Skip to Content

دوو شیعری دڵکەش قادر

دوو شیعری دڵکەش قادر

Closed
by ئاب 8, 2022 General, Poems


چاوەکانت بەشوێنمدا دەگەڕێن

ئەگەر من مردم
تۆ لە کام چاوگەی هیواوە سەردەردەکەی؟
لە کام ئولفەتی خۆشەویستییەوە
پێکەنین بەیان دەکەی؟

ئەگەر من بوومە قوربانی،
تۆ لە کام چاوگەوە دەڕۆیت و
داوای هیوا دەکەی؟
لە کام پێکی مەمکەوە داوای پاکبوونەوە دەکەی؟

ئەگەر من گوومبووم
لەکام باخچەدا پشوویەک دەنۆشی و خەیاڵێک دووگیان دەکەی و بەدیار چاوی دڵکەشەوە دەگری؟
لە کام کۆشکدا سەرخەوێ دەشکێنی بەبێ گریان؟

ئەگەر من لە هیچ شوێنێ نەبووم
ئەو ڕۆژە دێت
چاوەکانت بە شوێنما دەگەڕێن
هەمووجێ لە چاوتا
لە هزرتا
لە خەیاڵتا
دەبنە وەسوەسەی نەدۆزینەوە و
گەڕان.

ئەوکاتەی دڵتەنگ بووی
سەرێک بدە لە ماڵە چۆڵەکەی سینەم و
تەماشای شکڵە هەڵواسراوەکان بکە
چۆن بە دیواری دڵمەوە
چۆن بە تاقی سینەمەوە
بەبێنازی سەمای تەنیایی دەکەن
چۆن بەبێهیوایی سەیری خۆرئاوابوون و
ئاسۆغەمگینەکان و
شەکەتی ڕێگای ونبوون دەکەن.
ئاخ بێنازی گووشین و
بێ مەیلی مەستبوون.

سلێمانیی
————————————-

ژوانی ماچ

مەچۆ ئەو شەقامانەی دەچنەوە سەر کوشتن
مەچۆ ئەو ماڵانەی لە جوغزی شەڕدان
سەر بە نەژادی خەیاڵم
لە خەون کەوتمە خوارەوە و
خەو دەمباتەوە سەر سەماکردن
لە کوانووی شەڕی خەیاڵەوە سەیری
کشانی ئەو نەیزەکانە دەکەم
کە لە ترازانی ستیانەکەم هەڵوەرین
من لە ئاوی ئەو سینە دەنۆشم
کە دەستەکانی ستیانی سێوێکن بۆ نازکردن
لە ناز و عیشوەی ئەو باڵدارە دەچم
کە هەر خەیاڵە و دەچینەوە سەر یەکەم ژوانی ماچ
من لە خەزانی هەر گەڵاکدا
ئیقاعی نوێبوونەوەی ماچێک دەبینم
لەگەڵ هەر نەسیمێکی پاییزانە
وێنەیەکی ڕەش و سپی دەنێرم
وێنەیەۆ ئاماژە بێ بۆ ئیجراکرنی خۆشەویستی و
کێشانی تابلۆیەک لەسەر حەرامترین شوێنی خەیاڵ.

سلێمانیی
دڵکەش قادر

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish