Skip to Content

گەر زەریامان لەدەستدا.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

گەر زەریامان لەدەستدا.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 22, 2022 General, Poems

هەزاران خەو، لە ڕۆحی منایە ئەسوتێ،،
دڵی منە، زۆرجار وەک دارسنەوبەرێ،،
خوێنی ڕژاوی وەک گەوهەر ئەبێ،،
کە قەدێکی ناسکی لێ ئەبڕێ..
(ئارسەر ڕامبۆ)

گەر زەریامان لەدەستدا
شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

حەسرەتی لەدەستدانی زەریا، وەرینی…
قژی سپی هەورو، خەڵوزی…
ناو چاوی کچی پایز، ڕەشپۆش…
بە دەروازەکانی وشە و…
کانە مەرگ و..
دوکەڵی تەنیایی..و..
و خوێنی ڕەشی غوربەت

کەواتە شەو، ئێمەی ناوێ،
کەواتە زەمین بە ئێمە نامۆ!
چەندە گڕێکی پڕوکێنەرە،
بیرکردنی شکۆفە سپیەکانی ڕابردوو،
ئەوانەی کە ئەیانووت، مەرگ،،
چەند بەرزەخێک دوورە،
ئەوانەی ئەیانووت،
گۆرانی فریشتەکان،
لە بەیانیە ئاڵتونیەکانا چەند خەمگینە،،
ئەوانەی لەسەربانەکانا…
چاویان بۆ نەورەسە خۆکوژەکان ئەگێڕا

هیچ پاساوێک نیە بۆ ئازاری ڕۆح..و هیچ قفڵێک…
باخچەکانی دڵ کۆت ناکا،
هیچ پاساوێک نیە،،
بۆ تێکشکانی ئێسک و پروسکی تاوسەکانی…
ئاوێنەی خۆڵەمێشی عەدەم،
هیچیش لە ئەشکەنجەی ئەمساتەوەختەمان کەم ناکاتەوە..
سروودی ئیبلیسانەی…
منداڵیەکی لەدەستچوو،
چی کڵپەیەکم، لەبەردەم خۆری سپی..
عیشقتا کە نییت…
چی زیندانێکم بۆ چرپەی نەوتراوت.. و ..
چی زیندانێکی…
بۆ شەوە مۆرە شیعریەکانی من

دەروێشی نێو گوڵزاری نەفرەتین!
ئەو پیاوەدڵشکاوانەی…
لە فەنای ڕۆحیانا، سوتان،،،،
هیچ سودێکی نیە،،،
مۆمی کەمتەمەنی ڕۆح…
هیچ سودێکی نیە، گەڕانەوە…
بۆ خاڵە سەرەتاییەکانی بوون، با بخەوین…
لە مێرگی ڕابردویەکی خۆشا،،
تۆش ئازیز بەدەردی بوونەوە ،،
لەنێو قامیشەلانی زەمەنی ئەفسوونا تێپەڕە، ،،
پرچە زیویەکانت…
بهۆنەوە بۆ سوارچاكێکی ڕەشپۆشی عاشق ،
کە هەرگیز ناگاتە جێ..

زستانێکی سەختە گەر بڕیاربێ …
شەختە جەستەکانی ڕۆژەکانمان بهێنەوە !
مراویە شەیتانیەکانی پەرتوکی جەنگیش،،،
با تێپەڕی بەسەرمانا،،
چی باکمان بە کوشتنە زۆرەکانی ڕۆحمانە.
چەرخ لێئەدەم،تابڵێسەیەک…
پەڕەی قاوەیی یاداشتەکانت بسوتێنێ،،
چی کارم بە گەنجێتیەکە،،
لە گەڕان..
بە کەنارە ئاڵتونیە ساردە تەنیاکانا..
بەسەرمبرد،،
هەموو لیرە ئاڵتونیەکانی خۆشبەختی…
لە چرکە خەوێکی کورتا،،
ڕشتمانە کەلەسەری بۆشی زەمەن،،
چی سودێکی هەیە…
کلێسای مانگ،،
گەر قەشەکان، لە دێرەکانا،،،،
لە بێزاری نەهاتنی خواوەندا،،
خۆیان هەڵواسی،
مزگەوتی وێرانە، چی ئەبەخشێ،،
بە پەریە منداڵە باڵکراوەکان..
جگە لە خەونی تاڵی سوتان و ڕۆحکێشان؟

چەند سەمەرەم دێ..
بەو شەهیدەی ،،،
لە شەڕی ئەستێرەو سپێدەدا،،،
گیانی سپارد،،
چەند ڕوناکە دڵی تۆ،،،
ئەی ماسسی گری پیری خۆشبەخت،،
چەند مەستن، بێستانەوانە سپیپۆشەکانی..
دوای خوێنپژانی پەمەیی کازیوە!

لە سپێتی هەور،،
دروستبوە، دڵی شیعر، نیگا ڵێڵ ئەکا..
هەڵمی سووری گڕکانی نیازی گەڕانەوە،،
بۆ نیشتمانێ لە حەسرەت،،
خەڵوزە، دەرگا داخراوەکانی تەمەن،،
لەوانەیە، شمشاڵژەنی دوێنێشمان بیرکردبێت..
کە گەیشتینە…
دوا ویستگەکانی جوانی،
سارد و نشیو و ئاڵۆزیش بوو..
ننیوەشەوێک،،،
چاوی لەسەر هەنگاوە کانی کۆڕەوەی …
خێڵەکانی مێژووی سڕاوە بوو،
پێستی رزیوی…
نوێژکەرەکانی ئێوارەی گیاندەرچوون، ،،
کە پەیامبەر هەرنەهات،،
من سەرم، لێ وونە،،
لە تونێلە زۆرەکانی هەزاران هەسارە،،،
سەرم لێشێواوە،
لە حەسرەتی مرۆڤە بێ لانەکانی دنیا.

بزانە ئەی پیاوکوژ، ئێرەش
وەک ئەوێیە، دۆزەخە، دۆزەخ،،،
هیچ شتێک ناگۆڕێ،،
گەر تۆ ڕۆحێ بکێشیت یان نا،،
بزانە دز، چنگی پڕ گەوهەری مریەم،،
بەهای نیە، گەر دڵ ببێتە چنگێ لمی پیر،،،
بزانە ئەی قەشە، پەتای هەستیریای…
ڕۆحە ئەشکەنجەدراوەکان،،
بە تەرتیلە ی کۆن و بۆشەکانت چارە ناکرێ،
ئاینزادەیەکی نزرگەی پیرۆز، کوا…
لە پاکژبوونی ڕۆح تێئەکا،
لەنێو ڕاموسانی…
مانگ و زەریا !

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish