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كه‌وه بێت، بۆی چاپ بكه‌ن هه‌ر له ڕۆمانه‌كه‌دا، ئه‌وه‌نده هه‌ڵه‌ی چاپ هه‌ن، كه واتای هه‌موو وشه‌كانییان شێواندووه.ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر وردبین نه‌بێت، نازانێت ئه‌و وشه‌ی نووسراوه مانای چییه. هه‌ر بۆ نموونه پیتی(گ) له كاتی تایپكردنه‌وه، به هه‌موو وشه‌كانه‌وه نووساوه. هیوادارم به‌شێك له ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێمه، بزانن ڕۆمان نووسین هونه‌ره، مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی تیمه‌یه‌كی له خه‌یاڵ دابوو، به شان و باڵی ده‌قه‌كه و نووسه‌ره‌كه‌شی هه‌ڵبده‌ن و ئه‌وانیش چه‌ندین ده‌قی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه چاپ و بڵاو بكه‌نه‌وه. ئه‌م جۆره بنووسانه، له ڕاستیدا وه‌ك مه‌له‌وانێكی نه‌زان وان له ده‌ریایه‌كی قووڵدا. ئه‌گه‌ركه‌سێك مه‌له‌وانی نه‌زانێت چی لێدێت؟ بێگومان ده‌خنكێ. زمانیش وایه، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر شاره‌زای هه‌موو سووچێكی نه‌بوو، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر گوزارشت وده‌ربڕیندا نه‌شكا و ڕۆمانیشی نووسی، ئه‌وا وه‌ك مه‌له‌وانه نهزانهكهی لێدێت.
—————————————-
*په‌راوێز: ڕۆمانی خه‌ونه‌كانی كه‌ژاڵ، نووسینی: جه‌بار قادر، بڵاوكردنه‌وه‌ی:كولتوور ژماره 10 2020.
*ئه‌م بابه‌ته له‌لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌بی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات بڵاوكراوه‌ته‌وه…