Skip to Content

فلاشباک.. بەشی یەکەم– نووسینی: ستیڤان شەمزینی

فلاشباک.. بەشی یەکەم– نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed


خوێندنەوەی ئەزموونی تاکە کەسێک، بەتەنێ خوێندنەوەی روئیا و بیۆگرافی کەسایەتییەک نییە، بەڵکو لەو رێگەیەوە بە زەمەن و رەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیان و تێرمی بیرکردنەوەی ماوەیەکی مێژوویی دیاریکراوش ئاشنا دەبین، بە مانایەکی تر ئەشێ بتوانین زۆر هەڵهێنجانی فکریی و سۆسیۆلۆژیی لە خوێندنەوەی ئەزموونی کەسێکەوە دەستبخەین. لەو باوەڕەدام ئەم جۆرە ئەزموونانە یارمەتی باشی توێژەران دەدا بۆ ناسینەوەی قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی نزیک. ئەوەی من نوسیوومە بۆ ئەو کاتە تەنیا رەشکردنەوەی لاپەڕە بوو لەلایەن گەنجێکی پڕ حەماسەوە بۆ کاروچالاکی رۆشنبیریی تەنانەت بۆ شۆڕشیش، بەڵام بۆ ئێستا ئەشێ ماددەی خاو بێ بۆ لێکۆڵەران بە مەبەستی ناسینەوەی شەقڵی نەوەی یەکەمی دوای راپەڕین. لە پەنا ئەمەشدا بۆ دیاریکردنی ئاستی گەنجانی ئەو زەمەنە، جیا لەمەش تێگەیشتن لە خەون و خەیاڵاتی گەنجانی ئەو ماوە دیاریکراوە.
ئەوەی من لە دەفتەری رۆژانەی خۆمدا تۆمارم کردووە، زۆر لەمە زیاترن لێرەدا هەن، بەڵام هەوڵمداوە چەند بەشێک هەڵبژێرم، تاکو بگاتە بەردەمی خوێنەر، لەبەرئەوەی هەموو بەشەکان پێکەوە دەبوونە درێژدادڕییەکی ناپێویست و هاوکاتیش هەموویان شایانی بڵاوکردنەوە نین. لێرەدا خۆم بە ئەنقەست پەڕاوێزم بۆ ناوی کەسایەتی و هەندێ رووداو دانەناوە، چوونکە ناخوازم وەک بابەتێکی مێژوویی سەیری بکرێ، بە قەدەر ئەوەی بۆم گرنگە وەک ئەزموونێک لێی بڕوانرێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی سیاقی مێژوویی نووسراوەکان و ئاستی رۆشنبیریی و تەمەنی نووسەر کە ئەوسا خوێنەرێک بووە یان لە سەرەتای پرۆسەی نووسیندا بووە.
پێم خۆشە خوێنەری کوردیش ئاشنا بێت بەم جۆرە لە فەرهەنگی نووسین، نەک تەنیا مێژووی رووت وەک پانۆرامای رووداوە گەورەکان، کە دواجار دەبێتە حکایەتێکی خۆش و بابەتی شەوچەرە، بەڵام ئەم تەرزە نووسینانە تایپێکی ترن، خوێنەر فێری بیرکردنەوە و تێڕامان دەکەن، بە دیوێکی تریشدا ئەزموونی نەوەی ئێمە رەوانتر دەگاتە نەوەی دواتر و ئێستاش. دەتوانم کارەکەم ناوبنێم نووسینەوەی وردە مێژوو، گرنگ ئەوەیە توێژەری زرنگ پەیدا بن، بتوانن کەشفی بەهای گرنگ بکەن لەم ئەزموونە تاکەکەسییەوە، سیمای نەوەیەکی پێ بناسنەوە کە ناومناوە نەوەی بەدبەختییەکان، چوونکە ئێمە نەوەیەک بووین لە نێو کورەی شەڕی ناوخۆ و ئابڵوقەی ئابووریدا ژیانمان لێ تاڵ کرابوو، هەستمان بە پووچی هەموو شتێک دەکرد، لە پێش هەموو شتێکیشەوە ژیانمان بە پووچ دەزانی.
بەهەرحاڵ ئەمە ئەزموونی منە، دڵنیام هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی ترم ئەزموونی دەوڵەمەندتریشیان هەیە، بەڵام من سەردەقی کارەکەم شکاند بی ترس و رارایی، بێ دەستکاریی و ئیزافەکاریی، یادداشتەکانی رۆژانەی خۆمم خستە بەر چاوی خوێنەران. هیوادارم هەوڵەکەم کۆتا کار نەبێت لەو نێوەندەدا، بەڵکو ببێتە جۆرێک لە هاندان بۆ هاوڕێ و هاوتەمەنەکانم ئەزموونی خۆیان بنووسنەوە یان ئەگەر شتێکی هاوشێوەی ئەمەی منیان هەیە، بڵاوی بکەنەوە، چوونکە وەک هێمام بۆ کرد ئەمە بە تەنیا ئەزموونی کەسێک نابێ ئەو کاتەی بگاتە دەستی خوێنەران، بەڵکو دەبێتە بابەتێک کە مێژوو و ئەدگاری نەوەیەکی کڵۆڵی پێ دەناسرێتەوە. بایەخەکەشی زیاتر بۆ توێژەرانی کۆمەڵناسییە کە دەبێتە ژێدەرێکی بەپێز بۆ لێکۆڵینەوە سۆسیۆلۆژییەکانیان. رەنگبێ زۆر سوودی تری هەبێ بۆ لێکۆڵەرانی تر، کە لەوانەیە ئێستا بە هۆشی مندا نەیەت. گرنگ ئەوەیە کارەکەم خستۆتە بەردەم خوێنەران، ئیدی لەوە بەدوا چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت نازانم.

-1-

ئەمڕۆ هەست بە ماندووبوون دەکەم، هەم جەستە و هەم دەروون و مێشکم ماندوون. دوێنێ مەراسیمی یادی دامەزراندنی حزب لە سەهۆڵەکە بەڕێوە چوو. کارکردنمان بۆ سەرکەوتنی ئاهەنگەکە زۆر ماندووی کردین. ئەگەرچی لە ناوەڕۆکی وتارە سواوەکان زۆر بێزار بووم، بەڵام هێشتا ئەم چرا کزە بە تاقانەترین تروسکە دەبینم. ناسیۆنالیزم و دین، دەستیان ناوەتە قوڕقوڕاگەی مرۆڤی کوردەوە، هەر دوو رەوتی کوردایەتی و ئیسلامی، لە خوێن و کابووس و فرمێسک زیاتر، شتێکی دیکەیان بۆ کۆمەڵگە پێ نەبووە و نییە، لەم سۆنگەوە کۆمۆنیزم تاکە رێگا چارەیە. رەنگە ئەم وتەزایە لە خۆیدا تاکڕەهەند و دۆگمایانە بێتە پێش چاو، بەڵام واقیعی حاڵیشە.
دوای تەواوبوونی مەراسیمەکە، لەگەڵ هاوڕێیان “نەورۆز جەزا، سروود خالید، ئاسۆ عوسمان” جەدەلێکی زۆرمان کرد. ئاسۆ و سروود لە سەنگەری داکۆکیدان لەم سیاسەتەی ئێستای حزب، نەورۆز و من، رەخنە لەم شێوازە لە تێفکرین و کارکردنی سیاسیی دەگرین. ئەگەر کار بەم شێوەیە بڕوات، حزب دەبێتە دەزگایەکی مردوو و بەرهەمهێنی لۆمپنیزمی سیاسیی. ئەوەی من تەرحم کرد، دیدێکە کەوتۆتە ژێر کاریگەریی روانگەی “لوی ئاڵتۆسێر”، ئەوەی ئەوانیش داکۆکیی لێدەکەن بە تەنێ جووینەوە و دووبارەکردنەوەی تێزەکانی هاوڕێ “مەنسوور حیکمەت”ە.
برادەران وا دەزانن لە سیاسەت بێزارم، نا مەسەلەکە بەم شێوەیە نییە، ئەنگڵس وتەنی “دوورکەوتنەوەی هەمیشەیی لە سیاسەت کارێکی مەحاڵە، تەنانەت هەموو رۆژنامە لایەنگرەکانی دابڕان لە سیاسەتیش، خۆی لە خۆیدا سەرقاڵی سیاسەتن”. تەنێ لەم نۆرمە لە کاری حزبایەتی بێزارم، لەوە دڵنیام ئەم مۆدیلە سەمەرێکی نابێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا یەکێکم لەو کادرانەی زۆر چالاکانە کار دەکەم، چوون ئومێدێکی بچووکم هەیە حزب بتوانێت بگەڕێتەوە سەر ریتمێکی عەقڵانی و سیاسیانەتر کە پێویستە ئەم شێوازە وشک و ئەرسەدۆکسییەتەی خۆی بگۆڕێت. بێزاریشم لەو جۆرە ئەدەبیاتەی قسەی پێ ئەکەین، پێویستە ئیش بۆ گۆڕینی ئەو زمانە بکەین.
ئەگەرچی گفتوگۆکە گەرم و دوور و درێژ بوو، بەڵام لێی هەڵاتم، لەبەرئەوەی بێزار و خەمۆک بووم، چوونکە هەر دوێنێ وەک هەمیشە دڵی دلبەرم ئێشاند و ئازارم دا. کاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی دوێنێ بڕیارمدا بوو ئەم کۆپلە شیعرەی “بەکر عەلی” کە دەڵێ “حەزم ئەکرد بەرلەوەی بڕۆمەوە .. نازدارەکەم لە پێکێکدا بتخۆمەوە” پێشکەش بە مەعشوق بکەم، زۆری نەبرد لەبەر غیرە و هەستی ئەوەی خیانەت لە عەشقەکەی دەکەم، شەڕێکمان قەوماند دەبێت لە مێژوودا بە کتێبێک بنووسرێتەوە “ئەو چرکانەی دنیایان هەژاند”. منیش لە داخدا بە دلبەرم وت ئیتر بڕۆ بۆ هەمیشە لێم دووربە. پێشنیاری ئەوەم بۆ کرد، بەردەوام ئەو دێڕە شیعرەی “نالی” وەڵامی هەموو داخوازییەکێتی.
گوتم قوربانی تۆ من بم، گوتی قوربانی تۆ سەگ بێ
گوتم شیشەی دڵم ناوێ، گوتی بۆچیمە؟ مەکسوورە
بەراستی زۆر قورس بوو ئەو دێڕانە، ئەو بە من بڵێ بە قوربانت بم، منیش لە بری ئەوەی خۆم بکەمەوە بە قوربانی، بەوپەڕی دڵڕەقییەوە بڵێم سەگ قوربانی تۆ بێت و نامەوێ بێمە ناو دڵی شکاوی تۆوە!!. ئاخر من کێم ئەوەندە لە خۆبایم؟. هەست دەکەم نەزعەیەکی سادیستانەی ترسناکم تێدایە، بە تایبەت بەرانبەر بە یار. خۆم بە خۆم بم.


22-7-1997

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 5-11 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.

Previous
Next