مۆتەکەی بەردەکان.. کوردستان مید
دە ڕۆژ تێپەڕیوە و ئێستا لە موسڵم، ئەو شارەی پێشتر خەونم پێوە دەبینی بۆ خوێندنی ئەندازیاری ڕووی تێ بکەم. ئێستا لێرەم، بەڵام وەک خوێندکار نا، وەک دیل…
چاوم بڕیبووە دیوارە خۆڵەمێشییەکانی هۆڵەکە؛ ئەو دیوارانەی بە خوێن ناویان لەسەر نووسرابوو یانیش بە بەردی تیژ نەخشیان لەسەر هەڵکۆڵدرابوو. پەنجەکانم کردبووە ناو گوێیەکانم؛ دەمویست قیژە و هاواری ژن و منداڵەکانی هۆڵەکە پەردەی گوێم نەتەقێنێت.
بەڵام لەپڕ هەموومان ڕاچڵەکین؛ دەنگی ئاسنە ڕەق و ژەنگاوییەکانی دەرگای هۆڵەکە هەموومانی بێدەنگ کرد. ژنانی حیسبە و پیاوە چەکدارەکانی داعش، وەک شوانێک کە مێگەل ڕاو بنێت، ئێمەیان برد بۆ گۆڕەپانێک تا ببینین چۆن سزای “خودا” بەسەر تاوانبارێکدا جێبەجێ دەکەن.
گەیشتینە گۆڕەپانەکە؛ بۆنی خوێنێکی سارد و تەپوتۆزی بیابان ئەو ناوەی تەنی بوو. لە ناوەڕاستدا ئافرەتێک هەبوو قوماشێکی ڕەشی درێژی پۆشی بوو، بەڵام قوماشە ڕەشەکە لە چەندین شوێنەوە سوور ببوو؛ ئەو ژنە بۆ دەستێک دەگەڕا کە ڕوخساری خۆی پێ بشارێتەوە لەو چاوە تیژ و بێبەزەییانەی کە لێیان دەڕوانی، چونکە دەستە لەرزۆکەکانی خۆی هیچی تر توانای جووڵەیان نەمابوو. بە شێوەیەک هەناسەی دەدا وەک بڵێی لە شەنگالەوە بۆ موسڵ بە پێ ڕای کردبێت. گەرمیی خۆری موسڵ جەستەی کردبوو بە هەورێکی بەهار، ئارەقەی لەشی تێکەڵی خوێنە سوورەکەی جەستەی بووبوو.
گوێم پڕ بوو لە هاواری تیژ و ڕەقی چەکدارەکان کاتێک دەیانوت:
— بەردی تێبگرن! ئەمە بێڕەوشتە! بەردی تێبگرن و یارمەتی بدەن تا لە تاوانەکەی پاک ببێتەوە!
هەموو ئەوانەی لەوێ بوون، بە دەم هاواری “الله اکبر”ەوە دەستیان دەبرد بۆ بەردە سارد و ڕەقەکانی بەردەمیان؛ ئەو بەردانەی چیتر پیرۆزی سروشت نەبوون، ئێستا ببوون بە چەکێکی دەستی خوێنڕێژەکان، بە هەموو هێزیانەوە دەیانهاویشت وەک ئەوەی بیانەوێت دڕندەیەکی کێوی لە جووڵە بخەن.
ساردییەک هەموو گیانی داگرتم. هەستم دەکرد قاچەکانم هیچی تر هێزی ئەوەیان تیا نەماوە بە پێوە ڕامبگرن. لەو چرکەساتەدا وێنەی “دوعا” هاتەوە خەیاڵم؛ ئەم دژبەیەکبوونە مێشکمی دەخوارد:
— خوایە، مەگەر هەر ئەمان نەبوون دەیانگوت ئێمە بۆ تۆڵەی دوعا هاتووین بۆ شەنگال؟ مەگەر باسی بێبەزەیی ئێزدییەکانیان نەدەکرد بەرامبەر ئەو کچەی کە هەمان چارەنووسی ئەم ئافرەتەی بەردەممی هەبوو؟ ئەی چۆن ئێستا خۆیان هەمان کار ئەنجام دەدەن؟
دەنگی دایکم لە ناو مێشکمدا دەزرینگایەوە کە ڕۆژانێک پێی دەوتم:
— کچم، پیاو هەمیشە بەدوای بیانوویەک دەگەڕێت تا بەردێک لە ئافرەت بگرێت؛ جارێک بە ناوی ئایین، جارێک بە ناوی شەرەف.
هاوارەکان گوێیەکانمیان ئازار دەدا، بەڵام بینینی ئەو کارەی کە هیچ ئەهریمەنێک نەیدەتوانی بیکات زیاتر ئازاری دەدام. پیاوە گەورەکان دەنگیان وەک بڵندگۆی مەزارگەیەکی ئایینی ئەو ناوەی پڕ کردبوو، بەردەکان لە هەموو لایەکەوە دەفڕین و جەستە لەرزیوەکەی ئافرەتەکەیان وردوخاش دەکرد و منیش لە ژێر نیقابە ڕەشەکەمدا، تەنیا دەمویست چاوەکانم دابخەم و چیتر ئەم جیهانە نەبینم.
کاتێک هاتینەوە ناو هۆڵە داخراوەکە، ترس وەک تەمێکی ڕەش هەموو گیانی داگرتبووم. سەرم خستبووە ناو ئەژنۆم و جەستەم هەڵدەلەرزی. دەستەکانم بە هێزێکی زۆرەوە دەکێشا بەسەرمدا، بەڵام هێشتا نەمدەتوانی دیمەنی ئەو بەردانە لە ناو مێشکمدا بسڕمەوە. هیچ شتێکم نەخواردبوو بەڵام تامی تۆز و خۆڵ تا ناو قوڕگم ڕۆشتبوو.
کاتێک شەو داهات، لە ژێر باری خەم و شەکەتی، خەو چاوەکانی فریوودام.
لە خەومدا چاوەکانم بە دیمەنی دوعا کرایەوە؛ کراسێکی سپی پۆشی بوو، وەک گەوهەر دەدرەوشایەوە. دوو باڵی سپیی گەورەی وەک فریشتە لەسەر شانی بوون. هیچ شوێنەوارێکی بەرد و خوێنی پێوە نەمابوو. بە هەنگاوی هێواش لێم نزیک بووەوە، دەستەکانی گرتم و بە چرپەیەک پرسیاری لێ کردم:
— لە بەرد دەترسی؟
سەیری چاوەکانیم کرد و لێوەکانم دەلەرزین، وتم:
— نا… من لە خوێن دەترسم!
دوعا زەردەخەنەیەکی تاڵی کرد و بە دەنگێکی هێمن کە وەک کزەبای شەنگال وابوو، وتی:
— ئازیزم، ئافرەت بەردەوام خوێن دەبینێت، تەنانەت ئەگەر هیچ بەردێکیشی بەرنەکەوێت!
ئەمڕۆ چواردە ساڵم؛ لە جیاتی فوو لە مۆمەکانی کێکەکەم بکەم، فوو لە هەموو ئەو هیوایانە دەکەم کە لە نێوان زیندانە تاکە کەسییەکەمدا دەکوژانەوە. پرسیارەکان وەک مشەخۆرێک مێشکیان دەخواردم:
— کێ دەسەڵاتداری جیهانە؟ نازانم کێ دەسەڵاتی بەدەستە، بەڵام لە تیڤی هەمیشە پیاوی پیرم دەبینی لەسەر کورسی گرانبەها دانیشتبوون، بە بڕوابەخۆبوونەوە قسەیان دەکرد. مامەپیرەکەی دوکانداری گەڕەکی خۆمانم بیر دەهاتەوە، کاتێک دەڕۆشتمە ناو ئەو دوکانە بچووک و تەنگەی کە وای لە مامەپیرە کردبوو وابزانێ خاوەنی هەموو سەرمایەی دنیایە. هەرجارێک داوای قردێلەی نوێم لێ بکردایە بۆم بهێنێت، سەری دەهێنایە پێش و دەیووت:
— دەڵێیت چی؟
دەنگم بەرز دەکردەوە و دەمووت:
— قردێلەی مۆر ناهێنیت؟
سەری ڕائەوەشاند و دەیووت:
— تێناگەم ڕۆڵە، بۆم بنووسە.
