ڕەنگە ببم به وڕێنە.. شەماڵ بارەوانی
هەڵەبووم
چارۆگی ئۆمێدم لەسەر بەردی بەڵێنەکانت هەڵخست
دەبوا لەو ڕۆژەوە دوا وەرزی ژوانم بپێچابوایەتەوە
کە هەنگی خیانەت چزووی لە خەونەکانی پەپوولەیەکی بێناز گرت
کێ دەڵێت جارێکیتر قەدەر دەرفەتی چنینەوەی هێشووە خەندەیەکیترم پێدەخشێت
بڕۆ، تۆ ئەو ئاسمانە نەبوویت ئەستێرەی بەختی من لە ئامێز بگریت
جگە لە ترپەی هەنسکی کۆترێکی ڕەنجاو، چیتر گوێ بۆ هیچ سەمفۆنیایەکیتر ناگرم
چ فریوێک بوو ئەم فەسڵی پێکەنینە
هەناسەکانم ئاوسن بە عەدەمێکیتر
و
دەڕۆمەوە ناو چوارچێوەی زامەکانم
لێم گەڕێن
من خووم به خەڵوەتەوە گرتووە
و
دەمەوێ لەگەڵ تەنیایی دا جووت بم
تکایە،
ئەم ئێوارەیه بکوژێننەوە
و
باهەر شەوەزەنگ شمشاڵی حوزن بژەنێت
نەدەبوو هەرگیز سیزیفانە گەمژەیی بنوێنم و لە کەناری سەرابدا ئەو هەموو سەوڵەی عەبەس لێبدەم
و
خەونەکانم هێندە نهلیستانە غلۆرکەمەوە دۆڵی بێهۆدەیی
من تووزانم هەڵوەرینێکی ناوەختە لەپڕ دێت و سەبەتەی هەناری بەختم به کاڵی دەڕنێتەوە
باسی ڕەهەندەکانی عیشقم بۆ نەکەن
ئەو هێڵانەی بۆ ماچم ڕۆنا
تراویلکە دەرچوو
ڕەنگە تا جارێکیتر زەمەن بگەڕێتەوە
ڕەنگی منداڵی وشەکانم وشک بکەن
و
دێڕەکانم هەمووی بخنکێن
ڕەنگە ببم به وڕێنە و
تنۆک تنۆک بڕژێمە ناو جوگرافیای کاڵبوونەوە