Skip to Content

درەوشانەوەی (ئەدەب) لە چاخی (زانست)دا.. فازیل شــەوڕۆ

درەوشانەوەی (ئەدەب) لە چاخی (زانست)دا.. فازیل شــەوڕۆ

Closed
by شوبات 22, 2021 General, Literature


هەنگاوە گەورە و خێراو چاوەڕوان نەکراوەکانی زانست و تەکنەلۆژیا، لەو سێ چوار دەیەیی دوایدا، وەهمێکی لە دیدی هێندێ کەسدا دروست کردبوو، کەوا چەرخ و ڕۆژگارو سەردەمی ئیمپراتوریەتی (ئەدب) لە ئاوەبوونە، لە ئایندی نزیکدا دوایین (فاتحە)ی بۆ دەخوێندرێ. ئەم سەردەمە سەردەمی تەکەلۆژیای نانۆ و مایکڕۆچیپس و هابڵەکانە. سەردەمی خەیاڵ و خورافات و خەون دەبێ زیندە بەچال بکرێ!
لێ، چونکە (ئەدەب ڕۆحی، رۆحی بوون و بەردەوام بوونە)، ئاوابوونی لەگەڵ ئاوابوونی یەکجارەکی مرۆڤە لەسەر ئەم زەمینەدا، زۆر بوێرانە و سەرکەوتوانە، توانیویەتی ڕێگەی سەخت و دژوار، شان بە شانی زانست و تەکەلۆژیا ببڕی و ببنە دوو دەستەخوشکی نازدار و نەشمیل و دڵارام.
لە ڕۆژی 18 ی شوباتی 2021، گالیسکەی گەڕۆکی پێرسەڤیرەنس Perseverance ی بێ مرۆڤ، بە سەرکەوتووی لەسەر رووی مەریخ، نیشتەوە و لە هۆڵی چاودێری پەیمانگای تەکنەلۆژی لە کالیفۆرنیا، تێکڕای زاناکان لە خۆشیان کەوتنە چەپڵە لێدان و پیرۆزبایی کردن لە یەکدی.
ئەگەر جوان دیقەت لە شتەکانی نێو ئەو هۆڵە بدەن، دەبینن، لەسەر ڕووی لادیوارێکی بە خەتێکی گەورە نووسراوە
(Dare Might Things).
ئەم نووسراوە چییە و بۆچی لەوێ زەقکراوەتەوە؟
ئەمە ناونیشانی ڕۆمانێکی زانستییانەیە کە خاتوو (Heather Kaczynski) لە ساڵی ٢٠١٧ چاپی کردووە. ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە کیژۆڵەیەکی نەبەرد و بوێر و سەرکێش، دەیەوەێ ڕووبەڕووی گەورەترین بەڕەنگاربوونەوە و مەترسی ببێتەوە، بەو هیوایەی بگاتە شوێنێک لەم گەردوونە کە پێشتر کەس جورئەتری نەکردووە پێ بنێتە سەر خاکەکەی. ئەو چەند مەرجێکی بۆ ئەو قارەمانە داناوە، کە دەیەوێ ئەو کارە مەزنە بگرێتە ئەستۆ و ناوی خوای لێ بێنێ و بەرەو ئەو جێگەیە بفڕێ یان بچێ!
ناونیشانی ڕۆمانەکە بە کوردی دەبێتە ( بڕۆ بەرەنگاری شتە مەزنەکان ببەوە!)
جا ئەو تیمە گەورەی زانایانی بۆشای ئاسمان کە نەخشەدانەرو داهێنەر و جێبەجێکاری ناردنی (گالیسکەی گەڕۆکی پێرسەڤیرەنس)، ئەو ناونیشانەیان کردە (دروشمی کارەکانیان) و بە خەتێکی گەورە، لەسەر دیواری نێو تاقیگەکەیان نووسی. دواترکە گالیسکەکە بە سەرکەوتووی لەسەر ڕووی مەریخ نیشتەوە، لە ناو هۆڵە هاوریان کرد؛
(Dare Mightier Things)
واتا (بڕۆن بەرەنگاری شتە مەزنترەکان ببنەوە!)
ئەمە نموونەیەکی سادە بوو، بۆ دڵنەوای ئەو کەسانەی کە تارمای لە نێوچوونی (ئەدەب)یان لەبەرچاو ئارایشتکراوە. با نەترسێن و دڵنیا بن، کە هەمیشە (ئەدب) زیندووە. لێرە مەبەستمان لە (ئەدەبی ڕەسەنە)
نموونەیەکی. دیکەی، کە زیندوویی(ئەدەب) لەم سەردەمە ئاوسە بە تەکنەلۆژیایە دەسەلمێنێ، لە نێو هۆڵی سەرەکی فڕۆکەخانەی (دوبەی)، لە شێوەی بازنە، لە دەوری بنمیچیەکەیدا، لەو ئاسمانە، شریتی نووسراوی ئەلیکترۆنی دەخوڵێتەوە، کە جوانترین دێرە شیعری عەرەبی و جیهانیین، بە چەندان زمانی زیندوو. ئەمەش تێهەڵکێشەکردنێکی دیکەی ئەدەب و تەکەلۆژیای زانستیی سەردەمە.
بۆ زانیاریتان:
خاتوو (Heather Kaczynski)، دەرچووی بەشی زیندەزانییە لە زانکۆی ئەڵەبامە، لە ئەمەریکا. (٧) ساڵ لە کتێبخانەیەکی سەربازی کاری کردووە، ئەو کتێبخانەیە تایبەتە بە ئاسمان و گەشتی ئاسمانی بۆ دەرەوەی فەزا و و گەردوون و هەسارەکان. ڕۆمانەکەشی هەر بۆ هەرزەکاران نووسیوە. یەک ڕۆمانی زانستی دیکەشی چاپ کردووە. ئێستا ئەو ژنە لە گەڵ هاوژین و دوو منداڵەکەی هەر لەو شارەدا دەژین.

فازیل شــەوڕۆ – دوبلن

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish