
ئەوروپا دوای زیاتر لە ٧٧ ساڵ جارێکی تر دووچاری شەڕێکی نەخوازراو بوهوە،.. شورش عزیز سورمێ
ئەوروپا دوای زیاتر لە ٧٧ ساڵ جارێکی تر دووچاری شەڕێکی نەخوازراو بوهوە، ئەویش شەڕی رووسیای پوتینە دژ بە وڵاتێکی خاوەن سەروەر و ئازادی وەک ئۆکرانیا، کە تاکە تاوانی داواکردنیەتی بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا
ئەو پرسیارەی لای هەمووان دروست دەبێت ئەوەیە، داگیرکردنی ئۆکرانیا لە لایەن پوتین بە تاوانی جەنگ دادەنرێت یان نا، ئایا پوتین رووبەڕووی چ سزایەک دەببێتەوە؟
دوای چەند رۆژێک لەو تۆپبارانە چڕەی کە بەردەوامە، ترسی ئەوە هەیە سەرۆکی رووسیا لە رۆژانی داهاتوودا هێرشێکی گەورەتر بکاتە سەر کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا.
وەزیری بەرگری ئۆکرانیا (ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ) هۆشداری ئەوەی دا کە پۆتین بە نیازە بۆمببارانی شارەکانی تری وڵاتەکەی بکات، بە مەبەستی لاوازکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا.
هاوکات دوای ئەو ئیدانەکردنانەی کە لەلایەن وڵاتانی جیهان کرا بەرامبەر بە کردەوەکانی رووسیا، داواکاری گشتی دادگای نێودەوڵەتی تاوان رایگەیاند، کە پلانیان داڕشتوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی هەڵسەنگاندنی ئەو شەڕە لەلایەن پوتینەوە، هەروەها بەدواداچون لەو کردەوە سەربازییانەی، کە رووسیا بەرامبەر بە ئۆکرانیای کردووە و ئەو بەڵگانە چین کە پوتین بە دەستیەوەتی بۆ ئەنجامدانی ئەو شەڕە لە دژی ئۆکرانیا.
تاوانی جەنگ چییە؟
تاوانی جەنگ بریتیە لە پێشێلكردنی یاساكانی جەنگ، كە كەسێك یان گرووپێك ئەنجامی دەدا. یەكەم دادگای تایبەت بە تاوانی جەنگ، لە بەرامبەر پیتر فۆن هاگنباخ بەڕێوەچوو، كە لە ساڵی 1474 فەرمانڕەوای نەمسا بووە، بە هۆی تێوەگڵان و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. لە جەنگی جیهانی یەكەمدا، زۆرێك لە وڵاتان، دانیان بەو یاسایانە نا، كە پێشێلكردنیان بە تاوانی جەنگ هەژمار دەكرا. (وەك ئەو یاسایانەی، كە لە پەیماننامەی لاهای لە ساڵی 1899 و 1907 هاتوون). بەڵێنامەكانی دادگای نێودەوڵەتی نۆرمبێرگی ساڵی 1945یش، تاوانی جەنگی، بە پێشێلكردنی بنەمایەكان و نەریتی جەنگی دەستنیشان كردووە. وەك كوشتن و خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكانی سڤیل و راگواستنیان لەناوچە داگیركراو و كوشتنی بەند و دەستبەسەرانی جەنگ.
بەپێی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستەواژەی تاوانی جەنگ ئاماژە بە پێشێلکاریی جدیی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەکات، کە لە کاتی شەڕێکی چەکداریدا بەرامبەر هاووڵاتیانی سیڤیلی ئەنجام دراوە.
یاساکان لە کاتی ناکۆکییەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەم لە پەیماننامەکانی جنێڤی ساڵی 1949 کە لەلایەن هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە واژوو کرا، بە رووسیاشەوە. هەروەها “هێرشکردن یان بۆردومانکردنی شارەکان، گوندەکان، خانووبەرە یان بینا پارێزراوەکان کە نابێت ببنە ئامانجی سەربازی بە هیچ شێوەیەک”.
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ تیشکی خستە سەر یەکێک لەو هێرشانەی کە هێزەکانی رووسیا بۆ سەر باخچەیەکی ساوایان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئەنجامیانداوە، کە تیایدا چەکی قەدەغەکراویان بەکارهێناوە، کە دەڵێت دەتوانێت تاوانێکی جەنگی پێکبهێنێت.
شورش عزیز سورمێ/ ئیتالیا