Skip to Content

دەقی تەمەن / ٣٦.. ناڵە حەسەن

دەقی تەمەن / ٣٦.. ناڵە حەسەن

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 16, 2023 General, Poems


خۆم لەنێو ڕووناکییەکی چوارگۆشەیی شاردۆتەوە
تا ونبوونی پایز و ڕەشبینی کاتژمێرەکان
کەس نەمدۆزێتەوە
گەردەلوولی ناو خەیاڵم وەک چاوی ئەستێرەکان
پڕبووە لە گومان
برژانگەکانیشم لەگەڵ میلۆدییە ئیرۆسییەکان هەڵدەوەرن
چاوەڕوانی تیشکێکی شینی شەوانەم
کە لەنێو خۆرئاوابوونی شیعرەکانم بدرەوشێتەوە
زەمەنیش لەنێو مەمکۆڵەکانی ئاگر ڕاکشاوە و
هێدی هێدی بەدەم وڕێنەوە خەو دەیباتەوە !
٢
ڕەنگ و نەخشەی سەدەفی ڕێگا دوورەکانە
دەرەختەکانیش کش و مات خامۆش خامۆش دەڕوانن
ساقەسۆرەی هەوێردەکانم لەناو هەور جێهێشت
منیش هاتمەوە سەرزەوی
بەشە ڕووناکی خۆمم جیاکردەوە و
دەرگام لەسەرخۆم داخست و
وەکوجاران گەڕامەوە نێو خەون بینین
٣
با خۆڕسکانە هاتۆتە بوون
پەیوەندی بە زەمەن و مێژوو و وەرزەکانەوە
نییە
مۆم و فانۆسەکان ناچنەوە سەر ڕەگی ڕووناکی
گەردەلوول لەناو بێدەنگیدا
بەزمانێک قسە دەکات
خۆیشی وشەکانی خۆی و دەنگی خۆی ناناسێتەوە
٤
دیاری تۆ لەنێو نادیاری مندا
وەک تریفەی مانگ دەرکەوتووە
دوور مەکەوە و لە چاوەڕوانیم
گەڕانەوەت بە نەگەڕانەوەی من مەسپێرە
من لەنێو بوون و نەبوون دا
هاوکێشەیەکم هێشتا شیکاریم ڕوون نەکراوەتەوە
٥
هۆ ژنە
نیگا سپییە چاو ڕەشەکە
دەزانم ئێستا لێم یاخیت و
شیعرەکانم ناخوێنیتەوە
بەڵام / ڕۆژێک دادێ
دیوانەکانم لەباوەش دەگریت و
بەدەنگێکی نەرمی پڕ سۆز
دەمخوێنیتەوە
بەڵام بەداخەوە ئەوکاتە من لێرەنیم …!
٦
لەنێو بیابانی غوربەتدا چەقیوم
کۆڵارە سپییەکانی چارەنووسیشم
تا دێت بێهوودە لێم دوور دەکەونەوە
بازنەکانی شەو و ڕۆژ و وەرزەکانم
لەنێو ڕەنگەکانی تاریکیدا دەسووڕێنەوە
وەرە بمبە و با چیتر
پەپوولە غەمگینەکانی نائومێدیم
لەنێو گەردەلوولە ڕەشۆکییەکانی مەرگ
بێ ئاراستە و بێ مەبەست نەخولێنەوە
٧
گەر ئەمجارە
دەستم لە لچکە کراسی
نیشتیمانم گیربێتەوە
دڵۆپە بارانە مێینەکان و
شەونمی سەرلێوی گوڵە تەنیاکان و
کرمە خەمۆکییەکانی ناولەپی خاک
هەموویان ئاشت دەکەمەوە
یادەوەرییەکانم لەسەر سینگی بەفر و
لەسەر ڕووی ڕووبارەکان دەنووسمەوە
سێبەری ژێر هەر درەختێک
دەکەم بە ماڵی خۆم و ئیتر ناڕۆمەوە
٨
قەدەری من وایە
خۆرەتاو بەسەر پشتی
جەستەی نائومێدییەکانم تێدەپەڕێ
دەمارە سەوزە گیاییەکانی ناولەپیشم
دەبن بە تۆزوبا و لێم دوور دەکەونەوە
منیش لێرانەوە لە باکووری ئەم غەریبییەم
بە نیگایەکی خەواڵووی خۆڵەمێشییەوە
دەمم بۆ شەونمی سەرگەڵای
درەختێکی شەنگەبی کردۆتەوە و
تابلۆی ئومێدەکانم
بە قەڵەمەکانی لێو و
فلچە قەترانییەکەی برژانگ و
سۆرا و سپیاوی گۆنای کچێکی پایزی ڕەنگ دەکەم !
٩
ئاسۆ / گەڕانەوە بەرەو ماڵ
ژن / تاشەبەردێک بەسەرشانی ڕووناکییەوە
باران / پیرەمێردێکی ڕیش سپی و دونیادیتە و خاوەن ئەزموون
لەبەر سەرخۆشبوونی خەونە ورد و درشتەکانم
هێشتا نەپرژاومەتە سەر ئەوەی بیرەوەرییەکانم بنووسمەوە
تاریکیش هەمیشە بۆ جوانی پەلکە زێڕینە دەچەمێتەوە
١٠
تارایەکی شینم
بەسەر بوخچەی نهێنیەکانی
خۆم و ژنێکی شەرمن داداوە
پێش ئەوەی کەڕوو هەڵبێنن
جارجارە دەیاندەمە دەم باو
یان جێگۆڕکێ بە شوێنەکانیان دەکەم
لەخۆڕا نەبوو کاتێک گوتم
ژیان عەشقێکی شێتانەیە
بۆیە هەرجارێک لەبەر سەرقاڵیم
بۆ ماوەیەک لە ژووری نهێنیەکان دووردەکەومەوە
کاتێکیش لەپەنجەرەوە سەیریان دەکەم و دەبینم
تارا شینەکە ڕەش هەڵگەڕاوە / ڕەش ڕەش ڕەش
١١
پەرستگەی عەشقە ئیرۆسییەکان
پێویستییان بە پرستگە نییە
نەک تەنها ڕۆژانی یەکشەممە
هەر کاتێک
دێیت من لەوێم
لە ژوورێکی چراخانی
لەسەر چوارپایەی ئاگر
وەک موریدێکی هەڵوەدا و شێت
ڕووت ڕووت
شاگەشکە و حەپەساو .. چاوەڕێم
١٢
لەنێو ڕۆژگارە گرمۆڵە بووەکان و
بەدەم هەنگاوە هێواشە فۆبیاییەکانم
لەنێو خەیاڵە ماندووەکەم و
ناخە شەقار شەقاربووەکەی مەملەکەتی غوربەتم
سەرەداوەکان و پشکۆ چاوگەشەکانی
قەسیدەیەکی درێژم دۆزییەوە
بە پەڕەمووچەی باڵەکانی تاوسێکی یاخی و بەرزەفڕ
دێربەدێری ئەو قەسیدەیەم نووسیەوەو
ناویشمنا دەقی تەمەن …!
١٣
ڕۆژئاوای / جەستەم خوێنی لەبەر دەڕوا
باکوورم / لە هەورازە بڵندەکانی چیا سەرکەشەکان
سروودی ئازادی دەخوێنێ
ڕۆژ‌ەهەڵاتم / لە گەڵ ڕەشەبا و گەردەلوول
پەرتەوازە بووە بەنێو گەردووندا
باشوورم / بۆ لەتێک نان هاوار دەکات
چەند شەکەت و مانووە ئەو جەستەی من !
١٤
جوانی چاوەکانی ڕژان
تاریکی بوو بە قۆزاخەیەک
هەموومان چووینە نێویەوە
چیتر ماڵە شێدارەکەی قەدپاڵەکان و
کوخە کلۆرەکەی پیرەدارەکان
ئاهەنگی شادومانی ساز نادەن و
چیڕۆکە بەرئاگردانییەکانی بەهەشت ناگێڕنەوە
١٥
خۆم لەبۆنی خۆڵی پاش باران هەڵدەسووم
وردە ئەستێرەیەک لە تەنیایی خۆی بێزارە و
بەدوای خۆرەتاودا ڕادەکا
منیش بە تەباشیرێکی سوور
لەسەر دیواری قوتابخانەیەک دەنووسم
ڕووناکی ڕاستەقینە سەرچاوەکەی لە ئاگرە
ئاگر چەند جوان و دڵگیرە ئەی خودا

                                        ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish