سەنگەر گرتن لە بەرامبەر مارکسیزم دا بە بیانوی دژایەتی چەپ!.. و. سابیر
هیگڵ واتەنی «ئەگەر ویستت کارێک ئەنجام بدەیت پەکت لە بیانوو ناکەوێت » ، ئەگەر یەکێکیش بیەوێت دوژمنایەتی پڕۆلیتاریاو مارکسیزم بکات پەکی لە بیانوو ناکەوێت .
با بزانین سەنگەر گرتن لە بەرامبەر شۆڕشی پڕۆلیتاریاو خودی مارکسیزم ، کارێکی هەنووکەییەو و تەنها بەستراوەتە بە ئەمڕۆوە ، یان ڕیشەی مێژووی خۆی هەیە ؟
شانبەشانی سەرهەڵدانی خەباتی کریکاری دژ بەسەرمایەداری وە دواتر هاتنە ئاراوەی ڕەخنەکانی کاڕڵ مارکس و ئەنگلس لە خودی بنەماکانی نیزامی سەرمایەداری و چۆنیەتی خەباتکردن لە بەرامبەر ئەم نیزامەداو بەرپەرچدانەوەی زانستیانەیان بۆ تەواوی ئەو تێڕوانین وبۆچوونە خەیاڵیانەی کە سەبارەت بە سۆسیالیزم لەلایەن توێژە ووردەبۆرژوازیەکان و دواتر بۆرژواکانەوە هەبووە.
زۆر لە مێژە بۆرژواکان دەهۆڵی ئەوە ئەکوتن کە مارکسیزم کۆن بووەو بۆ سەردەم و کاتێکی دیاریکراو نووسراوە و، وە مارکسیزمی سەدەی نۆزدەیە و بەکەڵکی سەدەی بیست و یەک نایەت .
زۆر لەمێژە هزرو فیکرو دەستکەوتە زانستیەکانی مارکس و ئەنگلس و لێنین و ترۆتسکیان خستۆتە ناو تاقی کتێبخانەکان و تەنها وەک ئایقۆنێکی جوان و ئەکادیمی سەیریان ئەکرێت ، کە دوورە لە میتۆدی کارکردنی شۆڕشگێڕانەی مارکس .
مێژووی مارکسیزم گەلێک قۆناغی بەخۆوە بینیوە ، لەهەر قۆناغێکدا بۆرژواکان ویستویانە پەڕوباڵی بکەن و بیشێوێنن وە لەگەڵ بەرژەوەندی دەسەڵاتەکەی خۆیاندا بیگونجێنن، ئەم شێواندنە لەژێر ناوی ( چەپ) دا ئەنجامدراوە .
هاتنی لێنین و بەڵشەفیکەکان وە لەوانەش ترۆتسکی ، قۆناغێکی نوێی زیندوکردنەوەی ناوەرۆکی میتۆدۆلۆژی شۆشگێڕانەی مارکسیان دەستپێکردەوە.
تا ئەم ساتەی ئێستاشمان ئەم مێژووە درێژەی هەیە، مێژوی چەوساندنەوەی چینایەتی و سەرکوتی دەوڵەتەکان و شێواندنی مارکسیزمیش لە گەڵیدا بەردەوامە، هەروەها تا ئەو ساتەش کە لەکۆمەڵگادا ئەم هەموو بێدادی و چەوساندنەوەو شەڕو کوشتارو قەیرانە ئابوری وە برسێتی و گرانی و ئاوارەیی وەچەوساندنەوەی مناڵان و ژنان و کەمایەتیە جیاوازەکانیش بوونیان هەبێت و بمێنێت ، بۆچوونەکان و ڕەخنەکانی مارکس لە نیزامی سەرمایەداری درێژەی ئەبێت وە بەزیندوویی ئەمێنێتەوە ، وە تا ئەم بەربەریەتە بمێنێ ، مارکسیزمیش وەک پەرچەمی شۆڕشگێڕانەی چینە چەوساوەکان هەر ئەمێنێ .