کە بە قەڵەمێکی سەر مێزەکە لەسەر کاغەزێکی بچووک بۆم دەنووسی، چاویلکەکەی دەکردە چاوی، چاوەکانی زەق دەکردەوە و پاشان دەیووت:
— دەستوخەتت زۆر بچووکە ڕۆڵە، من چاوم کزە، بۆم بخوێنەرەوە…!
کاتێک بە دەنگێکی زۆر بەرز هاوارم دەکرد و لێم تێدەگەیشت بیری دەچۆوە بۆم بهێنێ… یەک مانگ بە بەردەوامی پێم دەوت بۆ ئەوەی قردێلەی مۆرم بۆ بهێنێ تا کەزیەکانم ببەستم پێی، هەر دەیووت:
— ڕۆڵە من زەهایمەرمە، زوو شتم بیر دەچێتەوە، سبەی بیرم بهێنەوە.
باشە ئەم پیرەپیاوە دەسەڵاتدارانەی جیهانیش گوێیان لەو هەموو هاوارەی ئێمە نییە؟ گوێیان گران بووە و کەڕ بوون وەک مامەپیرە؟ یان دیواری کۆشکەکانیان ئەوەندە بەرز و ئەستوورە هاواری ئێمە ناگات پێیان؟ بۆچی ئەو هەموو ستەمە نابینن، چاویان کزە؟ لەوانەیە ئەوانیش پارەیان پێ نەبێ چاویلکەکەیان بگۆڕن وەک مامەپیرە! تۆ بڵێی ئەوانیش تووشی زەهایمەر بووبن کاتێک هەواڵی ئێمە دەبیستن بیریان بچێتەوە؟ یانیش لەوانەیە ئەوان لە زمانی ئێمە تێنەگەن. ئەها… لەوانەیە هەرگیز نەچووبن بۆ خولی فێربوونی زمان، یانیش ڕۆشتوون بەڵام ئەوان تەنیا زمانی ستەمکارەکان دەخوێنن!
من خەونم بەوەوە دەبینی گەشتی پاریس بکەم، یان بڕۆم بۆ ئەستەمبوڵ، یانیش لەوانەیە بچم بۆ ڕیاز. بیرمە کاتێک دایکم سەرقاڵی کار دەبوو، بە دزییەوە لە تیڤییەکە دەمکردە سەر کەناڵێکی ئیسلامی و سەیری مەککەم دەکرد. ئەو شوێنە پڕ پڕە لە خەڵک؛ وابزانم مەککە وەک لالشی ئێمە وابوو لای موسوڵمانەکان پیرۆز بوو. چەن سەرنجڕاکێشە خەڵک لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە دێن و لە یەک شوێن کۆ دەبنەوە بۆ سروودی ئایینی! سروودێک کە تامەزرۆی بیستنی بووم؛ بە تێکڕا هەموویان وەک لایلایە هاواریان دەکرد:
— الله اکبر.. الله اکبر…
بەڵام ئێستا ئەو “الله اکبر”ەی دەیبیستم جیاوازە لە سروودەکانی مەککە؛ ئەم “الله و اکبر”انە لە زەنگی سارین دەچوون، لە زەنگی سووری ئاگادارکردنەوەی جەنگ دەچوون… ئەم دەنگانە هیچی تر ئاوازێک نەبوون شەیدای بیستنی بم، ئێستا دەنگێکن کە لێیان دەترسم.
باوەڕ ناکەم کە دەبینم خەڵک لە فەڕەنسا و ڕووسیا و سعودیە و تورکیا و تەواوی جیهانەوە هاتبوون بۆ شەنگال! من هەرگیز نەم دەزانی ئەوانیش بەو ئەندازەیە حەزیان لە بینینی شەنگالە! یانی ئەوان بەو ڕادەیە تامەزۆری ئەو شارۆچکە بچووکەی شەنگال بوون کە دەیانویست بیبەن بۆ خۆیان؟ باشە شەنگال کەی لە پاریس و لەندەن و ڕیاز و مۆسکۆ جوانترە؟ ئەوان ئەو هەموو شارە درەوشاوە و ڕەنگاوڕەنگ و گەورانەیان جێهێشتووە بۆ تەپوتۆز و خۆڵی شەنگال؟
من هەرگیز نەمویستووە شاری ئەوان ببەم بۆخۆم، یان باوکیان بکوژم، یان منداڵەکانیان بکەم بە خزمەتکار و دەستەکانیان زبر بکەم بە شۆردنی جلەکانم، یان چێشتیان پێ لێ بنێم… تەنیا حەزم کردووە لە نزیکەوە سەردانیان بکەم، ئەگەر حەزیان کرد گۆرانییەکی فۆلکلۆری لەگەڵ منداڵەکانیان بڵێم، لەوانەیە وێنەیەک لەگەڵ گوڵەکانی باخچەکانیان بگرم، یانیش گوێ لە کەمانچەی سەر شەقامەکانیان بگرم. هەرگیز نەمویستووە مەککە نوقمی دوکەڵ و بۆنی بارووت و فیشەک بکەم. نا.. نا.. بە پێچەوانەوە چێژم دەبینی لە سەیرکردنی. تۆ بڵێی ئێستا ئەوان دەستیان گەیشتبێ بە لالش و چێژ لە سەیرکردنی ببینن؟!
چاوم چووە سەر نینۆکەکانم؛ لە شووشەیەکی شکاوی بێڕەنگ دەچوون. پڕ بە دڵ حەزم دەکرد ڕەنگیان بکەم بە سوور.. بەڵام بۆچی سوور؟ نا نا سوور نا… بەشی پێویست ڕەنگی سوورم بینیوە، ئەم ماوەیە هەموو چواردەورم ڕەنگی سوورە، هەر لەو کاتەوەی داعشە بکوژەکە دەستە گەورەکانی، کە بە خوێنی باوکم سوور بوو، بە کراسە سپییەکەم سڕی، ئیتر هیچ ئارەزوویەکم بۆ ڕەنگی سوور نەما. دەمتوانی لەگەڵ ڕەنگی ڕەش بگونجێمەوە، بەڵام سوور نا.
با نینۆکەکانم ڕەنگیان سەوز بوایە، وەک ڕەنگی گژوگیاکانی شەنگال.
باشە بۆ ئەوان ئەوەندە عاشقی ڕەنگی ڕەشن؟ ڕۆژێکیان ناڕەزاییم دەربڕی و بە دایکم وت:
— من عەزی ڕەش لەبەر ناکەم، حەزم لێی نییە!
دایکم بە بێ ئومێدییەوە سەیری چاوەکانی کردم و وتی:
— بۆچی تۆ ڕەگەزپەرستی؟ ڕەشیش ڕەنگێکە وەک سپی، سوور، مۆر؛ بۆچی ڕقت لێیەتی؟
دەستەکانی دایکم گوشی و ماچم کردن، بە دەنگێکی پڕ پەشیمانی وتم:
— دایکە گیان، من ڕقم لە ڕەنگی ڕەش نییە! ئەوەتا پرچەکانم ڕەشن، خۆشیشم دەوێن!
من دەمەوێت هەموو ڕەنگەکان ببینم بەڵام ئەوان ڕقیان لە ڕەنگەکانە؛ وەک بڵێیت هەرچی ئاشقانی ڕەنگی ڕەش هەیە لێرە کۆبوونەتەوە! من حەزم لێبوو نینۆکەکانم سەوز بن، پرچم ڕەش بێ، قردێلەکەم مۆر بێ، بەڵام خۆ ئەوان ڕێگەم پێ نادەن. ئەوان وەک دایکم نین یارمەتیم بدەن لە بۆیەکردنی نینۆکەکانم؛ ئەگەر داوای شتی وایان لێ بکەم دارکاریم دەکەن، لەوانەشە وەک ئەو کچە داماوەی گۆڕەپانەکە بە بیانووی بەزاندنی سنووری خوا کۆمەڵێک پیاوی ماسولکە گەورە و باڵابەرز کۆبکەنەوە، جنێوم پێ بدەن و بەردە گەورە و بچووکەکانی گۆڕەپانەکەم تێبگرن.
بۆنی ژوورەکە توانای هەناسەدانی نەهێشتووم، کەڕووی ژوورەکە هەناسەمی بە جۆرێک گرتووە خەریکە دەخنکێم! هەرگیز لە ناو بۆنی وا ناخۆش نەژیاوم. ئەو هەموو بۆنەم هەبوو کاتێک لە شەنگال بووم؛ بۆنی نێرگز، گوڵەباخ، مێخەک و چنور… باشە ئەمانە بۆنی ئەم بۆگەنە ناکەن؟ من هەست دەکەم ئەمانە بە تەواوی هەستەکانیان لەدەست داوە؛ لەوانەیە هەموویان پێویستیان بەوە بێت سەردانی پزیشک بکەن، یان بێن بۆ بەشی چەپی لالش و لەوێ لە ئەشکەوتە بچووکەکەدا خۆیان لە ئاوە پیرۆزەکەی کانی سپی هەڵکێشن بۆ ئەوەی لەشیان لەم بۆگەنییە خاوێن ببێتەوە.
ئەم بێدەنگییە ژوورەکەی قووت داوە؛ تاکە شت گوێم لێیە دەنگی پۆستاڵی پاسەوانەکەیە، جار جاریش قسە ڕەق و ناخۆشەکانی. باشە ئەم پیاوە قەت گوێ لە میوزیک ناگرێت؟ یان تیڤی و ئینتەرنێتی نییە؟ باشە چۆن شەوان خەوی لێ دەکەوێت بەبێ میوزیک؟ بیرمە جارێک چووین بۆ ئەشکەوتێک لەگەڵ باوکم؛ لەوێ لانی کەم دەنگی دڵۆپەی ئاو و ویزەی با و جریوەی چۆلەکە دەهات. تەنانەت ئەشکەوتەکە لەم ژوورە بچووک و تەنگەی من خۆشتر بوو.
یانی دەبێت تەواوی مانگی نیسان لەم ژوورەدا بەسەر ببەم؟ ئەمساڵ جەژنی چوارشەمەی سوور ناکەم؟ بیرم هاتەوە… کاتێک لەگەڵ پوورزاکەم یاری هێلکەشکێنمان دەکرد جەژنی ساڵی پار. هێلکەکانمان ڕەنگ دەکرد؛ من هێلکەکانی خۆم دەکرد بە مۆر و سەوز، ئەویش دەیکرد بە سوور و شین. من هەمیشە حەزم دەکرد براوە بم؛ فێڵم لێ دەکرد، هێلکەکەی خۆم کونێکی بچووکم تێکرد و ناوەکەم پڕ کرد لە قیر بۆ ئەوەی نەشکێت. کاتێک سەری هێلکەکانمان گرت بە دەستمانەوە، ڕووی تێکردم و بە پەرۆشییەوە وتی:
— ئەمساڵ من دەیبەمەوە و تەواوی ئەمساڵ بەختی باشم بۆ دێت.
زەردەخەنەیەکم کرد و وتم:
— نەخێر، وەک هەموو جارەکانی پێشتر خۆم دەیبەمەوە.
کاتێک سەری هێلکەکانمان بە توندی کێشا بەیەکدا، هێلکەکەی ئەو شکا؛ ڕوخساری گرژ کرد بەڵام ئامادە نەبوو خۆی بە دەستەوە بدات. هێلکەیەکی تری هێنا ئەوەشی شکا؛ بەردەوام بوو تا دە هێلکەی شکا، پاشان دەنگی بەرز کردەوە و وتی:
— تۆ فێڵم لێ دەکەیت، با سەیری هێلکەکەت بکەم…
من نەمدەتوانی پێکەنینەکەم ڕابگرم و ڕازی نەبووم هێلکەکەی خۆمی پێ بدەم و ڕام کرد. ئەویش بە دوامدا ڕای دەکرد و هاواری دەکرد:
— ئەی فێڵباز! باش بزانە بە فێڵکردن بەختی باش بەدەست ناهێنیت…
تۆ بڵێیت هی ئەو فێڵە بووبێت وا ئێستا ناتوانم جەژن بکەمەوە؟ باشە ئێستا چ فێڵێک بەکار بێنم بۆ ئەوەی لەم زیندانە ڕزگارم بێت؟
باشە خۆ ساڵی پار ڕۆیشتم بۆ ناو ژووری پیرۆزی “شێخ ئادی” لە لالش؛ لەوێ لە چواردەوری ستوونە گەورەکان گرێی یەکێکم کردەوە و دەستەکانم بەرز کردەوە و سەرم دانەواند و بە دەنگێکی هێواش نزام کرد و وتم:
— خوایە، چۆن من ئەم گرێیەم کردەوە، تۆش گرێی ژیانی ئەم کەسە بکەرەوە؛ ناخۆشی و خەمی لێ دووربخەرەوە.
پاشان پەڕۆیەکی خۆمم لە پەڕۆکانی چواردەوری ستوونەکە پێچا. تۆ بڵێی کەس گرێی پەڕۆکەی منی نەکردبێتەوە؟ ئاخر من ئاواتم خواست بێم بۆ موسڵ! بەڵام بەم شێوەیە نا!
ئەمڕۆ پانزە ڕۆژە لەم زیندانەم؛ تەواوی ڕۆژەکان دووبارە بوون، هیچ تیشکێکی خۆر بە ڕێکەوتیش بە دیوارە تاریکەکانی ژوورەکە نەدەکەوت. وادیارە بڕینی تیشکی خۆر بەس نەبوو، نەمدەتوانی شەوانە سەیری ڕووناکی و تیشکی مانگ و ئەستێرەکانیش بکەم! بیرم لەو کاتانە دەکردەوە باوکم ناچار دەکرد بچین لەسەربان بخەوین؛ جێگە خەوەکەی بۆ هەڵدەگرتم و لەسەربانەکە لە تەنیشت خۆیەوە بۆی دادەنام، تا درەنگ نەمدەهێشت بخەوێت. ئەستێرەیەکم پێ دیاری دەکرد و لەوێوە ئەستێرەکانم دەژمارد.
شەوێک باوکم لە ئاسمان دوو ئەستێرەی نیشان دام کە لە تەواوی ئەستێرەکانی ئاسمان گەشتر و گەورەتر بوون؛ بە دەنگێکی پڕ جۆش و خرۆش وتی:
— کچەکەم، ئەوانە لەیل و مەجنونن.
چاوم بڕیە ناو چاوەکانی باوکم و پرسیم:
— بۆچی ناویان لەیل و مەجنونە؟
باوکم نیگاکانی لە نێوان ئەستێرەکانی ئاسمان نوقم بووبوو، وتی:
— چونکە وەک ئەشقی مەجنون وایە بۆ لەیلا، لە دوورەوە بۆی دەسووتێت… کچەکەم، پێشینانی ئێمە دەڵێن ساڵی یەک جار ئەو دوو ئەستێرەیە لەیەک نزیک دەبنەوە لە مانگی ئاب؛ ئەگەر ئەوکاتە ئاگاداربیت و بیبینی، هەر نزایەک بکەیت گیرا دەبێت…
ئێستا دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ئەوکاتە و تەواوی شەوەکانی مانگی ئاب دابنیشم بەدیار ئاسمانەوە تا ئەو ئەستێرانە ببینم و نزام بکردایە یەزدان شەنگالی بپاراستایە و هەرگیز ئەم ڕۆژانەم نەبینیایە.