ئەمڕۆکە لە ناو ناوەندە کۆمۆنیست و ڕادیکاڵەکانی ئەوروپا و گەلێک وڵاتانی پێشکەوتوی تردا ، زاراوەو ناسنامەی ( چەپ بوون ) ئاشکرابووەو جێی نەفرەتە ، چونکە ئەو پارت و ڕێکخراوانەی کە خۆیان بە ( چەپ) ناساندوە ، بریتین لە باڵی چەپی پەرلەمانە ئیمپریالیستیەکان ودەوڵەتەکانیان ، بۆ پێشگرتن بە خەباتی پڕۆلیتاریا و شێواندنی مارکسیزمە وە دابەزاندنی بۆ ئاستی سۆسیال دیمۆکراتی بۆرژوازیانە .
لە ڕاستای ئەم مێژووە چەند سەد ساڵەدا گەلێک ڕێکخراوەو ودەستەو حیزبی جۆراو جۆر دروستکراون و لە ژێر ناوی ( چەپ) بووندا چالاکی خۆیان نواندووەو بردۆتە پێشەوە .
بڕوانە یەکێتی چەپەکانی ئەوروپا لەگەڵ حیزبە سەوزەکانی ( GUL/NGL ) ، ئەم ڕێکخراوانە تەنها بۆ لە خشتەبردن و چەواشەکردنی پڕۆلیتاریای وڵاتانی ئیمپریالیستی ئەوروپایی و جیهانین ، تەنها بۆ دژایەتیکردنی مارکسیزم و کۆمۆنیستە ڕادیکاڵەکان ، بە کۆمەک ویارمەتی ئابوری و یاسایی و کۆمەڵایەتی خودی بۆرژواکان ئاسانکاری چالاکی و هەڵسوڕانی سیاسیان بۆ ڕەخسێنراوە. ، تا بتوانن داکۆکی لە خودی بنەماکانی سەرمایەداری و ( خاوەنداریەتی تایبەتی ) و هێشتنەوەی ئەم نیزامە بکەن ، لە ڕێگەی جوانکردن و ڕازاندنەوەی ئەم دەسەڵاتە بە زاراوەو بۆچوونی جۆربەجۆری شێواوانەی بنەما سۆسیال دیمۆکراتیانە وە جار بەجاریش دووبارەکردنەوەی وتەکانی مارکس و ئەنگلس و لێنین و تەنانەت ترۆتسکیش ، هەموو ئەم هەوڵانە تەنها بۆ لێدانە لە شۆڕشی پڕۆلیتاریا و خۆڵکردنە چاوی جەماوەر ، وەدواتر نیشاندانی ئەوەی کە مارکسیزم کۆن بووە وە سوودی بۆ بردنە پێشەوەی خەباتی ئێستای پڕۆلیتاریا نەماوە .
خودی مارکس و ئەنگلس کۆمۆنیستێکی ڕادیکاڵ بوون ، نەک ( چەپ) ، چونکە مێژووی زاراوەی «چەپ» ناتوانێت هەڵگری ئایدیاکانی مارکس و ئەنگلس بێت ، وە ئەم مێژووە ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسا لەساڵی ١٧٨٩ ، وە شوێن و جێگەی دانیشتنی ئەندامانی پەرلەمانی ئەو کاتە، لە کاتێکدا کە کۆمەڵگای فەڕەنساو وە تەواوی ئەوروپا بەسەر سێ کوتلەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دابەشببوو ،کوتلەی یەکەم پاشاو پیاوانی ئاینی ، کوتلەی دووەم؛ چینە شازادەکان وە سەرۆکە دەرەبەگەکان ، کوتلەی سێیەمیش لێبڕاڵەووردەبۆرژوازیەکان و خوێنەوارەکان بوون .
واتە لە ڕووی چینایەتیەوە ، کوتلەی پاشاو پیاوانی ئاینی و هەروەها کوتلەی شازادەو سەرۆک دەرەبەگاکان بە گشتی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری چینی بۆرژوازیان پێک ئەهێنا.
لەلایەکی ترەوە لێبڕاڵەکان کە نمایەندەیی توێژە خوێنەوارە ڕۆشەنبیرەکان و وردە بۆرژوازی و کرێکارانیان ئەکرد ، وە ناڕەزایەتی بەردەوامیان هەبوو لەسەر ئەوەی کە جێگاو ڕێگای کۆمەڵایەتی ئەوان هێندە بە گرنگ لەبەر چاو ناگیرێت ، بە بەراوورد لەگەڵ جێگاو ڕێگای پیاوانی ئاینی و شازادەو دەرەبەگە گەورەکان .
شوێن و جێگای کورسی لێبڕاڵەکان کەتبووە لای دەستە ( ،چەپی ) خودی پاشاوە ، وە هەرچی شازادەو پیاوانی ئاینی بوون کەتبونە لای دەستە ڕاستی کورسی پاشاوە .
پڕۆژەو بڕیاڕنامەی هاری ترۆمان سەۆکی ئەوسای ئەمریکا لە کاتی جەنگی ساردەو سەری هەڵداوە ، وە هەموو هەوڵ و تەقەلاییەکی خۆیان بۆ دژایەتی ( کۆمۆنیزم و مارکسیزم) خستبووە گەڕ ، وە هاوپەیمانی و کۆمەکی ڕآستەوخۆو ناڕاستەوخۆی هەموو هێزو ڕێکخراوە ئاینیەکانیان کردوە ،هەربۆیە مۆسادی ئیسڕائیلی بە سەرۆکایەتی و هاوکاری ئەمریکا زۆر لەمێژە پڕۆژەی کۆمەک و سازماندانی هەرهێزێک کە بتوانێت ئەم کارە بکات لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خستۆتە گەڕ ، وە کۆمەک و پشتیوانی لە تەواوی ئەو حیزبانەی کە بەناوی (چەپی قەومی )
( وە سۆسیالیزمی قەومی) و عروبە بکەن لە پێناو ئەم ئامانجەدا وە بۆ سەرلێشێواندنی جەماوەر.
بەم شێوەیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا بە ناوەندێکی جیهانی بۆ تێکەڵ کردنی بیروبۆچوونی چەپی قەمی و عروبە لەگەڵ بیروبۆچوونی ئیسلامی و کۆنەپەرستانەی ڕاستڕەوانە.
کوردستانیش وەک بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، مەیدانێکی گرنگ و شوێنێکی ستراتیجی پڕبایەخ بوو بۆ ئەمریکاو ئیسڕائیڵ ، هەربۆیەڕۆڵ کارکردی مۆسادی ئیسڕائیلی و ڕێکخراوەکانی سەر بە ئەمریکا لە قووڵایی مێژووی بزووتنەوە چەکداریەکانی کوردایەتیدا کاریگەری خۆیان داناوەو ڕیشەیان داکوتاوە.
«کوردایەتی » میتۆدو هزری سیاسی دەرەبەگەکان و سەرمایەدارانی کوردە بۆ مەسەلەی ( مافی چارەی خۆ نووسین) ، بەڵام کۆمۆنیستەکان بۆ بەدیهێنانی ئەم مافە شان بەشانی بۆرژواکان و کۆمبرادۆرە ملیاردێرەکانی کورد خەبات ناکەن و وەک چەپە ڕیفۆرمیستەکان کە بەشداری ڕیفڕاندۆمیان کردو لەهەوڵی خۆسازاندن بوون لەگەڵ ئەم حیزبە کوردیانەدا .
«کوردایەتی » وە یەکێتی نەتەوەیی کورد ، بەمانای بیرتەسکیەکی قەومیانەو ڕەگەزپەرستانە دێت لەبەرامبەر نەتەوەکانی تردا ، هەروەها بەمانای دژایەتیکردنی چینە چەساوەکانی کوردو کارگەرانیانە .
بزووتنەوەی ڕزگاری کارگەران و چەوساوەکانی کورد بۆ چەوساندنەوەی میللی لەسەر بنەمای ( کوردایەتی ) قەومیانەی بەرتەسکی(ڕەگەزپەستانە) ڕاسیستانە دانەمەزراوە ، بەڵکە لەسەر بنەمای شۆڕشێکی بەرینی چەوساوەکان و کارگەرانی کورد ، لەگەڵ چەوساوەکان وکارگەرانی نەتەوەکانی تری دراوسێدا دامەزراوە ، ئەویش بۆ پێشگرتن بە هەر سووکایەتیەکی میللی و قەومی وە هەڵاواردنێکی ئابووری وسیاسی و فەرهەنگی ، وە تا ئەندازەی ڕەخساندنی فرسەتی جیابوونەوەش ، ئەگەر شایەت ئەو جیابوونەوەیە بە قازانجی چینە چەوساوەکان بێت .
ئەمە بنەمای میتۆدی لێنینە ، بۆ چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی .
لە ناو کۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا هێشتا مەسەلەی ( چەپبوون) بە مارکسیست بوون لە قەڵەم ئەدرێت ، وە مێژووی شێوێندراو وە شکستی حیزب و ڕێکخراوە چەپە بۆرژواییەکان ، بە مێژووی شکستی مارکس و مارکسیزم دائەنرێت ، وە ژەهری ئەوە ئەڕێژن کە ئەم تیئۆریانەی لێنین و بەڵشەفیکەکان لەسەر ئیمپریالیزم و و شۆڕش و ڕێکخراوبوونی کرێکاران وە هەروەها ڕۆڵی پڕۆلیتاریا بۆ چارەسەری مەسەلەی میللی باویان نەماوەو کۆن بوون و بۆ میللەتی کورد و کرێکاران شیاو نین .
هەربۆیە لەمڕۆدا بەهۆی دواکەتویی چینە داراکان و بۆرژوا کۆمپرادۆرە کوردیەکان وە ساوایی خەباتی چینایەتی لەو ناوچەیەدا وە نەبوونی بنەمای ئابووری پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیی نەتەوەیی کورد و کوردستان ، لەمڕۆدا تەنها حیزبە قەومیە کوردیەکانن وەک پارتی ویەکێتی وە لێبڕاڵیستەکەی گۆڕان وە نەوەی نوێ و حیزبە ئیسلامیەکان نمایەندەی سەرەکی ئەم ڕەوتە ناسیۆنالیستەن ، وە هەروەها حیزبە ( ناسیۆناڵ چەپەکانی) ئێران و ڕۆژهەڵات وهاوشانانیان لە چەپی پۆپۆلیستی میللی و ڕیفۆرمیستی کرێکاری لەو ناوچەیە ،کە لە هەوڵی خۆسازاندن و خۆ گونجاندان لە نێوان بۆچوونێکی چەپی بۆرژوازیانە و بۆچوونی حیزبە قەومیە کوردیە سەرەکیەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان .
لە کۆتاییدا ئەوە بڵێین کە ڕەنگە ئەوە ڕاستگۆیانە تر بێت ، کە مرۆڤ بە ئاشکرا سنورو بنەمای جیاوازیە سیاسیەکانی خۆی لە بەرامبەرچەپی بۆرژوایی مەوجودا دابنێت و بکێشیت ، بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەس و تاقم و ڕێکخراوانەی کە کار بۆ درێژەدان و جوانکردنی ئەم نیزامە و دەوڵەتە بۆرژواکانی ئەکەن لە ژێر ناوی (چەپ) بووندا .
بەڵام نە پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕو نە کۆمۆنیستە ڕادیکاڵەکانی چاوپۆشی لەوە ناکەن وە بێدەنگ نابن لەبەرامبەر هەر لێکدانەوەیەکی چەواشەکارانەی لەم چەشنە کە بە بیانوی شکستی چەپی بۆرژوایی هێرش بکەنە سەر مارکس و مارکسیزم و دەهۆڵی کۆن بوونی مارکسیزم بەگوێی خەڵکیدا ئەدەن کە شیاوی ئەم سەدەیە نیە .
وە تا جیاوازی چینایەتی و ململانێی جەماوەری ناڕازی سەرجەم پڕۆلیتاریا بمێنێت ، مارکس و مارکسیزم هەر بە زیندویەتی شۆڕشگێڕانەی خۆی و وەک مەشخەڵی ڕزگاری بەخشی پڕۆلیتاریا بە شەکاوەیی ئەمێنێتەوە .
وە مێژووی کۆمۆنارەکانی پاریس وە شۆڕشی بەڵشەفیکەکان و لێنین باشترین بەڵگەن کە چۆن دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی و باڵە چەپەبۆرژوازیەکانیان لەو کاتانەدا ژێرەوژوورکرد و تێکشکاند .
بژی خەباتی شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریا !
بژی مارکسیزم !
بزاڤی مارکسیستی کرێکاران !
و. سابیر
٢١ / ١/ ٢٠٢٤