لە ناو تاشەبەردەکاندا بە پێی پەتی ڕادەکەم. بەردەکان وەک خوێنمژێک دەیانەوێت خوێنی جەستەم بمژن. ئارەقەی مانگی شەش بەسەر جەستەمدا هاتبووە خوارەوە، تێکەڵی خوێنی ئەو برینانەی جەستەم بووبوو کە بەردە تیژەکان زامداریان کردبوو. تاریکی وەک سێبەری پەڵە هەورێکی ڕەش وردە وردە چواردەورمی داگیر دەکرد.
دەنگێک وەک بروسکە دوام کەوتووە و بانگم دەکات:
— کەزی… کەزی… کەزییییی
لەپڕ چاوەکانم کرانەوە؛ هەستم دەکرد چواردەورم ئۆکسجینی تیانییە. کچە کۆبانێییەکە (دیلان) لە تەنیشتم دانیشتبوو، پەرداخێک ئاوی بە دەستەوە گرتبوو، بە هەناسەبڕکێوە وتی:
— بۆخاتری الله تۆ ماویت؟ بۆچی خەبەرت نابێتەوە چیت بەسەر هاتووە؟ ئاوەکەی کە بە ڕوخسارمدا کردبوو، دڵۆپ دڵۆپ بە ڕوخسارمدا دەهاتە خوارەوە. جەستەم وەک چڵەدارێکی لاوازی بەر ڕەشەبا دەلەرزایەوە.
کەمێک خۆم کۆکردەوە پاشان وتم:
— دووبارە مۆتەکەم بینی. هەمان خەو؛ زیندانەکەی دە ساڵ پێش ئێستا دەیوویست دووبارە بۆ خۆیم ڕابکێشێت.
دیلان چاوەکانی تێبڕیم کە وەک دوو مۆمی کز دەدرەوشانەوە، دەستەکانمی گوشی و وتی:
— ئەو ڕابردووە تێپەڕێنە؛ ئێمە ئێستا ئازادین، لەسەر چیاکان بۆ مافی خۆمان دەجەنگین.
بە هێواشی بەردێکی بچووکی سەر چیاکەم هەڵگرت و دەمکێشا بە بەردێکی گەورەدا، بە دەنگێکی کز پێم وت:
— باشە تۆ بۆ لە دەرەوەی وڵات گەڕایتەوە؟
دیلان کەمێک بێدەنگ بوو، پاشان وتی:
— ئەوان پێیان خۆش نییە لەسەر خاکەکەیان بژین؛ دەی لەسەر حەقیشن، منیش بم پێم خۆش نییە ئەو هەموو کۆچبەرە ڕوو بکاتە وڵاتەکەم و داگیری بکات.
سەرم بەرز کردەوە و چاوم بڕیە چاوەکانی و وتم:
— داگیرکردن؟! ئەوان لە هەموو دنیاوە هاتبوون بۆ داگیرکردنی خاکی ئێمە! بە کۆچ نا، بە تۆپ و تانک و فیشەک. تەنیا نیشتمان نا، کەسوکاریشیان لێ دزین! نیشتمانی خۆمان لێ دەسەنن بە شەڕ و ناشیانەوێ بە ئاشتیش لەسەر خاکی ئەوان بژین؟
دیلان ڕوخساری خۆی گرژ کرد و بە دەنگێکی گڕ وتی:
— تۆ بۆ نەڕۆیشتی؟ کاتێک من ڕۆیشتم بۆچی تۆ مایتەوە و بوویت بە گەریلا؟ سەرم داخست و بێدەنگ بووم…
ئەمڕۆ دووبارە خەیاڵەکانم دەیانفڕاندم بەرەو شەنگال؛ بەرەو ئەو ڕۆژەیان بردم کە لە ناو ژوورەکەم دانیشتبووم و دایکم قژی شانە دەکردم. سەیری چاوەکانی دایکمم دەکرد لە ئاوێنەکەدا و ئەو پرسیارەی کە زۆر لە مێشکمدا هاتووچۆی دەکرد وەک فیشەک کەوتە سەر زمانم و پێم وت:
— دایکە، کە گەورە بووم دەتوانم ببم بە گەریلا؟
دایکم بە سەرسامییەوە سەیری کردم، شانەکەی لە قژمدا ڕاگرت و وتی:
— وسبە چەتیو! گەریلای چی؟ دەتەوێ ئابڕوومان ببەیت!
بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتم:
— بۆچی؟ ئەی ئەوان پارێزگاری لە شەرەفی ئێمە و نیشتمان ناکەن؟
دایکم برۆکانی بەرز کردەوە و بە دەنگێکی پڕ ناڕەزایەتییەوە وتی:
— شەرەف؟ لێرە شەرەفی تۆ لە نێوان قاچەکانتە. چەکداری ئیشی ئافرەت نییە، ئیشی پیاوە بەهێزەکانە!
من هەر ئەو ڕۆژە زانیم ئەگەر ببم بە گەریلا، یەکەم پلار و یەکەم بەرد کە تێم دەگیرێت لە لایەن دوژمنەوە نییە، لە لایەن ئەو پیاوانەوەیە کە هەوڵی پاراستنی شەرەفیان دەدەم. بەڵام هێشتا ئەمڕۆ بەو دەستانەی کە پێشتر قردێلەی مۆرم لە پرچەکانم دەئاڵاند، بەو دەستانەی کە ڕوخساری خۆمم پێ دەشاردەوە لە پیاوە گەورەکان، ئەمڕۆ چەکێکی قورسم خستووەتە ناوی، بەڵام قورسایی چەکەکە زۆر سووکترە لە باری دیلێتی. ئەمڕۆ دووبارە بۆنی نێرگزم لێ نایەت؛ بۆنی بارووت و تەرم و خوێن و دوکەڵی جەنگ دەوریان گرتووم، بەڵام تەواوی ئەم بۆنانەم لا خۆشترە لە بۆنی کەڕووی ناو زیندانەکان.
شەوانە دەتوانم بەدیار ئەستێرەکانەوە نەخشەی ئەو ئازادییە بۆ دیلەکان بکێشم کە خەونبینینیش پێیەوە لێیان قەدەغە کراوە، هیچی تر دەستەوەستان دانانیشم و خەون بە ئازادییەوە نابینم، ئەمڕۆ ئیتر بۆ ئەو خەونە دەجەنگم، دەمەوێ ئیتر ئەو شەرەفە بپارێزم کە تەواوی پیاوە گەورەکانی جیهان نەیانتوانی بیپارێزن. ئەمڕۆ تەنیا بۆ خۆم نا، بۆ لالش نا، بۆ شەنگال نا، بۆ کوردستان نا؛ ئەمڕۆ بۆ تەواوی ئەو شەرەفانە دەجەنگم کە خوێنڕێژەکان لە ژێر ناوی جیاجیاوە دەیانخستە ژێر پۆستاڵەکانیانەوە. ئەمڕۆ پێم وانییە هیچ شتێک لەوە پیرۆزتر بێت کە مرۆڤ بۆ شکۆی خۆی بجەنگێت.
نامەوێ هیچی تر لە ژێر بەزەیی ئەو پیاوە بەهێزانەدا بە دیلی بمێنمەوە؛ ئەو پیاوانەی ڕۆژانێک ڕادەستی چارەنووسیان کردم. ئەو پیاوانەی کە هێزیان کردووەتە خوای خۆیان و دەیپەرستن، بۆیان گرنگ نییە ئەگەر لە پشت ئەو هێزەوە ئەهریمەنێکیش هەبێت. ئەمڕۆ ئەگەر تەنانەت هەموو وردە بەردەکانی تەواوی شاخەکانی جیهانم تێبگرن، ناتوانن لەوە پەشیمانم بکەنەوە کە ئەمڕۆ من گەریلام.
